بۆچى مووچەکەى خۆم ئاشکراکرد ؟!
Wednesday, 25/08/2010, 12:00
هەر لەگەڵ هەڵمەتەکانى هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق لە بەروارى 7-3-2010 بڕیارمدا ئەگەر دەرچووم مووچەکەى خۆم بۆخەڵکى کوردستان ئاشکرا بکەم .. کەسێک کە دەنگ بەمن دەدا و متمانە بەمن دەکا دەبێ بزانێ بەنیازم چى بکەم و چى بۆبکەم، دەبێ بزانێ مووچەکەم چەندە لەبەغدا و چى لێدەکەم، هاوڵاتییەک تاسەرئێسقان متمانە بەمن بکا و بچێتە بنکەکانى دەنگدان و دەنگم پێ بدا و ژن و مناڵ و خزم و کەس و کاریشى هان بدات بۆئەوەى دەنگم پێ بدەن، دەبێ هەموو نهێنى یەکانى من لەبەغدا بزانێ و دڵنیابێ بە پەنجەکەى نەڵێ: پەشیمانم دەنگم دا بە ئوسامە جەمیل ..
بۆسەرجەم هاوڵاتیان رایدەگەیەنم و ئاشکراى دەکەم .. مووچەکەم 32 سى و دوو ملیۆن دینارى عێراقیە، لە سەدا پەنجا و حەوتى دەدەم بەیەکگرتوو، لەسەدا چل و سێ ى بۆمن دەمێنێتەوە کە دەکاتە نزیکەى چواردە ملیۆن دینارى عێراقى .. بەم پارەیە 20 بیست خانەوادەى بێباوک بەخێودەکەم و مانگانە مووچەم بۆبڕیونەتەوە ..
لەم دوومانگەى مووچەم وەرگرتووە، یارمەتى دەیان هەژارو نەدارم داوە، بەبەردەوامیش یارمەتیەکان دابەش دەکەم، دڵنیابن مووچەى خۆم ناشارمەوە .. هەر شتێک وەرگرم دەیڵێم و ئاشکراى دەکەم .. رەنگە خەڵکێک هەبێ پێ ى ناخۆش بێ یاخود حەزناکەى خەڵک مووچەکەى بزانن، ئەوان ئازادن، چۆن بیردەکەنەوە و چى دەکەن .. بەڵام من ناتوانم دیوارێک لەنێوان خۆم و ئەو دەنگدەرە بەڕێزانە دروست بکەم کە لە 7-3-2010 لەبەر خاترى من پەنجەى خۆیان مۆرکرد ..
سڵاو لەوانەى دەنگیان پێدام
سوپاس بۆئەوانەى متمانەیان بەمن کرد
ویژدانم زۆر ئاسوودەیە چونکە هیچم نەشاردۆتەوە لەدەنگدەرانم ..
ئوسامە جەمیل عەلى
ئەندامى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق
لەسەرلیستى یەکگرتووى ئیسلامیى کوردستان
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست