دیموكراتیەكەی پارتی وەك حیكایەتی گوێ درێژە سەماكەرەكە وایە
Friday, 10/06/2011, 12:00
ئەگێڕنەوە لە دێرزەماندا كابرایەكی لۆتی گوێ درێژێكی هەبوو ،ئەم كابرایە بۆ هەر لایەك بڕۆشتایە گوێ درێژەكەی لەگەڵ خۆیدا ئەبرد و لە هەر شوێنێك قەرەباڵغی بەدی بكردایە دەستی ئەكرد بە تەپڵ كوتین و گوێ درێژەكەش بە بیستنی دەنگی تەپڵەكە ئەكەوتە سەماكردن و هەڵبەز و دابەز ،بەمەش خەڵكی لێكۆئەبونەوە و بە سەرسامیەوە تەماشای سەمای گوێ درێژەكەیان ئەكرد و بە لایانەوە سەیر بوو كە گوێ درێژ فێری سەماكردن بوبێت ، دواتر كە نمایشەكە تەواو ئەبوو بڕێك دراویان بۆ كابرای لۆتی فڕێئەدا .
دیارە سەماكردنی گوێ درێژەكە لەبەر ئەوە نەبوو كە ئەو ئاژەڵە ئاشنای موزیكە و لە گەڵ ڕیتمی تەپڵەكەدا سەمائەكات بەڵكو هۆكاری سەماكردنی ئەم گوێدرێژە بەستەزمانە ئەوەبووە كاتێك جاشولكە بووە كابرای لۆتی هەموو ڕۆژێك بۆ ماوەیەك لەسەر لمی سورەوە كراو دایناوە و جاشولكەكەش لە هەیبەت داخ بونی سمەكانی پێی بەهەر چوار پەل هەڵبەزو دابەزی كردووە،كابرای لۆتیش لەوكاتەدا تەپڵی كوتیوە ، بەدوبارە بونەوەی ئەم حاڵتە و گەورەبونی جاشولكەكە واڕاهاتبوو كە هەركاتێك گوێ بیستی دەنگی تەپڵ بێت وا ئەزانێت لەسەر لمە سورەوەكراوەكەیە هەر بۆیە بە هەر چوار پەل هەڵبەزودابەز ئەكات .
لەڕاستیدا دیموكراتیەكەی پارتیش هەر بەو جۆرەیە و هیچ كام لەسەران ودۆستان و لایەنگرانیان فڕیان بە دیموكراتیەوە نییە وتەنها وەك دروشمێكی بێبنەما مامەڵەی لەگەڵدا ئەكەن .
پارتییەك كە تەنها و تەنها دەسەڵات لەدەستی چەند كەسێكی بنەماڵەدا دەستاودەست بكرێت و دۆستانی پارتیش وەك تلیاكیەكان ملكەچ و بێدەنگ بن ئیدی كامەیە دیموكراتی؟
پارتییەك كە دەنگی ئازاد بێدەنگ بكات وسوكایەتی بەلاوان بكات و قەڵەمە بوێرەكان شەهید بكات ئیدی كامەیە دیموكراتی؟
دیموكراتی پرۆگرامێكی ڕاست و دروستە و ئەوەی هەڵگری ئەو دروشمە بێت ئەبێت ڕاستگۆیانە پەیڕەوی بكات.
دیموكراتی ووشەیەكی لاتینییە و لە دوو بڕگە پێكهاتووە یەكەمیان (دیمو) واتە گەل یاخود كۆمەڵێك لە خەڵكی بڕگەی دوەمیش (كراتی) یاخود (كراسی) واتە هێز یاخود دەسەڵات ،كۆی هەردوو بڕگەكەش بە واتای (دەسەڵاتی گەل) دێت.
لەسەردەمی شارستانیەتی گریكەكاندا بۆیەكەم جار لەلایەن فەیلەسوفی مەزن ئەفلاتون ەوە بەكار هاتووە ،دیارە مەبەستی ئەفلاتون ئەوەبووە كە مۆدێلێكی نوێی حوكمڕانی بێنێتە ئاراوە تاوەكو خەڵكی بتوانێت هەست بە بوونی خۆی بكات و ئازادانەڕاو بۆچونی خۆی دەرببڕێت .
ئەمە بیرۆكەیەكی بچوكە دەربارەی دیموكراتی ، بەبڕوای ئێوە دیموكراتیەكەی پارتی لەكام جۆر مۆدێلەیانەوە نزیكە ،دیموكراتیەكەی ئەفلاتون یاخود سەمای گوێدرێژەكە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست