کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


نامەیەکی بێ شەرمانە بۆ جنابی: مەلا عەوڵای ‌‌حەیاکی (‌‌حەسەن زادە)

Thursday, 13/12/2012, 12:00



ژیانی رٶژانە لە رۆژهەڵاتی وڵات بۆتە کەکرە، زیندان، ئەشکەنجە، سێدارە لە ژێر زەختی سیاتەتی بێ رە‌‌حمانەی کەمتیارەکانی کۆماری سێدارە بۆتە ژیانێک کە ۆێنەی شێرپەنجە تان و پۆی خاکی برینداری ‌ئەو بەشە لە وڵاتی کوردی تەنیوە. گرانی، بێکاری لە خشتە بردنی گەنجەکانمان و سەدان بێ بەختی دیکە وای هێناوە کە مرۆوی کورد دەستەو بە دۆایە، بەو حاڵەش رازییە و دەڵێن خرابترمان بەسەر نەیە.
لەوە ها رۆژگارێکی پڕ لە چەرمەسەری خوێندنەوە و نووسین، کاری حەزرەتی فیلە!...
ماوەیێک لەوەی پێش چاوم بە بابەتێک کەوت کە سرنجمی راکێشام، ئەویش ئەوە بوو کە:
جەنابی مەلا ‌عەوڵای حەسەن زادە سەرگەورەی پێشوی حیزبێکی ٦٦ ساڵ تەمەن بە ناوی دێموکرات. ئەو حیزبەی کە ٤ ساڵ دەبو دامەزرابوو کە دەوڵەتی ئیسراییل خۆی راگەیاند.
مەلا عەوڵا دەڵێ: "دەسەڵاتدارانی باشوری کوردستان بە هیچ کلۆجێک حەقی ئەوەیان نییە سروودی ئەی رەقیبی دڵدار بگۆڕن". با سرودی دیکە دانێن کەیفی خۆیانە. قسە قسە دێنێ، مەلا ئەو دەگەینێ کە هەر دوو باڵ لە دێموکرات جارێ لە کوی سەنجەق گیرمان خواردووە، بە دەستی بەتاڵ و هەمبانەی بێ وشە خەریکی پاراستنی ئەزمونی باشوری کوردستانین، دەنا روخانی کۆماری ئیسلامی بە لێوانە!!!...
شەوانە لە ژێر رووناکی مانگە شەو، رۆژانەش تیشکی خۆر یارمەتیمان دەدا چار لە ئاسمان بین تا بزانین کەی فرۆکەکانی ئەمریکا و ئیسراییلتاران دەڕوخێنن. ىۆیە کارمان بە سروودی ئەی رەقیبە، حیزبی شەهیدانین! هەرچەند بە قسەیان ناکەین...پێشەوامان خۆشی دەوێ بۆیە ناومان ناگۆرین!
خوێنەری هێژا و بە حورمەتی کورد، ماڵم بە سێ چەپەی بە قوڕ گیرێ ناوی راستەقینەی خۆم ێاشکرا بکەم هایداد دەبم بزانم چۆن دەبێ. ڵە دوژمن ناترسم بەڵام دەردە کورد کوشتومی و لە لۆمەی ێاشنا نیگەرانم. قسەکانم لێرە دادەکوژێنم و بەشێک لە نامەیەکی کوردێکی خاوەن هەستی رۆژهەڵاتی وڵات ناوچەی هەورامانتان بە بێ دەسکاری دەنێرمە لاتان، بە راشکاوی بیر و رای خۆتان دەربڕن، لە وتارەکە زوو زوێر مەبن.
با فێر بین هەر کەس کاری خۆی بە جێ بگەیێنێ، مەلا نەچنە جووتی و جووتیاریش نەبێتە مەلا.
جناب، مانگی رەمەزانت باش .......ت، نۆبەی شەشەکانە؟ هەر کات لە داهاتودا سروودی ئەی رەقیب گۆڕدرا، تۆبی ئەو قورعانەت لە سەر رانی چەپەت داناوە، پێی مەڵێن: جاشی میللی، سەرقافڵەی جاشان، جاشە پیرە، بەزیو، لادەر، دۆڕاو...
ئەوەی بە سەر هێمنی نەمرتان هێنا دووپاتی مەکەنەوە، هێمن و هێمنەکان شاعیرە هەرە ناودارەکانی کوردن، ئەوان شاعیری میللین؛ ئێمە ئەو کەسانەین کە رۆستەم پاڵەوانە!!!...



نەکەرۆز
رۆژهەڵاتی وڵات هەورامان
٢٠١٢.٥.١٠

و..................لە فکری بەرژەوەندی و پلە و پایەی دان و وەک دەلێن: "قەیسەرییەک بۆ دەسرۆکەیەک ئاور تێبەردەدەن."
باسی یۆنس رەئوفی (دڵدار) شاعەرتان کردبو: "سرودی ئەی رەقیبی لێ دەرچێ شێعرەکانیم پێ خۆش نییە". من نامەوێ کە قسە لەسەر بەهرەی شێعری دڵدار بکەم یا بەرهەمەکانی هەڵسەنگێنم، بەڵام بڕوام بە وە هەیە کە هەر کەسێک ئەو مافەی هەیە بیروڕای خۆی لە سەر بەرهەمەکانی هونەری دەرببڕێ. یەو کارە نە تەنیا زەرەرێکی نیە، بەڵکوو زۆر کارێکی باشیشە. بە تایبەت شێعر، کە پێوەندی هەیە بە رۆحیات و هەست و خۆستی خوێنەرەوە.
منیش لە دیوانی "دڵدار" هەندێ شێعرم بەردڵ ناکەوێ و هەندێ شێعریشم لا پەسەندە. بۆ وێنە "ئەی رەقیب"م پێ خراپترین و "خەندەکەی بایی"م پێ سەرکەوتووترین بەرهەمێتی.
بەر لە وەی بچمە ناو باسەکە، بە پێویستی دەزانم کە: قسەکانم هیچ پێوەندییان بە پێ خٶش بوون و پێ ناخۆش بوونی سرودی ئەی رەقیبەوە نییە، بە کورتی پێت وا نەبێ من جەنابت خەتابار دەکەم کە بۆ چی ئەو سرودەت پێ خۆشە. بە میلیۆن کەس هەن کە ئەو سرودەیان پێ خۆشە و کەسیش مافی ئەوەی نییە کە بڵێ هەموو ئەو میلیۆنانە لە هەڵە دان! پێ خۆش بوون یا پێ ناخۆش بوون شتێکە و باس و لێدوان و شی کردنەوە بابەتێکی ترە.
من لەو نامەیە دا دەمەوێ بە بیر و بۆچوونی خۆم لێدان و شی کردنەوەیێکم لە سەر ئەو سروودە هەبێ، ئەوە بیروڕای خۆمە و لە وانەیە هەڵەش بێ، بەڵام گرینگ ئەوەیە کە مافی قسە و دەربڕینی بیر و ڕا بە یەکتر بدەین.
گەلێک ئازادە، کە بڕوای بە ئازادی هەبێ و بڕواش بە قسەی نیە بەڵکو بە کردەوەیە.
کۆمەڵگای ئێمە بە هۆی بارودۆخێکی نالەبار کە بە درێژایی مێژوو هەیبوە، بۆتە کۆمەڵگایەکی بەستراو و سەر وێک هاتوو، رۆحیاتی تاکەکانی ئێمە زۆر گرژ و ئاڵۆزە. رێگوزەری عەقڵ و ئاوەزهەندی باری هەست و دەمار گرژی بەهێز نییە. زۆر شت کە بیزا، رێگە نادەین لە پەردەی چاو بەرەو ژوورتر بچێ. هەر لەو دیتنە رواڵەتییەدا بریاری توندی لە بارەوە دەدەین و بە دڵخوازی خۆمان دەیبڕین و دەیدروین. زۆر شتیش کە دەیبینین، ناهێڵین لە پەردەی گوێ بەرەو ژوورتر بچێ و بیستنە رۆواڵەتییەدا نێوکی دەبڕین و تەواوی دەکەین.
لە کۆمەڵی ئێمەدا، بریار بریاری تاکەکەسە و بەس (کە بەوە دەڵێن دیکتاتۆڕی). کە وایە ئێمە لە کۆمەڵگایەکی دیکتاتۆڕ دا دەژین و دیکتاتۆڕەکانیش بۆخۆمانین. کۆمەڵگای دیکتاتۆریش دیارە بنەماڵەی دیکتاتۆڕ، حیزب و رێکخراوەی دیکتاتۆڕ دەخوڵقێنێ، دەسەڵاتی دیکتاتۆڕ بە سەر خویدا دەسەپێنێ، هەوڵ دەدا و خوێن دەدا بۆ دروست کردنی دەوڵەتی دیکتاتۆڕ.
دایکەکانی داهاتوو کچۆڵە پاک و بێ تاوان و چاو بە فرمێسکانەی ئێستان، دەبێ لە بەر دەرکی زیندانەکانی کوردستان دانیشن و چاوەڕوانی مولاقاتی مندالەکانیان بکەن. هەندێکیش لەو دایکانە تەنانەت لە دیتنی تەرمی منداڵەکانیان بێبەش دەبن و نازانن کەی و لە کوێ و چلۆن کوژراون. ئەوانە ئەو رووداوانە نین کە وەکی خەون بن، لە بەر چاومان دێن و دەچن...
ئەدی چارە چیە؟؟؟
ئاسۆی بیرو فکر و ئاوەزی گەلی ئێمە پێویستی بە ئاڵوگۆڕ هەیە کە ئەو ئاسۆیە گۆڕا، هیوای ئاڵوگۆڕ لە زیانی کۆمەڵایەتی خەڵک دەردەکەوێ و دەربیجەکانی ئومێد هێدی هێدی دەکرێنەوە.
بەڵام دواڕۆژی هزر و رامانی خەڵک چۆن دەگۆڕێ؟
بە، سەر لە لاکی خۆ دەرهێنان، بە پێڵووی چاو هەڵێنان بەرەو ئاسۆگە دوورە دەستەکانی جیهان، بە پەروەردە کردنی منداڵ لە سەر رێبازێکی نوێ، بە لادان لەو رێگوزەرە پڕ کەند و کڵۆیانەی کە تا ئێستا پێیاندا رۆیشتووین، بە گۆڕینی ئەو دروشم و سڵۆگانە هەڵخەڵەتینە رەنگاوڕەنگەکانەی کە تا ئێستا لە زاریان کوشیوین و ئێمەش بە بێ چرکە ساتێک بیر لێکردنەوە دووپاتمان کردوونەوە و رێگای هەندێ کەس سیاسەتبازی سەوداکەرمان بۆ گەیشتن بە دەسەڵات و کۆ کردنەوەی ماڵ و سامان خۆش کردووە.
خاڵۆ: منیش لەو کۆمەڵگایەدا دەژیم (بە تایبەت ناوچەی هەورامان). منیش دەبێ ئاگام لە زاری خۆم بێ!!!...ئەو قسانە لە کۆمەڵی ئێمەدا بۆنی: جاشێتی، خەیانەت بە گەل و نیشتمانیان لێدێ. کێ جورئەت دەکا بڵێ: سروودی ئەی رەقیب خراپە! کێ دەوێرێ بڵێ حیزب و رێکخراوە کوردییەکان دیکتاتۆڕن؟!؟!...کێ جورئەت دەکا بڵێ دەوڵەتی داهاتووی کورد داگیرکەری کوردستانە و تەنیا کوردی بە کوردی قسان دەکا؟!؟
کە هاتو ئیحساسات بەسەر یەقڵدا زاڵ بوو، رێگای ئەو جورئەتانە و قفڵ و قەڕازە دێتە گٶڕێ.
قسە کردن ڵەگەڵ تۆ بۆ من زۆر راشکاناوە و بێ پێچ و پەنایە، بۆیە یەو جۆرەی لەگەڵ تۆدا دەدوێم لەگەڵ خەڵک و تەنانەت دۆستانی نزیکیشم وا نادوێم. زیانی تاڵ فێری کردووین کە ئاگامان لە زاری خۆمان بێ. قسەی سەر زمان و بیر و رای دنیای دەروونی هەر بێ چارەیەک کە لە کۆمەڵگایەکی دواکەوتو و دیکاتاتۆڕ دا بژی، دەبێ دوو کەس بین، چونکە دوو چەشن قسە کردن، دوو چەشن بیر و ڕا، دوو چەشن کەسایەتی یانی دوو کەسی جیاوز.
بەر لە هەر شتێک، دەبێ بزانین ئەوەی ئێمەی لە سروودی ئەی رەقیبدا، پێمان خۆشە بەڵکو یاد و بیرەوەرییە کە لە شێعرەکە هەمانە، کە وایە دەبێ ئەم دوو شتە تێکەڵ نەکەین و جیاوازیان لە بەین دانێین. بەڵام ئەگەر لە کەش و هەوای یاد و بیرەوەرییەک بێینە دەر و روو لە وشەکان بکەین و دانە دانە لە سەریان راوەستین و لە خۆمان بپرسین ئەم وشەیە مانای چیە؟...ئەم کەسەی ناوی هاتووە کێیە؟...و... ئەوکات دەزانین لە بەرامبەر گەلێک پرسیاری بێ وەڵامدا راوەستاوین.
"ئێمە رۆڵەی مێدیا و کەیخوسرەوین!"
کەیخوسرەو کێیە؟
نازانم...ئەگەر بڵێن پیاوێکی گەورەی مێژووی کوردە، من ئاگاداریم لێی نییە.
ئەدی ئەگەر دوژمنی کورد بێ دەڵێی چی؟...............نەعووزووبیللا!!!!....
کە وایە بۆ چی دڵدار بە شانازییەوە ناوی بردوە؟ یا بۆ چی هەڵکەوتووان و پێشرەوانی کورد کردوویانە بە سروودی نەتەوایەتی؟ ئەدی پێم ناڵێی مێژووزانان، شارەزایان و مامۆستایانی کورد بۆ چی ورتەیان لە بەر نەهاتووە؟؟؟...
خۆ ئەگەر کەیخوسرەو کورد نەبێ و تەنانەت دوژمنی کوردیش بێ و ئێمەش لە سروودی نەتەوایەتیماندا روو بە هەموو جیهان هاوار بکەین: "ئێمە رۆڵەی کەیخوسرەوین!" ئەوە مانایەکی زۆر خراپ دەبەخشێ و دنیا پێمان پێدەکەنێ، جونکە ئێمە دەبینە حەرامزادە و زۆڵی بێگانە!...
ئاخر بۆیە دەڵێم دەبێ جار جار چاو بە شانامەی فردەوسی دا بگێڕی.
کە وایا ئەو کەیخوسرەوە کێیە؟
مێژوی ئێران بە سێ (٣) دەورە دابەش دەبێ:
١: ئەسگورە (ئوستوورە) مێژویەکی زۆر کۆنە و بە خەیاڵ دەچێیە سەرەتاکانی ژیانی مرۆ‌ڤ لەسەر زەوی.
٢: باستان (دێرین) خەیاڵی نییە و مێژووی گەل و وڵاتێکە کە زانایان و شارەزایان بە لێکۆڵینەوە ساغیان کردۆتەوە.
٣: معاسر (موعاسیر) یا مێژوی هاوچەرخ یا سەردەمە و دەگاتە رووداوەکانی ئیمڕۆ کە تێیدا دەژین.
مێژوی هاوچەرخ (سەردەم) ی ئێران سەدان و هەزاران کتێب و کتێبۆڵکەیە کە رۆژ لە دوای رۆژیش لە سەری زیاد دەکرێ. مێژوی دێرینی ئێرانیش هەر زۆر نوسراوە کە گرینگترینیان هی "موشیرالدەولەی پیرنیا"یە و بە سەرچاوەیەکی گرینگ دادەنرێ. بەڵام گرینگترین سەرچاوەی مێژووی ئوستوورەیی ئێران کتێبەکەی فیردەوسییە بە ناوی "شاهنامە" یان "شانامە".
سەرجەم ئەو کتێبە مێژووییانەی ئێران سەرچاوەن بۆ نووسین و ساخکردنەوەی سروودی نەتەوایەتیدا یەوانە رەنگدانەوەیان هەبێ، تۆ بڵێی کورد هیچکام لە وانەی نەبووبێ؟ ئەگەر بڵێن نەخێر نەیبووە، یەوە دەسەلمێنێ کە گەلی ئێمە لە چوارچێوەی ئادەمیزاد بە دەرەو هیچ بەش و جێ دەستێکی لە کاروانی پێشکەوتن و شارستانییەتی جیهانی کۆن و نوێ دانەبووە. کە وایە هیچ مافێکی نییە و ئەوەندەش کە دەژی لە زیادی دەژی.
ئەگەر بڵێن هەیبوە (کە بە راستیش هەیبووە و زۆریشی هەبووە)، دەبێ بپرسین کە لە سروودی نەتەوایەتیماندا کوا سووکە ئاماژەیەکی بە هاڵ و دووبەڵا!!!...خۆ یونس رەئووف (دڵدار) هەر بەلاشیدا نەچووە.
بە سەرفرازی و سەربەرزییەوە، گەلی ئێمە لێهاتووییەکی زۆری تێدایە، کە پێشتر باسم کردووە، کۆمەڵی ئێمە کۆمەڵگایەکی دواکەوتوو و کڵۆڵی، یەوە باری ژیانی ئێستای گەلەکەمانە، نەک ئەوەی کە بە درێژایی مێژوو هەر کڵۆڵ و داماو بووبێ.
وەک چۆن ژیانی تاکەکەسی و خێزانیمان لە درێژایی تەمەندا زۆری قۆرت و بڵیند و نەوی بەسەر دادێ، ژیانی گەلەریش لە درێژایی مێژوودا بە سەر گەلێک قۆرتدا تێ دەپەڕێ، زۆربەی زانایانێکی لە رابوردوو دا خزمەتیان بە فەلسەفە و کۆمەڵگای بەشەری کردووە، کورد بون.
مێژووزانی وەک "عیززەدین عەلی ئیبن ئەل ئەسیر" (عزالدین علی ابن اللاپیر) کە کتێبی گرینگی "ئەلکامل" (الکامل) نووسیوە، کوردێکی هاوشاری مەلا جزیری بووە.
من لێرەدا ناتوانم تەنانەت لیستەی ئەو زانایانە بنووسمەوە، چونکە بەراستی تەنیا نووسینی لیستەی ناوەکانیان خۆی دایرەالمعافێک هەڵدەگرێ. کوردێکی خەڵکی دیاربەکر (ئامێد) کە ساڵی ١٢٠٥ ی زایینی واتە ٨٠٠ ساڵ لەمەو بەر لە دایک بووە، کتێبێکی بە زمانی عەڕەبی لە بارەی بەکانیکدا (فیتەر) نووسیوە کە لە دایرەالمعارفەکانی ئەمڕۆدا ئەو کتێبە لە بەر گرینگی باسی لێکراوە و خۆیشی لە دارەالمعارفەکاندا ناوی لەگەڵ ناوی زانیار و دانیشمەندانی عیلمی فیزیکدا تۆمار کراوە. ئەو زانایە ناوی "جزری" یە و لە هەر جێگایەکدا ناوی هاتبێ هەر بە ناوی کوردێکی دانیشتووی دیاربەکر باسی کراوە.
لە پەرتووکە بە نرخەکانی مامۆستا مەلا عەبدولکەریمی مودەڕیسدا ناوی پتر ٧٠٠ زانای کورد هاتوە کە خزمەتیان بە زانست و دین کردووە و هەروەها بابا مەڕدووخی رووحانی کە لە سێ بەرگدا ناوی پتر لە هەزار زانای کۆردی تۆمار کردووە کە لە وانە سەدیان لە رشتەی جۆر وا جۆرەکانی زانستدا هەوڵیان داوە و بەرهەمی گرینگیان لە دوای خۆ بە جێ هێشتووە.
مرۆ‌ڤ کە سەیری سروودی نەتەوایەتی و زۆر شێعری تری لەو بابەتە دەکا، پێی وا نییە کە کورد دەستی راست و چەپی خۆی ناسیوە و ئەلفوبێی زانیوە! ئەوجۆرە قسە و نووسراوانە مایەی سەرشۆڕیی ئێمەن لە ناو گەلانی تردا.
ئەو قسە و باسانە کە بە داخەوە زۆر جار هۆی شانازیشمانە، چ قازانجەکیان هەیە؟ جگە لەوەی ئێمە لە دنیای یەوڕۆدا بەگەلێکی وەحشی و پیاو کوژ بناسێنن و پێیان وا بێ باپیرانی ئێمە تا چەند ساڵ لەمەو بەر بە رووت و قووتی ژیاون و گەڵیەکیان بە پاش و پێشیاناوە گرتووە و گۆپاڵەکیان گرتۆتە دەست و کار و پیشەیان ئەوە بووە کە تاجی ژیان بە خوێن بنەخشێنین.
سەرچاوەی ئەو قسە و بوختانانە ئەو دووژمنانە بوون کە بۆ درێژەدان بە داگیرکەریی خۆیان نێو و نرتکەیان لێ ناوین و بە داخەوە ئێمەش شانازیمان بەو نێو و نرتکانە کردووە و ئیدی قسەکەمان قۆستۆتەوە و یەرکی دوژمنمان سووک کردووە و مێژووی گەلی کوردیش و هەر کام لە مێژوونووسانیکورد کە کتێبێکیان بۆ مێژووی نەتەوەکەمان نووسیبێ، ئەوانەیان وەک سەرچاوە بەکار هێناوە و بۆ نمونە دەتوانین لە کتێنە گرینگەکانی مێژوویمان بڕوانین و بزانین کە "شەڕەفخانی بەدلیسی"، "ئەمین زەکی بەگ" و "حوسێن حوزنی" و کەسانی تر خۆیان لەم بارەیەوە دەڵێن چی...


لە مێژووی ئوستوورەیی ئێراندا دوو "سلسلە - بنەماڵە" حوکمڕانیانکردووە:
١ پیشدادیان
٢ کیانیان
پیشدادیان کە یەکەم خانەدانی مێژووی ئۆستوورەیی ئێرانن دە کەس توانیویانە شایەتی بکەن: کیومەرس، هووشەنگ، تەهمورێس، جەمشید، زووحاک (کە ئەمەیان ئێرانی نەبوە، بەڵکو حەڕەب بووە)، فەرەیدوون، مەنوچێهر، بووزەر، تەهماسب و گەرشاسب.
کیانیانیش کە دەبنە دوویەمین خانەدانی مێژووی ئۆستوورەیی ئێران ٩ (نۆ) شایان تێدا هەڵکەوتوە: کەیفوباد، کەیکاوس، کەیخوسرەو، کەیمێهراب، گوشتاسب، بەهمەن، هومای (ئەمەیان ژن بووە)، داراب اوڵ (یەکەم)، دارابی دووهەم.
رای هەندێ لە مێژوونوسان و مێژووزانان ئەوەیە کە لەم دوو سلسلەیە تەنیا یەکەمینیان واتە "پیشدادیان" ئۆستوورەیە و کیانیان ئۆستوورە نین بەڵکو دەچنە پاڵ مێژووی باستان و واقعین. هەر چۆنێک بێ وەک دەنینن، کەیخوسرەو، سێیەمین شای سلسلەی کیانیانە و فڕی بە سەر مێژووی کوردەوە نییە. لە وەش سەیرتر ئەوەیە کە راست ئەو کەیخوسرەوەی "یونس رئوف" (دڵدار) هەڵی بژاردووە ئێرانییەکی تۆخ وخالیس نییە، بەڵکوو دووڕەیە و لە باوکێکی ئێرانی و دایکێکی تورانی (توورک) بە وەلەد بووە! باوکی کەیخوسرەو ناوی "سیاوەش"ه کە کوڕی "کەیقوباد" و دایکیشی ناوی "فەڕەنگیس"ه کە کچی "ئەفراسیاب" پاشای توورانی کە دەبێتە سەرۆکێکی توورک!!!...
پەککوو لەو شەرمەزارییە!!!
باشە پێم ناڵێی (مەلا)، یونس رەئوف (دڵدار) ئەو کەیخوسرەوە دوڕڕیەی لە کوێ هێناوە و لە پاڵ دایکی بەستەزمانمانی خزاندووە؟؟؟...
١ لە نائاگایی خۆی
٢ لە نائاگایی ئێمە
پاشی ئەم دمە تەقەیە، با ئەوەش بڵێم کە هەندێ کەس کەوتوونە پینەی ئەم هەڵەیە و دەڵێن: "کەیخوسرەو" هەمان "کەیخەسار"ه کە ئەویش هەمان "کیاکسار" یا "کواکسار" یا "کیاکزار"ە. کە هەر دەبێتەوە "هووەخشتەرە"ی سێیەمین پادشای ماد (٦٣٣ ٥٨٥ ی پێش زایین)، کوڕی "فەرەوەرتیش" ی کوڕی "دیائۆکۆ" یەکەم پادشای مادکە لە ساڵی ٦٠٥ پێش زایین بە گرتنی نەینەوای پێتەخت، دەوڵەتی ئاشووری لە ناو برد و پاشانیش بە ماوەی ٥٥ ساڵ شەڕی لەگەڵ دەوڵەتی "لیدی" کرد و زەفەری پێ نەبرد.
با کەیخوسرەو، هەمان هووخشتەرە بێ، کە هەویش نییە، ئەم ناوە بە هەڵە لە لایەن "دڵدار"ەوە کەوتۆتە ناو ئەوشێعرە، بەڵام نەخشاندنی تاجی ژیان بە خوێن، چ شانازییەکە؟؟؟ میللەتێک دەبێ شانازی بە هونەر، شارستانییەت، یەکسانی و دادپرسی، پەیڕەوی یاسا و قانوونمەندی و زانست، داهێنان و پێشکەوتن، داب و تەریتە جوان و پەسندەکان پسپۆڕان و ژنان و پیاوانی لێهاتووی وەک رێبەرانی گەورە و مرۆڤدۆست، ئەدیبان، شاعیران، هونەرمەندان، سەنعەتگەران داهێنەران، فەیلەسوفان و .... و.....بکا.
لەسەر ئابڕوی خۆمان پرۆپاگەندەی دژ بە خۆمان کردووە. لایەکی تر، خۆ ئەگەر وردتر لەو سروودە و ئاڵا و ئەو چەشنە شتانە بڕوانین، دەبینین سەرجەم لایەنی رواڵەتیی ژیانی کۆمەڵگان. مرۆو روح و بیر و فکر و هەستی هەیە، کە ئەوانە "دەروون" ن. چاو و برۆ قژ و چاویلکە و جل و بەرگی هەیە کە ئەوانیش "رواڵەت" ن. خۆ کەس ناتوانێ بڵێ رواڵەت پێویست نییە! هەموو دەزانین کە زۆریش پێویست و گرینگە، بەڵام بێ گومان ئەو دەمە بایەخی پتر دەبێ کە جوانی رازاوەیی دەروونیشی لەگەڵ بێ. تۆ ئەگەر رەفتارێکی ناپەسەند یا خەیانەت و داوێن پیسییەک لە من ببینی، رێاڵەتی جوان و رازاوەی من لە لات هیچ بایەخێکی نامێنێ و تەنانەت ناشیرینیش دەنوێنێ. بە راشکاوی دەتوانین بڵێین، یەکەمیان رەسەنە و (ئەسڵ) دوویەمیان لاوەکییە (فەرع). لە ژیانی گەلانیشدا هەروایە. لە سروود و ئاڵا زۆر گرینگتر، بایەخەکانی ناو کۆمەڵگایە.
با لە سروودی نەتەوایەتیماندا شانازییەکان رەنگ بدەنەوە با منداڵەکانمان فێر کەین کە چیدی، فەرعیان لێ نەبێتە ئەسڵ و دەروون و ناوەرۆک فەرامۆش نەکەن و راستییەکان بدۆزنەوە.
- تەواو-

هەورامان سالار رۆژهەڵاتی
رۆژهەڵاتی کوردستان ١٣.٥.٢٠١٢

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە