کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ویژدانتان ئاسودە كەن

Saturday, 06/03/2010, 12:00



سەروەت و سامان و پایە و دەسەڵات و ناوبانگ و زۆر شتى تریش ناتوانێ و نەیتوانیوە ئۆزقاڵێك ویژدانى مرۆڤەكان ئاسودە بكات،تەنها جێبەجێكردنى ئەو بڕیار و راسپاردانە نەبێت كە بڕوامان پێیەتى و هەوڵى بۆدەدەین،ئەگەریش نەیەتەدى گرینگ ئەنجامدان و هەوڵدانە بۆ كار و پرۆژەیەك بە بڕواو قەناعاتمانە.گرینگ نیە دەنگت بۆ كوێیە و بۆ كوێ نیە،گرینگ نیە بەشدارى هەڵبژاردن دەكەیت یاخود نایكەیت، گرینگ ئەوەیە شەوى (7/3) بە ئاسودەیى سەر بخەیتە سەر سەرین و ویژدانى خۆت ئاسودە بكەیت،چونكە ئاسودەیى ویژدان لە هەموو شتێك گرینگترە.
زۆرن ئەو كەسانەى لە هەموو شتێكى سەر ئەم زەمینە ئەوەى ئێمە خەیاڵیشمان بۆى ناچێت بەهرەمەندن و دەستیان بەهەموو شتێك رادەگات،بەڵام ئەگەر لە نزیكەوە بیاندوێنیت و لێیان زیك بیتەوە، هەرگیز ئاسودەیى ویژدانیان بە خەیاڵدا نایەت و هەربیریشى ناكانەوە،چونكە رۆژانە دەیان كار ئەنجام دەدەن كە بڕوا و قەناعاتى خۆیان نیە،زۆرن ئەو كەسانەى هێز و دەسەڵاتیان لە لوتكەیە و دەتوانن لە ساتێكدا هەناسە لە سینەى دەیانى وەكو ئێمە ببڕن ،بەڵام هەرگیز ئاسودەیى ویژدان بە دڵ و دەروونیان گوزەرناكات و هەمیشە لەنێو راڕایى و بێ ئۆقرەیە و ئازاردانى ویژدانەكانیان دەژین و شەرم لە رابردووى خۆیان دەكەن و بۆیە حەز ناكەن رابردوویان لەگەڵدا باس بكرێت،لەبەرامبەر ئەمەشدا سەدان كەس هەن كە لەخراپترین وەزعیەتى ماددى و مەعنەوى ژیان دەگوزەرێنن،بەڵام لەبەر ئەوەى ویژدانیان ئاسودەیە و هەمیشە حەز و هیواكانیان لەنێو بەختەوەرییەكى هەمیشەیى باڵا دەكا.ماوەیەك پێش ئیستا كەسێكى بەناوبانگى ئەم وڵاتە پێیگووتم(من هەموو شتێكم بەدەست هێنا،بەڵام خۆم لەدەستدا،ئێوە هەوڵدەن ئەگەر هیچیشتان نەبێت تەنها خۆتان بن و بەس..)
خەڵكى كوردستانیش هێندە هۆشیار و چاوكراوەن زۆر بە ئاسانى راست و چەپ و رەش و سپى لەیەكتر جیادەكەنەوە،لاى هەموومان رۆشنە گەنجان و لاوان مناڵان و ئافرەتان لەنێو فەرهەنگى هێز و لایەنەكان چ پێناسەكیان هەیە،بەرنامە و پرۆژەى قەوارە و ژمارە جیاوازەكان بۆ كرێكاران و كاسبكاران و خەڵكى بەشمەینەتى كوردستان چیە،هەڵوێست و دیاریكردنى چارەنوسێكى رۆشن بۆ خەڵك و دەركێشانیان لەنێو ئاوارەیى و سەرگەردانى و پلەدوویى لەكوێوە وەستاوە،ئازادیت لەوەى بایكۆتى دەكەیت یاخود پێت وایە هەڵبژاردنێك هەیە و هێز و لایەنێكیش شك دەبەیت بۆ ئەوەى هەڵیبژێریت،گرینگ ئەوەیە بە بڕواوە بڕیار بدەیت.
لەكوردستان ساختەكارى و دەست تێوەردان سیمایەكى بەرچاوى هەبوە لە هەڵبژاردنەكانى رابردوو،هیواخوازین ئەمجارەیان چاودێرانى ناوخۆ و دەرەوە هەست بە گۆڕانكارى و بەوپێشچونێك بكەن لەبیركردنەوەى حیزب و لایەنە سیاسیەكان و تێڕوانیەنەكانیان بە ئاقارێكى سلبى نەبێت وەكو كەڕەتەكانى پێشووتر.
لە سەرووى هەمووشیانەوە، هێمنى و ئارامى و پاراستنى گیانى خەڵكە،چونكە بردنەوەى هەموو كورسیەكان دڵۆپێك خوێن ناگەرێنێتەوە،شەڕ و پێكدادانى زۆركرا ،بەڵام دارێكى لێ سەوز نەبوو جگە لە ماڵوێرانى و سەرگەردانى خەڵك نەبێت.
دواجاریش هەموو ئەمانە و كار و دەسكەوتى زۆر گەورەتریش بە ئاسودەیى و ویژدانەكانمان بەدەست دەهێنین.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە