کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


میکانیزمەکانی ناچارکردن

Saturday, 21/01/2012, 12:00





 
لەدیمانەیەکی نەوشیروان مستەفا لەگەڵ ڕۆژنامەی (شەرقول ئەوسەت)دا، گۆڕان پێی وایە ئەوان کێشەیان لەگەڵ ڕوخسارەکاندا نیەو لەهەوڵی ئەوەدان گۆڕانکاری لە سیستەمی سیاسی هەرێمدا بکەن. ئێمەش ئەڵێن مەگەر ئەوە ئەو ڕوخسارانە نین لەماوەی 40 بۆ 60 ساڵی ڕابردوو یاریکەری سەرەکین لەگۆڕەپانی سیاسی کوردستانی باشوور و پەلیان هاویشتوە بۆ پارچەکانی ترو ڕۆڵی گەلێ نێگەتیڤ و خراپیان نیشانی هەموان داوە.
مەگەر کاتێ ڕوخساری مەلا مستەفا گۆڕدرا بە مەسعود، ئایا پارتی جگە لەگۆرانکاری خراپ و ناهەموار، پێمان ناڵێن ئەو لایەنە پۆزەتیڤانە چین لە ڕوخساری مەسعود هانیویەتیە نێو دنیای سیاسەتی ئەوڕۆوە.. ئایا سبەی دوای خۆی، ڕوخساری مەسرورو دواتریش کوڕی ئەو ، هیچ لەو ڕوخسارانەی پێش خۆیان نالەبارتر و بودەڵەتر نابن؟ ئەی مەگەر ئەوە نیە مەسعود لە کۆنگرەی ١٣ ی حزبەکەیدا ئاماژەی بەوەدا کەئەوان هەر ئەوەندەیان بۆ کراو، با کەرکوك کوڕی مەسرور بۆمان وەربگرێتەوە!!

با تەنها ڕوخساری کەسەکانی پارتی باس نەکەین ، ئەوا هی تاڵەبانیش لەهی ئەوانی تر باشتر نیە، مەگەر نەزانین ڕوخسارەکانی ئەمیش و دوای ئەم ، هیچ شتێك بۆ کورد دەستەبەر ناکەن، ئەی کەواتە ئەم هەموو ڕوخسارانە نین کە دامەزرێنەرانی ئەو سیستمە سیاسیانەیە کە نەوشیروان مستەفا بەتەمایە بیان گۆڕێ؟؟!!من لەو بڕوایەدام لەم ناوچەیەی ئێمەی لێ پەروەردە بوین ، ڕوخسارەکان پێش بیروبوچون و ئایدۆلۆژیاکانن، ئەوە ڕوخسارەکانن ئەو جۆرە بیرکردنەوەو سیستمە سیاسیانەی کوردستانیان دامەزراندوەو ئەوانەی دوای ئەوان دێن تەنها تەواوکەرین و هیچی تر.. ئەوە ڕوخساری مەلا مستەفاو قوتابخانە بێ سەروبەرەکەیەتی کەوای لە مەسعود کردوە بەم شێوەیە بێ، ئەوە ڕوخساری جەلال تاڵەبانی جاشەکەی بەکرەجۆی 66 کە ئەم یەکێتیەی دروست کردوەو وەك بەعسی لەگەڵ کوردا ئەجوڵێنەوە.

دەسا با لەوە زیاتر نەوشیروان مستەفا خۆڵ نەکاتە چاوی خەڵك و ڕوخسارە ناشرینەکانمان لێ جوان نەکەن و تەنها پێمان بڵێن ، ئێوە واز لەڕوخسارەکان و واز لەکەسایەتیە سیاسیەکان بهێنن و تەنها ووردببنەوە لەسیستمە سیاسیەکان.. ئەمە چ نوکتەیەکی سەیرە، بزانێ سێبەری مرۆڤێ ئەجوڵێ وبەڵام باوەڕنەکەی کەهەمان سێبەر لەتەنیشتیەوە مرۆڤێك هەیە!! ئەم فەلسەفەیەی گۆڕان دەربارەی گۆڕینی سیستمی سیاسی و خۆ لەقەرەنەدانی ڕوخسارەکان فێڵێکی لاوازە لەخەڵکی ئەکەن.

لەپرسیاری ئەوەی کەکۆبونەوەی 5 قۆڵیان هەڵپەساردوەو ئایا ئەتوانن دەسەڵات ناچار بکەن بۆ ئەوەی داواکاریەکانی ئۆپۆزیسیۆن جێبەجێ بکەن، نەوشیروان مستەفا ئەڵێ؛ ئێمە ناچاریان ناکەین بەو کارە، چونکە ئێمە میکانیزمی ناچارکردنمان نیە، ئێمە تەنها داوایان لێ ئەکەین!!
بەڕاستی نەوشیروان مستەفا بەم بیرکردنەوەیەی نەك هەر باوەڕی بەو نیو ملیۆن دەنگە نیە کەدەنگی پێداون، بەڵکە هیچ لەمانای میکانیزمی ناچارکردن نازانێ، وەیان خۆی لێ ئەدزێتەوە.... باشە مەگەر خۆپیشاندان، مانگرتن، هەڵپەساردنی ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن لەدژ دەسەڵات، بایکۆتکردنی تەواوی ئەندامانی لیستی گۆڕان و ئیسلامیەکان لە پەرلەمانی کوردستان، فشار دروست کردن تا شێوازی ڕاپەڕین،،،،
ئایا ئەمانە میکانیزمی ناچار کردن نین لەسەر دەسەڵات تا داواکاری و پاکێجەکانتان جێبەجێ بکەن؟؟ ئەوا ووتمان چەکتان نیەو ناتانەوێ خوێن بڕژێ، ئەی باشە هیچی تر شك نابەن بۆ ئەوەی فشار لەسەر دەسەڵات دروست بکەن،، ئەی ئایا بۆ لەساڵانی 80 کانی سەدەی ڕابردوو ، هانتان ئەداین بۆ بەگژداچوونەوەی ڕژێمی بەعسی و هەتا کار وای لێهاتبو پێتان ئەوتین گەر زەرەر لەمێزی مەکتەب و پاسی گواستنەوەش بگەیەنن ، ئەوا فشار لەسەر دەوڵەت و حکومەت دروست ئەکەن،
 ئەی لەڕاپەڕینەکەی ساڵی 91 بۆ چی میکانیزمی واتان دۆزیوە بۆ ئەوەی ڕژێمی سەدام لەگۆڕ بنێن، لەوانە کار گەیشتە ئەوەی نامەت بۆ زۆربەی جاش و مستەشارو تەواریانە نارد تەنها بۆ ئەوەی کارەکانتان سەربکەوێ، ئەی ئەوە خێرە هەنوکە هیچ میکانیزمێك لەبەر دەستا نەماوە بۆ گۆڕینی ئەم سیستمە ناشرین و کۆنخوازەی کە هەمو کۆمەڵگەی کوردەواری توشی قەیرانی قوڵ کردوە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە