کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


Saturday, 23/07/2011, 12:00






حکومه‌تی هه‌نوکه‌ی ئه‌مریکا، درێژه‌ده‌ری سیاسه‌تی حکومه‌ته‌کانی ڕابوردوویه‌تی که‌ به‌درێژایی مێژووی فراوانخوازییاندا به‌یه‌ك نه‌فه‌س و به‌شێوازی جیاواز و له‌سه‌رده‌می ڕه‌نگاڵه‌ییاندا، له‌هه‌وڵی به‌رقه‌رارکردنیدان.

حکومه‌تی ئه‌مریکا، له‌ژێر په‌ستانی قه‌رزی بانکه‌کان و خاوه‌ن فابریکه‌کاندا، که‌ سه‌رمایه‌داران و خاوه‌ن درامه‌ته‌کانی ئه‌و وڵاته‌ پێك ده‌هێنن، که‌ به‌رده‌وام قه‌رزی جه‌نگه‌کانی بۆ ده‌ده‌نه‌وه‌ و باجی زیاده‌ی سه‌ر پاره‌کانیش له‌زیادبووندان، له‌هه‌وڵی هه‌میشه‌ییدایه‌ تاکو ئه‌و باره‌ گرانه‌ له‌سه‌رپشتی لابه‌رێت. بۆ ئه‌مه‌ش، داگیرکردن و ده‌ستبه‌سه‌راگرتن و له‌قاڵبدانی حکومه‌ته‌ خاوه‌ن نه‌وت و بازاڕه‌ گرنگه‌کان، به‌تایبه‌تی لاوازه‌کان، تاکه‌ ڕێگای موسته‌حیلی قوله‌ی قافی هه‌ستانه‌وه‌یه‌تی.

ئه‌و سیاسه‌ته‌ جه‌نگی و ئاشتیانه‌ی ئه‌مریکیه‌کان، به‌هاوکاری هاوپه‌یمانه‌ سه‌ره‌کییه‌کانی، که‌خاوه‌ن بازاڕێکی هاوبه‌ش یان هاوپه‌یمانن، له‌جه‌نگی عێراق-ئه‌فگانستان-لیبیا-سودان-....سوریای ئاینده‌ و ئێران و زۆری تریش، پیاده‌ی ده‌که‌ن، مه‌رج نییه‌ سه‌رکه‌وتوو بێت یان ده‌ستکه‌وتی هه‌بێت. به‌ڵکو له‌هه‌ندێك کاتدا، زه‌ره‌ر و زیانێکی زۆری ده‌بێت و به‌ناچاری به‌زیانێکی زۆرتر له‌قه‌باره‌ی خۆی به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ن و به‌ڕێ ی ده‌که‌ن.

جه‌نگه‌کانی ئه‌مریکا، دژ به‌ ده‌وڵه‌ت و سه‌رمایه‌دار و خاوه‌ن ڕێکخراوه‌کانی جیهان، هیچ په‌یوه‌ندی به‌ مافی نه‌ته‌وه‌کان و مافی تاك و چاره‌سه‌ری کێشه‌ی نێوان ده‌سه‌ڵات و نه‌ته‌وه‌کان و به‌رقه‌رارکردنی ئاشتیه‌وه‌ نییه‌. به‌ڵکو ئه‌وان، به‌رژه‌وه‌ندیه‌کانیان چۆن هاتی بوو، ئاوا دروێنه‌ی ده‌که‌ن.

ئه‌م جه‌نگه‌ی حکومه‌تی ئێران، ده‌ستپێشخه‌ری کرد و به‌هێزێکی زۆره‌وه‌ ڕوویکرده‌ قه‌ندیلی جێپێگه‌ی پێشمه‌رگایه‌تی کوردستان و هه‌واری دێرینی ته‌واوی شۆڕش و به‌رخۆدانه‌کانی مێژووی ئه‌م نه‌ته‌وه‌یه‌، ڕۆچوونه‌ به‌ناو زه‌لکاو و ژه‌هراوی جه‌نگێکی هێواشی نه‌خشه‌بۆکێشراو که‌له‌لایه‌ن تورکیاوه‌ پیاده‌کراوه‌ و ئێرانی تێترنجێنراوه‌. په‌لکێشکردنێکی نه‌رمی هێواش، که‌ ئێران، به‌ره‌و قه‌یرانی ڕوبه‌ڕوو بوونه‌وه‌ ده‌بات و به‌ناچاری پێویستی به‌ به‌رده‌وامبوونی ده‌کات. ئالێره‌وه‌ ئێران، به‌ره‌و جه‌نگی ئه‌مریکا ده‌بات.

ئه‌مریکا، ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر هۆیه‌که‌وه‌ بێت حکومه‌ته‌که‌ی ئێران، توشی جه‌نگێکی به‌ئه‌نقه‌ست بکات، لێ کام جه‌نگ و چۆن و فاکته‌ره‌کانی به‌هێزن یان نا، ئه‌وه‌ ئاینده‌یه‌کی نزیك، هه‌ڵگری وه‌ڵامه‌کانییه‌تی، لێ له‌دیدی منه‌وه‌، ده‌کرێت ڕوناکییه‌ك بۆ شیکردنه‌وه‌ هه‌بێت و تێی ڕۆبچین.

حکومه‌تی ئێران، خاوه‌نی کێشه‌گه‌لێکی ناوخۆیی چاره‌سه‌رنه‌کراوه‌، که‌به‌رده‌وام یه‌خه‌ی پێگرتووه‌ و به‌ کاره‌ساته‌وه‌ ئاڵاندوێتی. سیاسه‌تێکی دیکتاتۆرانه‌ی به‌رامبه‌ر ماف و داخوازیکانی نه‌ته‌وه‌کانی ناو سنوره‌که‌ی و مافی تاکه‌کانی پێشێل ده‌کات. به‌ سیسته‌مێکی ڕه‌ق و وشکهه‌ڵاتووی کۆنه‌وه‌ ته‌مه‌نی خۆی به‌ره‌و پیربوون و کاڵبوونه‌وه‌ ده‌بات. بێکاری و هه‌ژاری و دوواکه‌وتوویی خه‌ڵکه‌که‌ی هۆکارێکی تره‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌جه‌نگێکه‌وه‌ خه‌ڵك سه‌رقاڵ بکات که‌ بتوانێت سۆزیان بجوڵێنێت. بۆ ئه‌مه‌ش، له‌جه‌نگی دژ به‌ پژاکی باشتر ده‌ستناکه‌وێت، هه‌ر ئه‌وجه‌نگه‌ی که‌ ڕه‌نگه‌ سه‌ری بخوات و له‌ئاینده‌دا توشی دۆڕان و پاشان لێکترازان و دابه‌شبوونی بکات.



حکومه‌تی ئه‌مریکا، ده‌یه‌وێت له‌په‌لکێشکردنی ئێراندا بۆناو خاکی هه‌رێمی کوردستان-عێراق، به‌بیانووی لێدانی پژاك، ڕوبه‌ڕووی هێزێکی لاوازی کاته‌وه‌ که‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستانه‌ و پاشان حکومه‌تی عێراقیش که‌ تێوه‌ده‌گلێت، له‌ حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان به‌هێزتر و تۆکمه‌تر نییه‌، بۆیه‌ به‌ناچاری و بۆ پارێزگاریکردنی سنوره‌کانی کوردستان-عێراق، ده‌یه‌وێت به‌هه‌ر فرت و فێڵێك بێت بێته‌ سه‌ر خه‌ت و جه‌نگه‌که‌ ده‌ستپێبکات. به‌ڵام ئایا ئه‌م فاکته‌رانه‌ به‌سن تاکو بتوانێت ده‌ستپێبکه‌ن یان له‌ده‌ستپێکردنیاندا، بۆ کۆتاییه‌کی سه‌رکه‌وتوو مل بنێن؟

ئه‌و گرنگییه‌ی که‌ ئێران هه‌نوکه‌ هه‌یه‌تی له‌ناوچه‌که‌دا و سیاسه‌تی فراوانخوازیه‌که‌ی که‌ تاڕادده‌یه‌کی باش سه‌رکه‌وتنی به‌ده‌ست هێناوه‌، ئه‌مریکا و هاوپه‌یمانه‌کانی ناچار ده‌کات به‌دانی هه‌ر باجێك بێت و چه‌ندی تێ بچێت، ده‌ستپێبکه‌ن. ئیدی دره‌نگ یان زوو، به‌راییه‌کانی ده‌رده‌که‌وێت. هه‌ر چۆن تێکشکاندنی فڕۆکه‌یه‌کی سیخوڕی بێفڕۆکه‌وانی ئه‌مریکا، له‌لایه‌ن ئێرانه‌وه‌، نامه‌یه‌کی پوخت و ڕوونه‌ بۆ ئه‌و جه‌نگه‌. گرنگ ئه‌وه‌ی له‌م نێوانه‌دا، کورد، نه‌بێته‌ قوربانی و قازانج و ده‌ستکه‌وتی نه‌ته‌وه‌یی لێده‌ست بکه‌وێت.
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە