بەرپرسەكانی حیزبی شیوعیمان بوون بە مافیا
Monday, 30/04/2012, 12:00
هەموو خەڵكی كوردستان ئەزانێت كە حیزبە مافیاكەی ئێمەش كە حیزبی شوعییە لە پەرلەمانی كوردستان یەك تاقە كورسییەكی هەیە ئەوەشمان بە حەوت حیزبەوە توانیوە ئەوە بەدەست بهێنین، مانگانەش 500 ملیۆن دیناری عێراقی ئەم حیزبە وەری ئەگرێت و كەس نازانێت چی لێدەكات، جگە لەوەش وەزیرێكی گەندەڵیشمان هەیە رۆژێك دوای بەرهەم ساڵەح ئەكەوێت و ئێستاش ئەیەوێت بابداتەوە بەلای نێچیرڤان بارزانی و بۆ ئەوەی بكرێتەوە بە وتەبێژی كابینەی دوای پێنج و نیوەكەی بەرهەم ساڵح. سەرانی حیزبمان ئەوانەی لەلای پارتین خۆیان فرۆشتووە بە پارتی و خەریكی بازرگانیكردنن بە خوێنی شەهیدانەی حیزبمانەوە و ئەمانەشی لەلای یەكێتین خۆیان فرۆشتووە بە یەكێتی و خەریكی كاری بازرگانی خۆیانن و هەموو بەرپرسەكانی حیزبمان بەپلەی بەڕێوەبەری گشتی و وەزیر خانەنشینیش كراون.
بەو هەموو دزی و گەندەڵیەی لە ناو حیزبماندا ئەو بەرپرسانە ئەنجامی ئەدەن تێریان نەخواردووە و چاویان بڕیوەتەوە پارەی ئێمەی پاسەوانەكانی بارەگاكان و ئەم مانگە لەگەڵ زیادبوونی موچەكانمان بەفرسەتیان زانی و بە بیانووی كۆكردنەوەی پارە بۆ نان خواردنی پاسەوانەكان لە سەدا پێنجی موچەكانمانیان بڕی، كە لە سەدا سێ ببڕن بەشی نان خواردنی مانگانەمان ئەكات، بەڵام دیارە چاوچنۆكەكانی حیزبمان بەو هەموو دزی و فزییەی كردویانە تێر ناخۆن و چاوی تەماعیان بڕیوەتە موچەكانی ئێمە،ئێمەش بەپێویستمان زانی لە سایتی كوردستانپۆستەوە ناڕەزایەتی خۆمان دەرببڕین و بۆ خەڵكی ئاشكرا بكەین كە بەرپرسەكانی حیزبمان ئەگەر دەستیان بەقەدەر یەكێتی و پارتی بڕۆشتایە لەوان خراپتریان ئەكرد و ئەدزی. بۆیشە نەمان وێرا ناوی خۆمان بنوسین لەبەر ئەوەی كە حیزبەمان هەمان كەلتوری یەكێتی و پارتی هەیە ئەگەر بە ئاشكرا دەنگ هەڵبڕین دژی نادادپەروەریەكانیان نان بڕوامان دەكەن.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست