سەرۆکێکی ترسنۆک، وەزیرێکی بێئاگا و لە عەقڵدا بۆش
Saturday, 09/08/2014, 12:00
ئەلبێر کامۆ دەڵێت: نازانم کامیان خراپترە؟ ئەوەی درۆم لەگەڵدا دەکات، یان ئەوەی وادەزانێت من گەمژەم و باوەڕ بەو درۆیە دەکەم.
لەم ڕۆژانەدا مێدیای سێبەر و ئەهلی بڵاویان کردەوە کە سەرۆکی هەرێم دەچێتە بەرەکانی شەڕەوە و ڕاستەوخۆ سەرپەرشتی دەکات، دوای تۆزێک نووسیان، سەرۆکی هەرێمە تەوقدراوەکە بە بنەماڵە ناهێڵن و لە چوونی بۆ بەرەکانی شەڕ پەشیمان بۆتەوە.
ئێمە قسە لەسەر ئەوە ناکەین کە سەرۆکی هەرێم چەندە لە نەخشەی شەڕ و پلانداناندا سەرکەوتو و شارەزایە؟ بەڵام چوون و نەچونی هیچ مانایەک بە ئێمە نادات، ئەو هەواڵانە جگە لە ریکلام و پروپاگەندە دەتوانین قسەیەکی لەسەر بکەین، کە مەسعود بارزانی کەسێکی ترسنۆکە، لە خیانەتکادا قورسبووە شەهامەتی نییە و کارێکی جەوامێرانەی لێناوەشێتەوە. پێش دوو شەو لەمەوبەر بیستمان مەخموریش لەلایەن داعشەوە گیراوە، خەڵکی هەولێر خۆیان ئامادە دەکەن بۆ هەڵهاتن، بەخێرایی زەنگم بۆ هاوڕێیەکم لێدا لە هەولێر، ئەویش ووتی: ئەویش دەنگۆکەی پشتراستکردەوە، هەر ئەو هاوڕێیەم وتی بەڵام خۆ قەرار بوو سەرۆکی هەرێم و کوڕە جەنەڕەڵەکانی و ١٠٠٠ پیاوەکەی بچن بۆ بەرەکانی شەڕ. ووتم هاوڕێ واز لەو گلەییانە بهێنە، ئەوان بەدرێژایی مێژوو شەڕیان نەکردوە و ناشیکەن، ئەوە ئێمەین تێیناگەین.
بۆ بەیانی ڕۆژی دواتر، ئەم وێنەیە بڵاو کرایەوە کە وەزیری پێشمەرگە نانی بەیانی دەخوات لەیەکێک لەشەقامەکانی شارۆچکەی مەخمور، کە لە وێنەکەم ڕوانی خۆی و نەوزاد هادی پارێزگاری هەولێر بوو. نەوزاد هادی کەسێکە، کە هەولێری کردۆتە لقێک بۆ بنەماڵەی مەلامستەفا و خۆشی کەسێکی ترسنۆک و ماستاوچی و دارو بەردی هەولێریان داگیر کردوە، کارێکی باش کە خەڵکی پێ فریو دەدات تەنها ئەوەیە بۆ هەموو پرسەیەک دەچێت و خۆی کردۆتە خەمخۆری خەڵکی هەولێر.
کاتێک لە وێنەی وەزیری پێشمەرگەکەی گۆڕانم ڕوانی ڕێک کابرایەکی تەسبێح فرۆشم هاتە بەرچاو، نەک کەسێک وەزیر بێت، وەزیری پێشمەرگە دەبوو لە نزیکی دوژمنەوە بوایە، چونکە ئەو گوێڕایەڵی نەوشیروان مستەفایە بۆیە ئەم پۆستەی دراوەتێ. پیاو کە لە جەنەڕاڵەکانی شەڕ دەڕوانێت، لە ژورێکدا کە نەخشەی جیهان لەپشتێوە هەڵواسراوە لەم دنیا مۆدێلەدا دەیان کۆمپیوتەر لە دەورێتی یان نەخشەی ئەو مەڵبەندەی شەڕەکەی تێدایە، لەسەر مێزێک دانراوە دەزانی براوەی شەڕ ئەوانن، نەک وەزیرەکەی ئێمە سادەی خۆیمان پێبفرۆشێتەوە، سادەی شتێکە پلانی شەڕ شتێکی ترە، ئەگەر دەڵێن شتی وا نابێت و بەپەلەیە، بەندە یەک دووجار لەنەخشەی شەڕم ڕوانیوە. جارێک پاسدارەکان کە هاتبوون لە چۆخماخ لەماڵی "شێخ عێزەدینی حوسەینی" کە ماڵەکەی چۆڵکردبوو کاتێک لەگاپیڵۆنەوە هاتبووە چۆخماخ ئەوێشی جێهێشتبوو پاسدارەکان لە ماڵەکەدا نەخشەی ئەو ناوچەیەیان لابوو نەخشەیەکی هێندە سەیربوو تەنانەت شاخ و دۆڵ و دەوەنەکانیش وەک خۆیان دروست کرابوون، کاتێک لەنەخشەکەت دەڕوانی هەستت دەکرد تۆ لەکوێدای و بۆ کوێ دەچی. بەڵام من تا لە شەنگارو زومال و مەخمورم ڕوانی لەڕێگەی کۆمپیوتەرەوە بەو ئەنتەرنێتە کیسەڵ ئاسایەی نیشتمان زۆری ویست. دوهەمین جار لەیەکەم ئەنفالدا بوو کە چوینە بەرگەڵو لەبارەگاکەی نەوشیروان مستەفا "کە ملازم عومەر، کاک کۆسرەت، شیخ عەلی خولە کەشکۆڵی لێبوو کە لەزیندان ئازاد کرابوو، لەوێش نەخشەیەکی باشم لەسەر مێزەکە دی هەستم کرد دەمانەوێت شەڕەکە ببەینەوە.
دەڵێن : بەر لەچەند ڕۆژێک وەزیری پێشمەرگە لەگەرمیان بۆ سەردان چووە کەچی بەرپرسێکی سەربازی یەکێتی زۆر ناشرین قسەی لەگەڵ کردووە. لام باشە وەزیری پێشمەرگە بەڕاستی بێتە دەنگ و ڕاستی شکستەکەی شەنگار و پاشەکشێی ئەو خیانەتە بەمێدیاکان بڵێت، بۆ ئەوەی سبەینێ مێژوو بەرۆکی ئەویش نەگرێت، پاشان ڕاستی هەرچی بێت، ئێمە ناتوانین خۆمان لە مەرگ ڕزگار بکەین، درەنگ یا زوو بەرۆکمان دەگرێت، بەڵام گرنگ چنینەوەی مێژووی جوانە بۆ کەسایەتیمان، بەتایبەتی کاتێک بەرپرسیارێتیەک وەردەگرین کە بەنێتی خزمەتکرد دێینە مەیدانەوە.
تایبەتمەندیەکی تری مردن ئەوەیە کە لە ناکاو سەری ڕێگەمان پێدەگرێت، ناتوانین پێشبینی هاتنی بکەین. من کە لەمەسعود بارزانی دەڕوانم، کوردی کردۆتە قوربانی خواست و مانەوەی، لە شەڕ دوورکەوتۆتەوە و خۆی و عەشرەتەکەی شاردۆتەوە، لە ناخەوە خەمبار دەبم! ترس لەمردن لای مەسعود بارزانی و غەریزەی ڕاکردن و پاراستنی ئەوەی کەهەیەتی توشی ئەندێشيیەکی کردوە، ئەوەتانێ دەڵێ سوپاسی تاک بەتاکی ئەوە دەکەم کۆمەک دەکات، قسەکانی ڕێک لە کاتی ١٧ی شوبات دەچێت کە ووتی واز دەهێنم و خۆم هەڵنابژێرمەوە، کەچی دوایش وادەر نەچوو، پەیمانی بە باوکی شەهید ڕێژوان دا بەتەلەفۆن و دوایش نەیویست بیبینێت. مەسعود و بنەماڵەکەی کاتیان بۆ تێپەڕاندی ئەم قەیرانە گرتووە، لە مردن خۆیان دەدزنەوە، تا بزانن دوای ئەمە چی دەگوزەرێت و چۆن ئەو سەروەت و سامانەی هەیانە بەردەوام بن و پێی بژین.ئێمە مەسعود بارزانی دڵنیا دەکەینەوە هەرچی لەم سەر زەمینە دەجوڵێتەوە ڕۆژێک دێت دەبێتە خۆراکی مەرگ و لەناو دەچێت، ئەوەی لەناو ناچێت هەڵوێست و ئازایەتیی و ڕاسگۆییە. ئەوە ئێوەن ٢٣ساڵە خەریکن مەلامستەفا دەکەنە باوکی ڕۆحی خەڵک، بەڵام بەداخەوە پیاوێک بێماڵئاوای خەڵک بەجێ بهێڵێت محاڵە ببێتە باوکی ڕۆحی. تۆی بەرێزیش بەهەمان شێوە دەبێت ئەو ڕاستییە بزانیت کە "پارە لەسروشتی خۆیدا ناپاکە. چاکو خراپی پارە پەیوەستە بەخودی سروشتی مرۆڤەکانەوە لەگەڵ جۆری بەکار هێنانی، ئیوەومانان فریو بەوە دەخۆن کە هەرچی زۆرترە پارە بەدەست بهێنن، بۆیە لەشەرەکانیشدا ئەو سوپا زلەشتان ترسنۆکی دەچننەوە و هەڵدێن. پەیامی ئاینەکانیش ئەوەی سەلماندوە، کە هیچ کەسێک ناتوانێ، خزمەتکاری دوو سەروەر بکات، لەلایەک بگات بەخودا و لەلاکەی تریش بگات بەپارە. بۆیە تاکو ئێوە سامان کۆکەنەوە ناتوانن لەشەڕدا سەرفرازبن.کوا ئەو لەشکرە زرێڤانەی هێناتن بۆ ئەوەی شەڕی خەڵکی سلێمانی بکات؟
عیشق بە زۆر نادرێت بەملی کەسدا، ئێوە لەم نیشتمانەی ئێمەدا خۆتان بەمیوان دەزانن، بۆیە میوانی ئێوە ڕەوای داوە بەوەی کە ئێوە گیانی بەرگریکردن لەخۆتاندا بکوژن، ناشهێڵن کەسی شیاو ببێتە عاشقی خاک و پارێزگاری لێبکات، گەر دروستیش بێت ئێوە ڕێگری لێبکەن، بۆیە کە قەومان دێت ئێوە دەستەوستان دەبن. چ سەرمەزاریەکە ئێمە چاوەڕوانی فڕۆکە جەنگییەکان بین بارەکانمان بۆ ڕاست بکاتەوە، ٢٣ ساڵە ئێوە لوقمی دزراوی خەڵک دەدەن بە دار و دەستەکانتان، کەچی کە قەوما لەپێش هەموویانەوە ڕایان کردوە، خۆشتان هەمان شێوە. ئێوە وەک کەڕکەڕەوان و بەخێراییەکەی زۆرەوە خۆتان لەگەڵ ئەم سەردەمە نوێیە دەگونجێنن مێژوو بەهای پیاوە ناودارەکان بەکردارەکانی هەڵدەسەنگێنێت، نەک بەژمارەی لایەنگران و سامانەزۆرەکەی کە کەڵەکەی کردووە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست