ئێمەی كورد بۆ ئەبێ لە جەژنی دامەزراندنی سوپای عیراقدا هەڵپەرین
Monday, 06/01/2014, 12:00
1418 بینراوە
لەوەتەی سوپای عیراق دامەزراوە لەسەر دەستی جەنەراڵە قەومەچیە سەركێشەكانی عەرەبەوە لەدوای ساڵەكانی (1922) گەلانی عیراق بە هەموو كەمایەتیە نەتەوەیی و ئاینیەكانیەوە بە تایبەت گەلی كورد هەردەم كەوتوەتە بەر هەرەشەی پەلاماردان و هێرش و دەست درێژی ئەم سوپا نەگریسە و بووەتە ئامرازێكی كارگەری چەند كەسایەتی و دەستەو تاقمی ناو ئەو دامەزراوەیە بۆ گەیشتن بە ئامانج و ئارمانی سیاسی و رەگەز پەرستی, هەر لەجەنەراڵ ( بكر ێدقی) بلیمەت كە ئەفسەرێكی كورد بووە بەڵام بە (میولی) عەرەبیەوە كە بووە مایەی ئەوەی سەرنجی كەسایەتی و پلە باڵا دەمار گرژە عەرەبەكانی ناو ئەو سوپایە راكێشێ بۆ لای خۆی بۆ ئەوەی بەهرە و تواكانی بە كار بهێنن بۆ مەبەستەكانیان كاتێك هانیان دا بۆ كودەتاكەی لەساڵی (1925) كە بە یەكەم كودەتا و كودەتاچی لەناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەراست ناسرایەوە, لەو سەردەمە بە دواوە ئیتر سوپای عیراق بوو بە ئامرازی یەكلاكەرەوە لەكێشمەكێشم و گەمەی پارتە سیاسیەكانی عیراق بە دیاری كراوی پارتە رەگەزپەرستەكانی كە درێژكراوەیی سروشتی هەڵكشانی رەوتی نازی و فاشستی و ستالینی بوو لە ئەوروپا لەرێگەی هەژموونیانەوە بە سەر كۆمەڵێك ئەفسەری نەخۆش بە پەتای دەمارگیری نەتەوەیی لەناو ئەو سوپایە, بە هاتنی حیزبی بەعس كە كت و مت ئاوێتە و كارتێكەری ئەو سێ میتۆدە و شێوازە لەحوكمرانیە بوو كە لەرێگای كودەتای سەربازیەوە دەستی بە سەر دەسەڵاتی دەوڵەتی عیراقدا گرت تاوەكو روخانی رژێمەكەی لەساڵی (2003), شار و شارۆچكەكانی كوردستان هەر لە یەكەم ساڵی دروست كردنی سوپای عیراقەوە كەوتە بەر شاڵاوی پەلامار و رەشە كوژی و بۆردمان و سوتاندن و ماڵ وێرانی بە فرۆكەكانی (زعیم سدقی و عبد الرحمن عارف و عبد الكریم قاسم و ێدام حسین و ....),تەنانەت لە سەردەمی عیراقی تازەدا ئەو سوپایە جێگای گومان و دڵە راوكێی پێكهاتەكانی بووە كە هێشتا ساق نەبووەتەوە دڵسۆزی و خولیاكەی بۆ كێیە بەڵام لەكەمپینەكانی ئۆپەراسیۆنی (دیجلە)دا لە ساڵی رابردوودا بە ئاشكرا مەترسی و نەگریسی ئەو سوپایە بۆ كورد دەركەوت و هەرەشەكانی زیاتر هەستی پێ دەكرێت ئەگەر رۆژێك خۆی بگرێتەوە یان خوا نەخواستە پارتە رەگەز پەرستە عەرەبەكان (كە هەردەم بە تەمای دەسەڵاتن لە رێگای كودەتای سەربازیەوە) بە تەواوەتی ئاشت بوونەوە لە گەڵ یەكتردا و حكومەتێكی یەكپارچەی نەتەوەیی عەرەبی دروست بكەن لە عیراق, یەكێك لە ئاماژەكانی بە هێز بوونی سوپای عیراق لە ئێستادا ئەو ئۆپەراسیۆنە بەرفراوانەیە كە بە رێی خستووە لە دژ گروپەكانی (داعش) و سوننە تووندرەوەكانی ناوچەی رومادی كە توانا و كاریگەری و رێكخراوەیی و چالاكی بەرچاوی بە خۆوە بینیوە لە راو دوونانی ئەو رێكخراوە تیرۆرستانە كە سەرتاپا دەڤەرەكەیان نوقم كردبوو لە نا سەقامگیری سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئاسایشیی, لەو پێكدادانە چەندین چەكی قورس و رۆكێتی پێشرەو و فرۆكەی بێ فرۆكەوان كە بە چەكی ستراتیجی ناو دەبرێت بە كار هێنراوە بە پشتگیری سیاسی و لۆجیستی خودی ئەمریكا و هەروەها باس لە فرۆكەی ( اف16 ) دەكرێت كە بە تەواوەتی باڵانسی هێز لە بەرژەوەندی حكومەتی ناوەندی دەگۆرێت لە عیراق و ناوچەكە ئەگەر هاتوو ئەو فرۆكانە بگەنە دەستی حكومەتێكی (مەزهەبی) نەیار بە ئاشتی و ئارامی و پێكەوە ژیان لە عیراق, بێ گومان ئێمەی كورد نیگەران نابین ئەگەر سوپای عیراق بە هێز بێت لە بەرامبەر تیرۆر و گروپە تووند رەوەكان لە هەموو ئەسنیك و نەتەوە و ئاینەكان و پاراستنی كەمایەتیەكان و فرە ئاین و گەرەنتی مانەوەی یەكپارچەیی كۆمەڵایەتی و سیاسی و كەلتووری عیراق و پرۆسەی دیموكراسی و دەستوور لەم پەرەگرافە دیاری كراوەدا كە ناوچەكە تێوەگلاوە لە قەیران و جەنَگی (تایفی) بە تایبەت لە سوریا كە رەنَگە بە دەر نەبین لە هەژموونی نەرێنی بەڵام تەنها لەوە نیگەرانین كە ئەو دەزگایە ببێتە ئامرازی قۆستنەوەی دەرفەت بۆ بتەو كردنی دەسەڵات یان بۆ پاكتاو كردنی نەیارەكان بە دەست دەستە و تاقمی (ئینقلابچیەكان), لە كۆتایدا ئێمەی كورد مافی خۆمانە لەم رۆژەدا رەنَگی ماتەمینی داپۆشین یان هەر نەبێ نیگەرانیەكانمان بە بێ دەنَگی دەربرین,
م , محمد گەرمیانی
شرۆڤە كاری سیاسی
سلێمانی
06.01.2014