زیاتر لەپەنجا ملیۆن دۆلار لەنەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكەدا دزراوە .
Thursday, 27/01/2011, 12:00
بۆ خۆڵ كردنە چاوى خەڵك و بچووكردنەوەى پڕۆژەكە ، لەئەنجامى شەرمەزارى و ڕووڕەش بوونیان لەبەرچاوى خەڵكى كوردستان و شارى سلێمانى ، بەرپرسان و كاربەدەستانى حكومەت و وەزارەتى تەندروستى و زمان درێژانى یەكێتى دێن بەكەم بایەخى و بەهۆكارى لاواز لاواز باسى تەواونەكردنى پڕۆژەى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە ئەكەن ، بەشێوەیەك هەموو ئامار و داتا و بڕە پارەتەرخانكراوە دزراوەكانى پڕۆژەكە و بەروارەكانى ئاوەژوو ئەكەنەوە لەمیللەت و باسى مێژووى چواردە ساڵەى پڕۆژەكە و چارەنووسى بڕە پارە خەیاڵیە دزراوەكانى سەرەتاى پڕۆژەكە هەر ناكەن ، كەچى لێهاتووە و چۆن سەرف كراوە و كێ لێیى بەرپرسیارە ؟ .
بۆبیرخستنەوەى هەموو لایەك ..
تەنها لەبڕیارى 986 نەوت بەرامبەر خۆراك 40 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان كرا؟ كەچى هەر باسیشى ناكەن ؟ دوایى پڕۆسەى ئازادى عێراق لەپارەى زیادەى فەیسەكانى بڕیارى 986 كەساڵى 2004 درا بەهەردوو ئیدارەى هەولێر و سلێمانى 20 ملیۆن دۆلارى ترى بۆ تەرخان كرا ؟ كەچى هەر باسیش ناكەن ؟ شایەنى باسە ئەم بڕە پارانە هەرزوو لەلایەن عومەر فەتاح و حەمە خۆشناو چەند مەكتەبى سیاسێكى تر لەبەین برا ((شین و گریانى عیماد ئەحمەدیش بۆ ئەوەیە كەبەشى ئەوى لێ نەدراوە نەك لەخەمى تەواونەكردنى پڕۆژەكەى بێ)) .
دكتۆر تاهیر هەورامى و دكتۆر ڕێكەوتیش پێیان ناخۆشە پێیان بڵێیى ئێوە پەردەپۆشى دزى و گەندەڵیەكانى عومەر فەتاح و حەمەخۆشناون ؟ پێیان ناخۆشە پێیان بڵێیى ئێوە نۆكەر و خزمەتكارى ئەم دەسەڵاتە گەندەڵە و مەڵبەندى سلێمانین ؟ یان بڵێین ئێوە زلن ئێوە درۆزنن و خۆڵ بۆ ئەو دەسەڵاتە مافیایە ئەكەنە چاوى خەڵكى كوردستانەوە ، سەیرە چۆن خۆیان شەرم لەخۆیان ناكەن و تەریق نابنەوە كەدێنە سەر شاشەكانى ڕاگەیاندن و میللەتێك بەگێل و گەوج ئەزانن و لەخۆیانەوە هەر یەكە و ڕەقەمێكى ملیۆن دۆلارى خەیاڵى فڕێ ئەیا بۆ ئەو میللەتە وەكو ئەوەى خەڵك نەزانێ چ باسە و چ ئەگوزەرێ ، گەر پەردەپۆشى دزى و گەندەڵى نین بۆ وازناهێن و دەست لەكارناكێشنەوە ؟؟؟؟؟؟.
ئێمە نزیكەى ساڵێك لەمەوبەر لەڕۆژى 20 / 4 / 2010 نووسینێكمان لەكوردستانپۆست بڵاوكردەوە بەناوى ((نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە لەنێوان هەڕەمەكەى خۆفۆ و تاوەرى خەلیفە و بردنى ملیار دینارەكانى دەزگاى تەندروستى)) كەبەخۆشحاڵیەوە ڕاپۆرتەكەى كاك سۆران عومەر لەباسى گەندەڵیەكانى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە هەمان ئەو زانیاریانەى ناو ڕاپۆرتەكەى ئێمە پشت ڕاست ئەكاتەوە ، كەپێشتر خودى عیماد ئەحمەدیش ڕاى گەیاندبوو كەتا ئەوكاتەى ئەو جێگرى سەرۆكى حكومەت بووە 30 ملیۆن دۆلار لەو پڕۆژەیەدا دزراوە .
ڕاپۆرتەكەى ئێمە ئەو كاتە لەدەرئەنجامى لێدوانەكانى دكتۆر ڕێكەوت و تاهیرهەورامى هات كەڕایان گەیاند 57 ملیۆن دۆلارى تر بۆ تەواوكردنى ئەم پڕۆژەیە تەرخان كراوە ؟ ئێمە ئەپرسین خێرە ئەم بڕە پارەیە لەماوەى كەمتر لەساڵێك زیاد ئەكاو ئەبێ بە 90 ملیۆن دۆلار ؟ دوایى ئەبێ بە 87 ملیۆن دۆلار ؟ دوایى ئەبێ بە 77 ملیۆن دۆلار ؟ .
ئێوە بڵێن خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ....
ئەمە گاڵتەكردن نیە بەئەقڵى ئەو میللەتە كەهیچیان ئاگایان لەلێدوانى یەكتر و تەنانەت پڕۆژەكەش نیە ؟ نەسەرۆكى بەناو حكومەت ، نەوەزیرى بەناو تەندروستى و نەبەڕێوبەرى فەرمانگەى تەندروستى سلێمانى و نەسەرپەرشتیارى پڕۆژەكەش ؟ لەچەند ڕۆژى ڕابردوو لەكاتى كردنەوەى بیناى نوێ ى لقى سلێمانى سەندیكاى پزیشكانى كوردستان (بەرهەم ساڵح و هێرۆ و تاهیرهەورامى و ڕێكەوت) سەریان كردبوو بەسەریەكدا و لەدوورى چەند كیلۆمەترێك لەنەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە كەوتنە هەڵرشتنى درۆ و منەتى زۆریان كرد بەسەر میللەت و ئێمەى دكتۆردا ، وەك ئەوەى ئێمە و ئەو میللەتە كۆیلە و جاش و خاوەن فایل و خزمەتكارى بەعس بووبێتین ، ئەوانیش شۆڕشگێڕى عەیاربیست و چوار و شۆڕشى كورد و ڕاپەڕین لەسەردەستى ئەوان كرابێ .
ئەوەتانێ و سەیربكەن خوێنەران بزانن كێ سەرى لەو هەموو ژمارە خەیاڵیە دەرئەچێ كەفڕێیى ئەدەن بۆ ئەو میللەتە ؟ ..
_ دكتۆر ڕێكەوت لەڕۆژنامەى ئاوێنە ئەڵێ ئەم نەخۆشخانەیە 90 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان كراوە ؟ .
بڕی 90 ملیۆن دۆلاری دیكه بۆ نهخۆشخانه 400 قهرهوێڵهییهكه تهرخانكراوه
ئا: پشتیوان جهمال
بهڕێوهبهری گشتی فهرمانگهی تهندروستی سلێمانی، د. رێكهوت حهمهڕهشید لهم دیمانهیهی ئاوێنهدا باس لهچالاكیو گرفتو پڕۆژهكانی ئایندهی فهرمانگهكهی دهكات.
_ دوایى سێ هەفتە لەسایتى سبەى ئەڵێ 87 ملیۆن دۆلار ؟ .
بۆجاری سێیهم 87 ملیۆن و 471 ههزار دۆلاری تر بۆ نهخۆشخانهی 400 قهرهوێڵهییهكهی سلێمانی تهرخان كرایهوه
(سبهی):
سهر لهبهیانی ئهمڕۆ (سێشهممه) له كۆنگرهیهكی رۆژنامهنوسیدا كه له بهڕێوبهرایهتی گشتی تهندروستی سلێمانی رێكخرا، ئاماژه به هۆكارهكانی راگرتنی نهخۆشخانهی 400 قهرهوێڵهییهكهی شاری سلێمانی كرا لهكاتێكدا كه پاش تیپهڕبونی 4 ساڵ راگرتنی ئهو پرۆژهیه، بڕیاره رۆژی 19ی ئهم مانگه یهكهم رۆژی دهست بهكار كردنی پرۆژهكه بێت و بۆجاری سێ یهم بڕی 87 ملیۆن و471 ههزار دۆلاری ههزار دۆلاری بۆ زیادكراوه.
هێمن خالید شهفیق سهرپهرشتیاری بۆردی پرۆژهكه رایگهیاند: له رێكهوتی 24/10/2004 هوه دهست كراوه بهدروستكردنی ئهم پرۆژهیه لهلایهن رێكخراوی (who)، لهو كاتهدا به 40 ملیۆن دۆلار دیزاینی بۆكردوه، له دوای تێپهڕبونی ههفتهیهك بهسهر دهستپێكردنی پرۆژهكه، بههۆی دۆزینهوهی گۆڕێكی بهكۆمهڵ لهناوچهكهدا، پرۆژهكه راگیرا، له پاش دوساڵی تریش بهسهر تێپهڕبونی پڕۆژهكه بههۆی گۆڕانكاری لهنرخدا جارێكی تر پڕۆژهكه راگیرایهوه و لهپاش چهند مانێگیك دهست بهكاركردنهوه، كۆمپانیاكه ئهو ئیشه بهجێ دههێلێت.
سهرپهرشتیاری بۆردی پرۆژهكه وتیشی: تائێستا پڕۆژهكه 57 ملیۆن دۆلاری تێچوهو 17 ملیۆن دۆلار ماوهتهوه له ئیستاشدا كه بڕیاره 19ی ئهم مانگه یهكهم رۆژی دهست بهكاركردنهوهی پرۆژهكه بێت، 87ملیۆن و 471 ههزار دۆلاری بۆ تهرخانكراوه.
هیمن خالید وتیشی: ئهم پرۆژهیه لهلایهن وهزارهتی تهندوستی و بهڕێوبهرایهتی تهندروستی سلێمانیهوه دراوهته كۆمپانیای (DGG) و كۆمپانیای گهڵاڵه، تائێستاش 50%ی پڕۆژهكه تهواوكراوه و زیاتر له 132 ملیۆن دۆلاری بۆ تهر خانكراوه، ئهو كهرهستانهی دهبێت تیایدا بێت 87 بڕگهیهو زیاتر له 10 ههزار كهرهستهی جۆراو جۆر لهخۆدهگرێت و دهبێت لهماوهی دوساڵیشدا تهواو بكرێت.
_ لەسایتى سبەى ئەڵێ 57 ملیۆن دۆلارى تێچووە ؟ 17 ملیۆن دۆلاریش ماوە ، سەدا 50 % ى پڕۆژەكەش تەواو بووە زیاتر لە 132 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان كراوە (سەیركەن ڕێژەى پارەكە چۆن هەوایى و خەیاڵى بەرز ئەبێتەوە) .
_ سایتە شەرمەزارەكەى بەرهەم ساڵح یش خەندان ئەڵێ سەدا 60 % ى پڕۆژەكە تەواو بووە و 50 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان كراوە .
خهندان -
نهخۆشخانهی (400) قهرهوێڵهیی سلێمانی لهساڵی (2004)هوه لهلایهن كۆمپانیای (U.I)ی كۆرییهوه وهرگیراوه و (60%)ی پڕۆژهكه تهواوبووه، ئهگهرچی بڕی (50) ملیۆن دۆلاری بۆ تهرخانكراوه، بهڵام ماوهی دوو ساڵه كاركردن تیایدا ڕاگیراوه.
_ ئێستا بووە بە 77 ملیۆن دۆلار ؟ .
_سایتە ڕووڕەشەكەى پەیامنێرى پارتیش ئەڵێ 14 ساڵە بڕیارى بۆ دەرچووە تائێستا 43 ملیۆن دۆلارى تێدا خەرجكراوە ؟ .
PNA زیرهک نامۆ/سلێمانی- لهژێر دروشمی "تاکهی نهخۆشخانه ٤٠٠قهروێڵهییهکی سلێمانی تهواو ناکرێت"، پاشنیوهڕۆی ئهمڕۆ لهبهردهم نهخۆشخانه تهواونهکراوهکه به بهشداریی پهنجا رێکخراو و کهسایهتی خۆپیشاندانێکی هێمنانه سازکرا هێمن خالید گوتی: دهستکاریی پڕۆژهکه کراوه و له رووی دیزاین و ئامێرهکان و ساڵهی جیهانیی بۆ دروست دهکرێت.
ناوبراو ڕوونیشی کردهوه: ئهم نهخۆشخانهیه تا ئێستا 43ملیۆن دۆلاری تێدا خهرج کراوه و له بودجهی پێشوو 17ملیۆن دۆلار ماوه و ٧٧ملیۆن دیناری دیکهشی بۆ تهرخان کراوه و ١٠ملیۆنیش وهکو ئێحتیات
سایتى ئاكانیوزیش ئەڵێ ...
سلێمانی 18 كانوونی دووەم/یەنایەر (ئاكانیوز)-بەڕێوەبەرى گشتیى فەرمانگەى تەندروستیى سلێمانى ڕاى گەیاند حكومەتى هەرێمى كوردستان 57 ملیۆن دۆلارى ترى بۆ تەواوكردنى نەخۆشخانەى 400 قەڕەوێڵەى سلێمانى تەرخان كردووە و دواى دوو ساڵى تر نەخۆشخانەكە تەواو دەبێت .
سایتى ئیسلام پەیك ئەڵێ ...
1/25/2011 5:14:53 PM
ئیسلام پهیك تایبهت
ههڵسوڕاوانی گروپهكه لهكۆبونهوه جهماوهریهكهدا ئاماژهیان بۆ ئهوه دهكرد، بهپێ ئهو بهڵگانهی دهستیان كهوتووه، تائیستا زیاتر له (57) ملیۆن دۆلار به چوار جار بۆ ئهو نهخۆشخانهیه تهرخانكراوه، لهو بڕه پارهیهش تهنها (25)ملیۆن دۆلار سهرفكراوه و باقی پارهكه دیار نیه، ئهمهش بووته جێگهی گومان لای ئهوان بهدهر لهوهی داوای ئهوه دهكهن ووردهكاری فلس به فلسی ئهو پارهیهیان بۆ ئاشكرا بكرێت، هاوكات دهبێت وهزارهتی تهندروستی لهماوهی یهك ساڵدا ئهو پڕۆژهیه بخاته خزمهتی هاوڵاتیانهوه.
_ ئێوە خۆتان بڵێن كامەیان ڕاستە !!
_ ئێمە هیچى تر لەسەرى نادوێین ، چونكە نزیكەى ساڵێك لەمەوبەر ووتمان ...
نەخۆشخانە 400 قەڕەوێڵەیەكە لەنێوان هەڕەمەكەى خۆفۆ و تاوەرى خەلیفە و بردنى ملیار دینارەكانى دەزگاى تەندروستى .
ڕێپۆرتاژ
2010-04-20
گروپی چیای کوردستانپۆست:
تەواو نەكردنى پڕۆژەى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە باشترین وەڵامە بۆ بەرهەم ساڵح و ئەو دەسەڵاتە دز و گەندەڵەى سلێمانى و یەكێتى كەچەندە كەمتەرخەمن لەئاست كێشە و داواكاریەكانى ئەو میللەتە و خەڵكى كوردستاندا ، بەجۆرێك ئێستا چیڕۆكى تەواونەكردنى ئەم پڕۆژەى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەیى سلێمانى بووەبە(1*) حیكایەتى مێشەكە .
دیارە سەربارى ئەوەى سیستەمى تەندروستى لەكوردستان سەقەت و ترسناكە پڕۆژەكانیشى لەژێر ڕەحمەتى كۆمپانیاكانى حزب و بەرپرسەكان ئەنجام ئەدرێ ؟ باشترین پرسیارێك كەئەكرێ هەموومان بیكەین لەبەرهەم ساڵح و بەرپرسانى ئیدارەى سلێمانى و یەكێتى كەلەوەتاى پڕۆژەى ئەم نەخۆشخانەیە دەست بەكاربووە چەندان پڕۆژەى حزبى ئەنجام دراون و تەواو بوون ؟ چەندان سەدان هەزار ملیۆن دۆلارى ئەم میللەتە دزراوە و براوە ؟ .
مێژووى دروست بوونى نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەیەكە ئەگەڕێتەوە بۆ بڕیارى 986 و هەر لەو بڕیارە 40 ملیۆن دۆلارى بۆ تەرخان كرا واتا (40 ملیۆن دۆلارى ساڵى 2002) ئەتوانین بڵێین بەراورد بەئێستا ئەى كرد 120 ملیۆن دۆلار ، لەگەڵ هەرزانى مەوادى بینا و كرێى كرێكار و وەستاو ...
ئەوەى شایەنى باسە ئەم نەخۆشخانەیە كەدەستى بەكارەكانى كرد هێشتا بەعس هەر لەسەر كاربوو و سەدام حوسێن سەرۆك كۆمارى عێراق بوو ، واتا سەدامى دووەم فەخامەتى تاڵەبانى ناوى لەكولەكەى تەڕیش دانەبوو كەببێتە جێگرەوەى سەدام ، وەلەهەمووشى سەیرتر كاتێ بەردى بناغەى ئەم پڕۆژەیە دانرا دروست كردنى بەرزترین تاوەر لەجیهاندا (تاوەرى خەلیفە لەدوبەى) بەخەیاڵى میرى دوبەیشدا نەهاتبوو ...
تەواو نەكردنى ئەم پڕۆژەیە و بردنى پارەى خەیاڵى و زەبەلاح بەناوى ئەم پڕۆژەیەوە بەردەوام بوو تالەساڵى 2005 عومەر فەتاح و دكتۆر محەمەد خۆشناو وەك ئەوەى هەنگیان لەدارا دۆزیبێتەوە 17 ملیۆن دۆلارى تریان بۆ تەرخان كرد و هاتنە سەر شاشە و بەمنەت و توڕەبوونێكى زۆرەوە ڕایان گەیاند كە 1 / 1 / 2006 تەواوى ئەكەین و خەریك بوو تەڵاقى یەكتر بخۆن ، بەڵام وەك درۆى هەمیشەیان و خۆڵ كردنە چاوى خەڵكەوە كەعومەر فەتاح لەسەرى ڕاهاتبوو (تاڵەبانى واجۆش و پەروەردەى كردبوو) لەو بەروارەشدا تەواویان نەكرد و 5 ملیۆن دۆلارى تریشیان بۆ تەرخان كرد و بەهەموو لایەكیان ڕاگەیاند كەئەمجارە بۆ 1 / 11 / 2006 تەواوى ئەكەین ئەم بەروارەش ڕۆیشت و هەر ئێوە خۆش ... دیسانەوە بەتەرخان كردنى پارەیەكى خەیاڵى ترەوە 464 ڕۆژى تریان بۆ درێژ كردەوە و ووتیان مانگى 12 ى 2009 تەواو ئەبێ و بەڕێوبەرایەتى گشتى تەندروستى سلێمانى خۆى سەرپەرشتى پڕۆژەكە ئەكات (2*) بەتەنفیز موباشر ئەم بەروارەش ڕۆیشت و دووبارە ئێوە خۆش ...
لەهەمووى كارەساتتر ...
لەهەمووى كارەساتتر ئەمەیە ئێستا دواى چواردە ساڵ بڕیاردان لەم پڕۆژەیە و هەشت ساڵ كاركردن تیایدا 57 ملیۆن دۆلارى تریشیان بۆ تەرخان كردوە بڕیاریان داوە بەر لەتێكچوونى دونیا لەكۆتایى 2012 هەرچۆنێك بێ بەسەقەتیش بێ وەك باقى پرۆژەكانى ترى وەزارەتى تەندروستى سەردەمى ئیدارە دز و گەندەڵەكەى عومەرفەتاح تەواوى بكەن.
خوێنەرانى بەڕێزى كوردستانپۆست ...
(3*) هەڕەمەكەى خۆفۆى میسر كەبۆتە سەیر و سەمەرەترین و شوێنەوارترین ئاسەوارى مێژوویى جیهان بە 25 ساڵ تەواو بووە ، بورجى خەلیفەش كەبۆتە بورجێكى هەوربڕى جیهانى سەدان قاتى لە 2004 دەستى بەكاركردن كردوە لە 2010 تەواو بووە كەچى نەخۆشخانە 400 قەڕەوێڵەیەكە دوایى بەڕێ كردنى دوو ئیدارەى گەندەڵى سلێمانى بەرهەم ساڵح و عومەر فەتاح و دوو حكومەتى دووئیدارەیى یەك سەرۆكى ماوەدرێژى نێچیر و ماوە كورتى ئێستاى بەرهەم ساڵح و بەڕێ كردنى ژمارەیەك وەزیرى تەندروستى ..... ئێستاش هەر تەواو نەبووە كەبەئیعترافى خودى عیماد ئەحمەد كەماوەیەك لەشوێنى عومەر فەتاح وەك جێگرى سەرۆكى حكومەت دەست بەكاربوو لەكابینەكەى نێچیرڤان بارزانى ئەم پڕۆژەیە 30 ملیۆن دۆلارى تێدا دزراوە .
ئێستا ئێمە و میللەت بەگشتى و خەڵكى تێكۆشەر و كوردپەروەرى قارەمانى سلێمانى بەتایبەتى حەقى خۆمانە بپرسین لەمەكتەبى سیاسى و بەرپرسانى یەكێتى و تێكڕایى بەرپرسە ملیاردێرە زمان درێژە دزەكانى ترى یەكێتى ...
كەئایا لە 2002 وە تائێستا چەندان پڕۆژەى حزبى لەمە زلتر تەواو كراون ؟ بۆ بورج و كۆشكە زەبەلاحەكانى فاروقى مەلامستەفا و هێرۆى برایم ئەحمەد لەماوەى ساڵێك و دوو ساڵ تەواو ئەبن كەچى ئەم پڕۆژە خزمەتگوزرایە گرنگانە كەپەیوەندى ڕاستەوخۆیان بەتەندروستى ژیانى زیاتر لەملیۆنێك ئینسانەوە هەیە تەواو نابێ ؟ چەندان گرێ بەستى نەوت و بیرە نەوت تەواو بووە و ئێستا نەوتەكەى ڕاوانەى ئێران و ووڵاتانى درواسێ ئەكرێ ؟ چەندان كۆشك و تەلارى عومەرفەتاح و دكتۆرمحەمەدخۆشناو و مەكتەبە سیاسى و سەركردایەتیەكانتان لەسەر حسابى ئەم پڕۆژەیە تەواو بووە لە 2002 وە تائێستا ؟ چەندان گوندى ئەڵمانى و شارى خەونەكان و نەخۆشخانەبازرگانیە ئەهلى و حزبیەكان و پڕۆژەكانى كۆمپانیاى نۆكان و ئیدارەى گشتى تەواو بووە ؟ خێرە ئەمە هەر تەواو نەبوو ؟ چۆن ڕووتان هەیە بەبەردەمى ئەم نەخۆشخانەیەدا بڕۆن ؟ یان گەرەكتانە كۆمەڵێك عومەرفەتاح و دكتۆر محەمەد خۆشناوى ترى لەسەر دەوڵەمەند و پەروەردە بكەن ؟ .
تەرخان كردنى ئەو هەموو بڕە پارە خەیاڵیانە و ماوە درێژكردنەوانە جگە لەدزى و گەندەڵى نەبێ چ مانایەكى تر ئەگەیەنێ ؟ ئەبێ ئێستا بەرهەم ساڵح چ بەهانە و بیانوویەكى هەبێ بۆ تەواو نەكردنى ئەم پڕۆژەیە ؟ ...
دواجار ئێوە بڕیاربدەن و بپرسن..
ئەو هەموو 30 ملیۆن دۆلارانەى مانگانە بۆ حزب براوە لەگەڵ ئەو هەموو ملیۆن دۆلارانەى لەدەزگاى تەندروستى پێشمەرگە و نەخۆشخانەكانى شۆڕش دزراوە كەتەنها لەماوەى یەك ساڵدا پاڵپشت(4*) بەڕاپۆرتى دەزگاى چاودێرى دارایى (یەك ملیار و دووسەد و سى و دوو ملیۆن دینار) ، بەڵێ تەنها لەماوەى یەك ساڵى دەزگاى تەندروستى پێشمەرگەدا دزراوە ، ئێستا بدرایە بەهەر كۆمپانیایەك غەیرى كۆمپانیاكانى حزب و بەرپرسەكان نەبێ تائێستا سەدان نەخۆشخانەى 400 قەڕەوێڵەیى تریان دروست نەكردبوو لەسەرانسەرى كوردستان ؟.
گروپى چیای كوردستانپۆست .
1* حیكایەتى مێشەكە و باس كردنى تاوەرى خەلیفە لەنووسینێكى بەڕێز كاك ڕەحمان غەریب دا هاتبوو كەلەسەر ئەم نەخۆشخانەیە نووسى بووى (ڕۆژنامەى هاوڵاتى ژمارە 593 لاپەڕە 20) .
2* تنفیز مباشر نوێترین داهێنانى سیستەمى گەندەڵى بوو كەعومەر فەتاح لەسلكى تەندروستى داى هێنا لەنووسینێكى تردا بەدرێژى باسى كارەساتەكانى ئەو سیستەمە ئەكەین .
3* هەڕەمەكەى خۆفۆى میسر بە25 ساڵ تەواو بوو كەچى نەخۆشخانە 400 قەڕەوێڵەیەكە 13 ساڵە تەواو نەبووە ؟ ئەمە پرسیارى پەیامنێرى ئاوێنە بوو لەوەزیرى تەندروستى تاهیرهەورامى كە زۆر بەتووندى و ناشیرینى وەڵامى دابوویەوە (ڕۆژنامەى ئاوێنە ژمارە 202 لاپەڕە 9) .
4* ڕاپۆرتى دەزگاى چاودێرى دارایى گشتى ژمارە 20/12/33 لە 28 / 2 /2009 .
بڵاوكردنەوەی گەندەڵییەكانی پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەییەكە
ڕێپۆرتاژ
2011-01-25سۆران عومهر:
پرۆژەكە بەنایاسایی درا بەكۆرییەكان
بیرۆكەی دروستكردنی پرۆژەی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی دەگەڕێتەوە بۆ كاتی سەردانی ڕێكخراوی تەندروستی جێهانی بۆ كوردستان لەساتی جێبەجێكردنی بڕیاری نەوت بەرامبەر بەخۆراك، لەوكاتەدا بەرپرسانی كورد داوای نەخۆشخانەیەكی لەو جۆرەیان كردووە، دیزاینی ئەو نەخۆشخانە لەلایەن ئەو ڕێكخراوەوە برایە دەرەوەی كوردستان پاش وەرگرتنەوەی تەندەری بۆ ئامادەكرا، لەنێو كۆمپانیاكاندا كۆمپانیای (یو ئای) كۆری بەپلەی چوارەم دەهات بەڵام لەلایەن بەرپرسانی حكومەتی هەرێم-ئیدارەی سلێمانی، ئەو پرۆژەیە بەنایاسایی درا بەو كۆمپانیا كۆرییەو نەدرا بەكۆمپانیاكانی پلەی یەكەم و دووەم و سێیەم!
بەڵام بەمەرجی ئەوەی گازینۆیەك لەدوكان و كارگەیەكی ئاسن لەپێنجوێن دروست بكات و بەو نرخەش پرۆژەكە بكات كە كۆمپانیای یەكەم دەستنیشانی كردووەئەویش (57365858) پەنجاو حەوت ملیۆن و سێسەدو شەست و پێنج هەزارو هەشت سەدو پەنجاو هەشت دۆلارە. ماوەی پرۆژەكەش (730) ڕۆژە، لە (24/10/2004) دەستكراوە بەئەنجامدانی پرۆژەكە، (1/2/2008) كۆتا ڕۆژە بۆ تەواو بوونی پرۆژەكەو بۆ هەر ڕۆژێكی دواكەوتنی پرۆژەكەش سزای (2500) دوو هەزارو پێنج سەد دۆلار دانراوە لەكۆمپانیا كۆرییەكە وەربگیرێت! لەكاتێكدا ئەم پرۆژە دراوە بەكۆمپانیا كۆرییەكە هیچ خیتاب زەمانێكی لێ وەرناگیرێ لەبەرامبەر ئەوەدا ئەگەر پرۆژەكە كەموكوڕی هەبوو یان كۆمپانیاكە جێیهێشت مافی حكومەت پارێزراوبێت! بەڵام ئەوەی جێی گومانە ئەوەیە كە هیچ لەم ڕێكارە یاساییانە بەرامبەر ئەم كۆمپانیایە نەگیراوەتە بەر، ئەوەی زانراوە ئەوەیە كە لەڕێگەی دیبلۆماتێكی ئەمریكییەوە لەبونی پەیوەندی و بەرژەوەندی لەگەڵ چەند بەرپرسێكی كوردا پرۆژەی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەییەكە دراوە بەو كۆمپانیا كۆرییە كە پرۆژەكەی بەناتەواوی بەجێهێشت و پارەشی برد!
عومەر فەتاح چەندین گۆڕانكاری لەفەرمانەكانیدا دەكات!
بەڕێوەبەری جێبەجێكارو بەڕێوەبەری پرۆژەكە (چانگ یون لی) كۆمپانیای (یو ئای) كۆری بووە، بەنوسراوی ژمارە 1/1/845 لە 19ی كانوونی دووەمی 2005) بەئیمزای (عومەر فەتاح) جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران بەپێی ئەحكامەكانی بڕگەی (10) لەمادەی (8)ی یاسای ئەنجومەنی وەزیران ژمارە (3)ی ساڵی 1992 دوابەدوای فەرمانی ژمارە 1/3/10381 لە 12/كانونی دووەم/2004) دەسەڵات دراوە بە (محەمەد عەبدوڵڵا ساڵح) وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتی بەدوواداچونی كاروباری ئەندازیاری پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەیی لەشاری سلێمانی، بەڵام بەنوسراوی ژمارە (1/1/11124ی 24ی ئابی 2005) عومەر فەتاح فەرمانێكی تری جیاواز دەردەكات بۆ (هێمن خالد شەفیق) وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاریی!! كە زۆر لەفەرمان و دەسەڵاتەكان گۆڕاوە بۆ هەمان پۆست. جگە لەمە عومەر فەتاح بەنوسراوی ژمارە (1/39/9734 لە 26ی تەموزی 2005) فەرمانێكی تر دەردەكات بۆ هەمواركردنی دەسەڵاتی فەرمانەكانی پێشووی و دانانی ئەندازیارێكی سەرپەرشتیارو یاساییەك و كارگێڕی و ژمێریارێك!
بەنهێنی پارە دراوە بە كۆمپانیا كۆرییەكە!
لەنوسراوێكی نهێنیدا كە ئیمزای عوسمان ئیسماعیل شوانی بریكاری وەزیری دارایی لەسەرە بەژمارە (884ی 11/12/2004) ئاماژە بەنوسراوی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی وەزیران- نوسینگەی تایبەت ژمارە (1085ی 11/12/2004) دەكات، كە ئاراستەی بانكی ڕەشید لقی سلێمانی كردووەو داوای خەرجكردنی بڕی (5000000) پێنج ملیۆن دۆلار لەحساب جاری وەزارەتی تەندروستی بودجەی ئۆ پی سی ژمارە 271/دۆلار.
ئەمە لەكاتێكدایە كە ئەو كۆمپانیایە هیچ شتێكی لەپرۆژەكە ئەنجام نەداوە كەشی 5 ملیۆن دۆلاری بۆ سەرفكراوە، لە نوسراوێكی تردا كە ئیمزای عومەر فەتاحی لەسەرە بەژمارە (420 لە 26/5/2005) كە بۆ دەزگای پرۆژەكانی ئاوەدانكردنەوەی هەرێمی كوردستانی كردووە بۆ سەرفكردنی بڕی (3700000) سێ ملیۆن و حەوتسەد هەزار دۆلار دەكات بۆ كۆمپانیا كۆرییەكە لەبەرامبەر دروستكردنی نەخۆشخانە 400 قەرەوێڵەییەكەدا وەك پێشینەی پرۆژەكە! كە دەكاتە (15%)ی بودجەی گشتی پرۆژەكە! جگە لەوە عومەر فەتاح بەنوسراوی ژمارە (1/5/2331 لە 6/4/2006) داوای لە وەزارەتی تەندروستی كردووە بڕی (10101197) دەملیۆن و سەدو یەك هەزارو سەدو نەوەدو حەوت دۆلار وەك پێشینە دراوە بەكۆمپانیا كۆرییەكە بۆ هێنانی ئامێری پزیشكی!! وەك پێدانی (50%ی) نرخی ئامێرە پزیشكییەكان.
جارێكی تر بەنوسراوی ژمارە (10502ی 24/9/2006)دا بەئیمزای عومەر فەتاح بڕی (5000000) پێنج ملیۆن دۆلار بۆ هەمان كۆمپانیا سەرف كراوە لەبەرامبەر هێنانی ئامێری پزیشكی بۆ ئەو نەخۆشخانەی كەهێشتا تەواو نەكراوە !! لەكاتێكدا ئەو كۆمپانیا تاكو پرۆژەكەی جێهێشت یەك ئامێری پزیشكی هێناوە بەناوی (سیتایب مۆمۆگرافیك) كە بایی (38000)سی و هەشت هەزار دۆلارە!
جارێكی تر بە نوسراوی ژمارە (2174ی 27/2/2007) بەئیمزای عومەر فەتاح بڕی (1760000) یەك ملیۆن و حەوت سەدو شەست هەزار دۆلار دراوە بە كۆمپانیای یو ئای كۆری وەك پێشینە بۆ هەندێ كاری زیادە لەپرۆژەكەدا!
كۆمپانیا كۆرییەكە پارەكانی بردو سزاش نەدرا
هێمن خالید شەفیق وەك سەرۆكی دەستەی سەرپەرشتیاری پرۆژەی دروستكردنی نەخۆشخانەی 400 قەرەوێڵەییەكە نوسراوێكی بەژمارە (84ی 27/8/2008) ئاراستەی وەزارەتی تەندروستی كردووە كە دەكاتە نزیكەی 7 مانگ لەپاش تێپەڕبوونی وادەی تەواوبوونی پرۆژەكەو لەو كاتەدا كۆمپانیا كۆرییەكە سزای غەرامەی ڕۆژانەی 2500 دۆلاری كەوتۆتە سەر بەڵام ناوبراو وەزارەت ئاگادار دەكاتەوە كە (چانگ یوون لی) داوای دواخستنی غەرامەكەی دەكات بۆ كۆتایی پرۆژەكە هەروەها داوای وەرگرتنەوەی پارەی پێشینەی پێشەكی دەكاتەوە تاكو بتوانن بەزویی پرۆژەكە تەواو بكەن، لەبەرامبەردا وەزارەتی تەندروستی بەنوسراوی ژمارە (13035 لە 30/10/2008) ڕەزامەندی لەسەر داواكەی كۆمپانیا كۆریەكەو سەرۆكی دەستەی پرۆژەی ناوبراودا دەردەبڕێ! تادواجار هەموو كارەكانی جێهێشت و ئێستە بۆ پرۆژەی وێستگە 51 مێگاواتی تاسڵوجە نزیكەی 30مۆلیدە دەهێنێ كەبایی 25ملیۆن دۆلارە بەڵام ئێستە ئەو كۆمپانیای كە مۆلیدەكانی فرۆشتووە بە كۆمپانیا كۆرییەكە ئامادە نییە بێتە كوردستان تاكو كار بەمۆلیدەكان بكات!
پرۆژەكانی تەندروستی وێنەیەك لە گەندەڵی
لەقەزای شارەزوور ماوەی (5) ساڵە نەخۆشخانەیەكی (26) قەرەوێڵەیی بەناوی ڕەوف بەگ_ەوە كاری تێدا دەكری بەڵام هێشتا تەواو نەكراوە، ئەم پرۆژە لەلایەن كۆمپانیای كوردۆسەوە كاریتێدا دەكرێ و بڕی دوو ملیارو سەدو هەژدە ملیۆن و حەوت سەدو چلوهەشت هەزار دیناری بۆ تەرخان كراوە، لە 1/11/2005 ەوە دەست بەكاركردن كراوە لەو پرۆژەدا، ماوەی پرۆژەكە 500 ڕۆژە كە دەبوو لە 27/9/2007 تەواو بكرێ بەڵام تەواو نەكراوە!
ڕۆژنامەی كوردستانی نوێ لە ژمارەی (4973ی 10/9/2009)دا نوسیویەتی "ماوەی ساڵێكە كارەكانی نەخۆشخانەی (شێرەی نەقیب) لەكەلار تەواو بووە بەڵام كردنەوەی نەخۆشخانەكە بەهۆی نەبوونی ئامێرەوە دواكەوتووە!" بەڕێوەبەری تەندروستی گەرمیان هۆكاری ئەم دواكەوتنە بۆ ئەنجامدانی كەشفی هەڵە دەگەڕێنێتەوە كە بۆ كڕینی ئامێرە پزیشكییەكانی نەخۆشخانەكە كراوە، لەكاتێكدا هەمان ڕۆژنامە ئاماژە بەوە دەكات "كەلار پێویستی بە 17 مەڵبەندی تەندروستی هەیە! بەڵام مەڵبەندێكی گەورەی تەندروستی پاش ساڵێك تەواو بوون نەكراوەتەوە!
لەسەر هەمان نەخۆشخانە لەڕۆژنامەی (ئاوێنە، ژمارە 189ی 8/9/2009) ڕاپۆرتێكی بڵاوكردۆتەوەو باس لەوە دەكات كە ماوەی 2 ساڵە نەخۆشخانەی شێرەی نەقیبی كەلار تەواو بووەو هیچ نەخۆشێكی نەبینیوە، جگەلەوە نەخۆشخانەكە بچوكەو كەموكورتی زۆرە ئامێری ساردكەرەوەكانی لەكاركەوتوون ژورەكانی پڕبوون لەتەپوتۆز، جگە لەوە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی گەرمیانیش لەو نەخۆشخانەدا دەوام دەكەن! هەروەها زۆرینەی قەزاو ناحیەكان پێویستی زۆریان مەڵبەندی تەندروستی و نەخۆشخانەیە، چەمچەماڵ پێویستی بە 3 مەڵبەندی تەندروستی ترو نەخۆشخانەیەكی 100 قەرەوێڵەییە.
بەپێی ڕاپۆرتێكی ڕۆژنامەی ئاوێنە كەلە ژمارە (190ی 15/9/2009) بڵاویكردۆتەوە نەخۆشخانەی شەوكەتی حاجی مشیر لە سەید سادق دوو ساڵە بیناكەی تەواو بووە بەبێ ئەوەی دەوامی تێدا بكرێ .
لەم نمونانەوە دەتوانین ئاماژە بەوە بكەین كە پرۆژەكانی حكومەتی هەرێم بێ پلان و بێ سەروبەرەیی پێوە دیارەو بەدوواداچون و چاودێری لەسەر بنەمای ماف و سزا بۆ ئەنجام نادرێ. هەرچەندە (د.خالید عەلی لە چاودێری 252ی 7/12/2009)دا باس لەوە دەكات كە وەزارەتی دارایی كێشە بۆ تەندروستی دەخولقێنێ بەوەی كە لەكاتی خۆیدا بودجەی پرۆژەكانیان بۆ سەرف ناكات!
جگە لەوەی 90%ی ئەو دەرمانانەی كەدەهێنرێنە كوردستان بەكۆنترۆڵی جۆریدا تێناپەڕێت!
ئەمە لەكاتێكدایە كە د.بەرهەم وەك سەرۆكی حكومەتی هەرێم لە (10/4/2010) لەكاتی دانانی بەردی بناغەی سەنتەری چاندنی مۆخدا لەسلێمانی ئاماژەی بەدروست كردنی 4 نەخۆشخانە كرد لەسنوری شاری سلێمانی كە بریتیت لە (سەنتەری چاندنی مۆخ بەبڕی (3861432 یۆرۆ، سەنتەری نەشتەرگەر دڵی منداڵان بەبڕی 6425418 یۆرۆ، سەنتەری نەخۆشیەكانی سنگ، 1973149 یۆرۆ) كەلەلایەن كۆمپانیای تۆنیۆتسی بڵینگ و ئاكۆتیكی ئیتاڵییەوە جێبەجێ دەكرێ.
سیستمی تەندروستی كوردستان هی سەدەی هەژەهەمە
وەك وەزیری تەندروستی "د.تاهیر هەورامی" دەڵێ : سیستمی تەندروستی كوردستان هی سەردەمی عوسمانییە!! كە سیستمی سەردەی هەژدەیەمە.
بەهۆی ڕۆتینیاتەوە ماوەی سێ مانگ ئامێری سیتی سكانی بەشی تیشكی نەخۆشخانەی ڕزگاری هەولێر شكاوەو چاك نەكراوەتەوە!! بەڵام وەزیری تەندروستی (د.تاهیر هەورامی) لەدیدارێكی ڕۆژنامەی ڕۆژنامەدا كە لە ژمارە (576ی 6/4/2010)دا بڵاوكراوەتەوە دەڵێ "ئامێری سیتی سكانمان هەیە ڕۆژی یەكجار ئیشی پێناكرێ كەچی ساڵانە (250) دوسەدو پەنجا هەزار دۆلار دەدەین بە ێیانەكردنیان، بەو كۆمپانیایەی كەلێمانكڕیوە!!
بۆ چارەسەری ئەم گرفتە گەورەی كە تەندروستی كوردستانی پێدا تێدەپەڕێ وەزیری تەندروستی لەمیانی دیدارێكی ڕۆژنامەی ئاسۆدا دەڵێ : بەكۆمپانیا بیانییەكان گرفتی تەندروستی كوردستان چارەسەر دەكەین! بەڵام مارتن كۆین سەرۆكی ڕێكخراوی چارەسەری سەرچاوە سەرەكییەكان لەبواری تەندروستیدا لە ژمارە (1078ی 18/10/2010)دا دەڵێ : دامەزراندنی سیستەمی تەندروستی كوردستان گرنگترە لە باشتر كردنی ئەوەی ئێستا.
تێبینی:
ئەم ڕاپۆرتە لە هیچ ڕۆژنامەو گۆڤارێك بڵاونەكراوەتەوەو بۆ هیچ لایەك نییە بڵاویبكاتەوە بەبێ ڕەزامەندی.
کوردستانپۆست: ئهم راپۆرته بهو ئیمهیلهی خوارهوه بۆمان هاتووه، بۆیه ئێمهش بڵاومان کردهوه
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست