نامەیەكی كراوە لە كاكەییەكانی كوردستانەوە بۆ سۆرانی مامە حەمە
Wednesday, 02/09/2009, 12:00
{ چەم بێ چەقەڵ نابێ } سەرسام و شەرمەزار بووین لەبەر دەم خوێنی تۆو خانەوادەكەت و گەلەكەت ئێمەی پەیڕەوانی ئایینی كاكەیی لەسەرمانە وەك ئەركێكی ئایینی و پاشان نیشتیمانی و نەتەوایەتی كە هەردەم پارێزەری شەرەف و كەرامەتی ئەم نەتەوە ستەم دیدەیە بین , خیانەت نەكەین , دەستمان نەچێتە خوێنی هیچ مرۆڤێكی بێ گوناح و دڵسۆزو دەست و داوێن پاك و پارێزەری ئەم میللەتە كڵۆڵە , ئەوەی كە لێرەدا مەبەستمانە بیڵێین ئەمەیە كاتێ كە ناوی بكوژەكانی ئێوەمان بینی زانییمان یەكێك لەو تاوانبارانە كاكەییە تاساین و ئارەقی شەرمەزاری بە نێوچەوانماندا هاتە خوارێ لە ناخەوە ویژدانمان ئازاری داین نەمانتوانی ئیتر بێ هەڵوێست و بێ دەنگ بین , بەدرێژایی میژووی مرۆڤایەتی هیچ كۆمەڵگاو نەتەوەو ئاینێك بگرە زۆر جار لە زۆر خانەوادەشدا مرۆڤی نیشتمان پەروەرو بە هەڵوێست و دڵسۆز هەڵكەوتووە لەهەمان كاتیشدا مرۆڤی تاوانبارو خائین و خۆفرۆش و بەكرێ گیراویش هەڵكەوتووە بۆیە ئێمەش بەدەر نین لەم حاڵەتە دڵنیا بە هەر كاكەییەك خاوەنی كەمێك ویژدان و شەرەف و كەرامەت بێت تف و نەعلەت و حاشالەو كاكەییە دەكات كە دەستی چووە خوێنی تۆ لە ئێمە نییەو زۆڵە ئەو كاكەییەی كە توانی بیر لە كوشتنی مرۆڤێكی وەك تۆ بكاتەوە , بێ بەرییە لەم ئایینە , بشكێ دەستی ئەو كاكەییەی كە توانی دەست بەرێ بۆ ئەو چەكەی كە تۆی پێ شەهید كرای , هەڵوەرێ پەنجەی ئەو كاكەییەی كە پەنجەی نایە سەر پەلەپیتكەی تفەنگەكەی بۆ شەهید كردنی تۆ , كوێر بێ چاوی ئەو كاكەییەی كە چاودێری كردی , جەستەی بەكۆی زوخاڵ بێ ئەو كاكەییەی هەڵی كوتایە سەر ماڵە ڕەش و ڕووتەكەت , جەرگ بڕاو بێ ئەو كاكەییەی كە تۆی پێكا , بسووتێ جەرگی دایكی ئەو كاكەییەی كە جەرگی دایكتی سووتان كۆست كەوتوو بێ باوكی ئەو كاكەییەی كە كۆستی باوكتی خست , وێران بێ ماڵی ئەو كاكەییەی ماڵەكەتی وێران كرد , دڵنیا بە كاكە سۆران تۆ كوڕ و براو خۆشەویستی هەموو كاكەییەكی ویژدانمان هەموو ساتێك ئازارمان دەدات , بەڵام چی بكەین لە دەست ئەم ڕۆژگارە چی بكەین لەدەست چەرخی چەپ گێڕ , لە بەرامبەر بڕێك پول و پارەدا مرۆڤ خۆی و ویژدان و ئایینەكەی دەفرۆشێت , چی بكەین لە ئاست ئەم ڕۆژگارەی كە هیچ داب و نەریتێكی ئایینی و نەتەوەیی لە جێ ی خۆیدا نەهێشتووە , كاكە سۆران تۆ لە كەركووك ژیایت بۆیە گومانم لەوە نییە كە كاكەیییەكانت باش دەناسی ئێمە هەردەم پشت و پەنای زوڵم لێكراوو غەدر لێكراوان بووین باس لە چەند خۆفرۆش و دۆڕاوو كاسەلێسێك ناكەم كە لەناوماندا هەڵكەوتوون و بە پەجەی دەست دەژمێردرێن كە لەلای هەموو كاكەییەك تف لێ كراوو ڕسوا كراون , دڵنیابە كاكە سۆران خوێنەكەی تۆ بە خوێنی خۆمان دەزانین قەڵەمەكەی تۆ بە قەڵەمی خۆمان دەزانین چونكە زۆرن ئەو كاكەییانەی كە غەدر لێ كراوو بێ بەشن لەخۆشییەكانی ژیان , زۆرن ئەو كاكەییانەی كە پێویستیان بە سۆرانی مامە حەمە هەیە دەگمەن و نەشازو زۆڵە ئەو كاكەییەی تۆی خۆش نەویستبێت , لێرەدا بە پێویستی دەزانم بە چەند دێڕێك بچینە لای { فلك الدین كاكەیی } چونكە هەم وەزیری ڕۆشنبیریەو هەم كاكەییەو هەم كەركووكییە بۆیە حەقی خۆیەتی لێرەدا لەگەڵی بدوێم و بڵێم هەموو بەڵگەو ئاماژەكان وادەردەخەن كە بكوژەكانی سۆرانی مامە حەمە لە پارتەكەی تۆن لە ناویاندا هەیە كە كاكەییە تۆ نرخی قەڵەم و قەڵەم بەدەستەكان باش دەزانیت تۆ كاكەییت تۆ كەركووكیت و هەر لەكەركوویشت پەروەردە بوویت ویژدانت چۆن قبوڵ دەكات لەئاست ئەم كارەساتەدا بێ دەنگ بیت ؟ نازانم مرۆڤ چ نرخێكی دەبێت ئەگەر لەبەردەم تاوانێكی وادا هەڵوێستی نەبێت ؟ ژیان چ مانایەكی دەبێت كاتێ قەڵەم بەدەستێك و ڕۆشنبیرێك بەڕۆژی ڕووناك بەبەرچاوی هەمووتانەوە و لەبەر ماڵی خۆیداخەڵتانی خوێن بكرێت ؟ جەنابی وەزیر تۆ لەناو ئایینی كاكەیدا پلەو پایەت هەیەو بە { سید } ناودەبرێیت بۆیە حەقی خۆیەتی لێت بپرسم لە كام كتێبی ئایینی كاكەییدا هاتووەو ڕێگە دراوە بە كوشتنی مرۆڤێكی بێ تاوان ؟ لە كۆتایی دا جارێكی تر بەناوی سەرجەم كاكەیەكانی كوردستانەوە دەڵێین كاكە سۆران لە دڵ و ویژدانی هەموو كاكەییەكدا دەژی و زیندووە چونكە پارێزەرو دەنگی حەق بوو بەرامبەر بە خوێن مژوچەتەو جاهلەكانی ئەم سەردەمە , كاكە سۆران تۆ بوویتە خاوەنی خەرمانێك لە جوامێری بوویتە خاوەنی مێژوویەك لە سەروەری كە بەدرێژایی ژیان پەنجەی ئازایەتی و حەق بێژیت بۆ درێژ دەكرێت كە ئەمە گەورەترین و بەنرخ ترین سامانە كە زۆر سەختە هەموو مرۆڤێك بتوانێ بەدەستی بێنێ , جارێكی تر دڵنیات دەكەینەوە كە كاكەییەكان باوك و دایك و خوشك و برای تۆن هاوخەم و هاو ئازاری خانەوادە سەربەرزەكەتن لەهەر جێگەیەك لە هەرماڵێك لەسەر هەر بستە خاكێكی ئەم نیشتمانە نایەڵین بكوژەكانت و ئاغاكانیان جێگایان ببێتەوەو داڵدەبدرێن حەیا تكاوو ڕووڕەشیان دەكەین چونكە خوێن و ڕەنج و ماندوو بوونی تۆ هەرزان نییەو درەنگ یا زوو باجەكەی دەبێ بدرێت .
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست