کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سوتانی بارەگاکان یان سیناریۆی بارەگاکان

Sunday, 04/12/2011, 12:00




ده‌کرێ هه‌موو که‌سێک بۆ ماوه‌یه‌ک له‌خشته‌به‌ریت ، ده‌کرێ هه‌ندێکیش بۆ ماوه‌یه‌ک فریو بده‌یت ، به‌ڵام هه‌رگێز ناکرێ هه‌موو خه‌ڵکی بۆ هه‌میشه‌فریو بده‌یت. (ئه‌براهام لینکۆڵن)
لەگەڵ نزیک بونەوەی هەڵبژاردنی پاریزگاکان ، جارێکیتر زەبر و زەنگ و ترساندن بویەوە بە حەکەمی ساحەی سیاسی ، بە ئامانج کردنی دوکانی مەی و سوتانی قورئان ، سوتانی بارەگا حیزبییەکان ، تێكەڵکردنی ئاین و حیزب و مەی خواردنەوە ، لە کاتێكدا بە درێژای مێژوو و تا هەنوکە هیچ کێشیەکی ئاین و مەزهەبی بوونی نەبووە لە کوردستان ، ئەوەی تا هەنوکە دیار نیە ، جەنگاوەرە ونەکەی پشتی ئەم ڕوداوانەیە ، بە بڕووای من ئەو دیوە شاراوەی کە هەنوو پەردەیەکی ئاشتی بەسەری خۆیا داوە ، هەمان ئەو ئەقڵەیە کە داڕێژەری شەڕی براکوژیی بوو ، ئەوانەی بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامیان سوتاند ، هەمان جەنگاوەری پیاوە ئاشتی خوازەکانن ، ئەوەی داڕێژەری ئەم پیلانە بوو ، نە دەستی دەرەکی بوو ، بەڵكو ئەو هێزە بوو کە خاوەن دەسەڵاتە و تووانای هەیە لە ماوەیەکی کەمدا سەدان کەس کۆبکاتەوە و هەموو ئامانجەکانیشی بپێکێت ؟! وە هەزاران پێشمەرگە و پۆلیس و هێزی تایبەتیش بخاتە حالەتی ئامادە باشییەوە ، بۆ کوشتن و ئازاردانی براکانیان .
لە سنوری ژێر دەسەڵاتی پارتی بەتەنها یەک لایەنی ئیسلامی تێدا نیە ، بەڵکو زیاد لەچەند لایەنێك بوونی هەیە ! ئەوەی ئەمڕۆ ڕوویدا و ... ئەو دۆخەی ڕووی لە یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کرد ، چاوەڕووان کرا و بوو ، چوون بارەگا سوتاندن و ترساندن ‌جگە لەوەی بووە بەکەلتوریان ، دەرخەری ڕومەتی ڕاستی و وێنای هەقیقەتی پارتی بوو ، خەڵك دەکوژن و دەیشیان کەن بە چیرۆکێکی ترسناک .
ئەوەی کە ئەمڕۆ بوونی نەبێت لەهەرێمی کوردستان و بەتایبەت لە سنوری زەرد (یاسا)یە چونکی هەر خۆیان دادوەر و بڕیاردەرن ، هەر خۆیان لێژنەی ڕووداوەکانن ، هەر خۆیان بڕیارەکان دەردەکەن و وێنە و ڕەنگەکان ئاڵوگۆڕ دەکەن ، ئەوەی لەسەرویی یاسا بێت و سەرەوەر بێت ئەقڵی بنەماڵە و خێڵە ، بەداخەوە تا هەنووکە لەم هەرێمە دوو بەشەی ئێمەدا شەخس (کەعب)ەی وڵاتە ، هەر خۆیان سیناریۆیەکان دروست دەکەن و ناویشی لێ دەنێن سوتان یان پیلان و دەستی دەرەکی و ... هتد ...
کوشتن و بارەگا سوتاندن شتێک نیە نامۆ بێت ، بەڵکو کەلتوریانە ، یان ئەمە یەکەمین جار نیە ، بەڵکو دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی شەڕی برا کوژی ، بەڵام ئەوەی کە هەمیشە بەردەوام بوو لەسەر ئەم لۆژیکە ناشرینە پارتی بووە ، سوتاندن و ترساندن و گرتن و ون کردن ، لە سنوری زەرددا زۆر ئاساییە ، پیلان و سیناریۆیەکانیان تەنها لایەنێکی ئیسلامی نەکردووەتە ئامانج ، بەڵکو هەموو لایەنەکان بە عەلمانیشەوە .
لەماوەیەی رابردودا بارەگاکانی بەرەی تورکمانی سوتێنران و پاشان کەسێك یان سەرۆک عەشیرەتێك سوڵحی کرد ، پاشان 2005 بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی سوتنێنران و کوژراو برینداریشیان هەبوو بەهەمان نەفەسی بەرەی تورکمانی چارەسەر کرا ، لە دووای 17 / 2 بارەگاکانی بزوتنەوەی گۆرانیش سوتنێنران ، وە هەنوکە بۆ جارێکیتر بارەگاکانی یەکگرتووی ئیسلامی سوتێنرانەوە ، ناشرینترین کەلتوری پارتی ئەوەیە لەگەڵ سوتانی بارەگاکان داوای لێبوردن دەکات و خێرا داوای لیژنەیەکیش دەکات .
ئەو ئەقڵەی کە لە پشتی ڕووداوەکانی دهۆک و زاخۆ دەوروبەریەوە بوون ، هەمان ئەو ئەقڵەیە سۆران و سەردەشت ی شەهید کرد ، چونکی فێر نەبوون هەبوونی کەسێکتر یان لایەنێکیتر جگە لە خۆیان قبوڵ بکەن !
پارتی باش دەزانێت ئاشتی و ئارامی و ئازادی و دیموکراسی لەبەرژەوەندی ئەودا نیە، چونکی لەگەڵ گوزەرکردنی کاتدا ، خەڵکی کوردستان زیاتر لە هەقیقەتی حوکمرانیان بۆ دەردەکەوێت ، هەر بۆیە توندوتیژی و کوشتن و سوتاندن بووە بەکەلتوریان ، نایانەوێت خەڵکی وشیاربێت و هەقیقەت ببینێت ، ئەوەی کە ئەوان دەیانەوێت گوێگرتنە لە فەرمانەکانیان و هەموو شتێکیان بە بەڵێ بێت ، ڕووداوەکانی ئەمڕۆی سنوری زەرد شتێکی نوێ نیە ، بەڵکو سیناریۆیەکی سوواوە .
کەلتوری توندوتیژی بەشێکە لە ژیانی پارتی ، وە هەمووکات سینگیان لەبەر پێی بێگانە و داگیرکەرانی کوردستان بووە ، هەموو بەڵێنێکیان بۆ خەڵکی کوردستان تیۆری و گولەی تفەنگەکانیان بۆ کوشتنی منداڵانی کورد پراکتیک بووە ، بە بڕووای من هەنوکە ئەقڵی بنەماڵە و خێڵ و لۆژیکی گەوجاندنیش بەرەو چرکەکانی کۆتای هەنگاو دەنێت ، چونکی لەگەڵ گوزەرکردنی کاتدا خەڵکی زیاتر وشیار دەبنەوە ، ئەو لۆژیکەی تا هەنوکە پارتی بەردەوامە لەسەری ، فریودان و هێشتنەوەی خەڵکی لە بازنەیەکی داخراودا ، ئەویش نەفەسی کۆتایەتی ، ئەوەی لە دهۆک و زاخۆ و دەوروبەری ڕویدا ، سوتان نەبوو ، بەڵکو سیناریۆ بوو .

 


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە