کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له ئه تاتورک بۆ قابیڵ

Saturday, 12/01/2013, 12:00






هۆ گه‌وره‌که‌م .....
وا نامه‌که‌ی ئه‌مجاره‌م به‌ ڕژانی خوێنه‌ ئاڵ و گه‌شه‌کان
له‌ناخێکی نه‌گریس و نه‌ساغ به‌و دڵه‌ پڕ له‌ کینه‌م ، له‌ شه‌وه‌ تاریک و ڕه‌شه‌کان
به‌ په‌نجه‌ له‌رزۆک و خوێناوی بووه‌که‌م به‌ هه‌سته‌ شه‌ڕانگێزه‌ پڕ له‌ ژه‌هراوییه‌که‌م دژ به‌ هێمنی و ئاسوده‌یی منداڵه‌ چاوگه‌شه‌کان ده‌ست پێده‌که‌م...

ئه‌ی گه‌وره‌که‌م ...
په‌ڵه‌په‌ڵ و دڵه‌ فڕکێمه‌ تا وه‌ختانێک دێ خۆم ده‌خزێنمه‌ ناو
بازنه‌ی شاگرده‌کانت
له‌ هه‌وڵدانم سارد نابمه‌وه‌ بۆ نزیکبونه‌وه‌م‌ تا ئه‌و ساته‌ی به‌ قه‌د تا‌ڵه‌ مووێک دوور ده‌بم‌ له‌ گیانت
له‌شاباشی ڕازی بوونت
وه‌ک جانه‌وه‌رێکی به‌
هیچ نه‌چوو مڵکه‌چ و به‌خته‌وه‌ر
پڕ به‌ گه‌رووم فوو له‌ ئاگر ده‌که‌م
تا بۆم بکرێ ئاگری کاوڵکاری خۆشده‌که‌م
ئه‌وا منیش ڕێچکه‌ی
ئاگرو خوێنم هه‌ڵبژارد هاتمه‌ ڕیزی ئه‌و مریده‌ ویژدان مردووانه‌ی ئێسقانیان ووردوخاش ده‌کرد جه‌سته‌ی ژن و زارۆیان ده‌سوتاند
کۆرپه‌یان زینده‌ به‌چاڵ ده‌کردو تازه‌ خونچه‌ی به‌هاریان ده‌قڕتاند
نه‌خشه‌ی پیرۆزی ده‌ستکردی خوداو سروشتیان ده‌شێواند
ئه‌و مریدانه‌ی به‌خوێن و خیزاو مه‌ست ده‌بوون و زه‌ماوه‌ندیان له‌گه‌ڵ تاریکی و بێچووه‌ شه‌یتانه‌کاندا ده‌کرد ئه‌و مێشکانه‌ی هه‌تره‌شیان له‌ هه‌ق چوو بوو خاچیان بۆ مه‌سیح هه‌ڵده‌خست و داریان بۆ جه‌سته‌‌ پیرۆزه‌کان داده‌چه‌قاند
ئه‌رێ هۆ موڕشیده‌که‌م..
تۆ ده‌زانی من چه‌نده‌ به‌خته‌وه‌رو ئاسوده‌ بووم
که‌ بۆ یه‌که‌م جار چاوم به‌ خوێن و زام که‌وت، یه‌که‌ دڵۆپی خوێنی ڕژاوی (هابیڵ)م بینی
ده‌سته‌ ڕه‌شه‌ چڵکن و به‌ خوێن سوور بووه‌کانت ماچ ده‌که‌م
هۆ سه‌روه‌ری من
ئێستا تێده‌گه‌م هزرو بیرمان،هه‌ست و نه‌ستمان بۆ هێنده‌‌ لێک نزیکن
ناخی ڕه‌شمان له‌ یه‌ک ده‌چن
نا ببوره‌ هه‌ر وه‌ک یه‌کن
منی شه‌یداو شاگه‌شکه‌ی ته‌ریقه‌ت و مریدی تۆ خوازیارم
له‌سوتان و له‌ تێکداندا کتومت وه‌کو تۆ بم
به‌شێک بم له‌ ناخه‌ نه‌گریسه‌که‌ت نزیک نزیک له‌ مێشکه‌ داخراوه‌که‌ت
هۆ شێخه‌که‌م ....
شه‌و نییه‌ له‌ناو گێژاوی خه‌ونی ئاڵۆزی خه‌یاڵمدا
سه‌ر نه‌خه‌مه‌ سه‌ر سینه‌که‌ت،به‌ یاهو یاهو
له‌پێناو ئه‌وینه‌ پڕ له‌ قینه‌که‌ت وانه‌ی تێکدان کوشتن،سوتان برژان، غه‌درو بوختان
فێر نه‌بم و چاوی تاریکی ماچ نه‌که‌م ئه‌و ڕۆژه‌ی که‌ لاشه‌ی ڕووتی (یوسف)م له‌ناو شه‌وه‌زه‌نگی تاریکی و قوڵایی بیر دا بینی، له‌ گه‌ڵ هێزی تاوان و پیاوانی غه‌در پێکه‌وه‌ سه‌رچۆپیمان گرت و ڕۆژی سه‌رکه‌وتنمان پیرۆز کرد ، تیشکی خۆرمان له‌ چاوی ڕۆناکیدا تۆراند ...
هۆ موڕشیده‌که‌م ...
شه‌و نییه‌ لاپه‌ڕه‌ دزێوو ڕه‌شه‌کانی مێژووی که‌سه‌ چه‌په‌ڵ و مرۆڤ کوژه‌کان نه‌خوێنمه‌وه‌ .....
پیت به‌پیت دێر به‌ دێر پێیاندا هه‌ڵنه‌چمه‌وه‌ له‌ هه‌ر ڕۆژگارو زه‌مانێ
له‌ناو هه‌ر کوچه‌و کۆڵانێ
له‌ هه‌ر گوندو بازاڕێ ڕه‌شه‌کوژی و تاوانێ کرابێ، ده‌موده‌ست ده‌ستبه‌جی ده‌بێ بزانم چه‌ندان مرۆ کوژراون
چه‌ند ژن و زارۆ بێ ده‌ست و پێ بێ سه‌ر کراون ..
تا ئه‌و ساته‌ی ناسنامه‌ی سوتاوو کوژراوه‌کان ڕێک نه‌زانم
نه‌ ئه‌و گیانه‌م ئاسوده‌ ده‌بێ و نه‌ خه‌و ده‌چێته‌ چاوانم

ئه‌رێ هۆ گه‌وره‌که‌م
ئه‌و ڕۆژانه‌ت له‌بیره‌ که‌ له‌گه‌ڵ له‌شکری بیابان هاتین؟
هه‌ر ئه‌و ڕۆژه‌ په‌یامی سه‌ره‌نێزه‌و برین و ئازارمان هێنا
جارێک به‌ قاتوقڕی ئه‌نفاڵ جارێ سوپای تاتارو قاجاڕمان هێنا
ئه‌وێ ڕۆژێ به‌م ده‌ستانه‌مان قه‌دو لقێ به‌ڕووه‌کانمان بڕییه‌وه‌
هه‌رچی دار گوێز بوو له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵمانکێشا خۆشه‌ویستیمان له‌ هه‌موو مرۆڤێک قه‌ده‌غه‌کرد، چاوی بینینی ڕوناکیمان هه‌ڵکۆڵی ، تۆی ڕق و قینه‌مان چاندو...
شارستانی و ئارامیمان له‌ سه‌ر نه‌خشه‌و ناو که‌ڵه‌سه‌ری خۆمان سڕییه‌وه‌....
ئه‌رێ هۆ ئه‌میره‌که‌م...
ته‌مه‌نی من ده‌یان سه‌ده‌ زیاتره‌ ، هه‌ر له‌و ساته‌ی له‌ دایک بووم وه‌ک شاگردێ ڕاسپارده‌و په‌یامه‌کانی تۆم ئه‌ڵقه‌ ئه‌لقه‌ له‌ گوێ خستن به‌ شه‌وو ڕۆژ ده‌مخوێندنه‌وه‌
له‌وێ ده‌مێ من پێش قافله‌و ڕێخۆشکه‌ری له‌شکری داگیرکه‌ری
(حه‌جاج)م ئه‌وه‌ی بۆنی پاشه‌ڕۆو تۆزی ژێر سمی ووڵاخه‌که‌ی
(سه‌فاح)ی هه‌ڵمژی و کڕنۆشی بۆ تاوانه‌کانیان
برد ، من بووم
ئه‌و دێڵه‌سه‌گه‌ی وه‌پێش ئه‌سپه‌که‌ی هۆڵاکۆ و جه‌نگیزخان که‌وتن ، من بووم
ئه‌رێ هۆ (قابیڵه‌)که‌م...
که‌ میوانی قه‌سابخانه‌ی سه‌فه‌وی یه‌کان بووم له‌ ناو دیوه‌خانه‌ شاهانه‌کانیان دا یاسای بڕینی زمان و هه‌ڵکۆلینی چاویان به‌ دیواری ڕه‌شی تاوان هه‌ڵواسیبوو
که‌ ناوچه‌ سوتاوو که‌ڵاوه‌ ڕوخاوه‌کانی سه‌رده‌می مه‌غۆله‌کانم بینی هه‌زاران که‌ڵه‌سه‌ری بێ ناسنامه‌ له‌ بنمیچی ئه‌شکه‌وته‌کانی ئاگریداخ ریز به‌ڕیز له‌سه‌ر یه‌ک داندرابوون له‌خۆشییا شاباشی مه‌زنایه‌تیم بۆ ده‌کردن
کڕنۆشی به‌ندایه‌تیم بۆ ده‌بردن
هۆ گه‌وره‌که‌م
که‌ سه‌رم به ‌سه‌ر موزه‌خانه‌ی که‌ڕو و زبڵدانی ته‌ریقه‌تی تۆ داگرت دۆسییه‌ی یه‌که‌ یه‌که‌ی مریده‌ ده‌گمه‌نه‌کانی تۆم دۆزینه‌وه‌، له‌ ڕیزبه‌ندو په‌راوێزی ناوه‌کان دا خه‌لیفه‌ خه‌لفا‌وه‌کانی وه‌ک سه‌فه‌وی و سه‌ددام ، هیتله‌رو هۆڵاکۆم بینیه‌وه‌
له‌ناو کوره‌ی دۆزه‌خی موزه‌خانه‌ی مێژووی ڕه‌شیان مه‌داڵیای فرمێسک و جمجمه‌ی سه‌ریان به‌سه‌ر من و مریده‌کانی تر ده‌به‌شیه‌وه‌
سه‌دان تابلۆی ئێسک و پروسکی که‌ڵله سه‌رو ده‌ستو قاچی قووتکراویان هه‌ڵواسیبوو
بۆهه‌ر تابڵۆیه‌ک
نرخێکی که‌م و بێ به‌ها دانرابوو
له سه‌رنجدانی هه‌ر یه‌کێ له‌ تابلۆکان حه‌په‌سابووم مێشکی ماندووم ئۆقره‌ی لێ بڕیبووم
ئاخۆ منی کڵۆڵ و بێچاره‌ چۆن ده‌توانم وه‌کو زاتی ئه‌وان له‌ خزمه‌تی شێخی گه‌وره‌ی خۆم دابم
تا سه‌ره‌نجام له‌سه‌ر مێزی نۆشینی شه‌ڕابی خوێن هه‌ڵمژینی بۆنی جه‌سته‌ی داڕزیوی مرۆڤ، زیندوو که‌ره‌وه‌ی(تڕاژیدیای ئه‌نفاڵ)
سه‌رداری کیمیا باران
ئه‌میری گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵ
ئه‌ندازیاری وێرانکاری
سه‌دان له‌ دێهات و له‌ شاران
له‌ کونجێکی تاریکی دۆزه‌خدا یه‌کترمان ناسی په‌رێشان و زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاو سه‌ری شۆڕو گیانی کزی له‌ به‌رزی دوندی قه‌ندیڵ دابوو، له‌وێش ... ده‌ستی له‌رزۆکی به‌ ڕیشه‌ ئاڵۆزو چرکنه‌که‌ی داده‌هێنا، ترس سه‌رتاپا لاشه‌ی داته‌پیوی داگرتبوو
به‌ زمانه‌ لاڵ و ده‌نگه‌ گڕه‌که‌ی ... ده‌یگووت ئاره‌زومه‌ دژ به‌ دونیای مرۆڤ وسروشت بم هه‌رچی لوتکه‌ی شاخه‌ له‌ ڕه‌گه‌وه‌ هه‌ڵکێشم ڕێگا له‌ چاوی شینی ئاو بگرم جۆگه‌ڵه‌ له‌ شاده‌ماری ڕووبار دابڕم
ماسی له‌ ده‌ریا بێبه‌ش که‌م هه‌رچی دره‌خت و گوڵ و گوڵزاره‌ له‌به‌ر چاوی سروشت ڕه‌شکه‌م
تا له‌ ژیانی مه‌رگه‌ساتیم دابووم ئاواتم بوو هه‌موو خشت و خۆڵی قه‌ڵاکه‌ی هه‌ولێر بکرۆژم بیانخه‌مه‌ ناو هه‌ناوم
کیژو کوڕیان لێ قڕکه‌م
کۆرپه‌ش له‌ ئامێزی دایک بڕکه‌م
په‌نجه‌ ڕزیوه‌کانی خۆی ده‌گوشین... ده‌پارایه‌وه‌
کڵۆڵ کڵۆڵ ده‌نوزایه‌وه‌
ده‌با ئه‌مجاره‌ پێکه‌وه‌
په‌یمانی چالدێران زیندوو که‌ینه‌وه‌
ئاوڕێک له‌ پیڵانه‌ کۆنه‌که‌ی جاران بده‌ینه‌وه‌
ده‌با گشت شارو دێ ته‌ڵبه‌ند که‌ین
پیاویان بکوژین ژنیان به‌ندکه‌ین
هه‌ولێریش وه‌ک مه‌هاباد
وه‌ک هه‌له‌بجه‌، وه‌کو گه‌رمیان و ئامه‌د بسوتێنین ئاگری به‌گوڕی بابه‌گوڕ گوڕ دامرکێنین
به‌رگی سپی بوکێنی سلێمانی
ئه‌نجڕ ئه‌نجڕکه‌ین بدڕێنین هه‌ر من کڵۆڵ نیم ئێوه‌ش وه‌ک من
ئه‌گه‌ر ڕۆژێک فڕچکه‌ی خوێن زام و برین نه‌بینین
بۆ چرکه‌یه‌ک ئازارو فرمێسک و گرین نه‌بینین
بێ شک هه‌ر هه‌موومان مه‌رگی خۆمان له‌ به‌زم و ڕه‌زمی ئه‌م نه‌ته‌وه‌ خۆڕاگره‌ ده‌بینین
هۆ شێخه‌که‌م ...
با په‌ڵه‌که‌ین.. ده‌پێم بڵێ ئێمه‌ ده‌بێ چیبکه‌ین ژن له‌ پیاو ، دایک له‌ منداڵ دابڕین هه‌زاران کۆرپه‌ی تری چاوگه‌ش له‌ دایک ده‌بن
گه‌ر سێداره‌ بۆ هه‌ر که‌سێ داخه‌ین
هه‌زاران له‌ کیژو کوڕان به ‌ڕوومان ده‌ته‌قنه‌وه‌ چه‌ک هه‌ڵده‌گرن
گوندو شاریان لێ وێران که‌ین هه‌ر ناتوانین
له‌ خۆشه‌ویستی نیشتیمان دایانبڕین
داخ له‌و ڕۆژه‌ی که‌ تێیکه‌وتووین
وا سه‌رم له‌ به‌رد داو ناچار ده‌ڵێم ... ئه‌وان زیندوو ئێمه‌ مردووین
ئه‌وان زیندوو ئێمه‌ مردووین
.............
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە