کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


وا بڕوات، له‌ پاڵ ده‌سه‌ڵاتدا ئۆپسزیۆنیش ده‌که‌وێته‌ به‌ر لێشاوی ڕاماڵین!

Wednesday, 30/03/2011, 12:00




ده‌بێت چ ساته‌وه‌ختێک له‌وه‌ تراژیدی تر بێت ئه‌وکاته‌ی ئۆپسزیۆن له‌ پێناو به‌رژه‌وه‌ندی تاک و ئه‌ندام و هه‌ڵسوڕاوانیدا پشت بکاته‌ شه‌قام و خۆی به‌ که‌وا خوێناویه‌که‌ی ده‌سه‌ڵاتدا هه‌ڵبواسێت؟! ئاخۆ چ پاساوێک ده‌توانێت ڕێکه‌وتنی ژێر به‌ژێر و هه‌ماهه‌نگی ڕوکه‌شی له‌گه‌ڵ جه‌ماوه‌ردا بکاته‌ دیوارێک بۆ هه‌ڵهاتن و قوتار بون له‌ ڕق و توڕه‌یی خه‌ڵک ؟!...، چ ڕاپه‌ڕینی 17 ی شوبات و چ ڕاپه‌ڕینی به‌هاری 1991 موڵکی میلله‌ت بوو له‌ دواتردا پارت و لایه‌نه‌ سیاسیه‌ فاشیه‌کان ده‌ستیان به‌سه‌ر باردۆخه‌که‌دا گرت و قودسیه‌تی ئامانجه‌که‌یان قۆرخ کرد به‌ وه‌رچه‌رخاندن به‌و ده‌ره‌نجامه‌ی که‌ ئێستا تێییداین! ده‌کرێت له‌سه‌ر دانیشتنی پشت په‌رده‌ی نێوان ئۆپسزیۆن و ده‌سه‌ڵات چه‌ند پرسیارێکی ڕاشکاوانه‌ بکه‌ین... ئایا دانیشتن له‌ ژوره‌ تاریکه‌کاندا بۆچی ؟ ئه‌م دۆسیه‌یه‌ کێشه‌ی نێوان میلله‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ یان ئۆپۆسزیۆن و ده‌سه‌ڵات ؟ ئه‌گه‌ر کێشه‌ی نێوان میلله‌ت و ده‌سه‌ڵاته‌ بۆچی دانیشتنی ئۆپسزیۆن و ئه‌وانه‌ی به‌ نوێنه‌ری خه‌ڵک خۆیان داده‌نێن له‌ پشتی په‌رده‌و له‌ تارکیدا دور له‌ چاو و گوێی میلله‌ت کۆده‌بنه‌وه‌؟ و ئه‌گه‌ر کێشه‌ی تایبه‌یتی نێوان ئۆپسزیۆن و ده‌سه‌ڵات خۆیانه‌ ئه‌ی بۆچی به‌ ناوی چاره‌سه‌ری کێشه‌ی میلله‌ته‌وه‌ کۆده‌بنه‌وه‌ و خۆپیشانده‌ران هه‌ڵده‌فریوێنن؟ ئایا ئۆپسزیۆن ئه‌مه‌ی له‌ بیر کردووه‌ که‌ ئه‌و ڕێزو ترسه‌ی هه‌یه‌تی لای ده‌سه‌ڵات، ڕاوه‌ستانیه‌تی له‌به‌رده‌م جه‌ماوه‌ردا؟ ئه‌گه‌ر ئۆپسزیۆن جه‌ماوه‌ر و میلله‌تی له‌ پشت نه‌بێت وه‌ک توتیه‌کی چه‌نه‌باز و تۆپه‌ڵێک په‌رۆی بێ به‌ها وایه...

له‌ پاش ئه‌م هه‌مو خوێن ڕشتن و سوکایه‌تی پێکردنه‌ی خه‌ڵک به‌ به‌رچاوی جیهانه‌وه‌، چی وای کرد ده‌سه‌ڵات و ئۆپسزیۆن له‌ پشت په‌رده‌وه‌ له‌سه‌ر یه‌ک سفره‌و خوان کۆببنه‌وه‌؟ کێشه‌یه‌ک له‌ روناکیدا ڕویداوه‌ و چ ئه‌قڵیه‌تێک به‌ ڕه‌وای داده‌نێت له‌ تاریکیدا چاره‌سه‌ر بکرێت؟ ئه‌گه‌ر بهێنرێته‌ هزری خه‌ڵکه‌وه‌ جێگای بڕوا نیه‌ بزوتنه‌وه‌یه‌ک به‌ پێوه‌ر وا خۆی ده‌ربخات خه‌ڵک له‌ گه‌وجاندن و هه‌ڵخه‌ڵه‌تاندی حکومه‌ت ئاگادار بکاته‌وه‌ به‌ڵام له‌ولاشه‌وه‌ خۆی بگه‌وجێنرێت و هه‌ڵبخه‌ڵه‌تێنرێت! ئه‌مه‌ ڕه‌نگه‌ سیاسه‌تیک بێت بۆ به‌ره‌و کپکردنی خۆپیسانده‌ران و گۆرێنی ئاڕاسته‌و ئامانجی میلله‌ت له‌ له‌ناوبردن و ڕوخاندنی ده‌سه‌ڵاتی ژێرده‌ستی ئه‌م دو بنه‌ماڵه‌ مافیایه‌ی یه‌کێتی و پارتیه‌وه‌ بۆ مانه‌ویان به‌ڵام به‌ چاکسازی و دانوستان! له‌ ئێستادا توڕه‌یی و غه‌زه‌بی خه‌ڵک گه‌شتۆته‌ ئاستێک بیجگه‌ ڕوخاندن و دادگایی کردنی تاوانباران و خیانه‌تکارانی میلله‌ت هیچ پاساوێک ناتوانێت میلله‌ت ڕازی بکات و قه‌ناعه‌تی پێبکات به‌وه‌ی که‌ سارد بێته‌وه‌ له‌ خۆپیشاندان و په‌ره‌سه‌ندنی ڕاپه‌ڕین، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ لایه‌ن یه‌کیتی و پارتیه‌وه‌ تاک به‌ تاک له‌ نوکی پێوه‌ تا ته‌وقی سه‌ر له‌ ئاڵتون بگیرێن... ده‌بێت ئۆپسزیۆن و ئه‌نجومه‌نی کاتی سه‌رای ئازادی و هه‌ر لایه‌نێک که‌ به‌ناوی داکۆکی کردن له‌ مافی خۆپیسانده‌ران و خه‌ڵک له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا کۆده‌بێته‌وه‌، وتاری سه‌ره‌کی دادگایی کردنی تاوانبارانی لقی چوار و کاربه‌ده‌ستانی پشتی ڕوداوه‌کان بێت، دادگایی کردنی ئه‌وانه‌ی خوێندکاریئان له‌ داخلیه‌کانی هه‌ولیره‌وه‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی وه‌زیری خوێندنی باڵا و په‌روه‌رده‌ نارده‌وه‌ سلێمانی، دادگایی کردنی ئه‌وانه‌ی فه‌رمان ده‌که‌ن به‌ لێدانی که‌ته‌ر به‌ پشتی خۆپیسانده‌رانی سلێمانی و سه‌رای ئازادیدا، و چه‌ندین که‌یسی تر که‌ ئاماده‌ کراون له‌ ئه‌رشیفی ڕۆژی دادگاییکردندا هه‌ڵده‌ڕێژرێن؛ دادگایی کردنیش به‌ واتای سانسۆر کردنی فڵان ماده‌ و فیسار به‌ند نا، به‌ڵکو زۆر توندتر و چڕتر له‌وه‌ی که‌ ئێستا هه‌یه‌، به‌ ڕاده‌یه‌ک هه‌ر که‌یسێک‌ له‌وانه‌ به‌س بێت بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حکومه‌ت و هێنانه‌ خواره‌وه‌ی سه‌رۆک پارت و به‌رپرسه‌ پله‌ باڵا سه‌رشۆڕه‌کانی ئه‌م هه‌رێمه‌ زوڵم لێکراوه‌...

له‌به‌ر ئه‌وه‌ به‌ر له‌ هه‌ر دانوستان و ڕێکه‌وتنێک ده‌بێت ئۆپسزیۆن خۆی له‌و حه‌قیقه‌ته‌ لا نه‌دات که‌ تاوانباران له‌ بیری خه‌ڵک بباته‌وه‌، سازش کردن به‌ دراوو دۆلار سوڵحێکی خێڵه‌کی و کولتورێکی له‌ کارخراوه‌ ته‌نها له‌م دو بنه‌ماڵه‌ مافیاو دۆڕاوه‌ ده‌وه‌شێته‌وه‌، دادگایی کردن به‌ شێوازێکی شارستانی و مه‌ده‌نیانه‌ ئامانجی ئاینده‌ی تاوانبارانه‌ به‌ قورسی، به‌ده‌ر له‌وه‌ هیچ پاساوێک ڕێگا ناداته‌ ئه‌وان به‌ ئاسانی به‌ره‌و ئوردن و هه‌رلایه‌کی تر هه‌ڵبێن، هه‌ڵاتنی ئه‌وان و تێپه‌ڕینی به‌سه‌ر گۆڕان و لایه‌نه‌کانی تری ئۆپسزیۆندا ده‌بێته‌ هاوبه‌شی کردن له‌و تاوانه‌ و ده‌چنه‌ بابی نیفاقه‌وه‌، وه‌ک له‌سه‌رچاوه‌ مێژووی و ده‌قه‌ ئاینییه‌کاندا نوسراوه‌ که‌ له‌سه‌رده‌می په‌یامبه‌ری ئیسلامه‌وه‌ ده‌گێڕنه‌وه‌ حکومی مونافق له‌ حوکمی کافر زیاتره‌، چونکه‌ کافر ئاشکرا دژه‌ و خۆی لێ ده‌پارێزرێت، به‌ڵام مونافیق شاراوه‌یه‌ و له‌ دواوه‌ خه‌نجه‌ر ئه‌هاوێت!

با بۆ ئۆپسزیۆن و هه‌موو لا ئاشکرا بێت که‌ چیتر میلله‌ت له‌ ناو گه‌مه‌ سیاسیه‌کاندا هه‌ڵناخه‌ڵتێنرێت و ڕاستی و پشتگیری به‌ کرده‌وه‌ بکه‌نه‌ بنه‌مای کۆبونه‌وه‌کانیان له‌سه‌ر کێشه‌ی میلله‌ت، چونکه‌ دواجار باشتر وایه‌ بڵێین ڕێکه‌وتنی ژێر به‌ ژێر له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدا مانه‌وه‌ی ئه‌وان ئه‌ستورتر ناکات، به‌ڵکو میلله‌ت ئۆپسزیۆنی خولقاند و هه‌ر میلله‌تیش ده‌توانێت بیڕوخێنێت.
 




نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە