ئۆپۆزیسیۆن یان ڕاوێژکاری ده‌سته‌ڵات؟!

Friday, 08/02/2013, 12:00






له‌ هه‌موو ووڵاتانی جیهاندا رۆڵی ئۆپۆزیسیۆن دیار و ئاشکرایه‌، ئه‌ویش  هه‌وڵدانه‌ بۆ گرتنی ده‌سته‌ڵاتی سیاسیی و ئیداری، تا بتوانێت به‌رنامه‌ و پرۆگرامه‌ سیاسیی و ئابوریی و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی خۆی جێ به‌جێ بکات. ئۆپۆزیسیۆنی ئه‌و وڵاتانه‌ به‌سه‌ختی ڕه‌خنه‌ و دژایه‌تی خۆی بۆ ده‌سته‌ڵاتی حیزب، یان حیزبه‌کانی ده‌سته‌ڵات ڕوونده‌کاته‌وه‌، له‌و رێگایه‌وه‌ پلان و به‌رنامه‌ی خۆی داده‌نێت، کاتێکیش ده‌سه‌ڵاتی گرته‌ ده‌ست، ئیتر کار ده‌کات که‌ به‌رنامه‌ وپلانه‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات، هه‌روه‌ها متمانه‌ و به‌ڵینه‌کانی خۆی بۆ جه‌ماوه‌ر و خه‌ڵکی ده‌رده‌خات.
سه‌باره‌ت به‌ ده‌سه‌ڵات، ئاشکرایه‌ ئه‌گه‌ر به‌ رێگای ده‌نگدانیشه‌وه‌ بێته‌ سه‌ر حوکم، به‌ڵام مافه‌کانی هاوڵاتی پێشێل بکات و رێز له‌ ئازادیی تاکه‌کانی کۆمه‌ڵگا نه‌گرێت، یان هه‌موو که‌سێک له‌به‌رده‌م یاسادا یه‌کسان رانه‌گرێت، ئه‌مه‌ ئه‌و مانایه‌ ناگه‌یه‌نێت که‌ ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ده‌سته‌ڵاتێکی دیموکراسی و مه‌ده‌نییه‌، گوایه‌ به‌ ده‌نگدان هاتۆته‌ سه‌ر حوکم، ئیتر مافی ئه‌وه‌ی هه‌یه‌ ئه‌و مافانه‌ له‌ هاوڵاتیان بسه‌نێته‌وه‌، نازییه‌کان که‌ له‌ رێگای ده‌نگدانه‌وه‌ ده‌سه‌لاتی ئه‌ڵمانیانان گرته‌ ده‌ست، نه‌یانتوانی ره‌وای ده‌سه‌ڵاتێکی دیموکراتیی به‌ خۆیان بده‌ن، مێژوو وا وه‌ربچه‌رخێنن، که‌ هێتله‌ر به‌ دیکتاتۆر و ده‌سه‌ڵاته‌که‌ی به‌ نادیموکراتی له‌ قه‌ڵه‌م نه‌درێت، چونکه‌ ئه‌و رژێمه‌ جگه‌ له‌ نازییه‌کان به‌ جوله‌که‌کانه‌وه‌، مافی هه‌موو هاوڵاتییبوونێکیشیان له‌ ئه‌ڵمانییه‌کان سه‌ندبووه‌وه‌، ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی کوردی (که‌ پارتیی و یه‌کێتییه‌) جگه‌ له‌ خۆیان و ئه‌وانه‌ی ته‌سلیمیان بوون هه‌مان رۆڵی سه‌رده‌می نازیی و فاشییه‌کانی ئیتاڵیا و کۆمۆنیسته‌کانی سه‌رده‌می ستالین، له‌ کوردستاندا ده‌بینن، هه‌رچی له‌ گه‌ڵیاندا نه‌بێت، مافه‌کانی پارێزراو نییه‌. بۆیه‌ ده‌توانین بڵێین که‌ رۆڵی ئۆپۆزیسینێکی راسته‌قینه‌ پێویستییه‌کی مێژوویی و هه‌نوکه‌ییه‌.
لێره‌دا ئێمه‌ ده‌توانین باس له‌ دوو جۆر ئۆپۆزیسیۆن بکه‌ین، یه‌کێکیان له‌ ووڵاته‌ دیکتاتۆره‌کان که‌ به‌ نهێنی یان هێزی چه‌کداری ده‌کرێت. ئه‌ویتریان له‌ ڕێگه‌ی سندوقی ده‌نگدانه‌وه‌ و له‌ ڕێگه‌ی په‌رله‌مانه‌وه‌، واته‌ ئۆپۆزیسیۆنی گوله‌ یان ئۆپۆزیسیۆنی ده‌نگ.
له‌ ووڵاته‌ دیموکراتیه‌کاندا ئۆپۆزیسیۆن هه‌موو هه‌وڵێکی خۆی ده‌دات که‌ گه‌نده‌ڵیی و فه‌سادی ئیداریی و که‌مته‌رخه‌می و هه‌ڵه‌کان و سکاندڵه‌کانی ده‌سته‌ڵات و لێپرسراوه‌کان و ناعه‌داله‌تی پیلان و یاساکان بۆ خه‌ڵک ڕوون بکاته‌وه‌، دژی هه‌موو ئه‌و کار و یاساییانه‌ بوه‌ستێته‌وه‌ که ‌له‌ به‌رژه‌وه‌ندی زۆربه‌ی خه‌ڵکدا نییه‌، ئه‌میش له‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مان و سه‌رۆکایه‌تی ئه‌و ده‌وڵه‌ته‌دا ده‌کرێت و داوای ده‌ست له‌کارکێشانه‌وه‌ ی لێپرسراوان و هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی حکومه‌ت و هه‌ڵبژاردنی نوێ ده‌کرێت، له‌ هیچ کام له‌و وڵاتانه‌دا نه‌بیستراوه‌ و نه‌بینراوه‌ که‌ ‌ هه‌ڵبژاردن و ده‌نگدان به‌کارده‌هێنرێت له‌ به‌ڕێوه‌بردنی ووڵاتدا ، ئۆپۆزیسیۆن بێت پاکێجی چاکسازی پێشکه‌ش به‌ ده‌سته‌ڵات بکات و داوا له‌ ده‌سته‌ڵات بکات که‌ ڕیفۆرم و چاکسازی بکات ، ئه‌مه‌ کاری ئۆپۆزیسیۆن نیه‌ ، به‌ڵکو ئه‌مه‌ کاری ڕاوێژکاره‌ سیساسی ئابوری و کۆمه‌ڵایه‌تیه‌کانی ده‌سته‌ڵاته‌ که‌ ڕێنمایی ده‌سته‌ڵات بکات که‌ ئه‌و کارانه‌ بکات تا سه‌رکه‌وتوو بێت له‌ماوه‌ی ده‌سته‌ڵاتی دا و بڕوای خه‌ڵک زیاتر به‌ده‌ست بهێنێت تاکو له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتوودا هه‌ڵێبژێرنه‌وه‌.
له‌هه‌رێمی کوردستانی باشووردا ئێمه‌ی کورد ئۆپۆزیسیۆنێکی سه‌یر و سه‌مه‌ره‌مان هه‌یه‌ هه‌ر خه‌ریکی ‌کۆبوونه‌وه‌ و دانی پڕۆژه‌ و پاکیج دانه‌ به‌ ده‌سته‌ڵات تا جێبه‌جێ ی بکات و داوا ده‌کات، که‌ ده‌سته‌ڵات ڕیفۆرم و چاکسازی بکات و تاخه‌ڵک له‌ ده‌سته‌ڵات نه‌ڕه‌نجێنێت و به‌رده‌وام بێت له‌ حوکم کردن. ئۆپۆزیسیۆن له‌ کوردستانی باشووردا ، بۆته‌ دڵسۆز و ڕاوێژکاری ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی و ئامۆژگاری و نه‌خشه‌ و پیلانیان بۆ داده‌نێت رێگایان بۆ داده‌نێت، که‌ چی بکه‌ن و چۆن چاکسازی بکه‌ن، چۆن ده‌سه‌ڵات بتوانێت به‌رده‌وام بێت و بمێنێته‌وه‌، ئۆپۆزیسیۆنی کوردی (گۆڕان، کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو) به‌م ده‌سته‌ڵاته‌ بنه‌ماڵه‌ییه‌ی بارزانی و تاڵه‌بانی ده‌ڵێن ئه‌گه‌ر ده‌تانه‌وێت بمێننه‌وه‌، ئه‌مه‌ بکه‌ن و ئه‌وه‌ مه‌که‌ن. هه‌ڵبه‌ته‌ ئه‌مه‌ش هه‌مان عه‌قڵیه‌تی زه‌مانی شاخیانه‌ که‌ چه‌نده‌ها به‌رنامه‌ و پاکێجیان ده‌نارد بۆ ڕژێمی سه‌دام حسین و ده‌که‌وتنه‌ گفتوگۆوه‌ تا ئه‌مانیش بێنه‌وه‌ و داواکاریه‌کانیان جێبه‌جێ بکرێت و بێن و به‌ هاوبه‌شی حوکم، ئیتر گرنگ نه‌بوو ده‌سته‌ڵاتی به‌عس فاشی و دیکتاتۆره‌ و دژی خه‌ڵکی جی ئه‌نجام ده‌دات، هه‌ر بۆیه‌ تا ئه‌مڕۆش چ ده‌سته‌ڵات و چ ئۆپۆزیسیۆن نه‌یاتوانیوه‌ له‌و عه‌قڵیه‌ته‌ کۆنه‌ خۆیان ڕزگار بکه‌ن، هه‌ردوو لایان درێژکراوه‌ی یه‌کترن و  هه‌مان پێشینه‌ و ڕوانگه‌ی رابردوویان هه‌یه‌.
سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی، که‌ کاری ئۆپۆزیسیۆن نییه‌ پڕۆژه‌ و پاکێجی چاکسازی پێشکه‌ش به‌ ده‌سته‌ڵات بکات، جا نه‌خوازه‌ ده‌سته‌ڵاتێکی بنه‌ماڵه‌یی دیکتاتۆری وه‌ک ده‌سته‌ڵاتی بارزانی ـ تاڵه‌بانی، به‌وه‌ی که‌ له‌لای زۆربه‌ی خه‌ڵکی کوردستان بار و دۆخێکی ‌ کوردستانی باشوور یه‌کاڵابۆته‌وه‌، ئه‌مڕۆ له‌ کوردستانی باشووردا ده‌سته‌ڵاتێکی چه‌وسێنه‌ری بنه‌ماڵه‌یی خاوه‌ن سه‌روه‌ت و سامانێکی زۆر حوکم ده‌کات، له‌لایه‌کی تره‌ خه‌ڵکی هه‌ژاری ستم لێکراو و به‌شخوراوی کوردستان.
پێشنیاری من بۆ ئه‌م ئۆپۆزیسیۆنه‌ی ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌یه‌، ئه‌گه‌ر ئێوه‌ له‌هه‌وڵی چاکردن و ڕیفۆرمی ده‌سته‌ڵاتدان، ئه‌وا باشتره‌ له‌و حکومه‌ته‌ بنکه‌فراوانه‌ی که‌ پارتی و یه‌کێتی باسی ده‌که‌ن هاوکاربن، با گۆڕان و کۆمه‌ڵه‌ و یه‌کگرتوو له‌ وه‌زاره‌ته‌کانیاندا به‌شداربن، چونکه‌ ئۆپۆزیسیۆن ده‌وری ڕاوێژکاری ده‌سته‌ڵات ده‌بینێت، له‌ کوردستانی باشووردا به‌ پراکتیک بزووتنه‌وه‌یه‌ک، حیزبێک، رێکخراوێک نییه‌، که‌ به‌راستی خه‌سله‌تی ئۆپۆزیسیۆنی تێدا بێت، با گۆڕان و کۆمه‌ڵ و یه‌کگرتوو به‌شداری له‌و حکومه‌ته‌دا بکه‌ن، هه‌وڵ بده‌ن هه‌ندێک له‌و پڕۆژه‌ و پاکێجانه‌ی که‌ تا ئیستا خستوویانه‌ته‌ به‌رده‌م پارتیی و یه‌کێتیی، جێ به‌جێ بکه‌ن، لانی که‌م له‌و وه‌زاره‌ت و شوێنانه‌ی که‌ ده‌درێت به‌مان له‌و حوکمه‌ته‌دا. ئیتر ناوی ئۆپۆزیسیۆن له‌خۆیان بکه‌نه‌وه‌ و سه‌ر له‌خه‌ڵکی نه‌شێوێنن و نه‌بنه‌ ڕێگر له‌به‌رده‌م خه‌ڵکدا، تا خه‌ڵکی بۆ داهاتوو له‌ پێکهێنانێکی ئۆپۆزیسیۆنێکی ڕاسته‌قینه‌ و کارامه‌دا که‌ خۆی له‌ کارخستن و نه‌مانی ده‌سته‌ڵاتی بنه‌ماڵه‌یی دا ده‌بینێته‌وه‌، ئه‌و خه‌ڵکه‌ش چه‌واشه‌ نه‌کرێت.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە