کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بەڵێ وێنەى بارزانى لەگەورەترین فرۆكەخانەى توركیا هەڵواسراوە ،وەڵامێك بۆ پارتیەكى ترسنۆك..

Saturday, 05/09/2009, 12:00


کوردستانپۆست : دیاره‌ ئیمه‌ له‌ پێشه‌کیدا سوپاسی کاک مه‌ریوان ده‌که‌ین بۆ ئه‌و روونکردنه‌وه‌ی ، به‌ڵام دیاره‌ که‌متر له‌ هاوه‌ڵه‌کانی له‌ نێو راگه‌یاندنی حزب زمانی زبری به‌کارده‌بات ، هه‌رچه‌نده‌ تووره‌یی پیوه‌ دیاره‌ که‌ نه‌ده‌بوو وا وه‌ڵام بداته‌وه‌..به‌ هه‌رحاڵ بوونی وێنه‌ی مه‌سعود له‌ فڕۆکه‌خانه‌ یا له‌ راره‌وی فرۆکه‌خانه‌ که‌ وه‌ک جه‌نابتان ئاماژه‌تان پێداوه‌ ، سه‌رکه‌وتن نییه‌ بۆ خودی مه‌سعود و بنه‌ماڵه‌که‌ی یا کاریکی ئه‌وه‌نده‌ پۆزه‌تیڤ نییه‌ حساباتی ستراتیژی نه‌ته‌وه‌یه‌کی له‌سه‌ر دابرێژرێت ، به‌ڵکو ئه‌وه‌ی جه‌نابتان وه‌ک به‌ڵگه‌ نیشانی ده‌ده‌ن ، به‌ڵگه‌یه‌ بۆ ئه‌وه‌ی که‌ مه‌سعود وه‌ک هه‌ر سه‌ره‌ک یا به‌رێوه‌به‌رێکی گشتی کۆمپانیایه‌ک  وێنه‌ی هه‌ڵده‌واسرێت ، مه‌سعودیش له‌ کۆمپانیاکه‌ی خۆی که‌ زاگرۆز جێته‌ ره‌سمی هه‌ڵواسراوه‌ که‌ ئه‌مه‌ش به‌ڵگه‌یه‌کی مۆرداره‌ بۆ خاوه‌ن موڵکیتی ئه‌و کۆمپانیایه‌ له‌ لایه‌ن مه‌سعود که‌ پێمانوایه‌ کارێکی زێده‌باشتان کرد ئه‌م راستییه‌ به‌ڵگه‌داره‌تان ئاشکراکرد.. ماوه‌ته‌وه‌ بپرسین مه‌سعود سه‌رۆکی ته‌زویری کوردستان به‌ پاره‌ و بوودجه‌ی کێ کۆمپابنیایه‌کی خاوه‌ن چه‌ند فڕۆکه‌ی دامه‌زراندووه‌؟ ئه‌م پرسیاره‌ و سه‌دان پرسیاری دیکه‌ له‌ نێو هه‌ناوی ئه‌و هه‌واڵه‌ به‌ڵگه‌داره‌تان سه‌ر ده‌ردێنیت که‌ ئێمه‌ ته‌نها به‌وه‌نده‌ واز ده‌هێنین و خوێنه‌رانیش به‌ پارتییه‌که‌ی لای خۆشمان که‌ به‌رێز مه‌ریوان ناوی ناوه‌ پارتییه‌کی ترسنۆک ده‌ڵیین؛ تا پێتان ده‌کرێت با له‌سه‌ر ئه‌م بابه‌ته‌ ریپۆرتاژ و شیکرنه‌وه‌ی له‌سه‌ر بنووسین ، چونکه‌ ئه‌و به‌ڵگه‌ی کاک مه‌ریوان داویه‌ته‌ده‌ست دیاره‌ به‌ڵگه‌یه‌کی حاشاهه‌ڵنه‌گره‌ که‌ بنه‌ماڵه‌ی بارزانی ئاسمانیسیان داگیر کرد ، چونکه‌ که‌س نه‌ماوه‌ له‌ کوردستان ئه‌و راستییه‌ نه‌زانێت که‌ ژێرزه‌مین و سه‌رزه‌مینیان هه‌مووی تاڵانکرد ، وا نۆره‌ی هاسمانیش هات.
فه‌رموون له‌ گه‌ڵ روونکردنه‌وه‌که‌ی کاک مه‌ریوان :
لەسایتى كوردستان پۆست كەسێك بەناوى(پارتیەك)بەدواداچونێكى لەسەر هەواڵێكى من لەرۆژنامەى خەبات كردوە كەتایبەتە بەبوونى وێنەیەكى مسعود بارزانى لەفرۆكەخانەى ئەستەمبوڵ و ئەم هەواڵە بەهەڵبەستراو دەزانێت، ئەم كەسە رەنگە پارتى بێت بەڵام هەر لەشێواز و ئاستى نزمى نوسینەكەیدا پێدەچێت پارتیەكى ئێجگار ترسنۆك و داخ لەدڵ بێت،هەستیش دەكەم كێشەى هەیە لەگەڵ هەندێ بەرپرسانى راگەیاندنى پارتیدا ،چونكە رەتكردنەوەى هەواڵەكەى من شتێكى ئەوەندە گەورە نیە تا ئەم (پارتیە)ئەوەندە لەخۆى بترسێت و ناوى خۆى بڵاو نەكاتەوە هەروەها مەبەستى من لەهەواڵەكە سەرسورمانم بووە لەبوونى وێنەیەكى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەكاتێكدا كە حەساسیەتى بەپرسانى توركیا لەمەسەلەى كورد و بەتایبەتیش تێروانینیان بۆ مەسعود بارزانى سەرۆكى هەرێمى كوردستان لەلاى هەموان زانراوە،بەڵام رەنگە ئەو برادەرە یەكێك بێت لەو پارتیانەى كە بەرژەوەندى مادى و مەحسوبیەت كردبێتیە پارتى و رەنگە سەردەمانێكیش هەوڵى خۆدەرخستن و خۆبردنەپێشەوەى دابێت،ئەگینا ئەو هەواڵەى من ئامادەم كردوە چ شتێكى تێدایە تا من بمەوێت گرنگیم پێبدرێت یاخود ئەوە چ گرنگیەكى تێدایە بۆ پارتى و سەرۆكى هەرێم كاك مسعود بارزانى كە وێنەى لەتوركیا هەڵواسرابێت یان نا؟ لەكاتێكدا مسعود بارزانى لەكۆشكى سپى ئەمریكا و باڵاترین نێوەندە سیاسیەكانى جیهان وەك سەرۆكى هەرێم مامەڵەى لەگەڵدا دەكرێت؟
ئەوەى پەیوەندى بەئامادەكارى ئەو هەواڵەشەوە هەبێت، هەموو خەڵكى كوردستان دەزانێت(مەریوان نەقشبەندى)كێیە و میسداقیەتى هەواڵ و بابەتەكانیشى لەچ ئاستێكدایە ؟هەروەها هەموان دەزانن كە 13ساڵە لەبوارى راگەیاندن ئیش دەكەم و ئەندامى سەندیكاى رۆژنامەنوسانى كوردستان و فیدراسیۆنى نێودەوڵەتى رۆژنامەنوسانم و بەهەزاران هەواڵ و بابەتى رۆژنامەوانى و هەزاران لێدوانم بۆ كەناڵەكانى راگەیاندنى عەرەبى و كوردى داوە و هەرگیز لەگەڵ سیاسەتى بەشان و باڵ هەڵدان نەبووم و باجى ئەوەشم داوە ،كەسێكیش نیم تازە هاتبمە بوارى راگەیاندن تا پێویستم بەناودەركردن بێت هەروەها لەژیانمدا بەتەماى وەرگرتنى پۆست و پایەى حزبى نەبووم و هیچ كارێكیشم بەسەرۆك بارزانى یان هەر بەرپرسێكى دیكەى ئەم وڵاتە نەبوە و نیە تا هەواڵیان بۆ دروست بكەم،بەڵام خۆشحاڵ دەبم ناوى كورد یان هەر سەركردەیەكى كورد لەنێوەندە نێودەوڵەتیەكاندا وێنە و ناوى هەبێت ،بەتایبەتیش ئەگەر ئەو وێنەیە لەفرۆكەخانەیەكى توركیا و بەناوى(ئەتاتورك)یش بێت ،
دەمەوێ ئەو راستیەش بخەمەروو كە سەفەرى توركیام لەسەر داواى تەلەفزیۆنى(TRT6)ى سەر بەحكومەتى توركیا بووە و بەشەخسى دەعوەت كرابووم و هیچ لایەنێكى حزبى یان حكومى لەكوردستان ئاگایان لێنیە و سەفەرى بۆ رێكنەخستبووم و تەنانەت خەرجى سەفەرەكەشم هیچ پەیوەندیەكى بەهەرێمى كوردستانەوە نەبوە،بەواتایەكى دیكە لەم سەفەرەمدا بۆ توركیا تەنها لەكارى خۆم لەرۆژنامەى خەبات (3)مۆڵەتى ئاساییم وەرگرتبو و رۆژنامەى خەبات و ئیعلامى پارتى ئاگایان لەو داوەتە نەبووە كە لەتوركیاوە بۆ من هاتبوو،ئەمانە هەموو دەیسەلمێنێت كە ئەو هەواڵەى من لەتوركیاوە بۆ رۆژنامەى خەبات و راگەیاندنى پارتى رەوانەم كردوە،لەهەموو ئەوانەش سەیرتر ئەو پارتیە ترسنۆكە لە(كوردستان پۆست) نوسیوێتى رێگە نادەن هیچ سەركردەیەك یان كەسایەتیەكى سیاسى لەو فرۆكەخانە وێنەى هەڵبواسرێت، (باشە ئەكرێت پێمان بڵێیت ئەم زانیاریەت لەكوێ وەرگرت؟!)لەكاتێكدا من رێگەم پێنەدرا لەو فرۆكەخانیەدا كامێراكەم دەرهێنم و وێنەیەكى ئەو تابلۆیە بگرم ،
من دوبارەى دەكەمەوە كە وێنەى سەرۆك بارزانیم بەچاوى خۆم بەتابلۆیەكى گەورەى رێرەوى ئەو فرۆكەخانەیەى توركیا بینى و رێرەوەكەش هەر راستەوخۆ دواى چونە ناو فرۆكەخانە دێت كە فرۆكەكانى كۆمپانیاى (ئەتڵەس جێت)ى تایبەت بەگەشتى ئاسمانى نێوان هەولێر و ئەستەمبوڵ گەشتیارانى بۆ دەگوازنەوە ،هەر لەدواى یەكەم پشكنین لەو فرۆكەخانەیە رێرەوێكى درێژ و سەرەكى تێدایە كە لەهێڵى نێودەوڵەتیەوە بەرەو هێڵى ناوخۆیى ناو فرۆكەخانەكە دەروات لەدەستى چەپ وێنەى سەرۆك مسعود بارزانى هەڵواسرابوو لەناو تابلۆیەكدا ونوسینێكى توركیشى لەپاڵدا نوسرابوو،هەر لەوێشدا سەرنجى كەسایەتى ناسراوى شارى هەولێر كاك (عوسمان رەشاد موفتى)م بۆ ئەم وێنەیە راكێشا كە لەم سەفەرەدا یاوەرم بوو ، سەرسورمانى خۆمم لەهەڵواسینى ئەو وێنەیە دەربرى، دەمەوێ ئەوەش زیاد بكەم كە لەو بەرنامەیەى تەلەفزیۆنى (TRT6)كەتایبەت بوو بەرەوشى ئاینى كوردستان و مانگى رەمەزان ،پێشكەشكارى بەرنامەكە چەندین جار ناوى سەرۆك بارزانى هێنا و تەنانەت بەرنامەیەكى تۆماركراوى پێشویان لەسەر(CD)یەك بەدیارى پێشكەش كردم كە تایبەتە بەژیان و خەباتى بارزانى و چەندین جار لێدوان و وێنەى سەرۆك مسعود بارزانیشى بەجلى كوردیەوە تێدا بڵاوكراوەتەوە و ئێستا ئەو(CD)یەم لەلایە و ئەمانەش هەمووى ئاماژەن بۆ گۆرانكارى لەسیاسەتى حكومەتى توركیا و مەبەستى سەرەكى منیش لەئامادەكردن و ناردنى ئەو هەواڵە كە ئەو پارتیە ترسنۆكەى نیگەران كردوە هەر ئەمەیە .
[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست


چەند بابەتێکی پێشتری نووسەر




کۆمێنت بنووسە