خاڵم مرد...
Sunday, 13/10/2013, 12:00
2475 بینراوە
خاڵم ناوی کەریم عەبدوڵا ئەمین بوو ئەمڕۆ دوای نوێژی عەسر کۆچی دوایی کرد، تا ئێستاش بۆ منی خوشەکەزای نادیارە خاڵم خەڵکی کامە لەم گوندانە بوو لە شارباژێڕ (نۆرەباب یان زێوێی پشتی چوارتا یان گوندی قۆخی) خاڵم لەبەر دەستکورتی دەبێتە پۆلیس لەدەسپێکی ئەوەی ناویان لێناوە شۆڕشی ئەیلوول دەکرێتە ئەندامی پارتی زۆر جار بەخاڵمم دەووت خاڵە گیان پەیڕەوی ناوخۆی پارتیم بۆ باس بکە بە بزەیەکەوە دەی ووت من پارتی نیم من (مەلایم) ماڵی مەلا مستەفا پێم بڵێن بمرە دەمرم ، خاڵم بەدرێژایی پارتی بوونی لە هەر مەخفەرێکی پۆلیسی ناوچەیەکی کوردستان بوایە کە پارتی فەرمانی پێ بکردایە تفەنگێکی دەفڕاندو دەچوە شاخ ئەو خاڵە هەژارەم هەموو جۆرەکانی تفەنگی بۆ ماڵی مەلامستەفا فڕاند هەر لە تفەنگی ١١ تیرەوە تا ماهیڕ و بڕنەوەی درێژو کورت و سیمینۆف وبڕنەوەی وەسەت و غەدارە. لە ساڵی١٩٧٤دا کەمفاوەزاتەکەی مەلا مستەفا و دەوڵەتی عێراق تێکچوو خاڵم بەخۆی و سیمینۆفێکەوە پەیوەندی کرد بەو هێزەی ناویان لێ نابوو (هێزی پێشمەرگە) خاڵم لەهێزی ڕزگاریدا ڕێک دەخرێت ئەو هێزەی کەناویان لێ نابوو هێزی پۆلیسەکان ،خاڵم بەدرێژایی پارتی بوونی و و ژیانی پێشمەرگایەتیشی هیچ پۆستێکی نەدی تەنانەت هەرە نزمە پۆستەکەش کە پارتی لە پۆلێنکردنی کاری سەربازیدا ناویان لێ نابوو (سەرچڵ) . ساڵی ١٩٧٤ باوکم من و خوشکێکمی گەیاندە گوندی (قۆخی) خاڵم جارێکیان بە ئیجازە هاتەوە جلەکانیت بخستایە دەمی مارەوە یەکسەر دەمرد هێندە چڵکن و پیس بوو بەخاڵمم ووت خاڵە ئەوە بۆ سیمینۆفەکەت ژەنگی هەڵهێناوە لەوەڵامدا ووتی ئامر هێزەکەمان ڕۆنی چەورکردنی تفەنگەکانی لە گاڵۆندا ناردۆتەوە بۆ سلێمانی و فرۆشتوویەتی بەدوکانی سەڕاجەکان.
خاڵم لەژیانی پۆلیسیدا هەر عەریفێکی ٣ خەت بوو لەبەر ئەوەی هەرکاتێک پارتی ئەمری پێ کردوە تفەنگێکی بۆ پارتی بردووە تا مردیش نەبووەخاوەنی پلەی ڕەئیس عورەفا، خاڵم وەک هەر پێشمەرگەیەکی قووربانی دەستی ماڵی بارزانی لەئاش بەتاڵەکەی ساڵی ١٩٧٥ تەسلیم دەبێتەوە بەڵام خاڵم لەجیاتی چەکە سیمینۆفەکەی شانی کۆنترین و ژەنگاویترین بڕنەوی درێژ تەسلیم دەکاتەوە.
خاڵم وەک هەر کەسێکی تر دوای ئاشبەتاڵەکە دەکرێتەوە بە پۆلیس و ڕەوانەی شارۆچکەی ئەسکەندەریەو مەحموودیەی نزیک بەشاری بەغدادی دەکەن وەک سوکایەتی پێکردن بە پێشمەرگە بەعس دەیکات بە حەرەسی بەردەرگای نادی و مەلهاکان کەچی هەر لەو کاتەدا بنەماڵەی بارزانی لە کەرەجی تاراندا لە ڕاقی ترین خانوودا نیشتەجێ دەکرێن وەک ئەوەی نە بایان دی بێت نە باران.
خاڵم حەماڵی کرد نەمام فرۆشی کرد بە سەرمای چلەی زستان بەقرچەقرچی هاوین بەعەرەبانەیەکەوە کۆڵانی شاری سلێمانی نەما هاواری تیا نەکات وەرن کەوەرتان بەمێ کەوەری گەڵا پان ، وەرن بۆ کەرەوز، وەرن بۆ سڵقی ناسک ، وەرن بۆ نێرکەپیاز بۆ کەلانە ، وەرن بۆ توور بۆ کوزەڵە ، وەرن بۆ شیووت ، وەرن بۆ تەڕەتیزەی جوان وتازە ،وەرن بۆ تەرخوون بۆ زەڵاتە ، وەرن باینجانتان بەمێ بۆ یاپراخ ، وەرن بۆ خەیاری گوڵ بەدەم خاڵم هەتامردیش ئەودەزگایەی ناوی دەزگای شۆڕشی ئەیلوولە تەنها بە ٢٥٠ هەزاری بریمەری خانەنشینیان کرد لەپرسەکەشیدا نەنوێنەری بارزانی بوونی هەبوو نەلەڕاگەیاندنەکانی پارتیشەوە هەواڵی کۆچی دوایی (کەریم عەبدوڵا ئەمین) بڵاوکرایەوە.
خاڵم هێندە ئالوودەی ماڵی بارزانی بوو ئاخر کوڕی ناونا (ئیدریس) خاڵم لەهەموو ژیانیدا کرێچی بوو خاڵە بەناو پێشمەرگەکەم لەدواڕۆژەکانیدا لەخانوودا نەمرد بەڵکو لە ژێر زەمینێکی کرێدا ئاخر هەناسەی دا خاڵم مرد ئەوەی بەجێی هێشت تەنها کارتی خانەنشینەکەیەتی.