نەقیبی هونەرمەدان و جەلال پەرێشان یەک ڕایان هەیە
Saturday, 24/01/2015, 12:00
2128 بینراوە
ئەبێ هەموومان دەست نوێژمان هەبێ ئەوسا باسی .... بکەین.
هەرچەندە وام نیاز بوو ئەم نامەیە و ئەم وەڵامە نەدەمەوە، بەڵام بەناچاری و پاش ئەوەی جەنابی نەقیبی هونەرمەندانم بینی لەبەرنامەی گەرماو گەرمی کەناڵی گەلی کوردستان و بەو شێوەیەی کە زۆر بە جەرگانە پارێزەری لە هونەرمەند کاک عەدنان کەریم دەکرد و گاڵتەشی بە پەرلەمانتارەکان دەکرد کە دەبێت دەست نوێژیان هەبێت ئەوسا باسی کاک عەدنان بکەن.
من نازانم ڕای کاک عەدنان چیە لەسەر ئەم وتەیە، بەڵام ئەوەندەی من لە هونەر گەشتبم و لە هونەرمەندانیشەوە نزیک بم، دەزانم کە هونەری کوردی جارێ نەگەشتۆتە ئەوەی کە دەست نوێژ بگرین تاکو باسی هونەرمەندەکانمان بکەین.
وابزانم بەسیشە ئەم قەوانەی کە سیاسیەکان و جەنابتان بەکاری دێنن، کەس لەسەرو ئەوە نیە قسەی لەسەر نەکرێت، بەڵێ کەس نابێت بریندار بکرێت، درۆی بەناوەوە بکرێت، بەلام کە ڕاستیەکی حاشا هەڵنەگر دێتە پێشی باشتر وایە هەموومان بە سنگی فراوان وەر بگرین.
نازانم بەڕێزتان ئەم قسانە لەکوێ دێنن کە گوایا ئەگەر هونەرمەندانی ئێمە لەدەرەوە بوونایە دونیایەک پارەیان دەبوو.
بەڕێزم ئەو هونەرمەندانەی جەنابت باسیان دەکەیت زۆربەیان لە دەرەوە بوون و نەیان توانیوە تەنانەت تیپێکی هونەری خۆیان هەبێت، بگرە ئەو تیپانەشی کە هەبووە کە تەنها ٤ یان ٥ کەس بوون وەکو تیپی بابان ئەوانیش وەکو حیزبە سیاسیەکان لەت لەت بوون و تەنانەت وەکو ڕێزلێنانیش ناتوانین کۆیان بکەینەوە، لە هەموو ئەوروپادا تیپی ئاگری زیندوو هەبوو لەکاک عەدنان بپرسە چیان لێهات. لەکوردستانیش تیپی سلێمانی و هەولێر یان تیپی سەهەند، کوان چیان لێهات، بەرهەمی هونەریان کوا؟
لەگەڵ ڕێزو حورمەتم بۆ تەواوی ئەندامانی ئەم تیپانە من هیچ مەبەستم شەخسی نیە، بەلام لە وڵاتێکدا لەبەر نەبوونی تیپێکی هونەری تەنانەت خودی کاک عەدنان ڕووی کردە ئێران و لەگەل کامکاراندا کار دەکات، ئەویش ئەگەر بەردەوامی هەبێت.
پرسیاری من ئەوەیە لە نەقیبی هونەرمەندان، جەنابت ئەوەندەی خەمخۆری مافی هونەرمەندانی، ئەگەر نیو ئەوەندەش لێت بپرسینایەتەوە بۆ کاری هونەری، هیچ نەبێ کەمێ باشتر دەبووین لەوەی ئێستا تیایداین.
ڕەنگە هەبێ بپرسێ لەچیداین؟ ئەوەی ئەمڕۆ هونەری کوردی تیادایە (هیچ و هەر هیچ). هەموو هونەر بووە بەوەی تیپەکان هەڵوەشاونەتەوەو ئەندامەکان بەتاک کار دەکەن و خواخوایانە لە زۆرترین جێگا کار بکەن تاکو زۆرترین پارەیان دەست بکەوێت.
ڕەنگە ئەم وتانەی من هەندێکی کەم نەگرێتەوە بەڵام ئەوە مەسەلەکە باشتر ناکات.
کاکە ئێمە دەبێت ڕاستگۆ بین لەگەڵ یەکتری تاکو بتوانین هونەر بخولقێنین، تاکو بتوانین هونەرمان بگەیەنینە ئاستێک کە جەماوەری هەبێت. بەڵام کاتێ کە هونەر خۆی بوونی هێندە لاواز بێت ئیدی جەماوەری چی؟
پێم ناڵێی کوا کاری هونەری، خۆ کاری دەستە جەمعی هەر نایبینی. هەموو هونەرمەندان بوون بەتاکو هەر کەسەو بەدوای شتێکەوەیە. بۆ دەبێت کە کەسێک ڕاستی خۆمان پێ دەڵێت پێمان ناخۆش بێت.
ئەی وا نیە ، ئەی کاک عەدنان ئەو پارەیەی وەرنەگرتووە، ئیتر بۆ دەبێت باسیش نەکرێت، خۆ ئەگەر حەقە ئەوە با هەر قسەبکەن، ئەگەریش ناحەقیە ، با بڵێین ناحەقیە.
ئەی ئەگەر جەنابت ئەوەندە حەقانیت و مافی کاک عەدنانت دەوێ ، ئەی بۆ کاتێ مامۆستا نامدار بە خۆی و کۆنسێرتیکی هونەری گەڕایەوە ، تەنها داوای ئەوەی لێکردیت ببرێتە کەناڵێ و باس بکرێ تاکو بزانرێ چی کراوە لە هەندەران ، ئەی بۆ خۆت لێدزیەوەو پاش ساڵێ کە زانیت گەڕاوەتەوە هٶڵەندا هەر تەلەفۆنێکیشت بۆ نەکرد، تۆ ئەوەندە دڵسۆزی هونەری کوردیت و دەڵێیت دەبێت هونەرمەندان حەقی خۆیانوەربگرن ، ئەی بۆ تەنها بڵاوکردنەوەی کارێکی هونەریشت بە ڕەوا نەبینی.
بۆ زانیاری هەموان: مامۆستا نامدار قەردەداخی لەبەر ئەوەی داوای پارچە زەوی نەکردووەو ناشی کات، لەبەر ئەوەی مامۆستا نامدار خۆبەخشانە کاری هونەری دەکات و دەیکاتە دیاری هەموو کورد، ئەو بەڕێزانە بەرهەمەکەی نەک لێوەرناگرن بگرە خۆشیان لێدەدزنەوە، کەچی جەنابی نەقیبی هونەرمەندان خەریک بوو دەخنکا کاتێ دیفاعی لە هونەرمەندان دەکرد لەیادی هەڵەبجە.
مامۆستا نامدار کێیە؟
هونەرمەندێک کە مامۆستات بووەو ئەو فێری مۆسیقای کردیت، ئەو فێری سروودی ئەی شەهیدان و من پێشمەرگەی کوردستانمی کردیت لە تیپی منداڵێنی بێخوود لەسەردەمێکدا کە هەموو شتێ گرنگ بوو لەهونەردا تەنها پارە گرنگ نەبوو، کەچی کاتێک هاتەوە نەک وەکو قوتابیەکی دڵسۆز بگرە وەکو نەقیبی هونەرمەندانیش ئامادە نەبوویت بەرژەوەندی خۆت بخەیتە مەترسیەوەو بەدەنگی بەرز ئەو دیفاعەی لە کاک عەدنانی دەکەیت ، نیوەی ئەوەت بۆ ئەو بکردایە، بەداخەوە.
نازانم هونەری کوردی و هونەرمەندانی کورد چۆن دەبینیت، ئەو هونەرەی کە لەیادی هەڵەبجەدا نرخی لەسەر دابنرێ و هونەرمەندەکەش وەری بگرێت ، چۆن هونەرێەکە.
لەکاتێکدا هەتا ئەمڕۆش هە رهونەرمەندێ ئەگەر یەک سانیە بچێتە هەڵەبجە دەزانێ کە شەرمە بەشداری بکات لە یادێکدا کە تیایدا چەندین ملیۆن دۆلار دەدزرێت و لەکاتێکدا خەڵکەکەی چۆن دەژین.
برای بەڕێزم کاک نەقیبی هونەرمەندان، حەز ئەکەم پێت بڵێم بەبێ شەرمکردن و بەبێ شکاندنی کەسیش، بەڵێ هونەرمەندی کورد نابێت پارە لە یادی هەڵەبجەدا وەربگرێت، ئەگەر وەریشی گرت دەبێ لانی کەم بیکاتەوە پڕۆژە بۆ هەڵەبجە و بۆ منداڵانی هەتیوی هەڵەبجە.
ئەگەر هونەرمەندێک نەزانێت 40000 دۆلار خوێنی شەهیدانی هەڵەبجەیەو لانی کەمی ئەرکی سەرشانی هونەرمەندان ئەوەیە هەڵەبجە بکاتە نموونەیەک و هەموو ساڵێ لەو یادەدا خۆبەخشانە کار بکات، چۆن هونەرمەندێکە.
دەنا بەڵێ ڕاستە هونەرمەندیش مرۆڤەو دەبێ بژی، ئەی ئەوە نیە زۆربەیان لە ڕێگای جەنابتەوە پارچە زەویان وەرگرت، مەعاشیان بۆ بڕاوەتەوە، لەدەیان شوێنی هونەری کار دەکەن، بەڵام ڕاستیەکەی ئەوەیە کە بەداخەوە تێر نابن و هەر داوا دەکەن. لای ئەوانە وادەزانن دونیا کۆتا نایەت، ئەشی دەنەوە بەجاوماندا کە ٢٣ ساڵە یادی هەڵەبجە بە خۆبەخشانە دەکەنەوە، ئای کە سەیرە
کاکی نەقیبی هونەرمەندان ، بۆ لەخۆت ناپرسیت، کامەیە بەرهەمی هونەری، کوا کۆنسێرتەکانتان، کوا تیپە هونەریەکانتان، دەبوو لە نەورۆزەکاندا کە تاقە یادی کوردیە شەقامەکانتان هەمووی بکردایە بە مۆسیقا، بە کاری هونەری، بەڵام ئێوە وەها فێرکراون کە پێش ئەوەی کاری هونەری بکەن دەبێت پارەکەتان وەربگرن و ئەوساش خوا کەریمە، ئەمەش هەر قەیناکەو عافێتان بێت، بەڵام توخوا لەیادی هەڵەبجەدا نا، ئاخر ناکرێت بریندارانی هەڵەبجە ئێستاش چارەسەر نەکرێن و هونەرمەندیش لەسەر یادی ئەوان پارە وەربگرێت و هێشتا پێشی ناخۆش بێت باسی بکرێت.
بەر لە کۆتایش دەمەوێ ئەوە بە جەنابتان و سەرجەم هاولاتیانی کورد بڵێم، کە سەرەڕای هەموو هیلاکی و کاری پرۆفیشۆناڵی ئێوەی هونەرمەند، هەر ناکاتە ئەوەی بۆ گۆرانیەک 40000 یان 72000 دۆلار وەربگیرێت ، چوونکە زۆر زۆرە.
هیوادارم ڕۆژێ بێت ، هونەرمەند وەهای لێ بێت خۆی خۆی بژیەنێت و چاوەڕێی دەستی کەس نەبێت.
هیوادارم کاری هونەری هێندە زۆر بێت کە هەفتانە خەڵکی کوردستانەکەم خوو بدەنە ڕۆشتن بۆ کاری هونەری.
بژی هونەری کوردی ڕاستەقینە.