سیخورمەیەك بۆ سەرنووسەرى گۆڤارى سیخورمە
Tuesday, 22/01/2013, 12:00
سلێمانى مەشهورە بەگاڵتەوگەپ و قسەى خۆش و نوكتە و پێكەنین،خاوەنى چەندان كەسایەتى بلیمەت و خاوەن بەهرەیە، چەندانى وەكو ئەحەى كڕنو، خاله رهجهب و هتد.. تێدا ههڵکهوتووه، ناوهکان ئهوهنده زۆرن دهتوانم بڵێ زۆربهی سلێمانییهکان بهوه بهناوبانگن، تهنانهت کهسانی بهناوبانگی وهکو شێخ مەحمودى نەمر و و پیرەمێردى نەمر لەوبوارەدا تەواو ناسراوبوون، ئێستاشى لەگەڵدا بێت لەبوارى نوكتەو تەنز و گاڵتەوگەپدا سلێمانى لەپلەى یەكەمدایە، هەمیشە و بەردەوام خەڵك ود انیشتوانى تازەترین و خۆشترین نوكتە و بەسەرهاتى پێكەنیناویان لایە..
گۆڤارى سیخورمەش جوانترن و باشترین دیارى شارى سلێمانى بوو ، بۆ هەموو ئەو كەسانەى كە كەیفیان بە قسەى خۆش و تەنز و كاریكاتێر دەهات ، سیخورمە تاماوەیەكى باش توانى برەو بەو شێوازە بدات، خوێنەرێكى باش بۆ خۆى پەیدا بكات. بەڵام بەتێپەڕبوونى كات و دەركەوتنى ململانێ و كێبرَكێكانى ناو لایەنە سیاسییەكان، ئەویش بوو بە تەرەفگیر و بە سیاسەتى هەندێك كەس و لایەن بارگاوى بوو، لەبەرژەوەندى و قازانجى كەسانێكى مەبەستدار خامەى تیژكردەوە، كە ئەوەش بۆخۆى گەورەترین گورزى كاریگەر بوو بەر ئەو گۆڤارە كەوتووه ، متمانەى لەدەست داوه، لە پاش ئەوە ئیدى خوێنەر و هەوادارى سنورداربوون، تەنها ئەوانە خۆشیان پێدەهات كە لایەنگر و مەیلدارى ئەو حیزبە بوون كە لە پشت پەردەوە هاوكارى دەكردن. ئەگەر بهاتایە ئەو گۆڤارە بێ لایەن و هەق بێژ بوایە و بەشێوە زمانەكەى خۆى عەیب و عار و نوقسانى دەسەڵاتى بەبێ فەرق و جیاوازى بخستایەتە روو، بەهەقەت دەبووە دەسەڵاتى چوارەم و جێگەى متمانەى خەڵك و پڕ خۆێنەرترین گۆڤار دەبوو.
ئەوەى كە ئێستا پتر من و زۆرێك لە خوێنەرانى ئەو گۆڤارەى نیگەران كردوە، جیاوازى نێوان كردار و گوفتارى سەرنوسەرەكەیەتى، ئەو بەهەموو شێوەیەك لەسەر ناڕەوایى و گەندەڵى و ناهەقى و دیاردە دزێوەكان شت بڵاو دەكاتەوە، بەڵام بۆخ ۆى لێوان لێوە لەو دیاردە نارەِوایانە، رۆژێك لایەنگرى كۆسرەتە، رۆژێك تەكلیف لە نەوشیروان دەكات بۆ ئەندامى ئەنجومەنى پارێزگا بیپاڵێوێت ، رۆژێكیش هانا بۆ هێرۆ تاڵەبانى دەهێنێت كە بیكات بە بەڕێوەبەرو بەرپرسى نووسەران، خاوەنى پێنج بۆ شەش مووچەى قەبە و زلە، خاوەنى چەندان ئوتومبێل و خانوو دۆنمە زەوییه، دەزگاى تایبەتى راگەیاندنە، كە بەشى زۆریان بە ناڕەوا و ناهەقى وەریگرتوە، سەرجەم ئەندامانى خێزانى كردووە بە كاربەدەست و موچەخۆرى بێدەوام، مانگانە بڕێكى زۆر پارە وەردەگرن ، زۆربەیان بەناڕەوا و ناهەقى پێیان دەدرێت.. ئەگەر بێت و باسى گەندەڵیەكانى ئەو زاتە بكەم و بیخەمە روو ئەوا لێتان مەعلوم ئەبێت كە ناوبراو چ كەسێكە.
سیخورمەو بەرنامەى بەرنامەشى كردووە بە سەنگەرێك بۆ پەردەپۆشكردنى ناهەقی و گەندەڵییەكانى خۆى ، لەلایەكى دیكەوە وەك شوێن و پەناگەیەك بۆ وەڵام دانەوە و پلار هاویشتن لە و كەسانەى كە رقى لێیانە، یان رەخنەى لێدەگرن ، یان بۆ دژایەتیكردنى ئەو كەسانەى كە كار و پرۆژەى لەو باشتر لەو ئەنجام دەدەن.
نامەوێت لێرەدا زۆر باسى سەرنووسەر و كارەکانی بكەم ، ئەگەر خوا یاربێت و عومر باقى بێت، ئەوەیان هەڵدەگرم بۆ نووسینێكى دیكە، بەڵكو ئەوەى كە زیاتر مەبەستمە ئەمەوێت تیشكى بخەمە سەر، زیاتر قسەكردنە لەسەر پەیجى سیخورمە كە نازانم كێ سەرپەرشتى دەكات و بەڕێوەى دەبات، بەڵام هەرچى چۆنێك بێت هەر سەرنووسەرەكەى لێى بەرپرسیارە، چونكە بەرپرسى ئەوەل و ئەخیر هەر خۆیەتى، زۆرم لا سەیرە تەعەجوبم لەو پەیجە دێت كە بەردەوام خەریكى رەخنە و پلارو شكاندنى كەسایەتى و گاڵتەكردنە، بە بەرهەم و كار و ئیشى كەسانى هونەرمەند و نووسەران، كە ئەم دیاردەیە لاى سەرنوسەر بۆتە خوویەكى نا پەسەند و بەجۆرێك ددانى خێر بەهیچ هونەرمەند نووسەر، سیناریست شاعیر و... نانێت. ئەگەر تەماشاى پەیجەكە بكەن ئەوە بە روونى ئەو راستیەتان بۆ ئاشكرا دەبێت.
لەتازەترین رەخنە و گاڵتەكردنیشدا سەرودڵى ئەو دراما تازەیەى گرتوە (رۆژژمێرى شارێك) كە تازە لەكەناڵى كورد سات نمایش دەكرێت ، كردویەتى بەئامانج، سەیرەكە ئەوەیە هێشتا یەك ئەڵقەى دابەزیوە كەس نازانێت ئەنجام و ئاكامى بەچی دەگات، هێشتا كات زۆر ماوە بۆ رەخنەو تەعلیق و هەڵسەنگاندن، كەچى ئەو وەكو ئەوەى تەنەبوئى هەبێت و قاوە گرەوە و نوسترا دامۆس بێت، كەوتۆتە شكاندنى كەسایەتیەكان و گاڵتە كردن بەناوەرۆكى دراماكە دهکات، كەئەمەش بۆخۆى كارێكى باش نیە و من بە ڕەواى نازانم، پێش روداو بكەویت هەڵسەنگاندنى بۆ بكەیت. پێم وابێت ئەوە خاڵیكردنەوەى رق وقین و بوغزەیەتى لە بەرامبەر بێ بازاڕى كارەكانى خۆى بەنموونەى (بەرنامەى بەرنامە) كە ئەگەر سەرنج بدەین جگەلە یەك دوو هونەرمەند نەبێت كەسى بەدەور نەماوە، لەبەرامبەریشدا ئەو درامایە سەرجەم هونەرمەندە بەتوانا و دیارو ناسراوەكانى كورد وەكو (ئەحمەد سالار،عەبدولى حمە جوان، حمە على خان و....) زۆرێكى دیكە لەو زنجیرە درامایەدا رۆڵ دەبینن ، كە بەشى زۆریان خاوەنى نیو سەدە ئەزمونن لەكارى دراما و شانۆدا، هەروەها هەڵگرى بڕوانامەى بەرز و شایستەن، تۆ بڵێت ئەحمەد سالار و مامۆستا عەبدول و حمەعەلى خان و كامەران رەئوف و هاوڕێكانى بەئەندازەى دكتۆر لەو بوارەدا شارەزا نەبن، هەست نەكەن بە بەهێزى، یان لاوازى دراماكە کهوا رۆڵ دەبینن ؟
هیوادارم كە سەرنوسەر بەخۆیدا بچێتەوە، ئەو كەم وكوڕى و نارەوایەى لە دەوروبەر دەیبینێت لەخۆیدا زۆر بەزیاترەوە هەیە، پێم سەیرە بەڕێزى بچوكترین دیاردەى ناراست ئەبینێت و هەستى پێدەكات، دەیكات بە بابەت و دراما و نووسین، كەچى بەدەیان و سەدان دزێوى نارەوایى لەخۆیدا هەیەو و باسى ناكات و خۆى لێ كردوە بەكەڕەى شەربەت.
ئەمەش ئەدریسى بەیجەكەیەتى كە هیوادارم بۆ خۆتان بیخوینەوە بەچاوى خۆتان بیبینن و ئێوەش قەسەیەكتان هەبێت
http://www.facebook.com/sekhurma
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست