منداڵیيەك لەکاغەز
Friday, 04/07/2014, 12:00
1799 بینراوە
من خەڵکی وڵاتی چەقۆم
لەيەکێك لەگەڕەکە ژەنگاویيەکانی ترس،
کۆڵانێك لەملا شەڕ،
بەدەستی گوماندا،
لەسەختترين زيندانە تاريکەکانی شەرم
لەماڵێکی بێ دەرگای ئازادی و
پەنجەرەی هەڵهاتن،
چاوم بە ئازارکردەوەو
نيگام بەبارمتە پشکوت..
* * *
کات يانزەی وەهم بوو
بەکاتی ئەستێرە..
ڕەتڵێکی مابوو شەو ڕاشکێ،
هەناسەيەکی مابوو مانگ،
بتریبجێتە ئەو دیو سترێجی هەورەوە.
* * *
هێشتا مەفرەزە سەرەتايیيەکانی کات
بەهەورازی کاتژمێرە
سەختەکانی ئاسۆوە بوون،
مەرکانەکانيان پڕی بوو لەسەبر
ئاسۆيان لەئومێد
دڵيان لێوانلێوی شۆڕش..
* * *
لەوێوە بەشێکی مندالیم
لەکۆشی دايکمدا
بەدەم مژينی ساويلکەييەوە لێجێما.
بەشێکی لەسەردەمی شاخ
بروسکەی ناپاڵمێکی دڵرەق
هەتڕەشی برد.
بڕێکی لەکورسیيە بەرزەکانی لەيلوکی گوماندا،
دوای ئەوەی پەلکە زێرينە هەڵيفريواند،
نەهاتەوە ناوم.
بەشێکی لەترسی مامۆستا
ئەوەندە پەنجەی ئاقڵيم خستە سەر هەناسەی،
ئێوە خۆش.
بەشێکی لە دەرسی ست ملووک،
لەڕەهبەتی دۆزەخ و عەزابی قەبر زارەترەك بوو.
بەشێکی لەپاڕکەکانی ئازادی
لەساڵڕۆژی مندال بوو بەژێر قاچەوە.
هەندێک ئەنفال دەستی ڕەشی
لە گەردنی سپاتيان نا،
تا لەلينگە فرتێی خستن و
دەروی گڕوگاڵی خڕ لەسەر پێوەدان.
بەشێکی تۆپی مين
لەگێمی يەکەمی ياريدا
چوار پەلی داچاندن بەمردن و
دوو دارشەقی لەگريان نانە ژێر باڵ.
ئێستاش وان بەسەر جادەی سەدەمەوە
نوێترین پێڵاوی غوربەت بۆيە دەکەن.
تازەترين جۆری مەدەنيەت لەپێيان دەکا.
هه ندێك شەڕ بردنی
ئەو هات و لەسەر لا،
خۆی کرد بەبەرائەتياندا
هێندەی فوو لەجگەرەکەی،
لاشەيان کەوتە سەر بێدەنگی.
ئەوەندەی چاو هەڵبڕی
زريکەيان بەئاسمانەوە بوو بەخرخاڵ.
هات و هەتا ديقەت بڕکا
سەر کەوتە سەر
ئەو درەختە چاو سەوزانەی،
چڵی ڕۆحيان داهێشتبوو
بۆ ديلانێی خەياڵ.
هات و بەهەناسەيەك
گەيشتە هەموو کون و
قوژبنێکی ئاوەدانی.
دەستی بە هێلانەکانی
غەفڵەت گەيی و
بە کونفەیەکوونێک
هێلكەکانی دلنیایی
بەردانەوە سەر تورە بوون.
هەر هێندە تفێك هه ڵدەی
بۆ نێو چاوی مێژوو ،
پەڕی بە کۆترەکانەوە نەهێشت ،
بالی کوکوختی یەکانی کرد،
ئارامی پەپوولەی کردنە قەرەبرووت..
* * *
ئەوەتا مندالی
بەقاتێ ئازاری کون کون و،
دوو چاوی پڕ لەپرسيارەوە
چەندی خۆی بڵند کا،
ناگاتە ڕدێنی گەورەيی.
هەرچەندی خۆ بکوتێ
کورسيەکی بەر ناکەوێ
لە داسەکنان.
مخابن
لەترسی ترس
منداليمان ون و و گەورەييمان بزر،
گەورەييمان ون ومنداڵی
کون نيیە خۆی تێکا.
کەژال عەلی