ئه‌و دیوی ئه‌و مێژووه‌ی، که‌ مام جه‌لال باسی ده‌کات

Friday, 27/11/2009, 12:00


دوای چاوه‌ڕوانیه‌کی دوورو درێژ بۆ به‌ستنی کۆنگره‌ ، چه‌ند ڕۆژێک له‌مه‌وبه‌ر ، یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ، پلینۆمێکی دیکه‌شی به‌ست. ڕه‌نگه‌ له‌ ده‌رفه‌تێکی تردا له‌سه‌ر زۆر لایه‌نی ئه‌و پلینیۆمه‌ بنووسم ، به‌ڵام ئه‌وه‌ی له‌م نووسینه‌ کورته‌دا مه‌به‌ستمه‌ قسه‌ی له‌سه‌ر بکه‌م ، هێرش و تۆمه‌ته‌کانی مام جه‌لاله‌ بۆ سه‌ر کاک نۆشیروان . ئه‌وه‌ش ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئه‌گه‌ر مێژووی ئه‌و قۆناغه‌ نووسرایه‌وه‌ ، بادیوه‌که‌ی تریشی له‌به‌ر چاوان بێ .
له‌ ئاکامی ئه‌و شکسته‌ گه‌وره‌یه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مانی کوردستاندا به‌سه‌ر یه‌کێتی هات ، لۆژیک ئه‌وه‌ بوو ، هه‌رچه‌نده‌ جێی چاوه‌ڕوانیش نه‌بوو ، که‌ مام جه‌لال و زۆرێک له‌ ئه‌ندامه‌ باڵاده‌سته‌کانی ناو یه‌کێتی خۆیان به‌ به‌رپرسی ئه‌وشکسته‌ زانیباو ده‌ست له‌ کارکێشانه‌وه‌ی خۆیان ڕاگه‌یاندبا . کولتوری ژیانی ناو پارته‌ دیموکرات و سۆشیال دیموکراته‌کان وایه‌ ، ئه‌و کاراکته‌رانه‌ی ، له‌ پێش هه‌مووشیانه‌وه‌ سه‌رۆکی حزب ، له‌وێستگه‌یه‌کدا که‌ حزبه‌که‌یان تووشی نووچدان و شکست ده‌بێ ، ئه‌وان له‌باتی ئه‌وه‌ی پاکانه‌ بۆ ڕۆڵی خۆیان بکه‌ن و ئۆباڵه‌که‌ی بخه‌نه‌ ئه‌ستۆی ئه‌وانی دی ، به‌ جوورئه‌ته‌وه‌ به‌رپرسیاریه‌تی شکسته‌که‌ ده‌خه‌نه‌ ئه‌ستۆی خۆیان و ، به‌ حوورمه‌تیشه‌وه‌ ده‌ست له‌ به‌رپرسیاریه‌تی و له‌ پۆسته‌کانیان ده‌کێشنه‌وه‌ . له‌وێوه‌ ڕێگا بۆ ئه‌و کاراکته‌رانه‌ خۆش ده‌که‌ن بێنه‌ پێشه‌وه‌ که‌ ئومێدێکیان بۆ هه‌ستانه‌وه‌ی پارته‌که‌یان تێدا به‌دی ده‌کرێ . ئه‌و کاراکته‌رانه‌ی که‌ به‌رپرسیاریه‌تی ڕاسته‌وخۆی شکسته‌که‌یان له‌ ئه‌ستۆ دایه‌ و له‌ ژێر ڕابه‌رایه‌تی ئه‌واندا حزب گه‌یشتۆته‌ ئه‌و داچوونه‌ ، ناکرێ ببنه‌وه‌ به‌ فاکته‌ری هه‌ستانه‌وه‌ی حزبه‌که‌یان . ئاخر له‌ کوێ ، به‌ دارو په‌ردووی خانوویه‌کی داڕوخاو ، بینای باڵه‌خانیه‌کی تازه‌ هه‌ڵده‌چندرێ ! ئاخر یه‌کێتی چۆن ده‌توانێ به‌رنامه‌ی هه‌ستانه‌وه‌ داڕێژێ ، له‌کاتێکدا ئه‌وانه‌ی بانگه‌شه‌ی هه‌ستانه‌وه‌که‌ ده‌که‌ن ، هه‌رخۆیان سه‌رقافڵه‌ی شکسته‌که‌ بوون و هه‌ر خۆشیان ماکی زۆربه‌ی ده‌رده‌کانی یه‌کێتین ! ئه‌وانه‌ی که‌ ئێستا له‌ناو حزبدا جڵه‌و به‌ده‌ستن ، نه‌ک ئه‌وانه‌ی لێی ده‌رچوون ، سه‌رچاوه‌ی کێشه‌ قووڵه‌کانی یه‌کێتین . که‌چی مام جه‌لال دێ و له‌ پلینیۆمی یه‌کێتیدا ، له‌ نیوه‌ زیاتری ڕاپۆرته‌ سی و پێنچ ده‌قیقه‌ییه‌که‌ی ، بۆ تۆمه‌ت دانه‌ پاڵ کاک نۆشیروان و هێرش کردنه‌ سه‌ر بزووتنه‌وه‌ی گۆڕان ته‌رخان ده‌کا .
مام جه‌لال و کاک نۆشیروان بۆ چل ساڵێ هاوڕێ و هاوخه‌بات بوون . حه‌تمه‌ن خه‌لك كه‌ ئه‌و هه‌موو ساڵه‌ دوورو درێژانه‌ پێکه‌وه‌ کار بکه‌ن ، هه‌زاران شتی ووردو درشت ، ئاشکراو نهێنی ، ده‌بنه‌ مێژووی پێکه‌وه‌ گرێدانیان . خۆ ئه‌گه‌ر له‌ شوێنێکدا یان له‌ دووڕیانێکدا ئه‌و خه‌ڵکانه‌ لێکدابڕان ، ده‌بێ ئاکاری سیاسیان ڕێیان پێنه‌دا ، چاکه‌کان بۆ خۆیان بنووسن و خراپه‌کانیش له‌ ملی هاوڕێکانی دوێنێان بئاڵێنن . ئه‌گه‌ر وانه‌که‌ن ڕچه‌یه‌کی خراپ بۆ نه‌هێشتنی متمانه‌ی نێوان هاوخه‌باتان ده‌شکێنن و ده‌بێته‌ سه‌ره‌تایه‌کی ترسناکیش بۆ هه‌ڵته‌کاندنی متمانه‌ و کارێکی وا ده‌کات هه‌ر که‌سه‌ به‌ چاوی گوومان و ترسه‌وه‌ سه‌یری هاوسه‌نگه‌ره‌که‌ی بکا .
ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی مام جه‌لال سه‌باره‌ت به‌ قۆناخێکن که‌ به‌ درێژای ئه‌و قۆناخه‌و تا ئێستاش هه‌ر خۆی سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتیمانی بووه‌و ، بڕیار دان له‌ هه‌ر مه‌سه‌له‌یه‌کی گرنگدا ، یان زۆرجار نا گرینگیشدا هه‌ر بۆ مام جه‌لال گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ ؛
جا بڕیاره‌که‌ په‌یوه‌ندی به‌شه‌ڕه‌وه‌ هه‌بووبێ یان به‌ مفاوه‌زه‌و ئاشتیه‌وه‌ . به‌ڵام ئه‌وه‌ی جێی نیگه‌رانیه‌ ، له‌و ووتاره‌ی مام جه‌لالدا ، ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر بۆ دزێو کردنی وێنه‌ی کاک نۆشیروان و بۆ داپۆشینی هه‌قیقه‌ت و سۆنگه‌ی شکسته‌کانی یه‌کێتی ، هاتووه‌و خه‌تێکی ڕاست و چه‌پێ به‌سه‌ر به‌شێکی زۆر له‌ خه‌باتی یه‌کێتیدا هێناوه‌ . مام جه‌لال که‌ دێت شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌کانی نیوه‌ی دووه‌می هه‌فتاکان و نیوه‌ی یه‌که‌می هه‌شتاکان له‌ شه‌ڕی پشت ئاشاندا کۆده‌کاته‌وه‌و ، له‌وه‌ش زیاتر که‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌که‌ی ده‌خاته‌ ئه‌ستۆی کاک نۆشیروان . ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا شه‌ڕه‌ ناوخۆییه‌کانی ئه‌و ده‌ ساڵه‌ی یه‌کێتی دژ به‌ هێزه‌کانی تر ، میراتی و درێژ بوونه‌وه‌ی ناکۆکی و شه‌ڕه‌کانی شه‌سته‌کانی نێوان جه‌لالی مه‌لای بوو ، به‌ شکڵێکی وا شه‌ڕی ناوخۆ ببوه‌ په‌تایه‌کی قۆناغه‌که‌و هه‌موو یاریکه‌ره‌کانی سه‌ر گۆڕه‌پانی سیاسی کوردستانی گرتبووه‌وه‌ . ده‌کرێ لایه‌نێکی شه‌ڕی ناوخۆ له‌ لاێنێکی تر به‌رپرسیاریه‌تی زیاتری هه‌بووبێ له‌ هه‌ر یه‌ک له‌و شه‌ڕه‌ ناوخۆییانه‌دا ، به‌ڵام لایه‌نێک به‌ ته‌نها به‌رپرسیار نیه‌ و ، هه‌موو لایه‌نه‌کان هه‌ریه‌که‌و به‌گوێره‌ی خۆیان ، پشکی به‌رپرسیاریه‌تیان له‌و شه‌ڕانه‌دا هه‌بووه‌ . من پێم وایه‌ وه‌ک چۆن مام جه‌لال له‌و کۆبوونه‌وانه‌یدا که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ی ڕه‌وانه‌ی به‌ره‌ی جه‌نگی پشت ئاشان ده‌کرد ، هه‌وڵی ده‌دا ڕه‌وایی هه‌ڵوێستی یه‌کێتی و ناڕه‌وایی هه‌ڵوێستی ئه‌وانی دی بۆ پێشمه‌رگه‌کان ڕوونکاته‌وه‌و جۆش و خرۆٍشی ده‌دانه‌ به‌ر و داوای لێ ده‌کردن که‌ ده‌ستیان نه‌پارێزن و ڕه‌حم به‌و ........... نه‌که‌ن .
به‌ڵێ من پێم وایه‌ وه‌ک چۆن مام جه‌لال ئه‌وه‌ی کردوه‌ ، به‌ دووری نازانم که‌ سه‌رکرده‌ی حزب و هێزه‌کانی به‌رامبه‌ریش به‌هه‌مان ده‌ستوورو شێواز حه‌ماسه‌تی هێزه‌کانی خۆیان بۆ شه‌ڕی یه‌کێتی جووڵاندوه‌ . پێشم وایه‌ ئه‌وه‌نده‌ش به‌رپرسیاریه‌تیه‌که‌ به‌ر یه‌کێتی ده‌که‌وێ ، مام جه‌لال ، هه‌م به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی سکرتێری گشتی یه‌کێتی و فه‌رمانده‌ی گشتی هێزی پێشمه‌رگه‌ی کوردستانیش بووه‌و دوا ووشه‌و دوا بڕیار هه‌ر بۆ ئه‌و گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌و ، هه‌م به‌حوکمی ئه‌وه‌ش که‌ په‌تای ناکۆکیه‌کانی شه‌سته‌کان له‌ ڕێی ئه‌وه‌وه‌ بۆ ناو یه‌کێتی گوازراوه‌ته‌وه‌ ، بۆیه‌ مام جه‌لال له‌ به‌رپرسیاریه‌تیه‌که‌ی یه‌کێتیدا ، پشکی شێری به‌ر ده‌که‌وێ .
وێڕای ئه‌وه‌ش ، ئه‌و هه‌وڵه‌ی مام جه‌لال بۆ تۆمه‌تبار کردنی کاک نۆشیروان له‌و کێشه‌یه‌دا ، له‌ ده‌ره‌نجامدا ئیدانه‌ کردن و تۆمه‌تبارکردنی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستانه‌و ، پاکانه‌ کردنێکی ئاشکراشه‌ بۆ لایه‌نه‌کانی تری شه‌ڕی ناوخۆ و پاککردنه‌وه‌یانه‌ له‌ هه‌موو گوناهێکی شه‌ڕی ناوخۆ . که‌ ئه‌مه‌ش بۆ خۆی پیشاندانی دیوێکی نادروستی ئه‌و قۆناغه‌ی مێژووه‌ . هه‌ر له‌و به‌رنامه‌ی تۆمه‌تبارکردنه‌ی کاک نۆشیرواندا که‌ باس دێته‌ سه‌ر کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ، هه‌ر به‌ تۆمه‌تبا‌رکردنی یه‌کێتیه‌وه‌ ناوه‌ستێ و به‌ڵکو یه‌کێتی و هێزه‌کانی دی و هه‌موو کوردیش له‌ کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌دا خه‌تابار ده‌کا و ، له‌به‌رامبه‌ریشدا سه‌دام و ڕژێمه‌که‌ی بێگوناح . به‌ ووته‌ی مام جه‌لال بێ ، سه‌دام گوناهی نیه‌ چوونکه‌ پێشتر هۆشداری داوه‌ته‌ هێزه‌ کوردیه‌کان و پێی وتوون (له‌ هه‌ر چالاکیه‌کدا پاسدارتان له‌گه‌ڵ دابێ ، به‌ کیمیایی له‌و جێیه‌ ده‌ده‌ین) . به‌ قه‌ولی عه‌ره‌بیش (به‌خشراوه‌ ئه‌وه‌ی هۆشداریت ده‌داتێ) .
با‌ش بوو ئه‌م ڕاپۆرته‌ی مام جه‌لال زۆر دوای ده‌ست پێکردنی دادگایی کردنی سه‌رانی به‌عس هات له‌ کێشه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، ده‌نا دوور نه‌ده‌بوو که‌ پارێزه‌رانی تاوانبارانی که‌یسی هه‌ڵه‌بجه‌ ، ئه‌م ڕاپۆرته‌ی مام جه‌لالیان ، وه‌ک به‌ڵگه‌یه‌کی گرنگ بۆ بێگوناحی تۆمه‌تباران به‌کار هێنابا .
مام جه‌لال له‌ هه‌موان باشتر په‌یوه‌ندیه‌کانی نێوان یه‌کێتی و هێزه‌کانی تری ناو به‌ره‌ی کوردستانی له‌گه‌ڵ پاسداراندا ده‌زانێ . ده‌شزانێ زۆر پێش هه‌ڵه‌بجه‌ ، په‌یمانی ستراتیژی له‌ نێوانی یه‌کێتی و سوپای پاسدارانی ئێرانیدا ئیمزا کرابوو . ده‌شزانێ هه‌ر له‌ دوای ئاشتبوونه‌وه‌ی گشتیه‌وه‌ به‌رنامه‌ی کاری هاوبه‌شی به‌ره‌ی کوردستانی له‌گه‌ڵ سوپای پاسدارانی ئێرانیدا ده‌ستی پێکردبوو . هه‌ر له‌ ئه‌نجامی ئه‌وه‌شدا بوو که‌ زۆر به‌ر له‌ کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ ، مه‌فره‌زه‌ی پاسداران له‌ زۆر ناوچه‌ی ژێر ده‌ستی پێشمه‌رگه‌دا ده‌بینران و پلانی هێرشی هاوبه‌شیان له‌گه‌ڵ پێشمه‌رگه‌دا بۆ سه‌ر بنکه‌کانی حوکمه‌تی عێراقی داده‌ڕشت . ده‌شزانێ زۆر پێش هه‌ڵه‌بجه‌ش ، حوکمه‌تی عێراقی ، به‌ چه‌کی کیمیاوی له‌ هاووڵاتیانی چه‌ندین ناوچه‌ی داوه‌ . وه‌ک ناوچه‌کانی دۆڵی جافه‌تی و ، کانی توو و ، شێخ وه‌سانان و زۆری تریش . خۆ ئه‌گه‌ر له‌ ئاکامی ئه‌نفاله‌کاندا ، هێزی پێشمه‌رگه‌ له‌ ناوچه‌ ئازادکراوه‌کان ده‌رنه‌په‌ڕێندرایه‌و دواتریش سه‌دام خۆی گیرۆده‌ی شه‌ڕی کوێت نه‌کردایه‌ ، ئه‌وا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ زۆر ناوچه‌و شاری تریش به‌ر هێرشی کیمیایی ده‌که‌وتن .
سه‌یره‌که‌ له‌وه‌دایه‌ ئه‌وانه‌ی ئێستا که‌ ده‌یانه‌وێ لایه‌نه‌ کاره‌ساتاویه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ بده‌نه‌ پاڵ کاک نۆشیروان ، هه‌ر ئه‌وان بوون که‌ دوای ده‌نگدانه‌وه‌ی جیهانی کاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌ و ڕاکێشانی سۆزی کۆمه‌ڵگای نێو ده‌وڵه‌تی به‌لای کوردا ، هه‌ر ئه‌وان بوون له‌ چه‌ندین بۆنه‌و شوێنی جیا جیادا ده‌یان ووت (‌ئه‌گه‌ر چه‌ند هه‌ڵه‌بجه‌یه‌کی ترمه‌ن هه‌با ، قه‌زیه‌ی کورد له‌ دنیادا باشتر ده‌ناسرا) . تا هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ مه‌یدانی سیاسه‌تدا که‌ره‌سه‌یه‌کی بازرگانی گرنگ بوو ، ئه‌وان خاوه‌نی هه‌ڵه‌بجه‌ بوون و خه‌ڵکی تر نا .


هه‌ر له‌ هه‌مان ووتاردا له‌ شوێنێکی دیکه‌دا ، مام جه‌لال کاک نۆشیروان به‌وه‌ تۆمه‌تبار ده‌کا که‌ گوایه‌ نامه‌ی بۆ سه‌دام نووسیوه‌و به‌ سه‌رکرده‌ی پێویست بۆ میله‌ته‌که‌ی ناوی هێناوه‌ . ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ڵه‌دا نه‌چووبم مام جه‌لال مه‌به‌ستی له‌و نامه‌یه‌یه‌ که‌ له‌ وه‌ڵامی نامه‌یه‌کی موکه‌ڕه‌م تاڵه‌بانیدا نووسراوه‌. نامه‌که‌ی موکه‌ڕه‌م تاڵه‌به‌نی بۆ هه‌ر چوار حزبه‌که‌ی به‌ره‌ی کوردستانی هاتبوو . له‌ وێدا بانگهێشتیان ده‌کا بۆ ئه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ حکومه‌تی عێراقیدا بکه‌ونه‌ دانووسانه‌وه‌ . ئه‌وه‌نده‌ی من ئاگام لێبێ یان بیستبێتم ، کاک نۆشیروان له‌ هیچ بۆنه‌یه‌کدا نه‌ سه‌دامی به‌ (ناوبژیکار) ناو بردووه‌و نه‌ له‌ جه‌وله‌کانی دانوسانیشدا به‌رامبه‌ر به‌ وه‌فدی حکومه‌ت دایشکاندوه‌ . ئه‌وه‌تا ته‌نانه‌ت که‌سێکی وه‌ک وه‌فیق سامه‌ڕائی له‌ کتێبێکیدا که‌ دێته‌ سه‌ر باسی گفتوگۆکانی حکومه‌تی عێراقی له‌گه‌ڵ وه‌فدی کوردیدا ، باس له‌وه‌ ده‌کا که‌ نۆشیروان موسته‌فا له‌ هه‌موو ئه‌ندامه‌کانی وه‌فده‌ کوردیه‌که‌ ، زیاتر گفتوگۆی له‌سه‌ر بابه‌ته‌کان ده‌کردو به‌ تووندیش داکۆکی له‌ داخوازیه‌کانی خۆیان ده‌کرد .
له‌ هێرشێکی که‌یدا ، سه‌باره‌ت به‌وانه‌ی که‌ سه‌ره‌تای هه‌شتاکاندا له‌ناو شاری سلێمانی و هه‌ندێ شوێنی تردا کوژراون ، مام جه‌لال هه‌وڵی داوه‌ به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌وه‌ش بخاته‌ ئه‌ستۆی کاک نۆشیروان . ئه‌مه‌ له‌ کاتێکدا که‌ له‌ ساڵی 1980 دا دادگای شۆڕش دامه‌زراو مام جه‌لالیش سه‌رۆکی ئه‌م دادگایه‌ بوو . ئیدی له‌وێ به‌دواوه‌ ، ئه‌گه‌ر که‌سێ بڕیاری کوشتنی درا بێ ، به‌ بێ ئیمزوا به‌ بێ ڕه‌زامه‌ندی مام جه‌لال نه‌بوه‌ . خۆ ئه‌گه‌ر ڕووداوی کوشتنێکیش له‌ پشتی دادگاوه‌ ئه‌نجام درابێ ، هه‌ر ئه‌رک و به‌رپرسیاریه‌تی ئه‌و دادگا باڵایه‌ی شۆڕش بوه‌ که‌ به‌ دوادا چوون و لێکۆڵینه‌وه‌ له‌و ڕووداوانه‌ بکا و ئه‌نجامی لێکۆڵینه‌وه‌کانیش ڕاگه‌ێه‌نێ . به‌ڵام له‌ هه‌موو ئه‌و ساڵانه‌ی ته‌مه‌نی دادگادا شتێکی له‌و جۆره‌مان له‌و دادگایه‌ نه‌دی و نه‌بیست .

له‌ تۆمه‌تێکی دیکه‌شدا به‌رامبه‌ر به‌ کاک نۆشیروان ، مام جه‌لال وای ده‌رده‌خا که‌ گوایه‌ ئه‌مریکیه‌کان له‌سه‌رده‌می شه‌ڕی کوێتدا داوای هاوکاری چه‌کداریان له‌ یه‌کیه‌تی و پارتی کردوه‌ ، به‌رامبه‌ر به‌ دانی فیدڕاڵی به‌ کورد . به‌ڵام گوایه‌ نۆشیروان موسته‌فا به‌وه‌ ڕازی نه‌بوه‌ . ئه‌گه‌ر ستراتیژی ئه‌مه‌ریکا له‌ شه‌ڕی کوێتدا ته‌نها ده‌رپه‌ڕاندنی سوپای عێراقی بوو بێت له‌ کوێت ، هاوکاری هێزی پێشمه‌رگه‌ی بۆ چی بوو . ئه‌وه‌ له‌ کاتێکدا که‌ هێزی پێشمه‌رگه‌ هێزێکی لاوازو په‌رش و بڵاوی ناو ئێران و سه‌ر سنووره‌کانی ئێران بوو . له‌وه‌ش زیاتر جۆرج بووشی باوک له‌ دوای ته‌واو بوونی شه‌ڕی کوێت له‌ شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانه‌وه‌ ڕایگه‌یاند (ڕووخانی حوکمه‌تی عێراقی له‌ ستراتیژی ئه‌مریکادا نه‌بووه‌) .

سه‌باره‌ت به‌و تۆمه‌ته‌ش که‌ گوایه‌ له‌ دوای وه‌ستانی شه‌ڕی چه‌ند ساڵه‌ی نێوان عێراق و ئێران ، کاک نۆشیروان بڕوای به‌ شورش نه‌ماوه‌و ویستویه‌تی هێزی پێشمه‌رگه‌ هه‌ڵوه‌شێنێته‌وه‌ .
دیاره‌ به‌ر له‌ ده‌ست پێکردنی ئه‌نفاله‌کان مام جه‌لال له‌ ووڵاتدا نه‌مابوو زۆریش دوای ئه‌نفاله‌کان گه‌ڕایه‌وه‌ . ده‌توانم بڵێم له‌ماوه‌ی ئه‌و دوو ساڵه‌دا ، کاک نۆشیروان له‌ جیاتی مام جه‌لال سه‌رپه‌رشتی ڕێکخستن و هێزی پێشمه‌رگه‌ی ده‌کرد . له‌و ماوه‌یه‌دا ئه‌نفال ڕوویدا . هه‌ڵه‌بجه‌و زۆر شوێنی تریش کیمیا باران کران . ده‌یان هه‌زار خه‌ڵک بێ سه‌رو شوێن و سه‌دان هه‌زاریش ئاواره‌ی ئه‌م دیو و ئه‌و دیوی سنوور بوون . من وه‌ک شایه‌تحاڵێکی ئه‌و سه‌رده‌مه‌ ، پێم وایه‌ ئه‌وه‌ سه‌رده‌می هه‌ره‌ سه‌خت و دژوار بوو که‌ یه‌کێتی پیا ڕه‌ت ده‌بوو .
ئه‌و خه‌ڵکانه‌ی له‌ ئه‌نفال و له‌ کیمیا باران ده‌رباز ببوون له‌ ناوچه‌ سنووریه‌کان و له‌ ئۆردووگاکانی په‌نابه‌ریدا گیرسابوونه‌وه‌ . هێزی پێشمه‌رگه‌و به‌رگری میللیش ، تا ئه‌و دیوی سنوور پاشه‌کشه‌یان کردبوو . ته‌نانه‌ت ژماره‌یه‌کی ئێجگار زۆری پێشمه‌رگه‌ش که‌ خێزاندار بوون ، به‌ دێهاته‌ سنووریه‌کانی دیوی ئێران و به‌ناو ئۆردوگاکانی په‌نابه‌راندا بڵاوببونه‌وه‌ ، ڕۆژانێکی یه‌کجار سه‌ختیان له‌و شوێنانه‌دا ده‌گوزه‌راند .
یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان ، له‌و ڕۆژگاره‌دا ، له‌به‌رده‌م تاقیکردنه‌وه‌یه‌کی دژوارو نوێ دا بوو . ئه‌و شێوازه‌ چه‌کداریه‌ی که‌ له‌ هه‌فتاو شه‌شه‌وه‌ پیاده‌ ده‌کرا ، درێژه‌ پێدانی به‌ هه‌مان شێواز مه‌حاڵ بوو . دابڕانێکی قووڵ له‌ نێوان ڕێکخستنه‌کانی ناوه‌وه‌و ده‌ره‌وه‌دا ڕویدابوو . به‌ خۆ داچوونه‌وه‌و داهێنان و دۆزینه‌وه‌ی شێوازی نوێی درێژه‌پێدانی خه‌بات ، به‌رپرسیاریه‌تێکی گه‌وره‌ی ئه‌وکاته‌ی سه‌رکردایه‌تی یه‌کێتی بوو . به‌ تایبه‌تیش ئێمه‌ی پێشمه‌رگه‌ی تازه‌ ئاواره‌ ، پێشمه‌رگه‌و خێزانه‌ ئاواره‌کانی دوای ئاشبه‌تاڵمان ده‌بینی . به‌ چاوی خۆمان ده‌مان دین که‌ له‌ چ کوله‌مه‌رگیه‌یه‌ک و له‌ چ ڕه‌زاله‌تێکدا ده‌ژیان . بینینی ژیانی ئه‌وان ، بۆ ئێمه‌ ئه‌زموونێکی ترسناک و کاره‌ساتاوی بوو . وێڕای ئه‌وه‌ش ، به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی که‌ سێنزه‌ ساڵیش زیاتر بوو له‌ وێ بوون خۆیان و مناڵیشیان به‌و ژیانه‌ جیاوازه‌ی ئه‌وێوه‌ به‌سترابوونه‌وه‌ و ، په‌یوه‌ندیه‌کی وایان به‌ کوردستانه‌وه‌ نه‌مابوو ، تا بیر له‌ گه‌ڕانه‌وه‌ بکه‌نه‌وه . ‌بۆیه‌ که‌س له‌ ئێمه‌ ئاره‌زووی ئه‌وه‌ی نه‌ده‌کرد ، ئه‌وه‌ی به‌سه‌ر ئه‌وان هاتبوو ، ڕوو به‌ ڕووی ئێمه‌ش ببێته‌وه‌ . بۆیه‌ ، بۆ زۆربه‌ی ئه‌وانه‌ی که‌ چاره‌نووسیان ده‌یگه‌یاندنه‌ ناو ئۆردوگاکانی په‌نابه‌ریه‌وه‌ ، گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ ناو ووڵێت باشتر بوو ، له‌و ڕوانگه‌یه‌وه‌ گه‌ر هیچ نه‌بێ ، له‌ کاتی پێویستیدا ده‌بنه‌ زه‌خیره‌یه‌کی به‌ هێزی خه‌بات . دروستی ئه‌م بۆچونه‌ش به‌ ڕوونی له‌سه‌رده‌می ڕاپه‌ڕیندا ده‌رکه‌وت .
کاک نۆشیروان ، نه‌هات ئاشبه‌تاڵ به‌ شوڕش بکات ، وه‌ک و مام جه‌لال ده‌ڵێ ، به‌ڵکو هات و ڕیکخستنه‌کانی یه‌کێتی و هێزی پێشمه‌رگه‌ی له‌ سه‌ر شێوازێکی نوێ ڕێکخسته‌وه‌و ستراتیژێکی تازه‌شی بۆ کاری ئاینده‌ دانا . ئه‌و هات ، له‌و پێشمه‌رگانه‌ی که‌ به‌سه‌ر سنووره‌کاندا ، به‌دیوی ئێراندا بڵاو ببوونه‌وه‌ ، دوانزه‌ به‌تالیۆنی لێ دروست کردن و ، به‌شێوه‌یه‌کی ڕێکخراویش به‌ درێژایی سنووره‌کاندا بڵاو کرانه‌وه‌ . له‌ ناو ئه‌و دوانزه‌ به‌تالیۆنه‌شدا ، 550 پارتیزان هه‌ڵبژێردران و ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌ جیاجیاکانی کوردستان کرانه‌وه‌ . له‌و پێشمه‌رگه‌ خێزاندارانه‌و هزه‌ پشگیریانه‌ی ناو ئۆردوگاکانیش ، هێزێکی نوێی به‌رگری میللی دامه‌زرێنرا . هاوشانی ئه‌وه‌ش ، هێزێکی دیکه‌ی نهێنی ، به‌ ناوی سوپای ڕزگاری کوردستانه‌وه‌ (سرک) ، له‌ ناو رێکخستنه‌ نهێنیه‌کانی یه‌کێتیدا دروست کرا و به‌ شێوه‌ی مه‌فره‌زه‌ی بچوک بچوکی ژێرزه‌رمینی ،له‌ ناو شارو شارۆچکه‌و ئۆردوگا زۆره‌ملێکاندا که‌وتنه‌ چالاکی نواندن . له‌ هه‌مان کاتیشداو به‌تایبه‌تیش به‌ر له‌ ڕاپه‌ڕین ، شانه‌ چه‌کداره‌کانی ناو شارو شارۆچکه‌کان دروست کران که‌ ژماره‌یه‌کی به‌رچاوی له‌ و چه‌کدارانه‌‌ گرتبوه‌ خۆ که‌ دۆستی شۆڕش بوون و له ناو‌ ڕیزه‌کانی جاش و فه‌وجه‌ سووکه‌کاندا بوون . دواتریش له‌ کاتی ڕاپه‌ڕیندا ده‌وری دیاریان هه‌بوو .
بۆیه‌ ده‌کرێ بڵێین ئه‌وه‌ی کاک نۆشیروان له‌ دوای ئه‌نفاله‌کاندا کردی ، ئاشبه‌تاڵ و بڵاوه‌پێکردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ نه‌بوو . به‌ڵکو ئه‌و هات و سه‌رله‌نوێ و به‌ شێوازێکی تازه‌و گوونجاو له‌گه‌ڵ بارودۆخی ئه‌و ڕۆژگاره‌دا رێکخستن و هێزی پێشمه‌رگه‌ی رێکخسته‌وه‌ .

بۆ ئه‌و تۆمه‌ته‌ش که‌ گوایه‌ گۆڕان دژی فیدڕالیه‌و ، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دایه‌ که‌رکوک بکرێته‌ هه‌رێمێکی سه‌ربه‌خۆو سلێمانیش جیا بکاته‌وه‌ ...
هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ ده‌لێم هه‌موو ئه‌وانه‌ش که‌ به‌شداری پلینیۆم بوون ، ده‌زانن که‌ هه‌ر مام جه‌لال بوو یاسای پارێزگاکانی ئیمزا کردو هه‌ر ئه‌ویش بوو که‌ دواتر له‌ میدیای تورکیدا ڕایگه‌یاند که‌ پشتیوانی له‌ سه‌ربه‌خۆبوونی هه‌رێمی که‌رکوک ده‌کا .
هه‌ر ئه‌ویش بوو بیرۆکه‌ی 32 به‌ 32 به‌ 32 ی بۆ که‌رکوک په‌سند کرد .
خۆ ئه‌گه‌ر هه‌ڵوێست و گوشاری کاک نۆشیروان نه‌با سه‌باره‌ت به‌م هه‌ڵوێسته‌ی ، ئه‌وا مام جه‌لال پاشه‌کشێی له‌و هه‌ڵوێسته‌ی نه‌ده‌کردو دواتریش نه‌ده‌هات ڕایگه‌ێنێ که (‌ سوێندی یاسای خواردوه‌ که‌ له‌ ده‌ستور لانه‌داو ماده‌ی 140 یش مادیه‌کی ده‌ستووریه‌و نابێ لێی لادا) .

هه‌ڵبه‌ته‌ ده‌بێ ئه‌وه‌ش بوترێ به‌ حوکمی ئه‌وه‌ی کاک نۆشیروان جێگری سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستان بوه‌ ، وه‌ک خۆێشی پێشتر ڕایگه‌یاندوه‌ (له‌ هه‌موو چاکه‌و خراپه‌کانی یه‌کێتی به‌شداره‌) .

جارێکی که‌ش ده‌یڵێمه‌وه‌ که‌ ئه‌وه‌ی مام جه‌لال ده‌رباره‌ی کاک نۆشیروان گووتوویه‌تی ، ئاوڕشتنێکی خراپ و سه‌ره‌تایه‌کی ترسناکیشه‌ له‌ زیان گه‌یاندن به‌ متمانه‌و به‌ په‌یوه‌ندی نێوان هاوڕێ و هاوخه‌بات و هاوسه‌نگه‌ران . ئه‌گه‌رچی ده‌مێکه‌ ئه‌م حاڵه‌تی بێ متمانه‌یی و دڕدۆنگیه‌ ، به‌ زه‌قی له‌ ناو ڕیزه‌کانی یه‌کێتی نیشتمه‌نیدا ، به‌تایبه‌تیش له‌ ناو سه‌رکردایه‌تیه‌که‌یدا ، ڕه‌نگی داوه‌ته‌وه‌ . ته‌نانه‌ت ئه‌و ئاکارنامه‌یه‌ش که‌ له‌ پلینیۆمدا به‌ به‌رچاوی ئاماده‌بوانه‌وه‌ ئیمزایان کرد ، نیشانه‌یه‌کی ئاشکرای ئه‌و نه‌بوونی متمانه‌و بڕوایه‌ن له‌ ناو یه‌کێتیدا به‌گشتی و له‌ ناو ئیمزاکه‌رانی ئاکارنامه‌که‌شدا به‌تایبه‌تی . ده‌نا له‌ کوێی دنیادا ، ئه‌ندامانی یه‌ک حزب ، حزبیش خۆی به‌ سۆشیال دیمه‌کرات بزانێ ، بۆ متمانه‌ به‌ یه‌کردن ، پێویستیان به‌ گرێبه‌ست و ئاکارنامه‌ده‌بێ ! هه‌ڵبه‌ته‌ له‌ نێوان هاوخه‌باتان و هاوسه‌نگه‌راندا ، ئاکارنامه‌یه‌ک و په‌یمانێکی مۆڕالی هه‌یه‌ . به‌ڵام په‌یمانێکی نه‌وتراوی نه‌نوسراو . په‌یمانی له‌و بابه‌ته‌ی پلینیۆم ، ته‌نها له‌ نێوان ئه‌و لایه‌ن و هێزانه‌دا ووجوودی ده‌بێ که‌ له‌ دوای شه‌ڕ له‌گه‌ڵ یه‌کتر کردندا ده‌گه‌نه‌ گفتوگۆو ئاشتی . یان له‌ به‌ینی ئه‌و هێزانه‌دا که‌ به‌ گووما‌ن و بێ متمانه‌ییه‌وه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ یه‌کتریدا ده‌که‌ن . ڕه‌نگه‌‌ له‌ دنیای بازرگانێشدا ئه‌م ئاکاره‌ ، شتێکی غه‌ریب نه‌بێ .
ئه‌گه‌ر یه‌ک له‌ نیازه‌ ئاشکراکانی ئیمزا کردنی ئه‌م ئه‌کارنامه‌یه‌ له‌ پێناوی نه‌هێشتنی کوتله‌بازیدا بوبێ ، ئامانجه‌که‌ی نه‌پێکاوه‌و به‌ پێچه‌وانه‌شه‌وه‌ ، بۆ خۆی جه‌خت کردنه‌وه‌یه‌ له‌سه‌ر هه‌بوونی ته‌که‌تول و قووڵی ڕه‌گه‌کانی له‌ ناو یه‌کێتیدا . له‌ هه‌ما کاتیشدا جه‌خت کردنه‌وه‌یه‌ له‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی ، که‌ ئه‌وه‌ی له‌ ناو یه‌کێتیدا ته‌کوتولی نه‌بێ ، یان له‌ناو ته‌که‌تولێکدا نه‌بێ ، پێگه‌ی لاوازه‌و ئاینده‌شی ناڕوون .
ئه‌گه‌ر نه‌شڵێم ئه‌م ئا‌کارنامه‌یه‌ی ناو پلینیۆم ، کۆپیه‌کی ده‌قاوده‌قی (وه‌سیقه‌ی عه‌هد)ه‌که‌ی ساڵی1979 ی سه‌دام حوسێنه ، ده‌توانم بڵێم لاسایی کردنه‌وه‌و وێکچونێکی یه‌کجار زۆر له‌ نێوانیاندا هه‌یه‌ . سه‌دام ، له‌ دوای ئه‌وه‌ی توانی حزبه‌که‌ی خۆی له‌ ڕکابه‌رو به‌رهه‌ڵستکاره‌کانی پاک کاته‌وه‌ ، ئه‌و به‌رهه‌ڵستکارانه‌ی که‌ ڕێگر بوون له‌به‌رده‌م به‌دیکتاتۆر بوونی سه‌دام و له‌به‌رده‌م به‌ سه‌دام کردنی حزبی به‌عسدا ، سه‌دام هات و له‌ نمایشێکی سۆزداردا ، له‌ یاریگای گه‌ل (له‌ به‌غدا) حه‌شامه‌تێکی زۆری له‌ به‌رپرس و کادیرو ئه‌ندامه‌ گوێڕایه‌ڵه‌کانی خۆی کۆکرده‌وه‌و ، (وه‌سیقه‌ی عه‌هد) ه‌ هه‌شت خاڵیه‌که‌ی بۆ حه‌شاماته‌که‌ ده‌خوێنده‌وه‌و هه‌ر هه‌موو خاڵه‌کانێش له‌سه‌ر یه‌کیه‌تی ناو حزب و له‌سه‌ر نه‌هێشتنی ته‌که‌تول و سه‌باره‌ت به‌ پیرۆزی سه‌دام و ده‌سه‌ڵاتی ڕه‌های ئه‌و بوون . له‌گه‌ڵ خو‌ێندنه‌وه‌ی هه‌ر خاڵیکیشدا ڕووی ده‌کرده‌ حه‌شامات و (ئایا ئێوه‌ به‌مه‌ ڕازین) . حه‌شاماتی چاو به‌ فرمێسکیش به‌ یه‌ک ده‌نگ له‌ وه‌ڵامی سه‌دامدا هاواریان ده‌کرد (به‌ڵێ . به‌ڵێ سه‌رۆک ڕازین) .
ناوه‌رۆک و شێوازی خستنه‌ ڕوو ، وه‌رگرتنتی ڕه‌زامه‌ندی به‌شداربوانیش ، له‌ هه‌ردوکیاندا تا ئه‌ندازه‌ی له‌یه‌کچوونی جمکه‌ێک له‌یه‌ک ده‌چوون .
لێره‌دا به‌زمی ڕۆژگار له‌وه‌دایه که‌ جار هه‌یه‌ حزبێک یان هێزێک ، ساڵانێکی دوورو درێژ دژ به‌ هێزێکی له‌ خۆی به‌هێزترو تۆکمه‌تر ده‌که‌وێته‌ جه‌نگه‌وه‌ ، که‌چی له‌و شوێنه‌دا که‌ خۆی ده‌بێته‌ ده‌سه‌ڵات ، ده‌بێته‌ میراتگری ئه‌و ئاکارو ره‌فتارو شێوازانه‌ی که‌ سه‌رده‌مانێک شێلگیرانه‌ دژیان جه‌نگاوه‌ .

10/11/2009

له‌نده‌ن‌

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە