چیرۆکی مەلێکی بێ ئەزموون
Sunday, 20/07/2014, 12:00
1850 بینراوە
کوڕم نەمووت جارێکی تر ئەو پۆلە مەلە نابینی لێرەوە بێن و گەرمیان و کوێستان بکەن و بفڕن! تازە مەگەر تەنها لە خەوتا بیبینیتەوە باڵەفڕکێیان و نمایشکردنی کۆچ و ڕەویان بۆ جێگایەکی تر.
سۆران هەرگیز ئەو ڕۆژانەی لەیاد ناچێ کەوا چۆن هەموو ساڵێك و دەمەو بەهاران ئەو پۆلە باڵندەو مەلانەی کەلە بەرزاییەکی بەرزەوە ئەبینران و کاتێ سەرقافڵەکەیان جۆرێك لە زمانی خۆیان کە بریتی بوو لە گفتوگۆی مەلەکان لەگەڵ یەکتردا ئەکرد و پاشان ئەوانی تریش بەدواییدا ئەیان ووتوە. ئەو جۆرە نمایش و فڕینەی کەوەك پیتی(v) ئیگلیزی وابوو هیچ کات پاش و پێشی تێ نەئەکەوت و هیچیان بەریەکتری نەئەکەوتن هەروەك ئاوازێکی گۆرانی هەریەکەو ئەیدایە شەقەی باڵ و پێکەوە شەپۆلێک لەدەنگ و جووڵە بەدوای یەکتریدا ئەهێنان. جوانی شێوازی فڕین و دووری و نزیکی لەیەکتر، وەك ئۆکسترایەکی لێهاتبوو کە هەریەك تەنها چاوی لە مەلی یەکەم غافڵ نەکردوە و ئەمان تەنها ئەو وەك سەرکردەیەکی شارەزاو بەئەمەك بەدوایەوەن.
باوکی سۆران یەکێ ئەبێ لەو کرێکارانەی کە لەکۆمپانیای نەوتی کەرکوك کاری کردوە و بەهۆی ئەوەی زوو فێری زمانی ئیگلیزی ئەبێ ، هەر زوو دەستەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە کە زۆربەیان بەریتانی بوون لەخۆیانی نزیك ئەکەنەو جگە لەکارە سەرەکیەکەی خۆی لەکۆمپانیای نەوت، هەندێ جار کاری زیادەش بۆ ئیگلیزەکان ئەکا و لەبەرانبەردا جگە لەمووچەکەی خۆی ، هەندێ پارەو دیاریان لێ وەرئەگرێ.
ڕۆژێکیان دەمەو بەهار هەندێ لەو ئیگلیزانە داوا لە باوکی سۆران ئەکەن کەوا حەزیان لە ڕاوەو گەر بتوانێ یارمەتیان بداو چاوساغیان بۆ بکا. لەپرسیای باوکی سۆران کەئایا حەز بەچ جۆرە ڕاوێك ئەکەن، ڕاوە بەراز وەیان ڕاوە ئاسك؟ لەوەڵامدا کابرای ئینگیز ڕاوە قوڵنگی کێوی لا پەسەندەو گەر بچن بۆ شوێنێك بۆ ئەوەی ڕاوێکی تیا بکەن لایان پەسەندترە. باوکی سۆران سەر ئەهێنێ و سەر ئەبا پێیان ئەڵێ باشە با بچین بۆ چەمی ڕێزان.
بەیانی هەرزوو چەك وتفاق ئەخەنە ئۆتۆمۆبێلێکی سەر بەکۆمپانیای نەوتی کەرکوك و ڕوو ئەکەنە دێی(زەرزی) و لەوێ شەو ئەکەنەوە. باوکی سۆران بەحوکمی ئەوەی خەڵکی ئەو ناوەیەو لەوێ گەورەبوە ئەزانێ کەوا هەموو دەمەو بەهارێ کۆمەڵی قازو قوڵنگی ناوچەی کوێستان بەرەو گەرمیان کۆچ ئەکەن و لەچەمەکەی زەرزی ئەنیشنەوەو لەوێوە درێژە بەکۆچەکەیان ئەدەن، بۆیە ئەو شوێنە هەڵئەبژێرن و بڕیاری کۆتایی ئەدەنە دەست باوکی سۆران. باوکی سۆرانیش وەك ئەوەی میدالیای چەرچڵی درابێ پێشیان ئەکەوێ و بۆ ئێوەرەکەی لە ماڵی حاجی ساڵح ئەمێننەوەو ئەو شەوە باسی ڕاوو باسی ئینگلیز و باسی دەوڵەوتی کوردی لەزمانی ئێنگیزەکانەوە بۆ خاوەن کۆڕەکەی ماڵی حاجی ساڵح ئەگێڕێتەوە و بەو شێوەیەی کەخۆی لێیان حاڵی بوبوو.
دەمەو بایەنی هەر لەگەڵ دەرکەوتنی یەکەم تاڵە زەردەی تیشکی خۆر، لەخەو هەڵئەستن و خێرا خۆیان بۆ پۆلە باڵندەکە سازو ئامادە ئەکەن و هەر یەکەیان بەپێی ئەو پیلانەی باوکی سۆران بۆی داڕشتوون شوێنێك هەڵئەبژێرن و ئامادە باشی دەر ئەبڕن و بەتەواوی خۆیان لەژێر گەڵاو داری نزیك چەمەکە لەم بەرو ئەوبەر مەڵاس دابوو بەشێوەیەك جگەرە کێشان و دەنگە دەنگ و جووڵەش قەدەغە کرا. ئەم هەموو ئامادەکاریە تەنها بۆ ئەوەی زۆرترین قاز و قوڵنگ دەست کەوتیان بێ و بۆ چێشتنەگاو گۆشتی باڵندە بخۆن. دیار بوو ئەو شوێنەی ئەمان هەڵیانبژارد بوو نەك هەر بۆ خۆشاردنەوە باش بوو، بەڵکە زۆرترین گۆشەی ئاسمانی لێوە دیار بوو تا لەدوورەوە مەلەکان ببنرێن. بەڵام ئەوەی لێرەدا ڕوویدا پێش هاتنی پۆلە باڵندەەکە ئەوەبوو کە یەکێ لە مستەرەکان بە باوکی سۆران ڕائەگەیەنێ کەوا لەگەڵ دەرکەوتنی باڵندەکان و نیشتنەوەیان کەس لەخۆوە تەقە نەکاو چاوەڕوانی یەکەمین تەقەی ئەم بن. لێرەوە باوکی سۆران زمانی خۆی گەست و ووتی بەخوا ئەم ئیگلیزانە هەروان و جگە لەخۆیان نایەڵن کەسی تر خاوەن بڕیار بێ.
دوای نیشتنەوەی پۆلە قازەکە چەند ساتێکی بێدەنگی بەسەر ناوچەکەدا تێپەڕی و ئەوەندەی نەخایاند کەوا لاشەی ٨ لەو ١٤ قازەی نیشتنەوە بکەوێتە دەستیان و شایی و لۆغان دەستی پێکرد. ئەوان تاپڕو ساچمەزەنگیان پێبوو ئەیان زانی ئەتوانن ژمارەیەکی باش لەو قازانە بکوژن و بەدەست بەتاڵی نەیەنەوە بۆ کەرکوك. ئەوەی سەیر بوو لای باوکی سۆران کەوا دواتر دەرکەوت ئەمان ئەو ڕاوەیان بۆ مەبەستی گۆشت خۆاردن نەبوە.بەڵکە، ئەمان تەنها وەك بەسەر بردنی کاتێك و دوورکەوتنەوە لەئیش و کاری ڕۆژانە ئەم کارەیان کردوە، واتە ئەمان تەنها ئەو کوشتارەیان کرد بۆ ئەوەی چەند ساتێك شتێ بکەن کەوا تام و چێژی لێ بیننن و هیچی تر. باوکی سۆران پرسیار لە کاپتنی ئیگلیزەکان ئەکا ئایا چەند قازت کوشت؟ ئەویش لەوەڵامدا ئەڵێ؛ تەنها یەك دانە.
سۆران پرسیاری لەباوکی کرد کەئایا بۆچی مەلەکان دوای ئەو کارەساتەی بەسەریان هات نەهاتنەوە، خۆ ئەوان چەند دانەیەکیان لێ دەرچوو بوو؟ ئەبوو بەهەموو پێوەرەکان باڵندەکان وەك سروشتی ئاسایی خۆیان لەکۆچ کردن دانەبڕانایەو لەگەرمیان و کوێستانیان بەردەوام بوونایە، ئەی ئەو هۆکارە چیە کەوا بەتەواوی بزر بوون و جارێکی تر ئەم ناوچەیەیان نەبینیوەو ڕێڕەوی کۆچەکەیان گۆڕیوە'' سۆران بەم شێوەیە ئەو پرسیارانەی لەباوکی کرد.
لەکاتی گەڕانەوەی تیمە ئینگلیزەکە بۆ کەرکوك و هێنانەوەی تەنها یەکێك لەو قازە کوژراوانە کە بەدەستی کاپتنەکە پێکرابوو، پرسیاری لای باوکی سۆران ووراژاندو لەوەڵامدا کاپتنەکە بەم شێوەیە باسی لێوە کرد؛ کاتێ بەئێوەم ڕاگەیاند کە ئەبێ خۆم یەکەمین تەقە بکەم بۆ ئەوە بوو کەوا بزانم سەرقافڵەکە ئەتوانم بپێکم وەیان نا.. من بەو شێوەیە بڕیارم دابوو کە پێوستە تەنها جاسوس لە سەرقافڵەکە بگرم و تەنها هەر ئەویش مەبەستی من بوو. باوکی سۆران بۆ ئەوەی زیاتر لێی تێبگاو زیاتر بۆی ڕوون بکاتەوە ، سەری نەزانین و پرسیاری ڕاوەشاند و کاپتنەکە ووتی؛ گەر بێت و سەرقافڵەکەم نەپێکایە ئەوا گەلێ بەئاسانی وەك ئەوەی شتێکی ئەوتۆ ڕووی نەدابێ، پۆلەکە هەڵئەفڕێن و جارێکی تر خۆیان ڕێکئەخستنەوە. بەڵام ئێستا وا نیەو پێوستیان بەسەر قافڵەیەکی نوێ هەیە کەوا لەم بارە شلۆقەی ئەواندا گەلێ قورسە.
لەدوای وەستانی تەقە هەر باڵندەیەك بەرەو شوێنك فڕی و هەریەکەیان بەرەو جێگایەك هەڵهاتن. دواتر یەکێ لەو قازانە کە هیچ ئەزموونێکی سەرقافڵەیی نەبوو کەوتە پێشیان و تووشی چەندین کێشەو گرفتی بۆیان دروست کرد و بەئەنجام کۆتایی بەهەموو باڵندەکان هێنرا. بەو جۆرە کۆتایی بەو کۆچە هات کەوا هەموو ساڵێ سۆران لەکاتی دەمەو بەهاردا پیشبینی ئەکرد.
لەدوای شێخی نەمر و قازی پێشەوا، دوژمنەکانی کورد توانیان سەرقافڵەی خەباتی کوردایەتی لەناو بەرن و لەهەمان کاتدا گەڕان بەدوای ئەوەی چەند سەرکردەیەکی دروست کراو و ناکاراو نەشارەزا و نانەتەوەییمان لێ قووت بکەنەوە و گەلی کوردیان پێسپاردن. ئەم سەرکردانە لەبەر بێ ئەزموونی و ئەو بەرژەوەندیە خێڵەکی و بنەماڵەیی و تاکە کەسیانە گەلی کوردیان کردە قوربانی پارەو پۆست . کوڕی کوردیان کردە قوربانی کچی عەرەب و فارس و تورك و دوژمنانی میلەتەکەمان. بۆیە چارەنووسی گەلەکەمان لەژێر سایەی ئەم سەرکردانەی وەك تاڵەبانی و بارزانی و هاوشێوەکانیان لە ڕۆژهەڵات تەنها نەمان و فەوتانە. دروست کردنی دەوڵەوتی کوردی لەسەر دەستی ئەم جۆرە سەرکردانە جگە لە خۆکوژی بۆ میلەت هیچی تری لێ سەوز نابێ. کورد هیچ هەلێکی لەبەردەستدا نیە جگە خۆ ڕزگارکردن لەم جۆرە سەرکردانە. وە تاوەکو ئەم سەرکردانە سەرقافڵەی ئەم میلەتە بکەن، ئەوا کورد بۆ هەتا هەتایە ناتوانێ ببێتە خاوەن دەوڵەوتی خۆی.