کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


له‌ یادی 22 ساڵه‌ی مه‌رگی خومه‌ینی‌دا بووینه‌ خاوه‌ن هه‌ڵوێست

Sunday, 12/06/2011, 12:00


دوای ئه‌وه‌ی له‌ 4-حوزه‌یراندا هاوشێوه‌ی ساڵه‌کانی ڕابردوو یادی 22 ساڵه‌ی مه‌رگی ئایه‌توڵا خومه‌ینی له‌ هۆڵی " پێشه‌وا "ی هه‌ولێر به‌رز ڕاگیرا ، خۆشبه‌ختانه‌ به‌شێک له‌ ڕوناکبیرانی خۆرهه‌ڵاتی کوردستان دژکرده‌وه‌یان نواند و له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌و کرده‌وه‌ شه‌رمهێنه‌ره‌ی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشووردا هه‌ڵوێستیان وه‌رگرت . هه‌ڵوێست وه‌رگرتنی ڕۆشنبیران هۆکارێک بوو بۆ ئه‌وه‌ی به‌شێک له‌ به‌رپرسه‌ ئۆردوگانشینه‌کانیش جورئه‌ت بیانگرێت و عوزر بۆ بێ هه‌ڵوێستییان بێننه‌وه‌ ، به‌ڵام چ عوزرهێنانه‌وه‌یه‌ک ؟ ئه‌و عوزره‌ی که‌ پێی ده‌وترێت " عوزری له‌ قه‌باحه‌ت خراپتر " واته‌ (بێ ده‌نگبوونه‌که‌یان چه‌نده‌ خراپ بوو ، به‌ ده‌نگهاتنه‌که‌یان خراپتر) .
لێره‌دا ده‌مه‌وێت کورته‌ هه‌ڵسه‌نگاندنێک بکه‌م له‌سه‌ر به‌ ده‌نگ هاتنی به‌شێک له‌ به‌رپرسه‌ ئۆردوگانشینه‌کان له‌ لایه‌که‌وه‌ و داواکاری نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کانیش له‌لایه‌کی دیکه‌وه‌ .
1- به‌رپرسه‌ ئۆردوگانشینه‌کان :-
پاش ئه‌وه‌ی هه‌ندێک له‌ به‌رپرسه‌ ئۆردوگانشینه‌کان هاتنه‌ وه‌ڵام ، لێدوانی هێجگار چه‌واشه‌کاری و دوور له‌ ڕاستیان دا به‌ گوێی خوێنه‌راندا وه‌ک :- { یادکردنه‌وه‌ی مه‌رگی خومه‌ینی له‌ هۆڵی پێشه‌وا پێچه‌وانه‌ی هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی سه‌رۆکی هه‌رێمه‌ - سه‌رۆکی هه‌رێم ڕێز و حورمه‌تێکی زۆری بۆ قازی محه‌مه‌د هه‌یه‌ - ئێمە دڵنیایین کە سه‌رۆک بارزانی بە مەبەستی ڕێزگرتن لە هێمایەکی نەتەوەیی هۆڵێکی به‌ ناوی " پێشه‌وا "وه‌ کردۆته‌وه‌ و زۆر گوته‌ی هه‌مه‌ڕه‌نگی دیکه‌ } . بڕوانه‌ ئه‌م دوو لینکه‌ :-
http://rojhelattimes.org/read.php?id=3118


http://rojhelattimes.org/read.php?id=3140
ئه‌گه‌ر که‌سێک که‌مترین شاره‌زایی هه‌بێت ئه‌و ڕاستیه‌ ده‌زانێت که‌ پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق به‌ واتای بنه‌ماڵه‌ی بارزانی دێت . هه‌ر ئه‌ندامێکی پارتی له‌ ساده‌ترین که‌سیانه‌وه‌ تا ده‌گاته‌ ئه‌ندامانی مه‌کته‌بی سیاسیان به‌بێ فه‌رمانی بارزانی ناتوانێت په‌نجه‌ به‌ ئاودا بکات و ته‌نانه‌ت ملکه‌چی فه‌رمانه‌کانی بچوکترین ئه‌ندامی بنه‌ماڵه‌شن .
به‌بێ ئاگاداری بارزانی نه‌ زمانی ڕه‌خنه‌گر ده‌بڕدرێت و نه‌ یاسای زاڵمانه‌ی خۆپیشاندان واژۆ ده‌کرێت و نه‌ بڕیاری فره‌ژنی په‌سه‌ند ده‌کرێت و نه‌ هیچ ئه‌فکارێکی جیاواز ده‌خنکێنرێت و نه‌ خۆپیشاندانی هێمنانه‌ تێکه‌ڵ به‌ خوێن ده‌کرێت و نه‌ هۆڵی پێشه‌وا بۆ یادکردنه‌وه‌ی مه‌رگی خومه‌ینی ده‌سنیشان ده‌کرێت و نه‌ بڕیاریش له‌سه‌ر چاره‌نووسی مرۆڤه‌کان ده‌درێت !!!!
کام هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی ؟
هه‌ڵوێستی نه‌ته‌وه‌یی واته‌ :- به‌ بنه‌ماگرتنی به‌رژه‌وه‌ندیه‌ گشتیه‌کان(به‌رژه‌وه‌ندی نه‌ته‌وه‌یی‌) و وه‌لانانی به‌رژه‌وه‌ندی تاکه‌ که‌سی و بنه‌ماڵه‌یی‌یه‌ . ئه‌م سیفه‌ته‌ش پێچه‌وانه‌ی ویستی بارزانییه‌ ، چونکه‌ له‌لای بارزانی پیرۆزی بنه‌ماڵه‌ له‌سه‌رووی هه‌موو شتێکه‌وه‌یه‌ و سیاسه‌ت بۆ قۆرخکردنی ده‌سه‌ڵات و هێنانه‌ پێشه‌وه‌ی ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌یه‌ . کۆنگره‌ی 13ی پارتی سه‌نگی مه‌حه‌که‌ بۆ هه‌ڵسه‌نگاندنی هه‌ڵوێسته‌ نه‌ته‌وه‌ییه‌کانی بارزانی ، چونکه‌ له‌ کۆنگره‌ی 13دا ته‌واوی سه‌رکردایه‌تی و مه‌کته‌بی سیاسی پارتی به‌ ئه‌ندامانی بنه‌ماڵه‌ تژێ کراوه‌ و مه‌سعود بارزانیش وه‌کو خوداوه‌ندێک که‌سی بێ هاوتایه‌ له‌ لوتکه‌ی ده‌سه‌ڵاتدا .
چه‌واشه‌کردنی ڕاستیه‌کان بۆ کام مه‌به‌ست ؟
-ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستی ئۆردوگانشینان له‌م چه‌واشه‌کاریانه‌ کۆتایی هێنان به‌ په‌یوه‌ندیه‌کانی پارتی و داگیرکه‌رانه‌ ئه‌وا له‌ هه‌ڵه‌یه‌کی هێجگار مه‌زندان ، چونکه‌ هیچ کاتێک ئه‌و ده‌سه‌ڵاته‌ ئاماده‌ نابێت داگیرکه‌ر بگۆڕێته‌وه‌ به‌م هێزه‌ له‌ مه‌یدان به‌ده‌رانه‌ .
-ئه‌گه‌ر ئه‌م لێدوانانه‌ بۆ خاتری ئه‌و بڕه‌ مووچه‌یه‌یه‌ که‌ بژێوی ژیانی ئۆردوگانشینانی پێ به‌سه‌ر ده‌برێت ئه‌وا پێویست به‌م هه‌موو ڕییای و چه‌واشه‌کارییه‌ ناکات ، چونکه‌ ئه‌و بڕه‌ مووچه‌یه‌ به‌ ویستی کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ ئۆردوگانشینان بڕاوه‌ته‌وه‌ له‌ پێناوی فریودانی ژماره‌یه‌ک تێکۆشه‌ری هه‌ست پاک به‌ناوی کوردایه‌تیه‌وه‌ و فه‌رامۆشکردنی میلله‌ت بۆ که‌ڵبه‌ تیژه‌کانی سوپای پاسداران .
-ئه‌گه‌ر ئه‌م هه‌موو ستایشکردنه‌ بۆ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بارزانی لێیان ڕازی بێت و چاکه‌ی پیاهه‌ڵگوتنه‌که‌یان بداته‌وه‌ ئه‌وا ڕابردوو سه‌نگی مه‌حه‌که‌ ، چونکه‌ له‌ ڕابردوودا هه‌ر یه‌ک له‌ شه‌هیدان " سوله‌یمانی موعینی و ئه‌حمه‌د تۆفیق " هاوکارییه‌کی زۆریان دایه‌ بارزانی ، ته‌نانه‌ت هاوکاریه‌کانی ئه‌حمه‌د تۆفیق بۆ بارزانی له‌ ڕاده‌به‌ده‌ر بوو ، به‌ڵام له‌ به‌رامبه‌ردا ئه‌گه‌ر سوله‌یمانی موعینی له‌سه‌ر خاکی کوردستان تیرۆر کرا و ته‌رمه‌که‌ی دیاربوو ئه‌وا ئه‌حمه‌د تۆفیق جگه‌ له‌وه‌ی وڵاتبه‌ده‌ر کرا به‌ڵکو ئاسه‌واری ته‌رمه‌که‌شی دیار نه‌ما .
2- داواکاری نووسه‌ره‌ به‌ڕێزه‌کان :-
داواکاری ته‌واوی نووسه‌ره‌کان لابردنی ناوی " پێشه‌وا "یه‌ له‌سه‌ر هۆڵه‌که‌ . ئه‌م داواکارییه‌ زۆر به‌جێیه‌ و تاوه‌کو ئێره‌ من هیچ قسه‌یه‌کم نییه‌ بۆ گوتن ، چونکه‌ هه‌تا ناوی پێشه‌وا له‌سه‌ر ئه‌و هۆڵه‌ بێت ئه‌وا ده‌سه‌ڵاتدارانی پارتی باکیان نییه‌ که‌ یادی خومه‌ینی لێبکرێته‌وه‌ یان یادی هه‌ر کوردکوژێکی دیکه‌ .
به‌ڵام ئه‌وه‌ی که‌ جێگای ڕه‌خنه‌یه‌ ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شێک له‌ نووسه‌ره‌کان داوا ده‌که‌ن که‌ ناوی هۆڵه‌که‌ بکرێته‌ هۆڵی " خومه‌ینی " که‌ ئه‌م داواکارییه‌ زۆر نابه‌جێیه‌ . بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ :-


http://www.chatrpress.com/Detail.aspx?id=4817&LinkID=3
بۆچی گۆڕینی هۆڵی "پێشه‌وا" بۆ هۆڵی "خومه‌ینی" داواکارییه‌کی نابه‌جێیه‌ ؟
له‌ هیچ که‌سێک شاراوه‌ نییه‌ که‌ ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور له‌ به‌رامبه‌ر داگیرکه‌ردا ملیان له‌ ده‌زوو باریکتره‌ . بۆ ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور گرنگ نییه‌ چ داگیرکه‌رێک ده‌بێت باببێت به‌ڵکو گرنگ ئه‌وه‌یه‌ که‌ بتوانن داگیرکه‌ره‌که‌ له‌ خۆیان ڕازی بکه‌ن .
خۆ ئه‌گه‌ر بێتو ناوی هۆڵه‌که‌ بکرێته‌ هۆڵی " خومه‌ینی " ئه‌و کات سه‌رانی پارتی ناتوانن هه‌موو داگیرکه‌ران ڕازی بکه‌ن ، چونکه‌ کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ کاتێک ڕازی نابێت یادی که‌سانی دیکه‌ بکرێته‌وه‌ له‌ هۆڵێک به‌ ناوی " هۆڵی خومه‌ینی " . له‌به‌رئه‌وه‌ ئه‌گه‌ر بخوازین ناوی هۆڵی " پێشه‌وا " بگۆڕدرێت ئه‌وا باشترین چاره‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ناوی هۆڵه‌که‌ بکرێته‌ "هۆڵی بارزانی" ، چونکه‌ ئه‌و کات هه‌م سه‌رانی پارتی ده‌توانن وه‌فاداری خۆیان بۆ داگیرکه‌ران دووپات بکه‌نه‌وه‌ و هه‌م چیدیکه‌ داخوازی ناوگۆڕینی هۆڵه‌که‌شیان لێناکرێت .
چه‌ند سه‌رنج و ڕه‌خنه‌یه‌ک :-
1- کاتێک عیرفانی قانعی فه‌رد "به‌ به‌ڵگه‌وه‌" په‌رده‌ی له‌سه‌ر هه‌ندێک له‌و سوکایه‌تیانه‌ی بارزانی لادا ده‌رباره‌ی قازی محه‌مه‌د ، ئه‌وا هاتوهاواری به‌رپرسه‌ ئۆردوگانشینه‌کان بۆ داکۆکیکردن له‌ بارزانی گه‌یشته‌ که‌ڵکه‌لانی فه‌له‌ک ، ته‌نانه‌ت ئه‌م داکۆکیکردنه‌ گه‌یشته‌ ئاستێک که‌ ده‌یانگوت "ئه‌گه‌ر قانعی فه‌رد به‌ڵگه‌شی هه‌بێت هێشتا جێگه‌ی بڕوا نییه‌" . ئه‌ی تۆ بڵێی یادکردنه‌وه‌ی خومه‌ینی له‌ هۆڵی پێشه‌وا سوکایه‌تیکردن نه‌بێت به‌ قازی محه‌مه‌د ؟
تێبینی نووسه‌ر/ ئه‌گه‌رچی عیرفانی قانعی فه‌رد که‌سێکی هێجگار گوماناوییه‌ و زۆر تۆمه‌تی ناڕه‌واشی هۆنیوه‌ته‌وه‌ ، به‌ڵام هه‌ر لێدوانێکی به‌ڵگه‌دار ده‌چێته‌ خانه‌ی ڕاستییه‌وه‌ .
2- کاتێک خه‌ڵکی زه‌حمه‌تکێشی سلێمانی " به‌هۆی خۆپیشاندانی هێمنانه‌وه‌ " که‌وتنه‌ به‌ر ده‌ستڕێژی گولله‌ی لقی چواری پارتی و ده‌یان شه‌هید و برینداری لێکه‌وته‌وه‌ ، هێشتا لافاو (سێڵاو)ی خوێنی خۆپیشانده‌ران نه‌وه‌ستابوویه‌وه‌ که‌ به‌رپرسی دووه‌می حیزبێکی کارتۆنی په‌نجه‌ی ئیتڵاعاتبوونی بۆ ئه‌و خه‌ڵکه‌ زه‌حمه‌تکێشه‌ ڕاکێشا و گوتی { بۆ تۆڵه‌کردنه‌وه‌ی به‌ردبارانی قونسوڵیه‌ی ئێران خه‌ڵکی سلێمانی چوونه‌ته‌ سه‌ر لقی چوار } ، له‌ ناوه‌ڕۆکی گوته‌کانی ئه‌م کاکی به‌رپرسه‌وه‌ هه‌موو ئه‌و خه‌ڵکه‌ ئیتڵاعاتین و پارتیش دژ به‌و ئیتڵاعاتیانه‌ چه‌کی به‌کار هێناوه‌ . به‌ مه‌رجێک هه‌تا حیزبی به‌عس له‌ ژیاندا بوو هیچ ئیستخباراتێک به‌ سێبه‌ری ئه‌م کاکی به‌رپرسه‌ نه‌ده‌بوو و ته‌نانه‌ت هیچ ده‌زگایه‌کی هه‌واڵگریش نه‌ماوه‌ که‌ سه‌رۆکی ئه‌م به‌ ناو حیزبه‌ نه‌خشی تێدا نه‌گێڕابێت . لێره‌دا پێویسته‌ له‌ به‌رپرسانی ئه‌و حیزبه‌ کارتۆنییه‌ بپرسین و بڵێین :- ئایا یادی مه‌رگی خومه‌ینی له‌لایه‌ن ئیتڵاعاتیه‌کانه‌وه‌ ده‌کرێته‌وه‌ یان له‌لایه‌ن دژه‌ ئیتڵاعاتیه‌کانه‌وه‌ ؟
3- ئه‌وه‌ی که‌ زۆر جێگای داخ و په‌ژاره‌ بوو ئه‌وه‌یه‌ که‌ به‌شێک له‌و نووسه‌رانه‌ی که‌ ئێستا دژ به‌ یاده‌وه‌ری خومه‌ینی هه‌ڵوێستیان وه‌رگرتووه‌ ئه‌و کات به‌شێوه‌یه‌کی ناڕاسته‌وخۆ دژ به‌ خه‌ڵکی ڕاپه‌ڕیوی سلێمانی و گه‌رمیان هه‌ڵوێستان وه‌رگرت و له‌ به‌یاننامه‌یه‌کدا به‌ ناوی (تکایە رۆژێک بۆ بەرپەرچدانەوەی کۆماری ئیسلامی تەرخان بکەن) هه‌موو خه‌ڵکه‌که‌یان خسته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ . بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه‌ :-


http://rojhelattimes.org/read.php?id=2445

ڕه‌خنه‌یه‌کی برایانه‌ له‌و نووسه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ :-
ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتاندا ڕێگه‌ ڕۆشنکه‌ره‌وه‌ی کۆمه‌ڵگایه‌ نووسه‌ران و ڕۆشنبیرانن ، به‌ڵام جێگه‌ی داخه‌ که‌ به‌شێک له‌م نووسه‌رانه‌ به‌بێ هیچ بیرکردنه‌وه‌یه‌ک ده‌که‌ونه‌ خزمه‌تی سوکایه‌تی ده‌سه‌ڵاتداران به‌ گه‌ل تا ئه‌و کاته‌ی سوکایه‌تی ڕوو له‌ خۆیان نه‌کات ، به‌ڵام کاتێک سوکایه‌تی به‌رۆکی خۆیانی گرته‌وه‌ ئه‌و کات خاوه‌ن هه‌ڵوێست ده‌بن . ده‌نا ده‌بێت چ جیاوازیه‌ک له‌ نێوان خومه‌ینی و ئه‌ردۆغاندا هه‌بێت دژ به‌ کوردان ؟ خۆ ئه‌گه‌ر خومه‌ینی نکۆڵی له‌ بوونی کوردان نه‌ده‌کرد و باسی له‌ خودگه‌ردانیش ده‌کرد ئه‌وا ئه‌ردۆغان هیچ کوردێک قبووڵ ناکات و ته‌نانه‌ت مافی ژیان بۆ هیچ کوردێکیش به‌ ڕه‌وا نازانێت . ئه‌ی وه‌کو بۆ یادی مه‌رگی خومه‌ینی له‌ هۆڵێکی شاری هه‌وڵێردا دێنه‌ وه‌ڵام ، بۆچی به‌ سورکردنی ته‌واوی شاری هه‌ولێر به‌ ئاڵای تورکیا و سازکردنی ئاهه‌نگی گۆرانی و سه‌ما بۆ ئه‌ردۆغان نه‌ک هه‌ر بێ ده‌نگ بوون به‌ڵکو به‌ سیاسه‌تێکی ژیرانه‌ی سه‌رۆکی هه‌رێمیشتان وه‌سف ده‌کرد ؟ بڕوانه‌ ئه‌م لینکه‌ شه‌رمهێنه‌ره‌ :-

http://www.youtube.com/watch?v=5jKPbNGiWEM&feature=player_embedded#at=43

خۆ ئه‌گه‌ر فتواکه‌ی خومه‌ینی ده‌یان هه‌زار کوردی قه‌تڵوعام کرد ئه‌وا دڕندایه‌تی ئه‌تاتورک سه‌دان هه‌زار کوردی زینده‌ به‌چاڵ کرد . ئه‌ی بۆچی وه‌کو بۆ شیوه‌نگێڕان له‌سه‌ر گۆڕی خومه‌ینی دێنه‌ وه‌ڵام بۆ تاجه‌ گوڵ بردنه‌ سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورک بێ ده‌نگ ده‌بن ؟
هه‌زار ڕه‌حمه‌ت له‌ گۆڕی شێخ عێزه‌دینی حوسه‌ینی که‌ ده‌یفه‌رموو { زاڵم هه‌ر زاڵمه‌ ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر زمانێک بدوێت و له‌ هه‌ر به‌رگ و ڕه‌نگێکدا بێت } ، که‌چی ئه‌م نووسه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ وه‌کو زاڵمێتی خومه‌ینی ده‌بینن به‌ هیچ شێوه‌یه‌ک زاڵمێتی ئه‌ردۆغان و ئه‌تاتورک نابینن ! . خۆ ئه‌گه‌ر یادکردنه‌وه‌ی خومه‌ینی له‌ هۆڵی پێشه‌وا سوکایه‌تی به‌ قازی محه‌مه‌د بێت ئه‌وا ئاهه‌نگ سازکردن بۆ ئه‌ردۆغان و ڕازاندنه‌وه‌ی هه‌ولێر به‌ ئاڵای تورک و تاجه‌ گوڵ بردنه‌ سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورک سوکایه‌تییه‌ به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد .
له‌ کاتی دادگایکردنی سه‌دامی گۆڕکراودا ، پیره‌ژنێکی سه‌ربه‌رز که‌ هه‌موو که‌سوکاره‌که‌ی ئه‌نفال کرابوو ، وه‌کو شاهید ئاماده‌ی دادگایکردنه‌که‌ بوو ، پرسیارێکی ئاڕاسته‌ی سه‌دام کردو گوتی :- چ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان قورئانه‌که‌ی من و قورئانه‌که‌ی تۆدا هه‌یه‌ ، بۆچی قورئانه‌که‌ی منت سوتاند و سوێندیش به‌ قورئانه‌که‌ی خۆت ده‌خۆیت ؟
منیش له‌و نووسه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ ده‌پرسم و ده‌ڵێم :- چ جیاوازییه‌ک له‌ نێوان کورداندا هه‌یه‌ ، بۆچی کاتێک سوکایه‌تی به‌ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د ده‌کرێت گورج هه‌ڵوێست وه‌رده‌گرن به‌ڵام کاتێک سوکایه‌تی به‌ هه‌موو نه‌ته‌وه‌ی کورد ده‌کرێت خاوه‌نی هیچ هه‌ڵوێستێک نین ؟
ئه‌م باسه‌ کۆتایی ده‌هێنم به‌ فه‌رمووده‌یه‌کی سه‌رۆک عه‌بدوڵا ئۆجه‌لان که‌ ده‌ڵێت :- { به‌ر له‌ دروستبوونی پ‌ک‌ک ئه‌گه‌ر به‌ هه‌ر کوردێکیان بگوتبایه‌ بێ وڵات - بێ ئاڵا - بێ ناسنامه‌ ئه‌وا خاوه‌نی هیچ هه‌ڵوێستێک نه‌ده‌بوو ، به‌ڵام ئه‌گه‌ر بیانگوتبایه‌ بێ شه‌ره‌ف ئه‌وا ده‌سبه‌جێ خاوه‌ن هه‌ڵوێست ده‌بوو و شه‌ڕیشی ساز ده‌کرد . واته‌ ئه‌گه‌ر سوکایه‌تیه‌که‌ به‌ خاک و نه‌ته‌وه‌ و سیمبوڵه‌که‌ی بکرایه‌ بێ ده‌نگ ده‌بوو به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوکایه‌تیه‌که‌ به‌رامبه‌ر به‌ خودی خۆی بکرایه‌ به‌ ده‌نگ ده‌هات } .
له‌ ڕاستیدا به‌شێک له‌م نووسه‌ره‌ به‌ڕێزانه‌ش تا ئه‌و کاته‌ی سوکایه‌تی ده‌سه‌ڵاتدارانی باشوور به‌ خاک و نه‌ته‌وه‌ و ئاڵا بوو خاوه‌نی هیچ په‌رچه‌کردارێک نه‌بوون به‌ڵام کاتێک سوکایه‌تی خودی خۆیانی گرته‌وه‌ ئه‌و کات خاوه‌نی په‌رچه‌کردار بوون .
هه‌ڵبه‌ت منیش نه‌ک جارێک بگره‌ هه‌زار جار ئه‌و سوکایه‌تیه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌م که‌ به‌ پێشه‌وا قازی محه‌مه‌د و هه‌موو ڕۆژهه‌ڵاتیه‌کان کراوه‌ به‌ڵام هه‌زاران جاریش ئه‌و سوکایه‌تیانه‌ شه‌رمه‌زار ده‌که‌م که‌ به‌ خاک و نه‌ته‌وه‌ و سیمبوڵه‌کانمان ده‌کرێت له‌لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌ .

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە