ئایا كورد لەگەمەكانى دژ بە داعش خۆی یەكلایی كردۆتەوە؟
Sunday, 22/06/2014, 12:00
كورد بەدرێژایی مێژوو نەیتوانیوە بەیەك دەنگ و ڕەنگ و یەك هەڵوێست دژ بەنەیارەكانى بوەستێتەوە، ئەگەر بۆ قۆناغێكى دیاریكراو ماڵی خۆی ڕێكخستبێتەوە ئەوا هەر زوو لەپێناو هەندێ بەرژەوەندی تایبەت و بەڵێنی جیا جیا درز لە یەكڕیزى كەوتووە و هەر زوو پارچە پارچە و پنچك پنچك بووە و قسە و كردارەكانى هەر یەكە لەئاشتێكى كردووە، ئەمەش بۆ دوژمن و نەیارانەى بووەتە پاروویەكى چەور تا بەئاسانى پلانەكانى پیادە بكات.
كورد گەلێكى كۆڵنەدەر و بوێر و جوامێر، وەلی سیخوری و دەستەمۆبوون بەرمبەر بەهەندێ پلە و پایە و دەستكەوت وایكردووە سەركردەكان لەلایەن كەسە نزیكەكانەوە بفرۆشرێن بێ ئەوەى هەستى نەتەوەیی و نیشتیمان پەروەری ناخیان بهەژێنێ خاك و ئاو و هەوای نەتەوەكەى بە هیچ شتێك نەگۆڕێتەوە.
هیوادارم وانەبێ، لێ گومانم لەلادا ڕسكاوە سەركردایەتى سیاسی كورد جگە لەوەى كۆبوونەوە و گردبوونەوە و تەماشاكردنى هەلومەرجەكە و هەڵوێستێكى یەكگرتووە مایەى خۆشحاڵی هەموو تاكەكانى كۆمەڵگەى كوردی بوو، كەچی ماوەیەكە دەنگ و دۆ و لێدوانی جیا جیا دەدرێ كە ئەمە ئەگەر كۆنتڕۆڵ نەكرێ و هەموو حاڵەتەكان لەدوتوێی وتەبێژێك كۆ نەكرێتەوە كە بەناوى تەواوى لایەنە سیاسیەكان لێدوان بدات، بۆچوونە دژە باوەكان لەوەى شەڕ دژ بە داعش بكرێ، نا، با شەڕ نەكرێ و هێزى پێشمەرگە هەر لە حاڵەتى بەرگریدابن..بێ شك ئەگەر بە وریاییەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەكە نەكرێ و ئامادەباشی و ورەى جەماوەر بەرز نەكرێتەوە ڕەنگە دڵەڕاوكێ و واتە وات و دەنگۆی جیاواز كەشەكە ناجێگیر بكات نەخاسمە بەڕێوەبردنى قوتى ڕۆژانەى خەڵك و بەرقەراربوونى ئەمن و ئاسایش هۆكارگەلێكى گرنگە ئیرادەى گەل پتەو دەكات و ورە بەرزى لەهەر كاتێك زیاتر خەمخۆری خەڵكە بۆ پاراستنى ئەو دەستكەوتە بەجۆرێ ئەوەى لەگەڵ جاڕدانى كابینەى هەشتەم هاتە ئاراوە، قەیرانى سووتەمەنى بوو كە سەرەڕای گرتنەبەری رێ و شوێنەكان و كۆبوونەوەى سەرۆكى حكومەت و وەزیری سامانە سروشتیەكان لەگەڵ پارێزگاری هەر سێ پارێزگای هەولێر و دهۆك و سلێمانى بۆ دانانى سنوورێك بۆ ئەو قەیرانە و چارەسەركردنى كە بەداخەوە لەلایەن پارێزگای هەولێر سیستەمى تاك و جۆت پەیڕەو كرا، ئەوجا بەدەیان سەیارە تا بەیانى لەنزیك بەنزیخانەكان شەو دەكەنەوە بەئومێدى ئەوەى سبەى زوو بەنزینیان بەر بكەوێ و دوور و درێژی سڕەكان گەواهیدەری ئەوەیە ئەو قەیرانە ئیدامەى دەبێ و وا بەزوویی چارەسەر نابێ كە دەبێ بەجدی بەرپرسان كار بۆ بەكۆتاهاتنى ئەو سڕە دوور و درێژەبێنن كە ئەمە خۆی لەخۆیدا وا دەخوێندرێتەوە خەڵك لەو بارودۆخە دڵنیا نییە و هەڕەشە و مەترسی لەسەرە ئەمەیش ئیرادە لاواز دەكات.
لەشەڕدا هیچ شتێ لەوە خراپتر نییە خەڵك بەدڵەڕاوكێ بگوزەرێ و ورەى داببەزێ، ورەدابەزین دۆڕانە و شكستی دەرەوەى بازنەى شەڕە كە ئومێد دەكەین كابینەى بنكەفراوان كار بۆ بنبڕكردن و نەمانى هەموو ئەو قەیرانانە بكەن كە بەهۆی ڕووداوەكانى ئەم دواییە هەرێمیشی گرتەوە كە لەم قۆناغەدا ئەگەر هیچ هەڕەشەیەك لەسەر هەرێم نەبێ، دەبێ كورد هەمیشە لەبیری ئەوەدابێ وا لەجەنگە و شەڕ یەخەى گرتووە، ئەوەش بەو مانایەدێ كورد نابێ لەڕووداوەكان غافلگیربێ و دەبێ بەدواداچوونى وردى بۆ هەموو ئەگەرەكان هەبێ و دەست بەو یەكڕیزییەوە بگرێ كە لەیەكڕیزى دەتوانێ شكست بەهەموو ئەو هەوڵانە بێنێ كە بیانەوێ ببنە مەترسی بۆ سەر ئاسایشی هەرێم و هاوڵاتیان.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست