کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


دوو ‌هەڵەی زەق

Tuesday, 07/08/2012, 12:00






نەوشیروان موستەفا لەدوا دیداری سازدراوی لەگەڵ ووشیار عەبدوڵادا، ئەوەندەی خزمەتی پارتی کرد، ڕەنگە نیو ئەوەندە زیانی پێنەگەیاندبێتن.

دیارە قسەی باش بەبێ هیچ کردەوەو هەڵوێستێك هیچ ئەرزشێکی نیە، بۆ نمونە کاتێ کەسێکی لێقەوماو،بێکەس،بێ شوێن،برسی ،هەژار،کەم ئەندام و کەم دەرامەت داوای یارمەتی بکا، ئایا تەنها ئەوەندە بەسە بەقسەی جوان وەڵامی بدرێتەوە و ڕایی بکرێ؟ وەیان جگە لەوەش پێوستە دەستی یارمەتی بەپێی پێوست بۆ درێژ بکرێ و هەندێ لە ناسۆر و ناڕەحەتیەکانی کەم بکرێتەوە. چ کاتێ قوربانیەکی چەکی کیمیایی لە خەستەخانە کە شوێنی تیمار کردن و چارەسەرکردنە ، دکتۆر و ستافەکان تەنها هاوخەمی خۆیان دەرببڕن و دواتر قوربانیەکە بەجێ بهێڵدرێ و کەس دەست بۆ برینەکەی نەبا.. ئایا پێوست نیە لەو کاتەدا جگە لەقسەی جوان و وورە بەرزکردنەوە ، دکتۆر و ستاف پێکەوە هەموو هەوڵی خۆیان بخەنە گەڕ بۆ هەرچی زووترە بتوانن چارەسەری ئەو نەخۆش بکەن و داو دەرمانی پێوستی بۆ دابین بکەن.

قسەکانی نەوشیروانیش بەرانبەر بەپارتی تەنها ئەچنە خانەی قسەی جوان و ڕاست دژ بەو بنەماڵە خائینە، دەنا ئەو قسانە هەموو کەس باش ئەیزانێ و هەموان لەمێژە ئەو قسانەمان وتوەو ڕەنگە زیاتریش ...... لێ لەڕاستیدا نەوشیروان موستەفا لەدوای دامەزراندنی حزبی گۆڕان، تەنها قسەی کردوەو هەڵوێست و کرداری بەپراکتیت نەبوە.

بۆ نمونە لەدوای هەڵبژاردنەکانی ساڵی ٢٠٠٩ پێش ئەوەی ئەنجامەکان بڵاو بکرێتەوە ، هات و ووتی" دەرئەنجامەکان هەر چۆنێ بن، ئێمە پێی ڕازیین" کەئەمەش دواتر ئەو هەڵە زەقەی دروست کرد کە هەنووکە لەدیدارەکەدا ئاماژەی پێدا کەووتی"پارتی هێزی یەکەمەو ئێمەش هێزی دووەم. ئەم دانپێنانە بەبێ ئەوەی ئاماژە بەو هەموو تەزوویر و فرت وفێڵە بکرێ ، ئەچێتە خانەی خزمەت کردن بە پارتی و بنەماڵەی مەسعودی جاش و خۆفرۆش .

هەڵەی دووەم دیارە لەوەی پێشووتر گەورەترو زەقترە، ئەویش ئەوەیە کەووتی"پارتی مافی خۆیەتی چۆن چۆنی سیاسەت لەناو خۆیاندا ئەکەن و کێ ئەکەن بەڕیش سپی و کێ ئەکەنە ڕابەری خۆیان و مافی خۆیانە حوکمی ویراسی لەناو خۆیاندا پەیڕەو بکەن. کەئەمەش لەڕاستیدا گەلێ هەڵەیە ئەو گڵۆپە سەوزەیانە بۆ داگیرسێنێ و هەروا بەسانایی ئەو شێوازەی پارتی سیاسەتی ناوخۆی تیا پەیڕەو ئەکا ئۆکەی بکرێ ، بڵێی مادامەکی لەنێو خۆیاندا کاری وا ئەکەن و باوك دەسەڵاتی بۆ کوڕو دواتر بۆ کورەزا ، ئێدی قەی ناکا.

خۆی چونکە سیاسەت پەیوەندی هاوڵاتیان ئەبەستێتەوە بەیەکەوە، کەواتە ئەوانەی بەشداری پرۆسەی سیاسی ئەکەن و حوکم ئەکەن..ناتوانن تاك ڕەوانە سیاسەت بکەن. پارتی چونکێ بەشێکە لەپرۆسەی بەڕێوەبردنی هەرێم(ئەگەر چی هەق نیە وابێ)،ناتوانن بەتەنها و بەکەڵەگایی ئەوەی ویستیان بیکەن و فەرزی بکەن . ئەوەی دان بەوەدا بنێ کەپارتی مافی خۆیەتی هەرچیەك بکات لەپەیڕەوی ناوخۆی لەگەڵ ئەندامەکانی ئەوا بەهەڵەدا چوەو دواتر کاریگەری نێگەتیڤیانە لەسەر کۆی سیستمە ئیداری،کۆمەڵایەتی و سیاسیە گستیەکە دروست ئەکا.ئەگەر پارتی بەتەنها لەناوچەی بلەو بارزانیش بێت و حوکمی ئەو دەڤەرە بەتەنها بکات، ئەوا لەو حاڵەتدا بۆی نیە ئەو شێوازە لەحوکم کردن بکا کە ئێستا ئەیکات، چونکێ لانی کەم لەو دەڤەرە بچوکەدا چەندین خێڵ و بنەماڵەی جیاوازی تیا ئەژی، ئینجا کوجا بۆ ئەوەی لەچەندین شاری کوردستان ئەو مۆڵەتەیان پێ بدرێ و پێیان بڵێن ، لەناو خۆتانە و لەناو حزبەکەی خۆتان چی ئەکەن بیکەن و کەسیش لاریتان ناکا.

نەوشیروان موستەفا ئێدی کاتی ئەوە بەسەر چوە تەنها قسەی باق و بریق و گەڕان بەدوای تێرمینالوژێ و دەستەواژەی نوێ. پێوستە کاری یەکەمت بایکۆت کردنی لیستەکەت لە پەرلەمان و پەکخستنی سیاسەتی ئەوڕۆی هەرێم ، گەر ئەم کارە ئێستا نەیکەت ئێدی قسە هەزارەو یەکی بەکارە.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە