حوكمرانى باشورى كوردستان و كۆنفدراڵى خێڵەكى سەردەمى دەوڵەتى میدیا
Sunday, 31/05/2009, 12:00
بهشی دووهم لەبەشى یەكەمى ئەم نوسینەدا ئاماژەیەكم بە دیمەنى رێكخستن و پایەى كۆمەلایەتى حزبەكانى باشورى كوردستان دا،پرسیارم كرد ئایا ژیانى كۆمەلایەتى و سیاسى و رێكخستنى ئەمرۆى هەرێمى كوردستان دیاردەیەكى سرووشتی و تەندووستە،یان دیاردەیەكى نامۆیە بە سەردەم و لادانە لە رەوتى ئاسایى سیاسەت و گەشەكردنى كۆمەڵگا.بە برواى من ئەو شێوازەى سیاسەت لە باشورى كوردستاندا دیاردەیەكى سروشتى نیە و جۆریكە لە لادان لە رێرەوى ئاساسیى سیاسەت ،بۆ ئەوەى راستى بۆچوونەكەمان بسەلمێنین دەبێت سیستەمى سیاسى حزبە سیاسیەكانى كوردستان و سیستەمى بەرێوەبردنى حكومەتى هەرێمى كوردستان لەگەڵ حزبەكانى دەوروبەر و ناوچەكە و جیهان بەراورد بكەین.
ئەگەر لە سەر ئاستى عراق سەیرى پێكهاتە سیاسیەكانى دواى رووخانى رژێمى سەدام بكەین،بەشى هەرە زۆرى حزبە سیاسیەكانى عراق حزبى مۆدرێنن، خێزان و بنەماڵە، مەرجەعیەت و پایەى كۆمەلایەتى و شێوازى رێكخستنی حزبەكانى عراق دیارى ناكەن،بێجگە لە ئەنجومەنى بالاى ئیسلامى عراق هیچ حزبێكى سیاسى ترى عراقى هەژموونى بنەماڵەگەرى بە سەر یەوە دیار نیە،ئەگەر سەیرى رێكخستنە سیاسیەكانى پێكهاتە نەتەوەیى و ئاینى و مەزهەبیانەى ترى باشورى كوردستان بكەین وەك توركمان و ئاشورى و كلدان،هەر بە هەمان شێوە هەژمون و هزرى خێڵ و بنەماڵە و خێزان لە سەریان باڵادەست نیە،لە ئاستى جیهانیشدا ئەم دیاردەیە هەر زوو بەسەر چووە و مۆدێلى پێشكەوتوترى كۆمەلایەتى و رێكخستنى شوێنی گرتۆتەوە،ئەگەرچى تا ئەمرۆش لە هەندێك لە ولاتە عەرەبیەكاندا دەسەلاتدارى خێزان و بنەماڵە بەردەوامە،بەلام لەو ولاتانەدا ئەو دیاردەیە بە گوێرەى دەستور رێكخراوە و جۆرى رژێمەكانیان رژێمى پادشایەتیە و دەسەڵات و پێوەندى بنەماڵە دەسەڵاتدارەكان و دەوڵەت و خەڵك بە یاسا دیارى كراوە.لەو ولاتانەى ترى جیهاندا كە تا ئێستە رژێمى پاشایەتى تێدا ماوەتەوە، پادشا و خێزانەكەى دەست لە كاروبارى یاسادانان و بەرێوەبردن و دادوەری وڵات وەرنادەن و وەك رەمزێكى نەتەوەیى و نیشتمانى وڵاتەكەیان رۆڵ دەبینن.
لە بەراوردكردنى میكانیزمى بەرێوەبردنى كاروبارى ولاتدا، لە عراقى ناوەندى و لە وڵاتانى تردا دەستور هەیە و كار بە یاسا دەكرێت،دیاردەى دەستاودەستكردنى دەسەڵات لە ناو حزب ولە ناو حكومەتدا جێگیر بووە،هەموو توێژە كۆمەلایەتیەكان بۆیان هەیە لە سیاسەتدا بەشدارى بكەن،داهاتى ولات بە گوێرەى بنەماى یاسایى بە روونى كۆدەكرێتەوە و بەشێوەیەكى ئاشكرا بە سەر خەڵكدا دابەشدەكرێت،لەو ولاتانەدا بەشى زۆرى داهاتى ولات بۆ پێشخستنى زانست و تەكنۆلۆژیا و بۆ خزمەتگوزارى گشتى و بۆ راستكردنەوەى ژێرخانى ئابورى وڵات بەكاردێت.لە هەرێمى كوردستاندا دەستورمان نیە، یاسا دەسەڵاتى نیە، دەستاو دەستكردنى دەسەڵات تەنها پاش مردنى كەسى یەكەمى حزبە و كور مافى ئەوەى هەیە لە باوكیەوە دەسەلات وەربگرێت، لە هەرێمى كوردستانداتەنها لە ناو خانەیەكى تەسكى كۆمەڵگا(خێزان) دا لە سەر پۆستى سیاسى كێ بڕكێ دەكرێت و بەشدارى لە بریارى سیاسی دا دەكرێت، بنەماكانى كۆكردنەوەى داهات و دابەشكردنى داهاتى هەرێمى كوردستاندا روون نیە وبە گوێرەى یاسا رێكنەخراوە و لە ژێرچاودێرى خەڵك و پەرلەماندا نیە،داهاتى كوردستان بۆ پێشخستنى زانست و تەكنۆلۆژیا و بۆ راستكردنەوەى ژێرخانى ئابورى ولات بەكار نایەت،داهاتى كوردستان بۆ مشەخۆركردنى تاك و كۆمەڵگا بەكاردێت.
لە سەر بنەماى ئەو راستیانەى سەرەوە دەتوانین بڵێین،حوكمرانى حزبەكانى باشورى كوردستان و لەوێشەوە حوكمرانى حكومەتى هەرێمى كوردستان،حوكمرانیەكى كۆمارى نیە،حوكمرانیەكى پادشاییش نیە و ناوەرۆكیشى بە حوكمى یاسا و مافى مۆرڤ و بنەماكانى سیستەمى دیموكراتى و دادپەروەرى كۆمەلایەتى پڕنەكراوەتەوە. ئەگەر لە سەردەمى جیهانگیریدا شێواز و ناوەرۆكى سیستەمى سیاسى حزبى و ئیدارى باشورى كوردستان بەو شێوەیە بێت لە گەڵ شێواز و ناوەرۆكى سیستەمى سیاسى ناوچەكەو جیهان دژبەر و ناكۆك بێت،ئەو كات بۆمان دەردەكەوێت كە سیستەمى سیاسى باشورى كوردستان لە رووى پێكهاتەى كۆمەلایەتى و بیناى رێكخراوەیى و ستراتیجى سیاسی و میكانیزمى بەرێوەبردنەوە دووچارى لادانێك بووە و دیاردەیەكى كۆمەلایەتى و سیاسى ئاسایى نیە.
لە ناوەراستى سەدەى نۆزدەدا،پاش لاوازبوونى دەوڵەتى عوسمانى و بلاوبونەوەى هەست و هوشیارى نەتەوەیى لە نێو پێكهاتە نەتەوەییەكانى ژێر دەسەلاتى ئەو دەوڵەتەدا،گەلى كوردیش وەك یەك لە نەتەوەكانى ژێر دەسەڵاتى عوسمانیەكان هەستى بە تایبەتمەندى نەتەوەیى خۆى كرد و كەوتە هەوڵدان بۆ ئەوەى ماف و ئازادیەكانى وەرگرێت،لە ساڵانى 1840وە تا جەنگى جیهانى یەكەم،لەوێشەوە تا جەنگى جیهانى دوەم، گەلى كورد لە پێناوى رزگارى نیشتمانى و مافى نەتەوەییدا چەندان جار سەرهەڵدانى سیاسى و راپەرینى چەكدارى لە دژى داگیركەرانى كوردستان بەرێوەبردووە،تا دامەزراندنى كۆمارى مەهابا،هەر هەموو جووڵانەوە سیاسى و چەكداریەكان لە لایەن سەرۆك خێڵ و پیاوە ئاینیەكانى كوردستانەوە رێبەرایەتى كراون،بەلام لە سەروبەندى جەنگى جیهانى دووەمدا بۆ چارەسەركردنى كێشەى كورد لە كوردستان چەندان رێكخراوى سیاسى دامەزران،لە دواى درووستبوونى كۆمارى مەهاباد(كوردستان) حزبى دیموكراتى كوردستان دامەزرا و جڵەوى حوكمرانى كومارى مەهابادى گرتە دەست،لەو كاتەوە ئتر بزاڤى رزگاریخوازى گەلى كورد لە دەستى سەرۆك خێڵ و پیاوانى ئاینى وەرگیراو درایە دەستى حزب، شۆرشى ئەیلولیش لە باشورى كوردستان هەر لە لایەن حزبەوە رێبەرایەتى كرا.وەرگرتنى دەسەلاتى حزبى لە لایەن پیاوێكى ئاینى و سەرۆك خێڵێكەوە كارێكى ئاساییە ئەگەر ئەو سەركردەیە پابەندى بەرنامە و پەیرەوەى ناوخۆى حزب بكات و رێسا و یاسا خێڵەكیەكانى خۆى وازلێبێنى و بێتە تاكێكى حزبى و نەتەوەیى،ئەم دیاردەیە لە زۆربەى كۆمەڵگاكانى جیهاندا بە بارى سرووشتى خۆیدا تێپەڕیوە، ئەگەر سەركردەكان خێڵەكى و لادیێیش بووبن لەگەڵ تێكۆشاندا بوونەتە كەسایەتى نەتەوەیى و دیموكرات و شارستانى،بەڵام لە كۆمەڵگاى كوردستاندا وە بە تایبەتى لەم سالانەى دواییدا هزرى خێڵ و دەسەلاتى ناوەندى تاك و خێزان زیندووكرانەوە وجارێكى تر كۆنترۆڵى حزبایەتى و بزاڤى نەتەوەیى وبزاڤى دیموكراتى و بەڕێوەبردنى كارەكانى حكومەتى هەرێمى كوردستانى كرد و رێگەى گەشەكردنى هزرى سیاسى سرووشتى لێگرتین.
لە شۆرشى ئەیلولدا لەگەڵ ئەوەدا كە مەلا مستەفا لە یەك كاتدا تاكێكى ئاینى و خێڵەكى بوو و چل پەنجا ساڵ پێش ئێستە رێبەرایەتى بزووتنەوەی نەتەوەیى كوردى دەكرد،بەلام لەو كاتەدا وەك ئێستە بەرێوەبردنى سیاسەتى شۆرش و حزب لە لایەن خێڵ و خێزانەوە مۆنۆپۆڵ نەكرابوو،بە گوێرەى كات هەر یەك لە ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانى و عەلى عەبدولا و حەبیب محەمەد كەریم و دارا تەوفیق و سامى عەبدوالرەحمان ودكتور مەحمود عوسمان و چەندان سیاسەتمەدارى تر لە دەورى مەلا مستەفا بوون و لە بریارى سیاسى ئەو كاتەدا بەشداریان دەكرد و كاریان رادەپەراند،لە سەردەمى خەباتى شاخى شۆرشى نوێدا برازا و خزمەكانى جەلال تاڵەبانى پێشمەرگە و كادرى ئاسایی بوون و بە گوێرەى توانا و دڵسۆزى خۆیان پۆستیا دەدرایە،كەوابوو كۆنترۆڵكردنى پلەوپایە و بریارەكانى حزب و شۆرش و حكومەت لە لایەن خێزانێكى تایبەتى خێڵى بەرزانەوە،یان لە لایەن دەست و پێوەندە نزیكەكانى تاڵەبانیەوە،هێندە كۆن نیە و لە دواى راپەرین و لە دواى رووخانى رژێمى سەدامەوە لە سەردەمى جیهانگیریدا ێشكەوتووە و جێگیربووە.
ساڵى 2004 سەرۆكى پارتى چارەسەرى دیموكراتى كوردستان بووم،یەك لە كارە سەرەكیەكانم سەردانى بەرپرسە دەسەڵاتدارەكانى پارتى و یەكێتی بوو، بۆ ئەوەى پشتیوانیمان بكەن تا حكومەتى هەرێمى كوردستان مۆڵەتى رەسمى بدات بە (پ چ د ك)،رۆژێك لە ماڵەوە برادەێكى كۆنم تەلەفۆنى بۆ كردم وتى دەمەوێت بتبینم،ئەو برادەرە كادرێكى (ى ن ك) بوو، سەردانى كردم و پێى وتم ئەزانین تا ئێستە دووجار سەردانى (كۆسرەت رەسوڵ)ت كردووە،پێم باشە بزانیت كە لە سنورى سلێمانیدا كۆسرەت دەسەڵاتى نیە،دەسەڵاتى سلێمانى و گەرمیان دراوەتە دەست تاڵەبانى و بنەماڵەكەى، دەسەڵاتى هەولێر و دهۆكیش دراوەتە دەست بەرزانى و بنەماڵەكەى.كە ئەو برادەرە ئە مەساجەى بە مندا ئەوەم بیرهاتەوە كە لە یەكێ لە دیدارەكانمدا لەگەڵ كاك كۆسرەت،خۆى پێیوتم ئەگەر بۆ هەمان مەبەست كە هاتویتە لاى من چوویتە لاى برادەراپارتى بچۆرە لاى كاك مەسعود یان كاك نێچیر یان یان كاك مەسرور)لەبەر ئەوەى بریارى پارتى بە دەستى ئەوانە.
باشە ئەو هێزە كێیە كە سلێمانى و گەرمیانى داوەتە دەست تاڵەبانى و بنەماڵەكەى؟ هەولێر و دهۆكیشى داوەتە دەست بارزانى وبنەماڵەكەى؟،ئایا ئەمە جۆرێكى ترى دابەشكردنى كوردستان نیەوەك ئەوەى لە جەنگى جیهانى یەكەمدا كە ئینگلیز و هاوپەیمانەكانی كوردستانیان لە دوو پارچەوە كردە چوار پارچە؟ئایا دەسەڵاتدارانى باشور بۆچى بەم دابەشكردنەى نیشتمانەكەیان رازى بوون؟ئایا ئەم دابەشكردنە بنەماڵەییە لە سەردەمى جیهانگیریدا مۆدێلێكى سیاسى گونجاوە؟یان جۆرێكە لە كۆنفدراڵى خێڵەكى كە لە سەردەمى میدیەكاندا 2007 دووهەزار و حەوتسەد ساڵ پێش ئێستە باوبووە.
15-5-2009
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست