خوێندنەوەیەك لەنێوان شین و شایی كورد بۆ دەسەڵاتەكەی قەزافی و, قەزافیەكانی دوای قەزافی!
Saturday, 12/11/2011, 12:00
لەچوارچێوەی ئەو باهۆزی دیموكراسیەی كەڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە نیوەڕۆی (20ی ئۆكتۆبەر) دوای 42 ساڵ حكومڕانیەكی لێوان لێو لەدیكتاتۆریەت و ستەم یەكێك لە ناشرینترین پیاوەكانی جیهان كەوتەبەرنەفرەتی ڕقی ئەستوری میللەت و كۆتای هات كەئەویش (موعەمەر محمەد عەبدولسەلام مەنیار, ناسراوبە موعەمەرقەزافی) سەرۆكی لیبیا بوو.
قەزافی دوای كۆتا هاتنی دەسەڵاتەكەی مشتومڕێكی گەورەی سیاسی دوای خۆی جێهێشت لەسەرانسەری كۆمەڵگاكانی جیهاندا, موشتومڕێكی گەرموگوڕ, جودا لەكۆتای دەسەڵاتەكانی هەردوو سەرۆكی پێشوی میسرو تونس (موبارەك و بن عەلی), دیارە شەقامی كوردی و بەتایبەتیش مێدیای كوردی بێبەش نەبوون لەومشتومڕەدا, هەندێك قەزافی وەك دیكتاتۆرو هەندێكیش وەك جوانترین مرۆڤی دونیاو هاوكات وەك براو دۆستە دێرینەكەی كورد وێنا دەكەن, لای هەندێك لایەن و كەسایەتی كورد, دڕەندەترین پیاوی جیهان دوای هیتلەرو مۆسالینی قەزافی دێت, هەندێكیش ڕاستەوخۆو هەندێكجاریش ناڕاستەوخۆ وەك شەهید قەزافی دەنرخێنن و شیوەنی بۆ دەگێڕن, (بەتایبەت لەئێستادا ئەو فەزا ماتەمینیەی لەتۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووكدا بۆی دەگێڕدرێت).
ئەوەی جێگەی نیگەرانیە شین و هاوارەكان بۆ قەزافی لەناوشەقامی كوردیدا بەجۆرێك خەریكە پەرە دەستێنێت ستەم و زوڵمو دڕندەی 42 ساڵ حكومڕانیكردنی ئەو پیاوە بە دارو ئاسن بەرامبەر میللەتەكەی خۆی, پێچەوانە دەبێتەوە بۆ بەرائەت و وەك جوانترین مرۆڤی ئاشتی خواز لەشەقامی كوردیدا هێمای بۆ دەكرێت, ئەگەر ڕونتر بڕوانینە باسەكە زیاترئەوهاوسۆزیەش بۆقەزافی لەلایەن ئەندامان و لایەنگرانی دوو پارتە دەسەڵاتدارەكەی هەرێم بەدیدەكرێت!.
بینیمان زۆرینەی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی پیرۆزباییان لەگەلی لیبیا كرد بۆ ڕزگاربونیان لەدەسەڵاتە دیكتاتۆرەكەی قەزافی ,وەلێ عەجەب هەتا ئەمڕۆ سەرۆك و بەرپرس و دەسەڵاتدارانی هەرێمە زوڵملێكراو بەشمەینەتەكەی باشووری كوردستان بێدەنگترینی مرۆڤی سەرئەم زەمینەن, هەرێمێك هەردەم لە مارش و لەخیتابی سیاسی زاری سەركردەكانیەوە تینوترین میللەتی جیهانە بۆ دیموكراسی و مافەكانی مرۆڤ, بەڵام ئەمڕۆ هەموو مارش و خیتابەكانی ڕابردوو پێچەوانە بونەوە!.
دیارە بۆیەش بەدیاری كراو دەڵێین (دەسەڵات), چونكە هەمان ئەوسەركردانەی دوێنێ دۆستی قەزافیبون ئەمڕۆش بێدەنگیان گەورەترین نیشانەی هاوخەمیە بۆقەزافی و زۆرینەی ئەوبەرپرسانەش لەهەرەمی دەسەڵاتدان, لەلایەكیتریشەوە زۆرینەی ئەوكەسانەی ئەمڕۆ هاوسۆزی قەزافین وەلائیان بۆ پارتی ویەكێتی هەیە, دیارە ئەم هاوسۆزیەش لەخۆڕاسەرچاوەی نەگرتوەو وەك هەموو پێشهات وڕووداوە سیاسیەكانی ڕابردووی هەرێم دیوی ناوەوەی ئەم هاوخەمیەش بۆقەزافی هەناوی حیزبە!, بەڵێ ئەوحیزبەی هەمیشە بەوپەڕی لیبراڵیزم لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا خۆیان نمایندە كردوە و هەمیشە بڕوای بەمافی مرۆڤ و سیستەمی دیموكراسی و قبوڵكردنی ڕای بەرامبەرو كۆمەڵگەی مەدەنی هەبوە!, بەڵام كارەسات لەدەوەدایە هاوكات بەئاشكرا فەزیحەی تاوانە جۆراوجۆرەكانی دیكتاتۆرێك وەك ڕۆژی ڕوناك دەبینن كەپترلەچل ساڵ بەشێوەیەكی زۆر دڕندەو هەمەجیانە حوكمی میللەتەكەی خۆی كردوەو ڕوبەڕووی نەیارەكانی خۆی بۆتەوە, كەچی دوای كۆتای و ئاوابونی خۆری تەمەنی ئەمڕۆ هەمان ئەو دیكتاتۆرە بەشەهید وێنا دەكرێت و شیوەنی بۆدەگێڕدرێت بەتەنها لەپای ئەوەی دیكتاتۆری ناوبراو چەند جارێك (بەتەنها سەرزارەكیانە) پشتگیری لە دۆسیەی نەتەوەیەكورد كردوە و داوای دروستبونی دەوڵەتی كوردی كردوە!.
بەڕاستی جێگەی پێكەنینە بۆكەسانێك دڕندەترین و ناشرینترین پیاوی سەرئەم ئەستیرَەیە بەفریشتەو دۆستی ڕاستەقینەی كورد وێنادەكەن, خۆئەگەر هۆكاری ئەم شینو پرسەگێڕانە بەتەنها لەبەر خیتابێكی ئیجابی قەزافیە, خۆسەدام حسەینیش لەگشت مفاوەزات و دانیشتنەكانیدا لەگەڵ سەركردەكانی ئەودەمی شۆڕشدا, زۆركات تیۆریانەو سەرزارەكیانە لەقەزیەی كوردی ڕوانیەوە, هەروەها (وحدە, حریە, الاشتراكیە) لەلۆگۆی حیزبەكەیدا بونی هەبوو, بەڵام جگە لەڕەمزگەلێك, تاچەند ئەم سێ شیعارە لەبەرامبەر گەلی كوردو دواجارهەموو عێراقیەكاندا پراكتیزەدەكران؟ّ!.
بەدبەختی كوردلەوەدا بەدیناكرێت لەكۆی(22)وڵاتی عەرەبیدا تاكەسەركردەیەك ڕۆتینیانە پشتیوانیت لێبكات ودواجار هەمان سەركردە دەبێتە ناشرینترین مرۆڤی سەرئەم زەمینە!, بەڵكو بەدبەختیەكە لەوەدایە كەهەمیشە ئێمەی كورد فرمێسكی ڕاستەقینەمان بۆ فرمێسكە تیمساحیەكان ڕشتوە!.
بۆهەمووئەوانەی پێیان وایە ئەم هاوخەمیەیان بۆقەزافی لەدەرەنجامی عاتیفەوە سەرچاوەی نەگرتوەو بەجدی قەزافی دۆستی ڕاستەقینەی كوردبووە, ئایا دوای چاوپێكەوتنەكەی (عەبدولڕەحمان محەمەد شەلقەمی) وەزیری دەرەوەی پێشوی لیبیا كەلەهەردوو ڕۆژنامەی حەیاتی چاپی لەندەن و نەهرەینی میسریدا بڵاوكراوەتەوە ئێستاش لەسەرهەمان بیروڕاو قەناعەتن؟!, ناوبراو كەبەدۆستە نزیكەكەی قەزافی ناسراوەو هەربەوهۆیەشەوە زۆرترین كات لەپۆستەكەیدا ماوەتەوە كەنزیكەی پانزە ساڵ وەزیری دەرەوەی لیبیابوە بەڕاشكاوانە باس لەوەدەكات هەموو ئەوخیتابانەی قەزافی لەسەر مەسەلەچارەنوسسازەكانی كوردو بەتایبەتیش دروستبونی دەوڵەتی كوردی, هیچی لەپێناو پەرۆشی نەتەوەی كورددا نەبوە بەڵكو بۆ ئیستیفزازكردنی جیهانی عەرەبی و بەتایبەتیش توڕەكردنی خودی سەدام حسەین بوە, چونكە قەزافی و سەدام حسەین تاكەسەركردە بوون جگەلەپۆستی سەرۆكی وڵاتەكانیان هەمیشە بەهۆی ئەوسەروەتو سامانە زۆرەی كەخاوەنی بون, خەونیان بەسەرۆكایەتی هەموو نەتەوەی عەرەبەوە بینیوە هەربۆیەش لەساتەوەختی گرتنەدەستی سەرۆكایەتیاندا سەرسەختترین دوژمنی یەكتریبون, شەلقەم لەدرێژەی ئەو دوو چاوپێكەوتنەدا باس لەوەدەكات هەربەوهۆیەشەوە بەدرێژای جەنگی نێوان عێراق-ئێران, قەزافی پشتیوانی وهاوكاری لۆجستی و سەربازی ئێرانی دەكردو هەروەها هاوكاری هەموو هێزە نەیارەكانی ناوخۆی عێراقیشی دەكردو لەناوئەو هێزانەشدا شەلقەم ناوی (یەكێتی نیشتیمانی كوردستان) دەبات و ئاماژەب بەوەدەكات كە یەكێتی وەك هێزێكی نەیاری دەسەڵاتەكەی سەدام حسەین كەلەشاخ بوون, قەزافی چەندینجار یارمەتی سەربازی بۆناردون.
عەبدولڕەحمان موحەمەد شەلقەم وەزیری دەروەی دەسەڵاتەكەی قەزافی لەچاوپێكەوتنەكانیدا بەمەشەوە ناوەستێت ودەڵێت: تاكەسەركردەیەك كەلەجیهانی عەرەبیدا بڕوای بە دۆسیەی كورد نەبوە قەزافیبو!, هەموو ئەوخیتابانەشی كە داوای دروستبونی دەوڵەتی كوردی دەكرد بۆ دژایەتیكردنی جیهانی عەرەبیبو, چونكە هەمیشە زۆرینەی عەرەبەكان دژی ئەوخەونە لەمێژینەی قەزافیبون كەببێتە سەرۆكی نەتەوەی عەرەب, هەربۆیە شەلقەم دەڵێت: لەساڵی(2003)دوای پرۆسەی ڕوخانی ڕژێمەكەی سەدام حسەین قەزافی كەمترین جارباسی لەمەسەلەی كورد كردوە, یاخود هەر نەیكردوە!, هەروەها شەلقەم باس لەوەدەكات قەزافی سیاسەتی نەدەكرد ئاشكرابو لەبەرچاوی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا قەزافی وەك سەرۆك خێڵێك خوێندنەوەی بۆدەكراو هەمیشە هەڵسوكەوتەكانی وەك پیاوێكی سیاسی دەرنەدەكەوت, زۆرجاریش لەو بڕیارو خیتابانەی كەدەیدا پەشیمان بوو, یاخود پاش ماوەیەك هەستی بەهەڵەیەكی گەورەی خۆی دەكرد لەوكارەی كەكردویەتی, شەلقەم دەڵێت: هەمیشە قەزافی پیاوێك بو وەك خوداوەند بۆ گەلی لیبیا خۆی نمایندە دەكرد, ئەو بێئاگابو لەئازارەكانی وڵات, چونكە كەس بوێری ئەوەی نەبوو هەڵەیەكی خۆی, یان سیاسەتێكی هەڵەی دەوڵەتی بۆباس بكات وهەمیشە لەكاتی توڕەبووندا لەڕەشەبایەك دەچوو كەهیچ شتێك خۆی لەئاستیدا نەدەگرت, هەربەوهۆیەشەوە من وەك نزیكترین كەس لەقەزافیەوە چەندینجار ئێشوئازارەكانی گەلی لیبیام پێگەیاندوە بەڵام لەمەیاندا نەك هەربەقسەی نەدەكردم بەڵكو زۆرجارتوڕەش دەبوولێم, یان لەوەڵامدا دەیگوت من سیاسەت بۆخوشگوزەرانی هەموو نەتەوەی عەرەب دەكەم تۆ بڵێیت ئێستا میللەتەكەی خۆم لێم ناڕازی نەبێت؟!!.
تەوەرێكی دیكەی ئەم بابەتە بۆچونێكی جیاوازی شەقامی كوردیە جودالە دژایەتیكردنی دەسەڵاتەكەی قەزافی چەپڵە لێدانە بۆ شۆڕشگێڕانی لیبیا كەكۆتاییان بەدەسەڵاتە دیكتاتۆرو هەمەجیەكەی قەزافی هێناو ئیدی ئەوبەشەی لایەنگرانی شەقامی كوردی پێیان وایە كەئایندەی لیبیەكان, ئایندەیەكی گەشی دیموكراسی و دادپەروەری دەبێت و سەروەری بۆگەلی لیبیا دەگەڕێتەوە لەسایەی حوكمڕانیكردنی دەسەڵاتی شۆڕشگێڕانداو, جودالەهەموو ئەمانەش تەنانەت هەندێكجار دۆستایەتی وپەرۆشی بۆشۆڕشگێڕانی لیبیاش بەدیدەكرێت!.
ئەگەربەشێوەیەكی مەنتقی بگەڕێینەوە بۆ دواساتەكانی كۆتایی هاتنی دەسەڵاتەكەی قەزافی وچاوێك بەسەركەوتنی شۆڕشگێڕانی لیبیادا بخشێنینەوە, ئیدی ئەوەسەرەتایەكی ڕوونی نادیموكراسی و نایاسایی شۆڕشگێڕان نیشان دەدات, چونكە نیشاندانی قەزافی وموعتەسەمی كوڕی بەدیلی و پاشان بلاوبونەوەی دەیان گرتەیی ڤیدیۆییان بەكوژراوی, ئەوپەڕی دڕندەیی وكەڵفامی ونائینسانی وبەربەریەتی ودەسەڵاتی وەحسیگەری شۆڕشگێڕان نیشان دەدات, هاوكات ئەمە زیندوترین نموزەجە كەدەسەلاتێكی لێوان لێو لەنادیموكراسی و هەمەجی چاوەڕێی ئایندەی لیبیەكان دەكات, چونكە بەپێی یەكێك لەیاساكانی جاڕنامەی جیهانی مافەكانی مرۆڤ بەهیچ شێوەیەك نابێت دیلی جەنگ بكوژرێت ودەبێت لەچوارچێوەی یاسایەكی عادیلانە دادگای بكرێت.
لەلایەكیترەوە (مستەفا عەبدول جەلیل) سەرۆكی ئەنجومەنی كاتی لیبیا, ئەوپیاوەی ئەمڕۆ زۆرینەی لیبیەكان چەپڵەی بۆ لێدەدەن و وەك پیرۆزترین مرۆڤ خوێندنەوەی بۆدەكەن بۆئایندەی خۆیان, چەندین سەرچاوەی خەبەری ئاماژەبەوەدەكەن ناوبراو چەندین دۆست وعەقرەبەی كەلەچواردەوری خۆی كۆبونەتەوە, هەرلەئێستاوە خۆیان بۆ وەرگرتنی باڵاترین پۆستی سیاسی لیبیا ئامادەكردوە, جگەلەمانەش بەپێی چەند سەرچاوەیەكی هەواڵیبێت ئاماژەبەوەدەكەن لەكاتی بەدیلگرتنی قەزافی و موعتەسەمی كوڕیدا پەیوەندی بەمستەفا عەبدول جەلیلی سەرۆكی ئەنجومەتی كاتیەوە كراوە, ناوبراو بڕیاری كوشتنی قەزافی و موعتەسەمی كوڕی داوە, بەتایبەتیش لەئێستادا كەلیژنەیەكی نێودەوڵەتی سەرقاڵی لێكوڵینەوەن لەسەر چۆنیەتی كوشتنیان و پەنجەی تۆمەتیش بۆسەرۆكی ئەنجومەنی كاتی لیبیا درێژ دەكرێت.
نیشانەیەكی دیكەی دیكتاتۆریەتی سەرۆكی ئەم ئەنجومەنەی بەناو شۆڕشگێڕانی لیبیا ئەوەیە ناوبراو لە24ی ئۆكتۆبەردا پێش پەڕلەمان و جەماوەرو تەنانەت پێش نوسینەوەی ڕەشنوسی دەستووری نوێی لیبیا دەكەوێت وبەناوی هەموو میللەتەوە بڕیار دەدات كەدەوڵەتی نوێی لیبیا دەوڵەتێكی ئیسلامی دەبێت!, ئەم لێدوانەی مستەفا عەبدول جەلیل لەكاتێكدایە لەناوپێكهاتەی لیبیادا جگەلە ئیسلامیەكان چەندین حیزب وتەیاری چەپ و عەلمانی بونیان هەیە,لەكاتێكدا (ئەگەر ئەم هێزانە كەمینەشبن)ئەم خیتابەی سەرۆكی ئەنجومەنی كاتی لیبیا هیچ مەنتقی تێدانیەو خیتابێكی دیكتاتۆریانەیە, چونكە ئەوە هەڵبژاردن وپەڕلەمانە دەوڵەتی ئایندەی لیبیا دیاری دەكات كەدەوڵەتێكی ئیسلامی دەبێت یان عەلمانی؟, ئەمەش جارێكیدیكە دووبارەبونەوەی هەمان سەركردەیەكیتری دیكتاتۆری لیبیەكانە و دووبارەبونەوەی هەمان دەساڵاتە تاك لایەنەكەی قەزافیەو ئەو شۆڕشەی كەبانگەشەی بێگەردترین شۆڕشی بۆدەكرێت وبەناو شۆڕشگێڕانە ڕێك پێچەوانەكەی ڕاستەو ئەوانەی لەئایندەشدا حوكمی لیبیەكان دەكەن ژمارەیەك قەزافی دیكەی دوای قەزافین وهیچ كات بڕوایان بەسیستەمی دیموكراسی ومافەكانی مرۆڤ وسەروەری یاسا نیە, هەروەك هەمیشە هیچ دەسەڵات و وڵات و ڕەوتێكی جیهانی عەرەبیزم بڕوای بەسەروەری یاساو دیموكراسی نەبوە!.
دواجار دەگەینە ئەو دەرەنجامەی نەدەسەڵاتی ڕابردووی قەزافی و,نەدەسەڵاتی ئایندەی شۆڕشگێڕانی دەوڵەتی نوێی لیبیاش, نەدۆستی كوردبون و نەدۆستی كوردیش دەبن, تاكەشتێك كەلەنێوان ئەم دووهاوكێشە جیاوازەدا دڵخۆشمان دەكات تەنها ئاوابونی خۆری دیكتاتۆرێكیترەو هیچیتر, هاوكات ئەگەربەدرێژای مێژوو بەتەنها سەرپێیانە ئاوڕێك لە گشت بزوتنەوە سیاسی وچەكداریەكانی كورد بدەینەوە لەهەرچوارپارچەكەی كوردستان هیچ كات پەیوەندیە سیاسی ودیپلۆماسیەكانی كورد لەگەڵ دەوڵەتێك یان ڕەوتێكی سیاسی عەرەبی نەهاتونەتەوە یەك, لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا كەهەمیشە كورد خۆی بەدۆست وبرای عەرەب زانیوە, وەلێ بۆهەمیشە كورد لەئایدیای زۆرینەی نەتەوەی عەرەبدا وەك دوژمنێكی سەرسەخت خوێندنەوەی بۆكراوە!.
سەرچاوە:
*ڕۆژنامەی حەیاتی لەندەن
*ڕۆژنامەی نەهرەینی میسر
*ماڵپەڕی لڤین پرێس
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست