لەم رۆژی حەشرەدا ,(ئاوێنە) نەشری چ دەکا؟!.
Monday, 07/03/2011, 12:00
لەسەرەتادا دەمەوێ ئەوە بڵێم کە ئەم وتارە دوورە لەهەر شتێکی شەخسی ئەو دوو کەسەوە، نە دەیانانسم و نە دیومن، بەڵکو ناوهێنایان تەنها وەک دوو نموونەی باسەکە دەهێنمەوە وەک دوو رەزی دەسەلاتی کوردی نەک وەک دوو شەخسی ئاسایی.
لەگەڵ ئەوەی پێم وانەبووە و نیە میدیایەکی ئەهلی و ئازاد و سەربەخۆ لە کوردستاندا بە مانای وشەکە بوونی هەبووبێ و هەبێ، بەڵام هەر ئەو میدیا ئەهلیەم پێ باشتر بووە لە میدیا حزبیەکە. ئەوەی کە رۆژنامەی ئاوینە لەم هەفتەیەدا کردی لەهەر کات زیاتر ئەو راستیەیەی نیشاندا کە جیاوازیەکی ریشەیی لە نێوان میدیای ئەهلی و میدیا حزبیدا نەبووە و نیە بەڵکو جیاوازیەکە سەرخانیە و بەس.
رۆژنامەی ئاوێنە بە وێنە ئەوانی تری هاورای، هێندەی بە دوای ئەوەوەن هەواڵی زیاتر و زووتر دابگرن ئەوەندە بە دوای ئەوە نین کار لەسەر چەمکی شۆڕشی یاسەمینی، ئامانجەکانی، تیئۆرسیۆنەکانی، مێژووەکەی، ژێرخانەکەی و سەرخانەکەی...هتد واتە زۆرتر لە گەڕاندان بە دوای لە وەتەردانی خوێنەر وەک لەوەی لە مینەی باس و خواسی تەوەرکانی ئەو دۆخی شۆڕشی یاسەمینیەدابن. ئەم دۆخە دەبێ ٢٤ سەعاتە کاری بۆ بکرێ. رێنمایی، ئامۆژگاری، پێشنیار، تەرخانکردنی تەواوی میدیایەکە بۆ ئەو بابەتە هەر وەک چۆن گوگڵ و جەزیرە دەیکەن ئاوهاش ئێمە دەتوانین بیکەین. لایەنی تەکنیکی زۆر قورس نیە و دەکرێ لە جێگەیەکی تردا باسی لیوە بکەین. بەهەرحاڵ....
لە ژمارەیەکی ٢٦٤ی رۆژنامەی ئاوێنەدا کە لە رۆژی ١/٣/٢٠٠١دا بڵاوبۆتەوە و پێنچ رۆژیش دوای ئەوە لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت داگیراوە، دوو وتاری دوورودرێژی قوباد تاڵەبانی و بەدران حەبیب دابەزیوە. لە لایەک: لەگەڵ ئەوەی خودی ئەو دوو کەسە رەمزن بۆ دوو ئاست لە گەندەڵی و نابووتی دەسەڵاتی کوردی، ئاستێک سیاسی و ئاستێک رۆشنبیری، وتارەکانیان پرە لە سوکایەتی بە خەڵک و لێوان لێوە لە درۆ و ریاکاری. لە لایەکی دی: ئایا کە ئاوێنە خۆی بە میدیایەکی ئەهلی و لایەنگری خەڵک نیشان دەدات چۆن و بە کام رووەوە دێت وتاری ئەوانە بلاو دەکاتەوە. کەس هەیە نەزانێ ئەو دوو زاتە کێن. لە ئاستە سیاسیەکەیدا قوباد تاڵەبانی رەمزێکە بۆ سیستەمی بنەماڵەچێتی و گەندەڵی دەسەڵات. لە ئاستە رۆشنبیریەکەشیدا، بەدران حەبیب رەمزێکە بۆ رۆشنبیری حزب و کاسەلێسی دەسەلات.
دوو خاڵ لەمبارەیەوە بە گرنگ دەزانم باسی بکەم. یەکێکیان ئەوەی پێی دەگوترێ بیرورای جیاواز، ئەوی دیشیان، ناوەڕۆکی وتارەکانی ئەو دوو ناوبراوەیە.
بە لە دووەمیانەوە دەستپێبکەین: لەم رۆژی حەشرەدا کە خەڵک و خوێنەر چاوەڕوانی وشەی ئاڵتونین لە ئاوێنەوە بێتەدەر بۆیان کەچی وشەی رەشاویان بەروودا دپرژێتەوە. ئەو دوو وتارە یەکپارجە سوکایەتیە بە خەڵک. بڕیەتی لە درۆ و ریاکاری و خەمی ساختەییانە. ئەوەی کە ئەوان خەمیان بۆ دەخۆن وا سامانەکەیان لە لایەن ئەوانەوە دەخورێ. باشە ئەوانەی بەرپرسن لە ئاوێنەدا چۆن رێ دەدەن ئەو هەموو سوکایەتی و درۆیە بڵاوببێتەوە لە میدیاکەیاندا. گەر وەک پلە و پایەکەی قوبا تاڵەبانی سەیر بکەی پرسیارێک دیتە پێش باشە گەر گەندەڵی و بنەماڵەچێتی نەبوایە بۆ قوباد تاڵەبانی دەبێ بکرێ بە نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە ئەمریکا. ئایا گەر کوڕی جەلال تاڵەبانی نەبوایە ئەو جێگەیەی شایستە بوو؟ گەر وەک لایەنی شەخسی سیاسی باسی بکەی کەس هەیە نەزانێ لە بارەگا حزبی و حکومی و رۆشنبیریەکانی ئەو دوو زاتەدا چ باسە. دەزگای جاپەمەنی ئاراس، بەدران حەبیب، وەک نیمچە ئیبراتۆریەتێک دەچێتە ڕیوە هەر رێک لەو سەرکردە بەفیز و روح زل و گەندەڵانە دەچێت کە دەسەلاتی سیاسی ولاتیان لە دەستدایە. چٶن ئاوێنە رێ بە خەڵکی وەها دەدا وشەیەک لە رۆژنامەکەیدا بڵاوبکەنەوە.
یەکەم: لەوانەبێ بڵێن، ئەوە نیشانەی ئەوەیە کە ئاوێنە بیرورای جیاواز یاخود خەڵکانی جیاواز بلاودەکاتەوە، بەڵام مەسەلەکە هیچ پەیوەندی بەمانەوە نیە چ لە دوور یا نزیک. ئەوە بۆ لەوەتەی هەیە ئەوانە بەرق دەگرنە ئەو رۆژنامە و میدیایانە کە بە ئەهلی دەناسرێ، کەچی ئێستە بۆ لەم کاتەدا دەیانەوێت شت بڵێن لەو مینبەرەوە کە دەزانن خەڵک بە سەرچاوەیەکی پشتیوانی راگەیاندنی خۆیانی دەبینن. سەیرەکە لەوەدایە ئاوێنە چۆن ئاوها بە ساویلکەیی یاخود بە کەمزانینی و بێئاگاییەوە نوسین بۆ ئەوانە بلاودەکاتەوە. ئەوانە خاوەن ئیمبراتۆریەتێک لە میدیای جۆراوجۆرن بۆ رێگەیان پێ بدرێ لەم مینبەرە هەتیوانەی ئەهلیەوە شت داگرن. مەرامەکەی ئەوانیش هەر ئەوەیە، یەك: تاکو لەوێدا خەڵک شتەکانیان دەبینی چونکە ئەوانی خۆیان متمانەیان نیە. دوو: بۆ ئەوەیە لاپەڕە سپیەکانی ئەو میدیایەی بە ئەهلی دەناسرێ رەش بکەن لە لای خەڵک و خوێنەر و قەڵەم بەدەستی تر. دیارە، خەتای ئەوان نیە بەڵکو خەتای شکاوی ئاوێنە خۆیەتی. بوونی رەئی جیاواز و قەڵەمی جودا لەسەر بابەتێکی دیاریکراو لە مینبەرێکی دیاریکراودا بابەتێکی ترە و لێرەدا جێگەی نیە باسی بکەین. مەسەلەکە ئەوەیە ئەو کەسانە خۆیان دوو نموونەی گەندەڵی سیاسی و ئیداری ئەو ولاتەن و خەڵک لە تاوی دوانی ئاوها راپەڕیوە یەعنی چی بێن لە یەکێک لەو مینبەرانەی کە سەرباری هەر کەم و کوڕی و ناتەواویەک خۆی بە تەرەفی خەڵک بزانێ کەچی لەوێدا وتار داببەزێنن. وتاری سوکایەتی کردن بە خەڵک کە قەرارە خودی ئاوێنە بەشێک بێ لەو تەرەفی خەڵکە رەش و رووتە. بوونی ئەو دوو زاتە لە رۆژنامەی ئاوێنەدا وەک ئەو هەڵوێست و قسەیەی قەزافی وایە کە دوو سێ هەفتە لەمەوپێش گوتی خەڵک چیان دەوێ، منیش دێمە ناو خەڵکەوە و لەگەڵ ئەواندا بەشداری خۆپیشاندان دەکەم. بێگومان ئەوەی قەزافی سوکایەتی کردن و درۆیەکی گەورەبوو بە خەڵک ئەم هەڵوێستەی ئاوێنەش هەمان رووی دەبێ.
دوا وتەم بۆ هاوڕێیانی رەهەندە، ئێوە تا چەند بەوە رازی دەبن کە لە تەنیش خەڵکانی ئاوهاوە شتتان بۆ بلاوبکرێتەوە. لەگەڵ وشەی هەنگوینی ئیوەدا ژاری زەردەزیڕەش پەخش دەبێ. ئەوە هەڵەیەکی تاکنیکی یان ئازادی بیرورا نیە، ئەوە سەرەتای هەنگاوی مردنی رۆژنامەیەکە گەر بێتوو بە فریای خۆی نەکەوێ. جا ئایا ئاوێنە خۆی هیچ لەو بارەیەوە دەڵێ یان هاوڕێیانی رەهەند چیمان پێ دەڵێن لەوبارەیەوە چونکە: سەیرکەن لەم رۆژی حەشرەدا ئاوێنە نەشری چ دەکا.
ئیدریس مستەفا
مارچی ٦ی ٢٠١١
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست