کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


داعش پرۆژەی سەدەیە!

Friday, 06/02/2015, 12:00





لەدوای قەیرانی ئابوری ساڵی 2008ەوە،کۆی کۆمەڵگاکانی ئەم سەرزەمینەی ژێر دەستی کاپیتالیزمی نیزامی سەرمایەداری،ڕۆژ بەڕۆژ ئاستی نائارامیەکان و بەرەوپێشچونی مەدی ڕاسیزم و فاشیزم بەرەوهەڵکشان دەچێت. جەنگی پراکتیش لە وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا لە ساڵی 2010ەوە دەستی پێکردوە. ئەو جەنگە زۆرتر وەک ناڕەزایەتی جەماوەری لەدژی گرانی و بێکاری،یەخەی بەدەسەڵاتە موزمنەکانی وڵاتانی عەرەبی گرت. دواتر مۆدێڵی بەهاری عەرەبیان ناونا لەو ڕاپەڕین و ناڕەزایەتیانە.
هەموو شاهیدی ڕوخانی دەسەڵاتە دیکتاتۆرەکانین و بینیمان زۆرینەی خەڵکی ناڕازی وای دەبینی ئیتر ڕزگاری دەبێت لەو مێژوە تاڵەی پێشتر بەسەری بردبوو.دواجار،کۆی هاوکێشەکان پێچەوانە بویەوە،بەحەدێک کە زۆرینە والێکرایەوە خۆزگە بەدوێنێی بخوات،بەڵام دواجار ئەو دوێنێیە ناگەڕێتەوە،بەڵکو ئیمڕۆیەکی یەکجار پڕ لە نائارامی و دڵڕاوکێی دەخرێتە بەرانبەر مێژووی دوێنێ. هۆکاری گشت ئەو گەمە قێزەونە،نەناسینی خودی کۆمەڵگایە بەرانبەر بەئیرادەی سیاسی خۆی،یان باشترە بڵێم،نەناسینی چینی زەحمەتکێشی کۆمەڵگا، بە بەهای خۆی و توانا مەزنەکەی. خۆگەر پێچەوانە بوایە،ئەوا لەوڵاتانی عەرەبی،ئێستا لەبری ئەو گێژاوە گێژەڵوکە ئاسایەی هەر جارەی لە شوێنێکەوە سەرهەڵدەدات و بزوتنەوە بەکرێگیراوە توندڕەوە ئیسلامیەکان بەڕێوەی دەبەن،لەبری ئەو مەدە تەواو کۆنەپارێزە،دەکرا،کۆمەڵگا ڕووی خۆی وەرچەرخێنێت ڕوەو داهێنان و بنیات نانی کۆمەڵگایەکی مەدەنی و ئازادیخواز. نەبونی ئەو خۆنەناسینە چینایەتیە شۆڕشگێڕەیە وا ئێستا ژیان لەوکۆمەڵگایانە بۆچینی ژێردەست کراوە بەدۆزەخ.

ئیمپریالیزمی جیهانی بەڕابەرایەتی دەوڵەتی ملهوڕی ئەمریکاو ڕوسیاو چین، دەست پێشخەری کۆی نائارامیەکانن لەوڵاتانی جیهان و،وڵاتانی ڕۆژهەڵاتیش بەتایبەتی بەهۆکاری ئەو بەرهەمە سروشتیەی هەیەتی،واتا نەوتی هەمیشە پێویست بۆ وەگەڕ خستنی ماشێنی بەرهەمهێنان.
داعش، ئەو بزوتنەوە توندڕەوە ئیسلامیە سونیەیە،کەئێستا لە سوریاو عێراقدا،بوو بەمایەی پڕ لەنەهامەتی بۆ زۆرینەی کۆمەڵگا،لە بنەڕەتدا،ئەو بزوتنەوە مەزهەبیە ئیسلامیە وەک ئامرازێک بەکاردەهێنرێت لەلایەن وڵاتانی زلهێزی جیهانەوە،واتە داعش بۆخۆی ئەو بزوتنەوە نیە کە بڵێین سەر بە ئەسڵی ئاینی ئیسلام نیە،بەپێچەوانەوە،ئەوان نوێنەرایەتی مەدی سونی ئیسلام دەکەن. بەڵام، ئەوەی هیدایەت بەو بزوتنەوەیە دەدات،لای من دوو خاڵە؛
یەکەمیان،بەرهەمی ئەو کۆ ناعەدالەتیە کۆمەڵایەتیە گشتیەیە کە دەسەڵاتدارانی عێراق پیادەیان کردوە لەدوای ڕوخانی ڕژێمی بەعسی دیکتاتۆرەوە. دەسەڵاتی ئەحزابی حاکم لەعێراقدا،ڕێک کۆی تۆڵەی مێژوویی خۆیان کرد بەپەرچەمی دەسەڵاتەکەیان و مەدی مەزهەبی و ڕاسیزمیان بردە پێشەوە،دیارە لە نەبوونی ئەحزابی پێشڕەو کە هەڵقوڵاوی کۆی ئاواتەکانی کومەڵگا بێت و چینی زەحمەتکێش ڕێک بخات بۆ بەرپاکردنی شۆڕشی کۆمەڵایەتی و کۆتایهێنان بەمەدی مەزهەبی و تائیفەگەری،لە نەبوونی بزوتنەوەیەکی واشۆڕشگێڕدا، بەناچاری بزوتنەوە گەلێک دێنە مەیدان هاوشێوەی داعشی مرۆڤ خۆری دڕندە.
خاڵی دوەم کە پەیوەستە بەو ململانێ جیهانیانەی نێو نیزامی سەرمایەداری،ئیتر بۆ بەرپەرچ دانەوەی قەیرانەکانیان و وەڵام دانەوە بەکۆمەڵگا،سەرقاڵکردنی گشتی بە بەرپاکردنی جەنگ و بردنەپێشی مەدی ڕاسیستی و نائارامی کۆمەڵایەتی،دەبێتە کاری هەمیشەیی بۆ ئەو سیستەمە قازانج پەرستە. ئەوەی بڕێک ئاگایی سیاسی هەبێت،باش تێدەگات کە هەر جارەو بەشێوازێک و لەژێر ناونیشانێکدا،وڵاتانی زلهێز دەستیان دەبێت لە هیمەت دان و درووست کردنی ئەحزاب و بزوتنەوەی توندڕەو کە دەتوانێت بەئاسانی کۆمەڵگا بخاتە ژێر باری جەنگ و بەرهەمهێنانی عەقڵیەتی کۆتایی هێنان بەوی تر کە لەسەر بیرکردنەوەی ئەم نیە. پەروەردەیەکی واش لەنێو کۆمەڵگادا،تەنها لە ڕێگای ئەو پارتانەوە دەڕواتە پێش کە لەنێو دەسەڵاتدان یان وەک دەسەڵاتی ناڕەوا وان.

داعش،ئەو پرۆژە دوور ماوە زیان بەخشەیە،کە کۆمەکار و پشتیوانیان پێک هاتون لەو وڵاتە زلهێزانەی جیهان کە خەریکی یەکلا کەرەوەی ئامانجەکانیانن لەنێو وڵاتانی ژێر دەستیاندا. خۆگەر وانەبوایە و داعش،خزمەتی بەپرۆژەی ئیمپریالیزمی جیهانی نەکردایە،ئەوالەناودانیان هێندە زەحمەت نەدەبوو کە دەیان وڵاتی زلهێز بێنە مەیدانی جەنگی عەمەلیەوە بۆی. پرسیار ئەوەیە،گەر داعش و نموونەی ئەوان نەبێت چۆن جبەخانەی سەربازی کڕیار پەیدا دەکات؟
ئاخۆ گەر نموونەی ئەو دەسەڵاتە بەکرێگیراوە خۆجێیانە نەبێت؛چۆن داعش پێدەگات و هێز پەیدا دەکات؟
لای من داعش،پرۆژەی مەدی ڕاسیزمی ناوچەیی و جیهانیە،پرۆژەیەکە بۆ بەرپاکردنی مەدی بێهودەیی لەنێو کۆمەڵگادا،تا چیتر، کۆمەڵگا نەپەرژێتە سەر ئەوەی بیرێک لەخۆ دەرباز کردن بکاتەوە.
ئیمپریالیزمی ئەمریکی و ڕوسی،وەک دوو تاوانبارترین زلهێزی جیهانن کە ژیان و گوزەرانی کۆمەڵگاکانیان خستۆتە نێو بەرداشی تیاچونەوە. دیارە،ئەو پرۆژە داعشیەش، هیچ کات وساتێکیشی دیار نیە بۆ ئەوەی بڵێین سبەی کۆتاییان پێدێت،بەپێچەوانەوە،وەک گێژەڵۆکەیان لێ کردوەو هەرجارەی لە وڵاتێکەوە هەڵدەکات،جارێکا لە وڵاتانی خاوەن نەوتی عەرەبیدا،هەر ئێستا چەن وڵات ئەو گێژەڵۆکەیە لێی هەڵکردوە و کار لەسەر بەرهەمهێنانی ئەو مەدە ڕاسیستیە دەکرێت. بۆیە، بەردەوامی دان بەو بزوتنەوە توندڕەوانە،بەبێ پشتیوانی ناوخۆیی و جیهانی ناتوانێت درێژە بکێشێت.
ڕاسیزم و فاشیزم،دوو چەمکن پەیوەستن بەبوونی سیستەمی کاپیتاڵیزمەوە؛چونکە لەبەردەوامی بەرهەمهێنانی ئەو دوو چەمکەدا،هەردەم،ئاستی هۆشیاری سیاسی چینایەتی دادەبەزێت و لە بەرانبەرداو بەقازانجی خودی سیستەم مەدی ڕاسیستی و کۆنەپەرستی دەچێتە پێشەوە.
داعش،پرۆژەی سەدەیە،واتە بەردەوامی دان بەجەنگ و کاولکاری و نائارامی کۆمەڵایەتی لە گشت وڵاتانی ژێر نفوزی زلهێزاندا. بۆیە بنبڕ کردنی ئەو مەدە ترسناکە تەنها بەهاتنە مەیدانی کۆمەڵگا دەبێت بۆ بەرپاکردنی شۆڕشێکی کۆمەڵایەتی یەکسانیخواز و ئازادیخواز،هاوشێوەی ئەو شۆڕشە مەزنەی لەڕۆژئاوای کوردستاندا بوونی هەیە. بەبێ دەست بردن بۆ هاتنەمەیدان وبەرپاکردنی شۆڕشێکی وا،تەنها داعش و عەقڵیەتی مرۆڤ سوتاندن و مرۆڤ سەربڕین دەچنە پێشەوە لەنێو پەروەردەی کۆمەڵگادا،لەوێشدا ئەوەی سوود مەندە؛ئەو کۆ دەسەڵاتە چەتە جەنگ خوازەن کە دەستیان ناوەتە نێو قوڕگی کۆمەڵگاو لەخنکاندیدان.

ژیانی مرۆڤایەتی لەم سەدەی تەکنەلۆژیاو خێرا بەرهەمهێنانەدا،بۆ چینی حاکمی سەرمایەدار،بەبێ جەنگ و بەبێ قەیرانی ئابوری و کۆمەڵایەتی ناتوانێت درێژە بکێشێت،بۆیە لەم سەدەیەدا مرۆڤایەتی گەر نەیەتە مەیدان دژی ئەو سیستەمە دڕندەیە،ئەوا تەنها جەنگ و کاولکاری دەبێتە دوا ئومێد لەنێو کۆمەڵگادا.
تاهیر حاجی حەسەن.
5/2/2015

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە