پەیامێک بۆ بەڕێز پشتیوان عەبدوڵڵا
Tuesday, 27/08/2013, 12:00
1980 بینراوە
کاتێک ڕەخنەی سیاسی ماهیەتی خۆی لەدەست دەدات
هەنگاوێکی قێزەون دەبێت بۆ قەڵەوکردنی گورگەکان"
گۆڕانخوازی،روبەڕوبونەوەی گەندەڵی،بەدەستهێنانی دادگەری کۆمەڵایەتی تۆی هێنایە سەرشەقامەکان و بە ئیرادەیەکی بەرزو گیانێکی خۆنەویستانەوە،بەوپەڕی بوێریەوە دەنگی خۆت لەگەڵ دەنگی هەژاران و ماف خوراوانی کوردستان یەکخست و بەرەو ڕوی دەسەڵاتێکی ملهوڕی تۆتالیتار کە خۆی لە هەموو بەهاو مۆڕاڵێکی سیاسی و نیشتمانی داماڵیوە دروشمی کەم ژیان و کەڵ ژیانت بەرزکردەوە.
هاوڕێی ئازیز ئەوە تۆ بوی لەوشارەی کەهێشتا دوکەڵی دەبابەو خوێنی (سەردەشت)ی جوانەمەرگی تێدا کاڵ نەبوبۆوە،تۆ جیاوازتر لە (ئۆپسزیۆنی شەرمنی ئەوشارەو ئەو ڕێکخراوانەی کە لافی مەدەنیەت و سەربەخۆبون لێدەدەن) هوتافی ئازادی و عەدالەتی کۆمەڵایەتیت بەرزکردەوەو وتت: ناااا بۆ ڕشتنی خوێنی مرۆڤەکان، ناااا بۆ دەسەڵاتێکی خێڵەکی و گەندەڵ. بەڵی، دکتۆر ئەوە تۆ بووی ئەو مێژوە پرشنگدارەت تۆمارکرد.
ئێمە لە ڕوانگەی دڵسۆزی و هەستکردنمان بەبەرپرسیاریەتی هاوڕییەتی بەبیرت دێنینەوە "کەتۆلە ڕابردودا ئاوابوی" داوا دەکەین ئێستا و داهاتووش بەمجۆرە بتبینینەوە، نەک بەمجۆرەی ئێستا لەنێو تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک خۆت خستۆتە نێو ململانێیەکەوە کە کاری تۆ نیە، دکتۆر گیان (فەیسبوک شەقامی تۆ نیە و شەقامی ترسنۆکەکانە،شەقامی تۆ باتەو پارکی شارو سەرای ئازادیەکانە).هیوامان وایە هەستیاری دۆخەکە لەبەرچاوبگری و چیتر درێژە بەو شەڕە کەسی یە نەدەی کە خەریکە تۆو ئامانجە مەزنەکەت لە یەکتر دور دەخاتەوە،تۆ بەم کارانەت دەبیت بە درێژە پێدەری ڕێبازێک کە لەمنداڵیەوە سیاسیەکانی ئەم ولاتەی لەسەر پەروەردە دەکرێت.قسەی ئێمە لەسەر ڕەواو نا ڕەوا بونی ڕەخنەکانی تۆ نیە، ئەوەی ئێمەی نیگەران کردوە ئەوەیە ئێمە چاوەڕێی جوانترو گەورەتر لەم شتە بچوکانە لەتۆ دەکەین.تۆو دروشمەکانت لەوە جیاوازترو گەورەترن، کە ململانێی سیاسی،شەڕی پلەوپۆست،ناکۆکی کەسی تێکەڵ بکەیت.قسەکانی ڕابردوت گەواهی دەری ئەو ڕاستیە حاشا هەڵنەگرەن کە زۆربەی کاندیدانی پەڕلەمان پێیان وایە تاکە ڕێگا بۆ خەباتکردن ، خەباتی پەڕلەمانییە لەکاتێکدا تەواوی میللەت باش دەزانن هەوڵی بوون بە ئەندام پەڕلەمان لە خەونی گیرفان پڕکردنەوە سەرچاوەی گرتووە.ململانێیەکانی نێو بزوتنەوەی گۆڕان بە بەرژەوەندی تۆ نەشکایەوە، بەڵام ئێمە ئەوە دەزانین کە مایەپوچبونی پەڕلەمان وای لەتۆ کردوە کە چیتر بڕوات بە خەباتی پەڕلەمانی نەمێنێت، ئەوەی ئێستا لەتۆڕی کۆمەلایەتی فەیسبوکدا دەگوزەرێ، تۆ بتەوێ یان نەتەوێ بەو ئاڕاستەیەدا دەشکێتەوە کە تۆ شەڕی پلە و پۆست و بوون بە ئەندام پەڕلەمانی دەکەی لە کاتێکدا ئیمە باش دەزانین ئەوە لە فەرهەنگی خەباتی تۆدا جێگای نابێتەوە،ئەی کەوابێ ئەم وێناکردنە ناشیرنە لەپێناوی چی؟!
هاوڕێی ئازیز ئێمە باش دەزانین نەیارەکانی تۆ، ئەو کەسانەی تۆ قسەیان لەسەر دەکەی بەهۆی رەخنەکانی تۆوە ناسران،پێشترزۆرێک لە خەڵکی نەیدەزانی کێن و چین، دەشێ بڵێی ئەی ئەگەر وایە بۆچی ئەوان دەکرێن بە دەنگێکی زوڵاڵی کۆمەڵگا؟! دکتۆر گیان ئەوە حەقیقەتێکی تاڵە، بەڵی ئەوکەسانەی لە ساتە سەختەکاندا جێیان هێشتین ئەمڕۆ کراون بە شۆرەسواری مەیدانەکە،بەڵێ ئێمە پێویستمان بە پێداچونەوەیەکیلۆگیکیانە هەیە بە سەرتاپای بیری سیاسی و حیزبایەتی ئەم وڵاتەدا.ئێمە دەزانین تۆ توشی پەراوێزی سیاسی بویت، ئەوەی ڕویدا بۆ ئێمەش جێگەی نیگەرانی و پرسیارێکی گەورەیە، بەڵام هێشتا پێمان وایە هاوتاکردنی بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەو دەسەڵاتە لەخۆباییەی کە تەنها کاری دیهیومانیزەکردنی خەڵکە کارێکی گونجاو نیە.
ڕەخنەگرتن لە بزوتنەوەی گۆڕان نابێ یاساخکراو و حەرام بکرێت، ناشبێ پێگەی هیچ ڕەوتێکی سیاسی لەسەروی بەرژەوەندییەکانی میللەتەوە دابنرێت، دەبی هەمو ڕەخنەکانیشمان لە خزمەتی میللەت و نیشتمان دا بێت. پێویستە ڕەخنەگر ڕەجاوی بارودۆخ و زەمەن بکات، بۆیە پێمان وایە لەو ساتە وەختە هەستیارەدا ئەگەر زیرەکانە مامەڵە لەگەڵ ڕەخنە و دایەلۆگە فکریەکانماندا نەکەین و نەزانین چۆن پەنجە بخەینە سەر لەنگیەکانی (ئەو هێزانەی بەرەو ڕوی دەسەڵات وەستاونەتەوە) ئەوا بەبێ ویستی خۆمان خزمەتێکی بەرچاو بە لایەنەکانی دەسەڵات دەگەیەنین.
(خۆ گونجاندن پیشەی مرۆڤە یاخی و سەرکەشەکان نییە، هەموو مرۆڤێکیش مافی هەڵبژاردن و ڕەتکردنەوەی هەیە بەڵام دەکرێ بەردەکان جگە لە شکاندن کاری تریشیان پێ بکرێت).
بۆیه داواکارین له بهڕێزت سنورێک بۆ ئهم مهسهلهیه دابنێیت و بتوانیت بە لێهاتویی خۆت هاوسەنگی سیاسی بۆ دۆخەکە بگێڕیتەوە و دەنگی دەهۆڵی لایەنە هەڵپەرستەکان کپ بکەیت.
دڵسۆزی خۆت:
نافیز ئەسوەد و دەرباز سەرابی