ئافه‌رینێک بۆ کاک خالد عه‌زیزی (به‌شی سێیه‌م)
Sunday, 03/01/2010, 12:00
یه‌کێک له گرفته هه‌ره سه‌ره‌کیه‌کانی نێوان هه‌ردوو حیزبی دیموکرات بریتی بووه له "ناو" چونکه هه‌ردوو حیزب به ناوی حیزبی دیموکراته‌وه کاریان ده‌کرد ، واته دوای جیابوونه‌وه‌ی لایه‌نی به‌ڕێز عه‌بدوڵڵای حه‌سه‌نزاده له حیزبی دیموکرات هه‌مان ناوی حیزبی دیموکراتیان هه‌ڵبژارده‌وه بۆخۆیان و ئاماده نه‌بوون ناوێکی جودا له خۆیان بنێن و کۆتایی به شه‌ڕه چه‌قۆ و شه‌ڕه تێڵای ناو ئۆردوگای کۆیه بهێنن ، که‌چی له به‌رامبه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران‌دا ئاماده‌ن خۆشیان هه‌ڵبوه‌شێننه‌وه و نایاسایی بوونی خۆشیان ڕابگه‌یه‌نن و به هیچ جۆرێکیش باس له حیزبی دیموکرات نه‌که‌ن ، وه‌ک له قسه‌کانی کاک خالد عه‌زیزیدا ده‌رده‌که‌وێت که ده‌ڵێت :- [نێوه‌كه به‌ربه‌ست نییه، هه‌رچه‌نده ئێران حیزبی دیموكرات به حیزبێكی نایاسایی و هه‌ڵوه‌شاوه راگه‌یاندووه، ئه‌گه‌ر ئه‌وان باوه‌ڕیان به چاره‌سه‌ری كێشه‌كه هه‌بێت، چۆن هه‌ڵیانوه‌شاندووه‌ته‌وه، بابڵێن گۆڕانێك هاتووه‌ته گۆڕێ له‌ژێر ڕوناكایی ئه‌و گۆڕانه‌دا بۆ چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كورد ئێمه چاو به‌و بڕیاره‌دا ده‌خشێنینه‌وه.] .
ئه‌م هه‌ڵوێسته‌ی سکرتێری گشتی حیزبی دیموکرات هیچ جیاوازییه‌کی نییه له‌گه‌ڵ هه‌ڵوێستی سکرتێری گشتی یه‌کێتی نیشتمانی کوردستاندا، چونکه تاڵه‌بانیش زۆر به چاوێکی سوکه‌وه له لایه‌ن و که‌سایه‌تیه کوردیه‌کان ده‌ڕوانێت و ئاماده نییه گوێ بۆ گوته‌ی هیچ کوردێک شل بکات که‌چی له به‌رامبه‌ر دوژمنانی کوردیش‌دا هێنده بچوک و لاواز و خۆ به‌که‌مزانه که ئه‌م خۆ بهکهزانینهی کاریگه‌ری کردۆته سه‌ر سایکۆلۆژیه‌تی مرۆڤی کورد . به هه‌مان شێوه سکرتێره‌که‌ی حیزبی دیموکراتیش(لایه‌نی مه‌لا عه‌بدوڵڵا) ئاماده نه‌بوو گوێ بۆ تکا و پێشنیاری سه‌دان که‌سایه‌تی کوردی شل بکات و به‌هۆی ناوه‌وه نه‌بنه هۆی سه‌رلێشێواندنی کوردان که‌چی له به‌رامبه‌ر دوژمنهکهشدا ئاماده‌ن خۆشیان بێ ناو بکه‌ن .
پاشان کاک خالد عه‌زیزی ده‌ڵێت :- [ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی ئاماده‌یی ئه‌وه‌ی هه‌بێ پێشنیازی دانووستاندن و گفتوگۆكردن بداته ئێمه به فه‌رمی وه‌ك ده‌وڵه‌ت، ئه‌وه قه‌بووڵ بكات كه له‌ئێراندا كێشه‌یه‌ك هه‌یه به نێوی كێشه‌ی كورد، وه‌ك چۆن ئێستا له توركیا ئه‌وه هێنراوه‌ته گۆڕێ ، ئێمه ئاماده‌ین گفتوگۆ له‌گه‌ڵ كۆماری ئیسلامی بكه‌ین، له‌كاتێكدا ئێمه ئه‌زموونی ڤیه‌ننامان هه‌یه كه به چ ده‌رئه‌نجامێك گه‌یشتین.] .
له کاتێکدا حیزبی دیموکرات خاوه‌نی هیز و ده‌سه‌ڵات بوو هیچ حسابێکی بۆ نه‌ده‌کرا له‌لایه‌ن کۆماری ئیسلامییه‌وه و به حیزبی دیموکراتی هه‌ڵوه‌شاوه و دژه شۆڕش ناوی ده‌هێنان وسکرتێرهکهیانی(شه‌هید دکتۆر قاسملو) له‌سه‌ر مێزی گفتوگۆ تیرۆر ده‌کرد له ڤییه‌نی پایته‌ختی نه‌مسا(ئوترێش) ، که‌چی کاک خالد عه‌زیزی تازه به تازه ده‌خوازێت هه‌ڵکردنی ئاڵای سپی ناو لێبنێت گفتوگۆ و ده‌ڵێت (با ئێرانیش وه‌ک تورکیا کێشه‌ی کوردان بێنێته گۆڕێ) .
به ڕاستی به‌زه‌یم به‌و که‌سانه‌دا دێته‌وه که له جیهانی خه‌یاڵاتی حیزبه‌که‌ی مامۆستادا ژیان به‌سه‌ر ده‌به‌ن ، چونکه ئه‌گه‌ر ئه‌مه هه‌ڵسه‌نگاندنی سکرتێره‌که‌یان بێت ئیتر ده‌بێت چ چاوه‌ڕوانییه‌کمان له‌م حیزبی دیموکراته هه‌بێت ؟ ده‌بو کاک خالد ئه‌و ڕاستییه‌ی بزانیبایه که هه‌ر شتێک له باکووری کوردستاندا به‌رهه‌م بهێنرێت ئه‌نجامی به‌رخۆدان و سه‌رهه‌ڵدانی نه‌ته‌وه‌که‌مان و خۆڕاگری پێشهنگهکهیهتی واته پ‌ک‌ک نه‌ک خێر و سه‌ده‌قه‌ی تورکه فاشسته‌کان وه‌کو کاک خالد ئاماژه‌ی بۆ ده‌کات .
کاک خالد چاوی هه‌یه به‌ڵام ناخوازێت سه‌رهه‌ڵدانی هه‌میشه‌یی ملیۆنان مرۆڤی کورد ببینێت و گوێی هه‌یه به‌ڵام ناخوازێت گوێبیستی به‌رخۆدانی نه‌پساوه‌ی ده‌یان ساڵی ئازادیخوازانی نه‌ته‌وه‌که‌مان بێت و زمانیشی هه‌یه به‌ڵام نه‌ک هه‌ر ڕاستیه‌کانی پێ ناڵێت به‌ڵکو هه‌موو ڕاستیه‌کانیش ده‌شێوێنێت و ده‌ڵێت تورکه‌کان کێشه‌ی کوردیان هێناوه‌ته ڕۆژه‌فه‌وه .
ئه‌گه‌ر تورکه‌کان کێشه‌ی کوردیان هێناوه‌ته گۆڕێ ئه‌ی ڕاپه‌ڕینی به‌رده‌وامی نه‌ته‌وه‌که‌مان له باکووری کوردستاندا بۆ چ مه‌به‌ستێکه ؟ ئه‌ی له پای چیدا تیرۆری ڕۆژانه‌ی نه‌ته‌وه‌که‌مان ده‌کرێت و ته‌نانه‌ت سوکایه‌تی به ته‌رمی شه‌هیده‌کانیشمان ده‌کرێت ؟ بریا کاک خالد عه‌زیزی ڕوونی بکردایه‌ته‌وه ئاخۆ له پای ئه‌م هه‌موو پیاههڵگوتنه به تورکه فاشستهکاندا چ ده‌ستکه‌وتێکی تایبه‌تی پێ ده‌بڕدرێت ؟
پاشان کاک خالد ده‌ڵێت :- [ئه‌گه‌ر كۆماری ئیسلامی له هه‌ر بوارێكی یاسایی بۆ نموونه مادده‌ی 15 و ماده‌ی 19 كه هه‌ندێك په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌كانی ئێمه هه‌یه وتووێژ بكات، ئێمه ئاماده‌ین. ئه‌گه‌ر بڵێ ئێمه ئاماده‌ین وه‌ك كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر ماده‌ی 15 گفتوگۆ له‌گه‌ڵ حیزبی دیموكراتی كوردستان بكه‌ین، ئێمه ئاماده‌ین قسه‌ی له سه‌ر بكه‌ین.] .
هه‌ڵبه‌ت منیش هیچ کاتێک ناڵێم زمانی دیالۆگ و لێک تێگه‌یشتن کارێکی خراپه ، به‌ڵام ئه‌مه‌ی که کاک خالد باسی ده‌کات نه‌ک هه‌ر پێی ناگوترێت زمانی دیالۆگ به‌ڵکو ئه‌م کرده‌وه‌یه هه‌م گره‌وکردن له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیوه و هه‌م ئاشبه‌تاڵێکی خشکهییه . چونکه به‌ندێک که له ده‌ستووری کۆماری ئیسلامی‌دا دانرابێت به‌بێ پرسکردن به کوردان ئه‌وا چ دره‌نگ و چ زوو هه‌ر ده‌خرێته واری کردارییه‌وه ، له‌به‌رئه‌وه ئه‌م داواکارییه‌ی کاک خالد ده‌کرا له‌لایه‌ن ڕێکخراوه و که‌سانی سڤیله‌وه به‌رز بکرایه‌ته‌وه نه‌ک ببێته داواکاری سکرتێری حیزبێک و ده‌ریایه‌ک خوێنی نه‌ته‌وه‌که‌مان بکرێته قوربانی مادده‌یه‌کی ده‌ستووری که خۆی له خۆیدا پێشنیاری کۆماری ئیسلامی ئێران بووه .
ئه‌گه‌ر کۆماری ئیسلامی ئێران گرفتی له‌گه‌ڵ مادده ده‌ستوریه‌کانی 15 و 19 دا هه‌بوویایه ئه‌وا هه‌م له ده‌ستوردا جێگری نه‌ده‌کرد و هه‌م هێنده به‌خێرایی وه‌ڵامی کاک خالدیشیان نه‌ده‌دایه‌وه ، چونکه هێشتا کاک خالد عه‌زیزی کۆتایی به گوته‌کانی نه‌هێنابوو که (سەید عەزیم حوسێنی كونسوڵی گشتی ئێران له هه‌ولێر) گڵۆپی سه‌وزی بۆ کاک خالد هه‌ڵکرد و ڕه‌زامه‌ندی خۆی بۆ داواکاریه‌کانی به‌ڕێز عه‌زیزی ڕاگه‌یاند . بۆ زانیاری زیاتر کرته له‌سه‌ر ئه‌م لینکه‌ی خواره‌وه بکه :-
http://www.peshmergekan.com/index_a.php?id=5791 هه‌روه‌ها کاکخالد ده‌ڵێت :- [پێشمان خۆشه شتێكی وه‌ك دتپ كه له‌توركیا هه‌یه له‌كوردستان ئێران دروست ببێ و به‌و عه‌قلیه‌ت و به‌وشێوه‌یه كه بۆخۆیان به‌گونجاوی ده‌زانن و به‌وشێوه‌یه‌ی كه ده‌رفه‌تی جموجۆڵی هه‌بێ له‌نێوخۆی ئێران دا، كار بكه‌ن.] .
ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی که بۆ دتپ هاتۆته پێشه‌وه ئه‌نجامی خۆڕاگری پارتی کرێکارانی کوردستان بووه که ئاماده نه‌بوون گه‌ل بێ ئیراده بکه‌ن و شۆڕشگێڕان ڕاده‌ستی سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی بکه‌ن تاوه‌کو له ئۆردوگاکاندا پاڵی لێبده‌نه‌وه و چاوه‌ڕوانی قودره‌تی قادر بکه‌ن . به‌ڵام ئایا به هه‌ڵکردنی ئاڵای سپی له‌لایه‌ن کاک خالد عه‌زیزییه‌وه ده‌رفه‌تێکی وه‌ک دتپ ده‌ڕه‌خسێت له ڕۆژهه‌ڵاتدا ؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره نه‌خێره ، چونکه حیزبی دیموکرات هه‌میشه له پاشه‌کشه‌دا بووه له شاره‌وه بۆ شاخ ، له شاخه‌وه بۆ ئۆردوگانشینی ، له ئۆردوگانشینیهوه بۆ له‌تبوون و له لهتبوونیشهوه بۆ گره‌وکردن له‌سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو و هه‌وڵی گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو کۆماری ئیسلامی ئێران ، که ئه‌م ڕه‌وشه‌ی حیزبی دیموکرات ته‌واو پێچه‌وانه‌ی پارتی کرێکارانی کوردستان بووه
ئه‌گه‌ر کاک خالد عه‌زیزی ده‌خوازێت ده‌رفه‌تێکی وه‌کو دتپ له ڕۆژهه‌ڵاتدا بڕه‌خسێت ئه‌وا ده‌بێت حدک خاوه‌نی ئیراده بێت و له سه‌ره‌تادا خۆیان له کۆنترۆڵی کۆماری ئیسلامی ئێران ده‌رباز بکه‌ن له ئۆردوگای کۆیه و ژیانی ئۆردوگانشینی توڕ بده‌ن ، نه‌ک چاوه‌ڕوانی موچه‌ی ده‌ستی سه‌رانی یه‌کێتی و پارتی بکه‌ن و پێیه‌کیان له ئه‌وروپا بێت و پێیه‌که‌ی دیکه‌شتان له ئۆردوگای کۆیه و له ساڵان و له مانگان‌دا چه‌ند پێشمه‌رگه‌یه‌ک بخه‌نه نێو گه‌رووی نه‌هه‌نگه‌کانی کۆماری ئیسلامییه‌وه و پاشان بێده‌نگه‌ی لێبکه‌ن و چاوه‌ڕوانی گه‌ڕانه‌وه بۆ نێو کۆماری ئیسلامی ئێران بکه‌ن .
ئه‌گه‌ر پارتی کرێکارانی کوردستان ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ی بۆ دتپ نهڕهخساندایه و دتپ ووزه و توانای خۆی له گه‌ریلاکانی سه‌ری چیاوه وه‌رنه‌گرتایه ئه‌وا ئیمڕۆ یان دتپ نه‌ده‌بوو یاخود ئه‌گه‌ر ههشبوویایه ئه‌وا وه‌کو لاشه‌یه‌کی بێ‌گیان وههادهبوو . به‌ڵام ئایا به گه‌ڕاندنه‌وه‌ی کاک خالد و حیزبه‌که‌ی ده‌توانن بارودۆخێکی وه‌ها بخوڵقێنن که هاوشێوه‌ی باکووری کوردستان بێت ؟ ئه‌گه‌ر کاک خالد عه‌زیزی وه‌ڵامی ئه‌م پرسیاره به به‌ڵێ بداته‌وه ! ئه‌ی بۆچی خوالێخۆشبوو کاک ئه‌حمه‌دی موفتیزاده نه‌یتوانی ئه‌و ده‌رفه‌ته بڕه‌خسێنێت ؟ له کاتێکدا له هه‌موو که‌سێکیش ئاشکرایه که کاک ئه‌حمه‌د هه‌م که‌سێکی نزیکتر بوو له خومه‌ینی و هه‌م هێز و لایه‌نگرێکی زیاتریشی هه‌بوو له کاک خالد .
درێژه‌ی هه‌یه ....
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست