کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


عەدنانى حەمەى مینا دوو موڵكى گەورە لەكەلار و دەربەندیخان لەسەر كەسە نزیكەكانى تاپۆدەكات

Sunday, 14/10/2012, 12:00









بەهاى دوو موڵكەكە بە چەندین ملیۆن دۆلار دەخەمڵێندرێت

رایەڵ : بەدواداچوونى جەلال هۆرێنى


عەدنانى حەمەى میناى ئەندامى سەركردایەتى یەكێتى تۆمەتبار دەكرێت بە تاپۆكردنى دوو موڵكى گرانبەها لەكەلار و دەربەندیخان و لەسەر خۆى و كەسە نزیكەكانى.
ئەو دوو موڵكەى كە ناوبراو تۆمەتبار دەكرێت بە دەست بەسەردا گرتنیان رووبەرى یەكێكیان حەوت سەد مەترە و دەكەوێتە شوێنێكى گەشتیاریەوە لەقەزاى دەربەندیخان و بەهاكەى بە چەندین ملیار دینار دەخەمڵێندرێت.
هەروەها موڵكى دووەمیان دەكەوێتە سەر رێگەى سەرەكى كەلار لیواكە كە خانووی هاوڵاتیەكە و رووبەرەكەى دووسەد و پەنجا مەترە و بەهاكەى بەنزیكەى پەنجا دەفتەر دۆلار دەخەمڵێندرێت.
تاپۆكردنى موڵكە گرانبەهاكە
بەوتەى چەند سەرچاوەیەك لە شارەوانى دەربەندیخان چەندین جار عەدنانى حەمەى میناى ئەندامى سەركردایەتى یەكێتى هەوڵیداوە لەدەربەندیخان موڵكێك لەسەر خۆى تاپۆبكات كە رووبەرەكەى (700) مەترە.
ئەو موڵكەى عەدنانى حەمەى مینا دەیەوێت لەسەر خۆى تاپۆى بكات شوێنێكى گەشتیاریە و تاپۆكردنى نایاساییە، بۆیە چەندین جار شكست بەهەوڵەكانى هێنراوە بۆ تاپۆكردنى موڵكەكە.
سەرەتا ناوبراو هەوڵیداوە موڵكەكە لەسەر برایەكى تاپۆ بكات و هەوڵەكەى شكستیخواردووە، دواتر بەهۆى فشارى حیزبیەوە موڵكەكەى لەسەر پاسەوانێكى بەناوى (ئەنوەر عومەر فەرەج) تاپۆكردووە.
رووبەرى موڵكەكە تاپۆكراوەكە كە(700) مەترە و عەدنانى حەمەى مینا لە مانگى حەوتى ساڵى (2010) تاپۆیكردووە، دواتر لە بەروارى (13/5/2010) بە نوسراوى ژمارە (1425) لەلایەن لیژنەیەكى خەمڵاندنەوە موڵكەكە بە نەوەد ملیۆن دینار خەمڵێندراوە.
خەمڵاندن بە موڵكە گەشتیاریەكە بە نەوەد ملیۆن و تاپۆكردنى لەسەر ئەو بەرپرسە لەكاتێكدایە، گەر ئەو موڵكە بەزیاد كردنى ئاشكرا بفرۆشرێت رەنگە چەندین ملیار دینار بكات.
بەرهەم حەمید كەگەنجێكى خێزاندارى كرێچى دانیشتووى قەزاى دەربەندیخانە، ئاماژەبەوەدەكات ئەوان لە دەربەندیخان كە زێدى خۆیانە بەئەستەم خانووى كرێیان دەست دەكەوێت تا تێی بچن.
ناوبراو وتى"كەچى كۆمەڵێك خەڵكى حیزبى هاتوونەتە قەزاى دەربەندیخان و بێ ئەوەى خەڵكى دەربەندیخان بن موڵكێكى زۆریان داگیركردووە".
داگیركردنى خانوویەكى تر لەگەڕەكى لیواكەى كەلار

تاپۆكردنى ئەو موڵكە لەلایەن عەدنانى حەمەى میناوە لەكاتێكدایە ناوبراو لەسەر رێگاى سەرەكى كەلار لیواكە خانووى هاوڵاتیەكى ترى داگیركردووە و لەسەر برایەكى تاپۆى كردووە.
ئەو خانووەى عەدنانى حەمەى مینا لەسەر براكەى تاپۆى كردووە خانوویەكى دێرین و چاڵە و رووبەرەكەى نزیكەى دوو سەد و پەنجا مەتر دووجایە و دەكەوێتە سەر رێگاى كەلار لیوا لەبەرانبەر مزگەوتى تەقوا.
خانووەكە لەبنەڕەتدا موڵكى (رەشیدى حاجى موشیر)ە كە هاوڵاتیەكى خەڵكى گوندى تیلەكۆیە و لەساڵى(1991) كەلارى بەجێهێشتووە و لەناحیەى جەلەولا گیرساوەتەوە و لەوێ كوڕەكانى كارى فیتەریان كردووە.
دواى گەڕانەوەى ئەو هاوڵاتیە بۆ كەلار لەساڵى(2003) هەوڵێكى زۆریداوە بۆ سەندنەوەى خانووەكەى لەعەدنان، بۆئەو مەبەستە پەنایان بردووەتە بەر چەندین بەرپرسى باڵا كە یەكێكیان سامان گەرمیانى بووە، بەڵام نەیانتوانیووە موڵكەكەیان وەربگرنەوە.
سەرچاوەیەكى ئاگادار لەدۆسیەكە كەنەیویست ناوى بڵاوبكرێتەوە، بەرایەڵ ى راگەیاند"رەشیدى حاجى موشیر دوو خانووى لەلیواكە لەتەنیشت یەكدا هەبووە ساڵى(1991) یەكێك لەو دوو خانووەى فرۆشتووە".
بەوتەى سەرچاوەكە، دواتر ئەو خانووەى كە فرۆشتوویەتى ئەوكات عەدنانى حەمەى مینا لەكەسێكى ترى كڕیووە بە پارە.
سەرچاوەكە، وتى"دواى كڕینى ئەو خانووە، عەدنان خانووەكەى تریشى داگیر كردووە بێ ئەوەى یەك دینار بداتە خاوەنەكەى و بەنایاسایى لەسەر برایەكى تاپۆى كردووە".
هەروەها جەختیشیكردەوە"بەهاى موڵكە داگیركراوەكە بە زیاتر لە پەنجا دەفتەر دۆلار دەخەمڵێندرێت".
بۆ وەرگرتنى بۆ چوونى عەدنانى حەمەى مینا لەسەر بابەتەكە، رایەڵ چەند جارێك پەیوەندى بە ناوبراوەوە كرد، بەڵام موبایلەكەى بەردەست نەبوو.
لەلایەكى دیكەوە خانووەكانى بەنداوى دەربەندیخان و 34 خانووى ناو قەزاى دەربەندیخانیش لەلایەن بەرپرسانەوە دەستى بەسەرداگیراوە جگە لەوەى بە ووتەى خۆی بەرپرسى بەشى یاساى بەرێوبەرێتى بەنداوى دەربەندیخان حەمە ئەمین چەندین جار داوای ئەو خانووانەیان كردووە نوسراویان بۆ قائیمقامێت و سەرووى خۆیان كردووە ، بەڵام تاوەكو ئێستا هیچ وەڵامێكیان دەست نەكەوتووە جگە لە12 خانووە تازەكە كە دراوە بە فەرمانبەران ئەوانى تریان لاى خەڵكى ترە كە بەهۆى شەڕى ناوخۆ ململانێ سیاسى نەتوانرا بدرێتەوە بە بەرێوبەرایەتیەكەى خۆى".
هاوكات 42 خانووى دیكە كە موڵكى ویستگەى ئاوى دەربەندیخانە هەمووى تاپۆیە بە خانووە سەوزەكان ناسراوە، لەلایەن كەسانى حیزبییەوە دەستى بەسەردا گیراوە.
سەرچاوەكەى رایەڵ ئەوەى ئاشكرا كرد كە چەندین جار داوا كراوە ئەو خانووانە بگەڕێنەوە بۆ موڵكى فەرمانگەكەیان، بەڵام هیچ سوودێكى نەبووە.
دەربارەى رداستنەكردنەوەى ئەو خانوانە رایەڵ پەیوەندى كرد بە بەرێوبەرى ویستگەكەوە ، بەڵام بەبیانووى ئەوەى نوسراوى بۆ سەرووى خۆى كردوە لەسەرخانووەكان هیچ لێدوانێكى بۆ نەداین، سەرچاوەكە لەویستگەى ئاوى دەربەندیخان ئاماژەى بەوەكرد كە بەشێكى زۆرى خانووەكانى لەلایەن كەسانى حیزبى یەوە دەستى بەسەردا گیراوە چەندین جار داوا كراوە بگەڕێنەوە بۆ موڵكى فەرمەنگەكان ، بەڵام هیچ سوودێكى نەبووە ".



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە