لە پەراوێزى رووداوەكانى رۆژئاواى كوردستاندا
Wednesday, 13/03/2013, 12:00
ئەم بابەتەى خوارەوە لە ژمارە 9ى بەروارى 4/4/2004 هەفتەنامەى (خۆرنەوەزان) كەلەشارى كفرى دەردەچوو بڵاوكراوەتەوە، بابەتەكە تایبەتە بە رووداوەكانى قامیشلوى رۆژئاواى كوردستان كە هێزەكانى بەعس سەدان كوردیان شەهیدو بریندارو قۆڵبەستكرد، ئەو كات وتم(كورد لەو پارچەیەى كوردستاندا چیتر بەرگەى ئەو نكۆڵى لێكردنەى بەعسییەكان ناگرێ، چیتر رازى نابێ بێ ناسنامەو بێ ماف بێ، بۆیە لە دەرفەتێك لە هەلێك لە دەروازەیەك دەگەرێ و دەروانێ كە راپەرێ و هەڵسێتە سەر پێ و داكۆكى لە مافەكانى بكات و بوونى خۆى وەكو مرۆڤێك بسەلمێنێت) ئەوە ئەمرۆو دواى 9 ساڵ ئەو هەل و دەرفەتە هاتووەتە دى و كورد لەرۆژئاواى كوردستاندا هەڵساوەتە سەرپێ و داگیرگەرانى لەسەر خاكەكەى وەدەرناوە...
لە پەراوێزى رووداوەكانى رۆژئاواى كوردستاندا
لە ناوەراستى مانگى ئادارى رابردوودا، وەكو ئاژانسەكانى هەواڵ رایانگەیاند، لە ئەنجامى یارییەكى تۆپى پێدا لە شارى قامیشلى رۆژئاواى كوردستان، شەڕو پێكدادان لە نێوان بەعسییەكان و رەگەزپەرستە عەرەبەكان لە لایەك و كوردەكانى ئەو پارچەیەى كوردستاندا لەلایەكەوە روویداو، دواتر راپەرین و خۆپیشاندان شارو ناوچەكانى دیكەى ئەو پارچەیەى كوردستان وسوریاى گرتەوەو سەرنجام بە سەدان كورد بەدەستى بەعسى و خێڵە عەربەكان شەهیدو برینداربوون و بەسەدانى دیكەش راپێچى زیندانەكان كران و سەدان ماڵ و دوكانى كوردیش تاڵانكرا.
رووداوێكى لەو جۆرە، تەنها یارییەكى تۆپى پێ نابێتە هۆكارەكەى، یان باشتر بڵێین ئەو خۆپیشاندان و سەرهەڵدانەى كورد لەو پارچەیەى كوردستاندا، بۆ ئەوە ناگەرێتەوە كە لە كاتى یارییەكى تۆپى پێدا كێشەیەك سەرى هەڵدابێ، بەڵكو ناوەرۆكو جەوهەرى مەسەلەكە ئەوەیە كە نەتەوەیەك هەیە لە سوریا خاوەن زمان و مێژوو و رەسەنایەتى خۆیەتى، خاوەن ئەرزو ئاوو كەلەپورو داب و نەریتى خۆیەتى، كەچى بێبەشە لە سەرەتاییترین مافەكانى مرۆف، نكۆڵى لە بوونى دەكرێت، زوڵم و زۆرى دەرهەق ئەنجام ئەدرێ، وەكو مرۆڤى پلە سێ و چوار تەماشادەكرێ، بەعسییەكان لە سوریا نەك ناسنامەى كوردى بە مرۆڤى كورد بەڕوا نابینن و نكۆڵى لە ناسنامەى كورد دەكەن، بەڵكو بەڕەوایشى نابینن ناسنامەى عەرەبى-ش بە كورد بدەن.
لە سەدەى 21داو لە سەردەمى كۆمپیوتەرو ئەنتەرنێتدا و لە كاتێكدا مرۆڤ ئەستێرەى نوێ دەدۆزێتەوە، كەچى لە سایەى سوریاى بەعسییەكاندا، زیاتر لە سەدهەزار كورد لەو بەشەى كوردستاندا بێ ناسنامەن، ئەو كوردە بێ ناسنامانە لە كاتى هەر ئیش و كارێكدا بە ناسنامەى خزم و كەس و كارەكانیان كاروبارەكانیان رایی دەكەن. بۆیە نابێ روداوێكى بچوكى تۆپى پێ بكەینە تەنها هۆكارو هەموو هۆكارە گرنگەكانى دیكە فەرامۆش بكەین، بەڵكو لە ژێر هۆكارى تۆپى پێدا، هۆكارێكى بنجینەیی خۆى حەشارداوە، ئەویش هۆكارى نكۆڵى لێكردنى مافى كوردە لەو بەشەى كوردستاندا، نكۆڵیكردنە لە نەتەوەیەك كە خاوەنى زمان و خاكى خۆیەتى، بۆیە روداوێكى تۆپى پێ دەبێتە ئەو تەڵە شخارتەیەى كە رق و توڕەیی دەیان ساڵەى جەماوەرى كورد بەرووى زوڵم و زۆرى داگیركەرانى بەعسدا بتەقێنێتەوەو دەنگى گەلێكى چەوساوەو بێبەش لە سەرەتاییترین مافەكانى مرۆڤ بە جیهانى ئەمرۆ بگەیەنێ، ئەو خۆپیشاندان و نارەزاییانە لە سوریا، سەلماندنى ئەو راستیەیە كە زۆڵم و زۆر هەرچەندە قەبەو ئەستور بێ، ناتوانێ ئیرادەى گەلێكى چەوساوە ولاوازو تەفروتونا بكات و واز لە مافەكانى بێنێ، كورد لەو پارچەیەى كوردستاندا چیتر بەرگەى ئەو نكۆڵى لێكردنەى بەعسییەكان ناگرێ، چیتر رازى نابێ بێ ناسنامەو بێ ماف بێ، بۆیە لە دەرفەتێك لە هەلێك لە دەروازەیەك دەگەرێ و دەروانێ كە راپەرێ و هەڵسێتە سەر پێ و داكۆكى لە مافەكانى بكات و بوونى خۆى وەكو مرۆڤێك بسەلمێنێت.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست