کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


كوردستان، هه‌رێمی‌ مووچه‌ شاردراوه‌كان "كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ شتێك له‌تاریكیدا نه‌مێنێته‌وه‌"

Tuesday, 06/10/2009, 12:00


عومه‌ر ستار
تائێستا په‌رله‌مانی‌ كوردستان ئاگاداری مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و جێگره‌كانیان نییه‌‌و ئۆپۆزسیۆنی‌ ئه‌مجاره‌ی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستانیش ده‌یه‌وێت بڕی‌ مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆك وه‌زیران‌و جێگره‌كانیان ئاشكرابكات.

په‌رله‌مانی‌ پێشوو چه‌ند هه‌وڵێكی‌ سه‌رنه‌كه‌وتوویدا بۆ ئاشكراكردنی‌ مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و جێگره‌كانیان، ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مانی‌ ئێستاش جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ مووچه‌ی به‌رپرسه‌ باڵاكان ئاشكراده‌كه‌ن‌و ده‌بێت به‌پێی یاسا رێكبخرێت.

هه‌رچه‌نده‌ به‌رپرسانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌سه‌رووی‌ هه‌موویانه‌وه‌ مه‌سعود بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان‌و نێچیرڤان بارزانی‌ سه‌رۆكی‌ حكومه‌ت كه‌ دوو پۆسته‌ گرنگه‌كه‌ی‌ هه‌رێمی‌ كوردستانیان به‌ده‌سته‌وه‌یه‌ به‌رده‌وام باس له‌ سه‌روه‌ریی یاسا ده‌كه‌ن، به‌ڵام تائێستا په‌رله‌مانتارانیش بڕی‌ مووچه‌‌و بودجه‌كانیان نازانن‌و رێگه‌یان نه‌دا په‌رله‌مانی‌ پێشوو به‌پێی یاسا ئه‌و كارانه‌ رێكبخات‌و رای‌ گشتی‌ لێ ئاگاداربكاته‌وه‌.

ئه‌مه‌ له‌كاتێكدایه‌ هه‌رێمی‌ كوردستان ماوه‌ی‌ زیاتر له‌هه‌ژده‌ ساڵه‌ ئه‌زموونی‌ خۆبه‌ڕێوه‌بردنی‌ هه‌یه‌‌و هێشتاش رێگه‌نادرێت په‌رله‌مان‌و رای‌ گشتی‌ له‌و بابه‌تانه‌ ئاگاداربن، به‌ڵام عێراق له‌دوای‌ روخانی‌ رژێمه‌كه‌ی‌ سه‌دام حسێنه‌وه‌ ئه‌زموونی‌ حكومڕانییه‌كه‌ی‌ كه‌متره‌ له‌حه‌وت ساڵه‌‌و مووچه‌ی‌ سه‌رجه‌م به‌رپرسان به‌پێی یاسا رێكخراون‌و په‌رله‌مان دیاریكردوون.

به‌هۆی‌ گۆڕانی‌ نه‌خشه‌ی‌ هێزه‌ سیاسییه‌كانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌دوای‌ هه‌ڵبژاردنی‌ 25/7ه‌وه‌‌و به‌هێزبوونی‌ ئۆپۆزسیۆنه‌وه‌ پێده‌چێت ئه‌مجاره‌ پارتی‌‌و یه‌كێتی‌ به‌ئاسانی‌ نه‌توانن ده‌ست له‌كاروباری‌ په‌رله‌مان وه‌رده‌ن‌و نه‌هێڵن په‌رله‌مان كاره‌كانی‌ خۆی‌ ئه‌نجامبدات كه‌ یه‌كێك له‌كاره‌كانی‌ دیاریكردن‌و رێكخستنی‌ مووچه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و جێگره‌كانیانه‌ به‌پێی یاسا.

په‌رله‌مانتارانی‌ خولی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ كه‌ به‌هۆی‌ هۆكاری‌ سیاسی‌و ده‌ستێوه‌ردانی‌ سیاسییه‌وه‌ هه‌وڵی‌ ئاشكراكردنی‌ بودجه‌‌و مووچه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆك وه‌زیران‌و جێگره‌كانیان په‌رده‌پۆشكراوه‌‌و ته‌نانه‌ت په‌رله‌مانتاران تائێستاش نازانن بڕی‌ مووچه‌‌و بودجه‌كانیان چه‌نده‌.

تاڤگه‌ محه‌مه‌د، ئه‌ندامی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان له‌لێدوانێكیدا بۆ هاوڵاتی‌ وتی له‌خولی‌ پێشووی‌ په‌رله‌ماندا چه‌ند جارێك هه‌وڵدرا مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌ێم‌و سه‌رۆك وه‌زیران به‌پێی یاسا رێكبخرێت‌و په‌رله‌مان ئاگاداری‌ بێت، به‌ڵام هه‌وڵه‌كان بێ ئه‌نجامبوون، هۆكاره‌كه‌شی گه‌ڕانده‌وه‌ بۆ هۆكاری سیاسی‌و ده‌ستێوه‌ردانی‌ سیاسی، ئه‌و مه‌له‌سه‌له‌یه‌ پشتگوێخرا.

تاڤگه‌ محه‌مه‌د وتی ته‌نانه‌ت تائێستاش ئه‌ندامانی‌ په‌رله‌مان له‌بڕی‌ مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆك وه‌زیران بێئاگان‌و نازانن رێژه‌كه‌ی‌ چه‌نده‌‌و پرسیاریشیان كردووه‌، به‌ڵام پێیان نه‌وتوون. له‌كاتێكدا به‌پێی یاسا ده‌بێت مووچه‌ی‌ په‌رله‌مانتار به‌رێژه‌ی‌ 2% له‌سه‌رووی‌ مووچه‌ی‌ وه‌زیره‌وه‌بێت، كه‌چی‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌ مووچه‌ی‌ وه‌زیره‌كان زیاتره‌.

به‌بۆچوونی‌ ئه‌و ئه‌ندامه‌ی‌ خولی‌ پێشووی‌ په‌رله‌مانی‌ كوردستان، ئه‌گه‌ر په‌رله‌مانی‌ نوێ به‌و شێوازه‌ی‌ ئێستا كاره‌كانی‌ ئه‌نجامبدات ناتوانێت كاره‌كانی‌ به‌رنامه‌ی‌ خۆشی ته‌واوبكات چ جای‌ ته‌واوكردنی‌ كاره‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ پێشوو.

ئه‌ندامانی‌ لیسته‌ ئۆپۆزسیۆنه‌كانی‌ په‌رله‌مانی‌ نوێی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌كه‌نه‌وه‌ به‌هه‌موو شێوازێكی‌ یاسایی هه‌وڵده‌ده‌ن بڕی‌ مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و جێگره‌كانیان به‌پێی یاسا رێكبخرێت‌و بۆ جه‌ماوه‌ر ئاشكرابكرێت.

د.جه‌عفه‌ر عه‌لی‌، ئه‌ندامی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان له‌په‌رله‌مانی‌ كوردستان به‌ هاوڵاتی‌ وت ئێمه‌ كارده‌كه‌ین بۆ ئه‌وه‌ی‌ هیچ شتێك له‌تاریكیدا نه‌مێنێته‌وه‌‌و شته‌كان بۆ رای‌ گشتی‌ ئاشكرابكه‌ین‌و به‌پێی یاسا رێكبخرێن. باسیله‌وه‌شكرد كه‌ ئه‌وان به‌هه‌موو شێوازه‌ مه‌ده‌نی‌‌و یاساییه‌كان هه‌وڵده‌ده‌ن مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆكی‌ ئه‌نجومه‌نی‌ وه‌زیران‌و جێگره‌كانیان به‌پێی یاسا رێكبخرێن‌و خه‌ڵكی‌ لێ ئاگاداربكرێنه‌وه‌.

جه‌عفه‌ر عه‌لی‌ ده‌ڵێت ئێمه‌ نامانه‌وێت ئه‌زموونی‌ شكستخواردووی‌ په‌رله‌مانتارانی‌ خولی‌ پێشوو دووباره‌ بكه‌ینه‌وه‌، كاتێك نه‌یانتوانی‌ ئه‌و مه‌له‌سه‌یه‌ ئاشكرابكه‌ن‌و به‌و هۆیه‌شه‌وه‌ له‌هه‌ڵبژاردندا زه‌ره‌ری‌ لێدان. ناوبراو ئاماژه‌ی‌ به‌وه‌شكرد كه‌ په‌له‌مانتارانی‌ پێشوو به‌پله‌ی‌ یه‌ك مه‌به‌ستیان نه‌بووه‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ئاشكرابكه‌ن، چونكه‌ ئه‌وان نوێنه‌ری‌ حیزب بوون نه‌ك جه‌ماوه‌ر بۆیه‌ له‌سه‌ر بۆچوونه‌كانیان سوورنه‌بوون‌و كۆڵیانداوه‌.

په‌رله‌مانتاره‌كه‌ی‌ فراكسیۆنی‌ گۆڕان پێیوایه‌ هه‌موو خه‌ڵكی‌ كوردستان به‌سه‌وز‌و زه‌ردیشه‌وه‌ حه‌زده‌كه‌ن‌و ده‌یانه‌وێت بزانن مووچه‌‌و بودجه‌ی‌ سه‌رۆكی‌ هه‌رێم‌و سه‌رۆك وه‌زیران‌و جێگره‌كانیان چه‌نده‌، ئاشكرانه‌كردنی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ش گومانی‌ لای‌ خه‌ڵك به‌رانبه‌ر ده‌سه‌ڵات‌و سه‌ركرده‌كان دروستكردووه‌.

ئه‌ندامێكی‌ فراكسیۆنی‌ لیستی‌ خزمه‌تگوزاریی‌و چاكسازیش ته‌ئكید له‌وه‌ده‌كاته‌وه‌ كه‌ هه‌موو رێگه‌ یاساییه‌كان ده‌گرنه‌به‌ر بۆ ئه‌وه‌ی‌ په‌رله‌مان ئاگاداری‌ بودجه‌‌و مووچه‌كانی‌ به‌رپرسه‌ گه‌وره‌كان بێت‌و له‌په‌رله‌مان رێژه‌كانیان دیاریبكرێت.

حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌ عه‌لی‌، په‌رله‌مانتاری‌ لیستی‌ خزمه‌تگوزاریی‌و چاكسازی‌ به‌ هاوڵاتی وت له‌به‌رنامه‌ماندایه‌ له‌سێ رووه‌وه‌ كار له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ی‌ مووچه‌ بكه‌ین. ر‌وونیشیكرده‌وه‌ كه‌ ده‌یانه‌وێت مووچه‌ی‌ هه‌موو به‌رپرسان هه‌رێم ئاشكرابێت‌و په‌رله‌مان‌و رای‌ گشتی‌ ئاگاداربێت‌و ده‌شیانه‌وێت مووچه‌ی‌ په‌رله‌مانتاران كه‌مبكرێته‌وه‌‌و نیوه‌ی‌ مووچه‌كانیان بۆ ناوچه‌ كاره‌ساتباره‌كان ته‌رخانبكرێت‌و كاریشده‌كه‌ن بۆ ئه‌وه‌ی‌ مووچه‌ی‌ په‌رله‌مانتار‌و وه‌زیره‌ خانه‌نشینكراوه‌كان كه‌مبكرێته‌وه‌.

حه‌مه‌ سه‌عید حه‌مه‌عه‌لی‌، باسیله‌وه‌كرد كه‌ هه‌موو رێگه‌یه‌كی‌ یاسایی بۆ ئاشكراكردنی‌ مووچه‌ی‌ گه‌وره‌ به‌رپرسان ده‌گرنه‌به‌ر، وتیشی ئه‌گه‌ر له‌په‌رله‌مانیش وه‌كو ئۆپۆزسیۆن نه‌مانتوانی‌ ئه‌و مه‌سه‌له‌یه‌ یه‌كلابكه‌ینه‌وه‌، له‌رێگه‌ی‌ فشاری‌ راگه‌یاندن‌و مه‌ده‌نییه‌وه‌ هه‌وڵی‌ ئاشكراكردنی‌ مووچه‌ شاردراوه‌كان ده‌ده‌ین‌و ئاشكرایان ده‌كه‌ین.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە