زەمەنی پێش سەردەشت و زەمەنی دوای سەردەشت!
Wednesday, 02/06/2010, 12:00
تیرۆركردنی رۆژنامەنوسی گەنج سەردەشت عوسمان دۆخی رۆژنامەنوسی ئەهلی و ئازادی گۆڕی و لەبری ئەوەی نیەتی تیرۆكەرانی ئەو گەنجە بهێنێتە دی كە دەمكوتكردن و ترساندنی رۆژنامەنوسان بوو وەهایكرد بۆ یەكەمجار شەقامی كوردی پشتگیری خۆی بۆ رۆژنامەگەری ئازاد و ئەهلی بخاتە روو.
ئێمە دەكرێت ساتی تیرۆركردنی ئەو كوڕە گەنجە بەساتێكی حەزین و دڵتەنگ بۆ هاوپیشەكانی وەسفبكەین، بەساتێكی گرنگ و چارەنوسسازیشی وەسفبكەین كە تیایدا مێژووییەكی گۆڕی و مێژووییەكی نوێی دروستكرد.
ئەو ساتە ساتی لابردنی دەمامكی ئەو دەسەڵاتەیە كە لەژێر ناوی دیموكراسی و ئازادی و خۆشگوزەرانیدا بە رۆژی روناك گەنجێك تیرۆر دەكات.
ساتی هەڵوەشاندنەوەی هەموو ئەو خەونانەیە كە دەسەڵات باس لەبەدیهێنانیان دەكات و دواتر لە روداوێكی وەهادا هەمووی دەكاتە سەراب.
تیرۆركردنی سەردەشت لەبری ئەوەی دەنگە ئازاد و ناڕەزاكان سەركوتبكات دەنگی دەسەڵاتی هێندەی تر نوزن و گڕگنتركرد.
زەمەنی پێش تیرۆركردنی سەردەشت هەمیشە حزبە باڵا دەستەكان شانازییان بەو كەمە ئازادییەوە دەكرد كە بەرهەمیان هێناوە بۆمان، هەمیشە باسیان لە ئاوەدانی و گەشانەوە و بەدوبەی كردنی شارەكانیان دەكرد، هەمیشە منەتی ئاسایش و نەبونی تیرۆر و تیرۆرستانیان دەكرد .
دەیانوت ئەم رۆژنامەنوسانە و ئەم رۆژنامانە چەند دەنگێكی كەمن و كۆمەڵگا لەدژیانە.
چەند زۆربون ئەو رۆژنامەنوس و قسەكەرانەی حزب ئیرەیان بەرۆژنامە ئەهلیەكان دەبرد، چەند زۆر بون ئەو قسەكەرانەی هەموو شەوێك كەناڵە ئاسمانیەكانیان داگیردەكرد و تا درەنگانێك قەوانی ئەوەیان بۆ لێدەداینەوە كە رۆژنامەی ئەهلی و ئازاد لەكوردستاندا بونی نیە.
دەیانوت و دەیانوتەوە كە خۆیان سوپەرمان و تاكە سواری رۆژنامەگەری كوردین.
بەڵام ئیدی بەكوشتنی سەردەشت زەمەنێكی دیكە و فەسڵێكی دیكە لە خەباتی جەماوەری و رۆژنامەگەری ئازاد دەستی پێكرد.
هەمومان ئەو خرۆشانە جەماوەرییەمان بینی كە بۆ ماوەی چەندین رۆژ شەقامەكانی زۆربەی شارو شارۆچكەكانی داگیركرد، هەمومان بینیمان رۆژنامەگەری ئازاد چەند كاریگەری هەیە و چەندەش كاریگەری دروستكردووە.
زەمەنی پێش كوشتنی سەردەشت زەمەنی دوای كوشتنی سەردەشت نیە، ئەگەر ساتی شەهیدكردنی سۆرانی مامەحەمە هەروا بەسانایی تێپەڕیبێت كۆمەڵێك دۆخ و هەلومەرجی خۆی هەبووە كە گرنگترینیان نەبونی ئۆپۆزسێونێكی راستەقینە بووە لەو كاتدا و بەتەواوی چاونەكراونەوەی خەڵكی بووە
بەڵام ئیدی ئەو زەمەنە تێپەڕی حزبە دەسەڵاتدارەكان بەسانایی رۆژنامەنوسان تیرۆربكەن و شەقام نەوروژێت لەدژیان.
ئیدی ئەو زەمەنە كۆتایهات، زەمەنی ئێستا زەمەنی بەرەنگاربونەوە و شەڕكردنە لەسەر باشتركردن نەوەك شەڕكردن لەسەر مانەوە.
من بڕوام وەهایە ئیدی رۆژنامەگەری كوردی (ئازاد) لەوە تێپەڕی پێناسەی خۆی بكات، بەڵكو ئێستا لەقۆناغی هەنگاونانی زیاتردایە، لەقۆناغی جێبەجێكردنی بیروبۆچونەكانیدایە، رۆژنامەنوسەكانیشی لەبری ئەوەی خاوەنی چەند لاپەڕەیەكی كەمی رۆژنامەكانیان بن خاوەن ئەو سەدان هەزاران كەسەن كە هەمیشە ئامادەن بێنەوە سەر شەقامەكان.
زەمەنی پێش تیرۆركردنی سەردەشت زەمەنی ترس و تۆقاندنی حزبە دەسەڵاتدارەكانە، زەمەنی دوای سەردەشتیش زەمەنی ئازادیی و نەترسان و خەباتی رۆژنامەنوسەكانە.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست