نوسین و حکومه‌ت له‌ته‌رازوی به‌رکردنه‌وه‌دا
Saturday, 21/03/2009, 12:00
2024 بینراوە
زۆر جار که ده‌مه‌وێ بنوسم واده‌زانم ئیزرائیل دێته سه‌رم و ده‌یه‌وێ روحم هه‌ڵکێشێ سه‌یره نوسین و ره‌خنه‌گرتن و قسه‌کردن له‌وڵاته‌که‌ماندا به تایبه‌تی له که‌رکوک مه‌ترسییه‌کی ئاوهای هه‌بێت، چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات که‌ناڵێک بکاته‌وه بۆ له‌یه‌کگه‌یشتن له‌گه‌ڵ خه‌ڵکی ئه‌م وڵاته‌دا؟، چی ده‌بێت ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات خواستی کرانه‌وه‌و پێشکه‌وتنی تیادا زیندوو بێت، بڕوا ناکه‌م جگه له به‌هێزبوونی خۆی هیچ زه‌ره‌رێک بکات.
به‌ڵام که ده‌سه‌ڵات ده‌رگاکانی داده‌خات و چاو ده‌نوقێنێت له ئاست ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و ناعه‌داله‌تییه، خه‌ڵکیش بۆ ئه‌وه‌ی شۆڕشی به‌رده‌وامی و مانه‌وه‌یان به‌رده‌وام بێت، پێویستیان به چاکسازییه، ئه‌و چاکسازییه که ده‌سه‌ڵات بیری لێناکاته‌وه‌و ئه‌وه‌ی بیری لێبکاته‌وه ده‌یکاته تای ته‌رازووی دوژمنی خۆیه‌وه، ئه‌وه گه‌وره‌ترین هه‌ڵه ده‌کات، چونکه میعیاری هێزو جوانی ده‌سه‌ڵات عه‌داله‌ت و یه‌کسانییه، نه‌ک چه‌وسانه‌وه‌و سه‌رکوتکردن.
ده‌سه‌ڵاتێک داری ده‌ستی پیس بێت و بۆنی لێوه بێت، ته‌نها نغرۆبوون چاوه‌ڕێی ده‌کات، چونکه گه‌ل و میلله‌ت خواستیان هه‌یه، خواستیش له قه‌فه‌س نانرێت، هه‌ر بۆیه ده‌بێت حکومه‌ت خۆی چاک بکاته‌وه، هه‌رگیز بیر له‌وه نه‌کاته‌وه که به کوشتن و بڕین خۆی بسه‌پێنێت، خه‌ریکه وایان لێدێت ببێته عه‌یبه باسی دیکتاتۆر بکه‌ن، چونکه مۆدێلێکی تازه‌ی دیکتاتۆریان له‌گه‌ڵ خۆیان هێناوه، ئێمه خه‌جاڵه‌ت ده‌بین کاتێک ده‌بیستین له وڵاته پێشکه‌وتوه‌کاندا، نوسه‌رو رۆژنامه‌سه‌کان به ئیحساو زانیاریی ورده‌وه گه‌نده‌ڵیی و ناشیرینییه‌کانی وڵاتی ئێمه باس ده‌که‌ن، ئه‌ی باشه بۆ حکومه‌ت خه‌جاڵه‌ت نابێت کاتێک مه‌سئولێک له شوێنێک یان له شارێک داده‌نێت، سه‌راپای خۆی و ئه‌و شاره پڕ ده‌کات له‌گه‌نده‌ڵی و دزی، که‌چی رۆژێک نه‌مانبیست مه‌سئولێک موحاسه‌به بکرێت، ئه‌ی ئه‌گه‌ر خۆتان وان چاوه‌ڕێی چی ده‌که‌ن له ئێمه؟ بۆ رێ به رۆژنامه‌نوسان ناده‌ن داخی دڵی خۆیان و قسه‌ی خه‌ڵکی بگوێزنه‌وه سه‌ر لاپه‌ڕه‌ی رۆژنامه‌کان، بۆ ئه‌وه‌ی هه‌ر نه‌بێت که خۆتان له هه‌ق مه‌سئوله گه‌نده‌ڵه‌کان نایه‌ن ئه‌وان رسوای ناو خه‌ڵکیان بکه‌ن.
بۆ ده‌بێت هه‌ر به ترسه‌وه بنوسین، خۆ نوسین له سه‌رمایه‌که‌تان که‌م ناکاته‌وه، خۆ کورسییه‌کانتان داگیر ناکات نوسین، نوسین ده‌رزییه‌کی بچوکه بۆ نه‌خۆشی گه‌نده‌ڵی باشه ئه‌گه‌ر زۆر قورس حکومه‌ت نه‌یگرتبێت، ئه‌گه‌رنا ئه‌وه ده‌بێت ئه‌و حکومه‌ته له ریشه‌وه بگۆڕدرێت، چونکه ئومێدی هیچی لێناکرێت