کوردستانپۆست فەزیحەی ئەندامێکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری بڵاودەکاتەوە
Wednesday, 15/05/2013, 12:00
تایبەت بە کوردستانپۆست:
حاکم ئەکرەم فەرەج سەرۆکی دادگای گەرمیان و ئەندامی ئەنجومەنی باڵای دادوەری ھەستاوە بە ئەنجامدانی کارێکی گەورەی تەزویرات لە سلکی دەسەڵاتی دادوەریدا و لە ئێستادا تەزویراتەکە دزەی کردووە بۆ راگەیاندنەکان و دادوەرەکان لە ھەوڵی دۆزینەوەی رێگەچارەیەکدان بۆ پەردەپۆشکردن ئهو ساختهکارییه.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە تەزویراتەکە، کە نەیویست ناوی بڵاوبکرێتەوە، بە کوردستانپۆستی راگەیاند "چل کەسی یاسایی کراونەتە یاریدەدەری داواکاری گشتی و بریارە ئەو چل کەسە پانزە رۆژە لە خولدان و ئەمرۆ چوار شەمە خولەکەیان تەواو دەبێت".
مەرجی وەرگرتنی یاسا ناس بە ئەندامێتی داواکاری گشتی ئەوەیە کە نابێت لە ھەشت ساڵ کەمتر لە سلکی دادوەرییدا کاری کردبێت، ھەروەھا لە ماوەی ئەو ھەشت ساڵەشدا نابێت ساڵانە کهمتر له پێنج داوای یاسیی نەبینێت.
بەپێی زانیاریەکانی کوردستانپۆست، یەکێک لەو چل ئەندامە وەرگیراوەی داواکاری گشتی خەڵکی کەلارە و ناوی (عدل محەمەد مەلودە) کە ناوبراو خزمەتی پێویستی نییە بۆ ئەوەی وەک ئەندامی داواکاری گشتی وەربگیرێت، بەڵام لەلایەن حاکم ئەکرەم فەرەجی سەرۆکی دادگای گەرمیانەوە تەزویراتێکی بۆ ئەنجامدراوە تا وەربگیرێت.
سەرچاوەکە روونیکردەوە بەبریاری حاکم ئەکرەم دەستکاری تۆماری بریارەکانی ساڵانی رابردووی دادگای خانەقین کراوە و راژەی خزمەتی پارێزەری پارێزەرێک بە ناوی (عادل عیسا)، کە چەند ساڵێک لەمەوبەر مردووە بۆ عادل محەمەد مەولود ھەژمارد کراوە.
سەرچاوەکە وتیشی"نابێت لە تۆماری بریارەکاندا قەڵەم بدرێت لە ناوەرۆکی بریارەکان و رەشبکرێتەوە، بەڵام ئەم ساختەکاریە وایکردووە چەندین ناو لە تۆماری دادگای خانەقیندا سڕدراوەتەوە.
سەرچاوەکە وتی :"ئەم تەزویراتە ئاشکرا بووە و کێشەیەکی گەورەی لە ناو دادوەرەکانی گەرمیاندا دروستکردووە و ئیستا لە ھەوڵدان بۆ پەردەپۆشکردنی ساختەکارییەکە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست