کاتێک نەفامێک قەڵەم، جەلادێک چەک و خائینێکیش دەستەڵات دەگرنە دەست، نیشتیمان دەبێتە جەنگەڵستانێک بۆ ژیان دەست نادات..(دکتۆرمستەفا السباعی).


هەڵوێست لە سەر رووداوەكانى ئەم دواییەى كوردستان

Tuesday, 22/02/2011, 12:00



هاوڵاتیانى بەرێز ....
من دكتۆر فائیق محەمەد گوڵپى، لە شۆرشى ئەیلول و شۆرشى نوێدا بنەماڵەكەمان دەیان شەهیدى داوە، لە 1982-1991پزیشك و پێشمەرگەى دێرینى شۆرشى گەلى كوردستان بووم،لە دواى راپەرین ئەندامى پەرلەمانى كوردستان بووم،ساڵى 1996 بە هۆى شەرى براكوژى و كێشە سیاسیەكانى ترى باشوورى كوردستانەوە،لە ریزەكانى یەكێتى نیشتمانى كوردستان دووركەوتمەوە،ساڵى 1999 كاتێك رێزدار عەبدوڵا ئۆج ئالان بە پیلانگێڕیەكى نێودەوڵەتى دەستگیركرا،پێوەندیم بە پارتى كرێكارانى كوردستانەوە كورد و پێم راگەیاندن ئامادەم هەر ئەكێك ئەنجام بدەم بۆ پاراستنى شۆرشى باكوورى كوردستان،ئتر لەو كاتەوە زۆربەى كات و تواناى خۆم بۆ پرسە نەتەوەییەكانى پارچەكانى ترى كوردستان تەرخان كردووە.
بە پێى تێڕوانینى خۆم، لەم كاتەدا گەلى باشوورى كوردستان رووبەرووى گێرەو كێشەى سەخت بۆتەوە،بۆ چارەسەركردنى ئەو كێشانەپێویستى بە ئیرادەى گەل وئەزمونى سەدان كەسى وەك من هەیە،بۆیە بریامدا لەمەوداوا زۆربەى كات و تواناى خۆم،لە دەرەوەى سیستەمى دەسەڵاتى باشوورى كوردستان و لە ناو هێزى خەڵكى كوردستاندا بۆ دیموكراتیزەكردن و مەدەنى كردنى سیاسەت و كۆمەڵگاى باشوورى كوردستان تەرخان بكەم،زۆربەى تواناى خۆم بۆ پاراستنى دەسكەوتە نەتەوەییەكانى باشوورى كوردستان و بۆ گەراندنەوەى كەركوك و ناوچە دابڕاوەكانى ترى باشوورى كوردستان بخەمە گەڕ.
لە سەر رووداوەكانى ئەم دوایەى باشوورى كوردستان،ئیدانەى كارەساتى 17-2-2011 شارى سلێمانى دەكەم كە بە هۆى تەقەكردنى پاسەوانەكانى لقى 4 پارتى دیموكراتى كوردستانەوە رێژوان عەلى شەهید كراو 57 كەسیش برینداربوون،داوا دەكەم بكوژانى كاكە رێژوان دەستگیر بكرێن و بدرێنە دادگا. دژى هێنانى هێزى چەكدارى پارتى دیموكراتى كوردستانم بۆ ناو شارى سلێمانى،داوا دەكەم بە زووترین كات ئەو هێزانە بگەڕێنەوە شوێنى جارانى خۆیان و دیاردەى میلیتاریزەكردنى شارى سلێمانى كۆتایى پێبێت.ئیدانەى پەلاماردان و سووتاندن و تاڵانكردنى بارەگاكانى بزووتنەوەى گۆڕان دەكەم لە پارێزگاى هەولێر و دهۆك،ئیدانەى سووتاندنى ئۆفیسى رادیۆ و تەلەفزیۆنى نالیا دەكەم،كە شەوى 20-2-2011بە دەستى هێزێكى چەكدار ئەنجام درا.
لەسەردەمى جیهانگیرى و حوكمى یاسا و دیموكراتى و مافى مرۆڤدا،كوشتن و برینداركردنى رۆڵەى كورد و سووتاندنى بارەگاى رێكخراوى سیاسى و ئۆفیسى رادیۆو تەلەفزیۆن،كار و پیشەى هێزى تاریك و داخراوە،ئەم جۆرە هێزانەش لەگەڵ رۆحى سەردەمدا ناگونجێن،ئەم جۆرە هێزانە دوو رێگەیان لەبەردەمدایە،یان گۆرانكارى و كرانەوە و دیموكراتبوون، یان وپەراوێزكەوتن و بەجێمان و دابڕن لە سەردەم و لە مێژوو.
سەركەوتن بۆ تێكۆشانى مەدەنى و دیموكراتى خەڵكى كوردستانە.
دكتۆر فائیق محەمەد گوڵپى 
 

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە