کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ئه‌و نامانه‌ی هه‌موو مێژووی تاڵه‌بانی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌ (4)

Wednesday, 06/10/2010, 12:00


ئه‌م نامه‌یه‌ی تاڵه‌بانی بۆ ئاغاکانی مه‌نگوڕ ده‌نێرێت، مێژووکه‌ی ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ بۆ ساڵی 1979، واته‌ دووساڵ دوای کاره‌ساتی هه‌کاری و ساڵیک دوای شه‌هید کردنی ئارام.
له‌ نامه‌که‌دا تاڵه‌بانی نه‌یتوانیوه‌ له ‌نه‌وس دورکه‌وێته‌وه‌، له‌گه‌ڵ باسکردنی کێشه‌ سیاسییه‌کانی شاخ و شۆڕشدا و کێشه‌ی کورد وه‌ک نه‌ته‌وه‌، باس له‌ گه‌یشتنی په‌نیره‌که‌ ده‌کات و له‌خه‌می نه‌گه‌یشتنی گیسکه‌کاندایه‌ و هه‌واڵیان ده‌پرسێت، که‌ بۆ نه‌گه‌یشتووه‌، سه‌یرکه‌ن و بڕۆن هه‌موو مێژووی سه‌رکرده‌کانی جیهان بخوێنه‌وه‌ بزانن تاکه‌ جارێک ئه‌وان باس له‌ خۆراک و چلێسیی ده‌که‌ن؟ ئه‌م نامه‌یه‌ چاوپێکه‌وتنێکی تاڵه‌بانیمان بیر ده‌خاته‌وه‌، که‌ کاتیی خۆی له‌گه‌ڵ رۆژنامه‌نوسێکی تورکدا له‌ هوڕێت گازێته‌، که ‌تاڵه‌بانی باسی خه‌وبینینی خۆی ده‌کات به‌کوردبوونی تورکیاوه‌ و بێ شه‌رمانه‌ ده‌ڵێ کوردبوون له ‌تورکیادا له‌ناو ئه‌م ووڵاته‌ دیمکراتیه‌دا جێگه‌ی خۆشییه‌، خۆی ناگرێت ده‌ڵێ چه‌ند خۆشه‌ تورکیا تۆ سه‌یری ئه‌م ماسییه‌ به‌له‌زه‌ته‌ بکه‌، تا رۆژنامه‌نوسه‌که‌ باسی زیندانییه‌که‌ی ئامه‌دی بۆ ده‌کات خوێنه‌ر ده‌توانێت ئه‌و بابه‌ته‌ له‌ کتێبی (فرۆشتنی کوردستان و گره‌و له‌ سه‌ر ئه‌سپی تۆپیو) بخوێنێته‌وه‌.
خاڵێکی تری سه‌رنجڕاکێش ئه‌وه‌یه‌، که‌ تاڵه‌بانی چۆن به‌خۆشییه‌وه‌ له‌ گفتوگۆی کورد و ڕژێمی ئێران ده‌ڕوانێ و پڕوپاگه‌نده‌ بۆ گه‌یشتنی مافه‌کانی کورد ده‌کات له‌و به‌شه‌ داگیرکراوه‌دا، پاشان پرسیارێک بۆ مێژوو قوت ده‌کاته‌وه‌ و ده‌ڵێ بۆ نه‌ناردنی نه‌سرییه‌، ئه‌وه‌ دڵگران مه‌بن چونکه‌ پاره‌که‌مان دۆلار بووه‌ و ناردومانه‌ خوردی بکه‌ینه‌وه‌، ئه‌کرێ پرسیار بکه‌ین: کێ دۆلاری بۆ ناردوون له‌ ساڵی 1979دا ده‌کرێ بپرسین، ئه‌وه‌ کامه‌ ووڵات و کامه‌ ڕژێمی داگیرکه‌ری تره، که‌ دۆلاری بۆ ئێوه‌ ناردووه‌ ؟ بۆچی پێشمه‌رگه‌کانی تر بێ نه‌سریه‌ بوون و ئاغاکان هه‌موو مانگێک نه‌سرییه‌یان وه‌رگرتووه‌؟ ئه‌مه‌ جێ ده‌هێڵێن بۆ مێژوونووسه‌ گه‌نجه‌کان، ئه‌وانه‌ی بێ منه‌تن له‌ نووسینه‌وه‌ی مێژووی راست.
به‌ڵێ.. نامه‌کانی تاڵه‌بانی ده‌بێ خوێندنه‌وه‌ی بۆ بکرێت، ئێمه‌ ده‌زانیین و گومانم نییه‌، که‌ دکتۆر مه‌حمود پیاوێکی گوماناوییه‌، به‌ڵام له‌و ڕۆژگاره‌دا ده‌بوو تاڵه‌بانی خوێندنه‌وه‌ی تری هه‌بووایه‌ بۆ ئه‌م که‌سایه‌تییانه‌. دکتۆر مه‌حمود نه‌ڕۆیشته‌وه ‌و نه‌بووه‌ وه‌زیر، تاڵه‌بانیش قه‌ت ئاره‌قه‌ی شه‌رمه‌زاری ناڕێژێت، چونکه‌ ئه‌و خاوه‌نی قسه‌ی خۆی نییه‌ ئه‌و به‌شه‌رتی ڕۆژ قسه‌ده‌کات و گوێ به‌هیچ نادات، گرنگ نییه‌ لای، من بیره‌وه‌رییه‌کانی (فاتیح ڕه‌سوڵ)م خوێندۆته‌وه‌، که‌ حشع له‌هه‌مان ساڵدا ده‌چنه‌ شاخ تاڵه‌بانی پێییان ده‌ڵێ: ئیتر ده‌بێ سه‌ری هه‌رچی ئاغا و ده‌ره‌به‌گ هه‌یه‌ بیان په‌ڕێنین و له‌ڕیشه‌وه‌ هه‌ڵیان کێشین. له‌هه‌مان کاتییشدا نامه‌ش بۆ ئاغاکانی مه‌نگوڕ ده‌نێرێت، بۆیه‌ ده‌ڵێین ئه‌و نامانه‌ مێژووی تاڵه‌بانی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌، ئه‌وه‌شمان پێ ده‌ڵێ: ئه‌ی کۆمه‌ڵه‌ له‌و ساڵانه‌دا ده‌وریان چیی بووه‌؟ ئه‌وان چۆن له‌م په‌یوه‌ندیی عاشقه‌ و ماشقه‌ییه‌‌ی تاڵه‌بانیان ڕواندبێت، له‌ئه‌زمون و یاده‌که‌ی مامۆستا پشکۆشا هه‌مان شۆڕشه‌ ره‌نگاو ڕه‌نگه‌ی تاڵه‌بانی ده‌خاته‌ ژێر پرسیاره‌وه‌.
******************************
خاڵۆیانی خۆشه‌ویستم، گشت کوێخاکانی مه‌نگوڕی شۆڕشگێڕ
سڵاوێکی گه‌رم !
شادی و خۆشیتانم داوایه ‌و ئێمه‌ش باشین
جه‌ژنتان پیرۆز بێت، هیوادارم جه‌ژنی داهاتوو له ‌کوردستانی ڕزگار کراو له‌ حوکمی خوێنڕێژه‌کان دا بکه‌ین، هه‌موومان پێکه‌وه‌، به‌خۆشی.
نامه‌که‌تان گه‌یشت زۆر سوپاس. په‌نیره‌که‌ش گه‌یشت، له‌م ڕۆژانه‌دا ڕه‌نگه‌ ماڵی شێخ عێزه‌دین بێت بۆیه‌ هیوادارم زۆر حورمه‌تیان بگرن ویارمه‌تی پێویستیان بده‌ن.
هه‌روه‌ها تکام وایه‌ که‌ خانۆکان و پاسگاکه‌ بپارێزی، تاکو دکتۆره‌کان ده‌گه‌ن.
ناردنی گیسکه‌کانیش هه‌رچی زووتر بێت باشتره‌.
هۆی نه‌ناردنی نه‌سریه‌ش ئه‌وه‌یه‌، که ‌پاره‌که‌ما‌ن به‌دۆلار بوو ناردوومانه‌ خورد بکرێته‌وه‌
ڕه‌نگه‌ له‌م ڕۆژانه‌دا بگاته‌وه‌، هه‌ر که‌ هاته‌وه‌ بۆتان ده‌نێرین.
وه‌زعیش له‌وه‌ ده‌چێت، که‌ له ‌کوردستانی ئیران شه‌ڕ ڕاوه‌ستێت و گفتوگۆ ده‌ست پێبکات بۆ چاره‌سه‌رکردنی مه‌سه‌له‌که‌ به‌ ئاشتی و بۆ ئه‌وه‌ی حه‌قی کورد بده‌ن به‌خۆشی.
لای خۆشمان مه‌سه‌له‌که‌ی (دکتۆر مه‌حمود) و ئه‌وان، به‌خه‌به‌ری ڕاست که‌ بۆمان هاتوه‌ هه‌ر ته‌سلیم بوونه ‌و بونه‌ جاشه‌ و هیچی که‌ی تیا به‌سه‌ر نی یه‌، حوکمه‌تی فاشی به‌غداد هیچ حه‌ق به‌کورد نادات، به‌ڵام وه‌زعی ناو خۆی زۆر خراپه‌، له‌سه‌ر ته‌پین و ڕوخانه‌ ده‌نگ هه‌یه‌ که ‌به‌و زوانه‌ جه‌ماعه‌ت بچنه‌وه‌ بۆ باوه‌شی دوژمن و خۆیان بفرۆشن به‌ پاره‌ و پول و چه‌ند کورسیه‌کی له‌رزۆک.
چه‌کی خۆمان گه‌یشتوه‌، دیاره‌ هه‌رکه‌ گه‌یشته‌ ده‌ستمان، به‌شی ئێوه‌ش ده‌بێت، به‌ڵام جارێ واخه‌ریکی مشورخواردنی هێنانین بۆ لای خۆمان، له‌مه‌رزی خواره‌وه‌وه‌،
ئیتر هه‌ر شادو سه‌رکه‌وتوو بن.

برای دڵسۆزتان
مام جه‌لال
1979.10.31
بۆ بینینی نامه‌که‌ی تاڵه‌بانیی، کلیکی ئه‌و لینکه‌ی خواره‌وه‌ بکه‌:

https://www.kurdistanpost.nu/biz/bellge/Talebani/mengur.pdf

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە