کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


ڕێککه‌وتنی ستراتیجی نێوان دوو حزبی ده‌سه‌ڵات بۆ ڕسواکردن و بێهیزکردنی یه‌کتر

Thursday, 14/03/2013, 12:00







هه‌رچه‌ند له‌ ڕۆژی هه‌ڵبژاردنه‌کانی په‌رله‌مان و پاریزگاکانی و کوردستان نزیک بینه‌وه‌ به‌ره‌ به‌ره‌ خاڵه‌کانی ڕێککه‌وتنه‌که‌ی نێوان دوو بنه‌ماڵه‌که‌ی کوردستان که‌ به‌ ناوی پارتی دیموکراتی کوردستان و یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان ناو ده‌بردرێت وڕێککه‌وتنه‌که‌ش‌ ناسراوه‌ به‌ ڕێککه‌وتنی ستراتیجی،خاڵه‌کان دێنه‌ وجود و کاره‌گه‌ریه‌که‌ی به‌دی ده‌کری، چونکه‌ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ له‌ بنه‌ڕه‌تدا دامه‌زراوه‌ بۆ لێکترازان و لاواز کردنی هه‌ردوو لایه‌ن، هه‌ر یه‌که‌و به‌ تێڕوانین و هێزوو فرت و فێڵ و تواناکانی له‌ سه‌ر ئه‌و بنچینه‌یه‌ کار ده‌کات که‌ به‌رامبه‌ره‌که‌ی خۆی ڕسوا بکات.

خه‌سره‌و گۆران ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی و به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنی پارتی چه‌ند ڕۆژێک له‌ مه‌و به‌ر ڕایگه‌یاند که‌وا پارتی یه‌که‌م ده‌بێت له‌ هه‌ڵبژردنه‌کانی هه‌ریمی کوردستان و عێڕاق، وه‌ یه‌کیه‌تیش به‌ پله‌ی سێیه‌م دێت له‌ دوای گۆڕان له‌ کوردستان، وه‌ دووه‌میش له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێڕاق.

شۆڕش ئیسماعیل ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی و به‌رپرسی ده‌زگای هه‌ڵبژاردنه‌کانی یه‌کیه‌تی زۆر به‌ خێرا به‌بێ دواکه‌وتن وه‌ڵامی خه‌سره‌و گۆرانی دایه‌وه‌و ڕایگه‌یاند: هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان و پارێزگاکانی کوردستان ئه‌م ساڵ ئه‌نجامه‌که‌ی پێچه‌وانه‌ی ئه‌و لێدوانه‌ ده‌بێت، به‌و مانایه‌ی حزبی بنه‌ ماڵه‌ی بارزانی که‌ پارتی دیموکراتی کوردستان، به‌ خه‌یاڵ ده‌ژی و زۆر له‌ کورسیه‌کانی له‌ ده‌ست ده‌دات.

ئه‌ندامی مه‌کته‌بی سیاسی یه‌کیه‌تی نیشتمانی کوردستان مه‌حمود سه‌نگاوی له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ێکدا بۆ خه‌سره‌و گۆران ده‌ڵێت:
جه‌ماوه‌ری پارتی دیموکراتی کوردستان وه‌کو جاران نه‌ماوه‌و دابه‌زیوه‌.
هه‌روه‌ها مه‌حمود سه‌نگاوی ده‌ڵێت :
ئه‌و براده‌رانه‌ی به‌ هه‌ڵه‌دا چوون که‌ ده‌ڵێن یه‌کیه‌تی حزبی سێیه‌مه‌و ئه‌مجاره‌یان یه‌کیه‌تی ده‌نگێکی زۆر به‌ ده‌ستده‌هێنێت.

به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پا‌رتی و نوێنه‌ری حکومه‌تی له‌ له‌نده‌ن له‌چاوپێكه‌وتنێكیدا له‌گه‌ڵ ماڵپه‌ری‌ حكومه‌تی‌ هه‌رێم چه‌ند ڕۆژێک له‌ مه‌وبه‌ر ڕایگه‌یاند:
"بەڵێ لەڕۆژی پێنجشەممە 28 شوبات، پەرلەمانی بەریتانیا بەفەرمی ئەو جینۆسایدەی کە دەرهەق بەگەلی کورد لەعێراق ئەنجامدراوە ناساند. ناساندنەکەبە بێ بەرهەڵستکاری هیچ ئەندامێکی پەرلەمان، حکومەت یان ئۆپۆزسیۆن تێپەڕبوو، ناساندنەکە بەیەکدەنگ بوو" .

شاناز ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌به‌ریتانیا ‌ هێڕش ده‌کاته‌ سه‌ر به‌یان سامی عه‌بدولره‌حمان ئه‌ندامی سه‌رکردایه‌تی پا‌رتی و به‌رپرسی مه‌کته‌بی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ له‌نده‌ن، له‌ وه‌ڵامدانه‌وه‌ێکدا که‌ له‌وتارێكدا به‌ ناوی (سوپاس بۆ چی؟) له‌رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ-ی‌ ئۆرگانی‌ ره‌سمی‌ یه‌كێتی‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌ نووسیویه‌تی:
" له‌ڕۆژی 28ی شو‌باتی ئه‌م ساڵه‌وه‌، زۆر كه‌س سوپاسی هه‌ڵوێستی په‌رله‌مانی به‌ریتانیا ده‌كات بۆ به‌جینۆساید ناسینی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال.... هه‌روه‌ها ره‌تیده‌كاته‌وه‌ كه‌ په‌رله‌مانی‌ به‌ریتانیا كاره‌ساته‌كانی‌ هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفالی‌ گه‌لی‌ كوردی‌ به‌جینۆساید ناساندبێت " ...... .
هه‌روه‌ها شانازی ئیبراهیم ئه‌حمه‌د نوێنه‌ری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌به‌ریتانیا له‌ درێژه‌ی نووسینه‌کیدا هاتووه:
"بۆیه‌ ده‌بێ ئه‌و هه‌ڵه‌یه‌ راست بكه‌ینه‌وه‌و خه‌ڵكی پێ چه‌واشه‌ نه‌كه‌ین‌و راستییه‌كه‌ش ئه‌وه‌یه‌ كه‌ په‌رله‌مانی به‌ریتانیا هه‌ڵه‌بجه‌‌و ئه‌نفالی به‌جینۆساید نه‌ناسی‌و نه‌ نوێنه‌ری حكومه‌تی به‌ریتانیاو نه‌ ئۆپۆزسیۆنیش ‌دانیان به‌وه‌دا نه‌نا كه‌ جینۆسایده‌و پاشان نه‌موناقه‌شه‌كه‌ له‌به‌رده‌م گشت په‌رله‌ماندا بووه‌و نه‌ ده‌نگی له‌سه‌ر دراو نه‌ كه‌س مافی ده‌نگدانی له‌سه‌ر ئه‌و بابه‌ته‌ هه‌بوو و نه‌جه‌لسه‌یه‌كی ته‌واوی په‌رله‌مان بوو".
ئه‌م به‌ڵگانه‌ی سه‌ره‌وه‌ مشتێکن له‌ خه‌رمان که‌ ده‌یسه‌لمێنن ڕێککه‌وتنی ستراتیجی، بریتیه‌ له‌ بێهێزکردن و سوکایه‌تی و توانه‌وه‌ی ‌به‌رامبه‌ر‌ بۆ ده‌ست به‌سه‌رداگرتنی هه‌موو خێرو به‌روبوومی کوردستان و تاکڕه‌وی له‌ حوکمکردنی هه‌رێم، بۆ ئێمه‌ش ئه‌وه‌نده‌ به‌سه‌ که‌ ته‌نها به‌ڵگه‌کان بخه‌ینه‌ ڕوو و پێویست به‌ هیچ کۆمێنتێک ناکات.

ماڵپه‌ڕی حکومه‌تی هه‌رێم له‌ له‌نده‌ن
http://uk.krg.org/index.aspx?lngnr=13

(سوپاس بۆ چی؟) ‌رۆژنامه‌ی‌ كوردستانی‌ نوێ-ی
http://knwe.org/Direje.aspx?Jimare=17961&Cor=2&Besh=Witar


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە