جولەکە و کورد...!
Tuesday, 03/02/2015, 12:00
دوای دابەشکردنی کوردستان لەلایەن زلهێزەکانی دونیا لە سەرەتایی سەدی رابردوو، زۆربەی سەرکردە کوردەکان پێیان وابووە قورسە یکگرتن، جۆشدانی خەبات بە رۆحی کوردستانیەت، بەهێزکردنی هێزی جەماوەریی، کردنی بە بیناغەییەکی سەرکیی بۆ بەردەوام بوون و پێداگرتن بۆ وەدەست هێنانی سەربەخۆیی. قورسی ئەو مەسەلەیەشیان گەراندۆتەوە بۆ دوو هۆکاری سەرەکیی یەکەم، رووبەروو بوونەوە لەگەڵ چوار دەوڵەت کارێکە لە توانایی میللەتی کورددا نییە. دووەم، پێشبینی پشتیوانی نێو دەوڵەتی لێناکرێت. بەڵام دەتوانن سوودمەندبن لە ناکۆکیی نێوان زلهێزەکانی دونیا بەتایبەتی لە ناکۆییەکانی نێوان بلۆکی سەرمایەداری و سۆشیالیستی، ناتەبایی نێوان دەوڵەتانی ئیقلیم بە شێوەیەکی سەرەکی ئەو وڵاتانەی کە کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە وکو عیراق، سووریا، ئێران، تورکیا و بگەن بەچارەسەر لەگەڵ هەریەکییان بە جیا.
ئەزمونی ئەو جۆرە مەمەڵەکردنە سەلماندویەتی پارتەکان بەرژەوەندیی خۆیان لامەبەست بووە، توانیویانە لە ئەنجامی پەیرەو کردنی ئەو سیاسەتە دەستکەوتی ماددیی و شەخسی بەدەست بهێنن. ئەزمون ئەوەشی سەلماندوە ئەو ووڵاتانەی کە کوردستانییان بەسەردا دابەشکراوە جێگەیی متمانە نیین لەسەر هەموو شتێک ناکۆک بووبن لەسەر مەسەلەی کورد یەک هەڵوێست و یەکگرتوو بوونە، لەدەرئەنجامی پەیروەکردنی ئەو جۆرە سیاسەتە سەرکردەکان لە گەمە سیاسییەکەدا دۆڕاندویانە و بۆتە ماییەی شکەست هێنان بە شۆرشەکە، یان لەدەستدانی دەستکەوتە نیشتمانی و نەتەوەیەکان باشتریین نمونەش حکومەتی بنکەفرەوانی هەرێمە.
کوردستانی ئیمرۆ جگە لە دابەشە سەرەکییەکەی کە لەلایەن بەریتانیاو فرەنسا ئەنجام دراوە لە سەرتایی سەدەی رابردوودا، پارتە کوردیەکانیش بە ئارەزووی بەرژەوەندیی خۆیان ئەو ووڵاتەیان بەش بەش کردوە، ئەمە رەنگدانەوەی هەیە لەسەر یەکریزی میللەتی کورد، بوونی چەند هێزێکی چەکداری نایەکگرتوو یەکێکە لەو دیاردانەی کە رەنگدانەوەی ئەو دابەشکردنەیە وە دەرئەنجامێکی باشی لێ چاوەروان ناکرێت بەتایبەتی لەو بارودۆخەی ئێستایی کوردستان کە رووبەرووی جەنگی داعش بۆتەوە.
میللەتی کورد تەنیا نەتەوە نییە لە مێژوودا شۆرشی کردبێت و شکەستی خواردبێت، تەنیا نەتەوەش نییە بەهێزی چەکداریی و کیمیاباران هەوڵدرابێت سەرکوت بکرێت، تەنیا نەتەوەش نییە دووچاری کۆمەڵ کوژی، وێران و تاڵان کردن دەستدرێژی ناڕەوا بووبێت، یان خاوەن بیرەوەریەکی تاڵ و پڕ ئازار بێت، بەڵام یەکێکە لەو نەتەوانەی لە مێژوودا پێداگریی نەکردوە لەوەدەست هێنانی سەربەخۆیی وڵات، بڕیاڕی یەکلاکەرەوەی نەداوە بڵێت نا بۆ دووبارە نەبوونەوەی هەموو کارەستەکان و ئەزمونە هەڵەکانی پارت و سەرکردەکان.
ئەڵمانیایی نازی لە ساڵانی سەرەتای سییەکانی سەدەی رابردوو پلانی دارێژراوی هەبوو بۆ دژایەتی کردنی جوو لە وڵاتەکەی و هەموو ئەو وڵاتانەی کە داگیری دەکردن، هەوڵ و تەقەلایی ئەوە بوو پێگەیی جولەکە لە نێو کٶمەڵگایی ئەڵمانی سەدەیی بیست بگەرێنێتەوە بۆ هەمان پێگەیی کە هەیان بوو لە سەدەی نۆزدەمدا. هیتلر ئەو پلانەی بە قۆناغی جیا جیا خستە بواری جێبەجێ کردنەوە.
لەسالی ١٩٣٥هەستا بە ناساندنی چەند یاسایەک بۆ پاکتاوکردنی نەژادی. یاسای نیوریمبەرگ. ئەو یاسایا هاووڵاتی بوون و ناسنامەی تاکەکانی نێو کۆمەڵگای ئەڵمانیایی دیاری دەکرد. هەر کەسێک هەتا چوار پشتی ئەڵمانی بوایە هەڵگری ناسنامەی رەگەزی ئاری و ئەڵمانی پێ دەبخشرا. هەرکەسێک لە دوو پشتەوە ئەڵمانی بوایە دەبوو بە هەڵگری ناسنامەی نیو بە نیو. جووی ئەڵمانی ئەگەر لە چوار پشتی جولەکە بوایە ئەوا ناسنامەی جوو دەبوو. هەر جوویەک لە دوو پشتەوە جوو بوایە هەڵگری ناسنامەی تێکەڵ دەبوو. ئەڵمانیا هەندێ یاسایی تری دەرکرد وکو قەدەغەکردنی پەیوەندی سێکسی نێوان مرۆڤی هەڵگری ناسنامەی ئەڵمانی لەگەڵ جوو و نەتەوەی تر، نەمانی یاسای هاوسەرگەری گرتن لە نێوان هاووڵاتی ئەڵمانی و جوو نەتەوەکانی تر. لە ساڵی ١٩٣٣ یاسای بایکۆتکردنی بزنزیی جولەکەی خستە بواری جێبەجێکردن.
لە نێوان ساڵانی ١٩٤١- ١٩٤٥ بەرنامەی بەکۆمەڵ کوژی جوو لە ئەڵمانیای نازی دارێژڕا، یەکەم هەنگاویان، دامەزراندنی شەش کەمپی هیلۆکۆستی کۆمەڵکوژی لە پۆلەندای داگیرکراو بوو. بەلزەک، کێلمنۆ، سۆبیدۆر، تریبلینکا، ماژدانەک، گەورەترینیان ئۆسشویتز- بیکینون کە دوو میلیۆن جووی تیاداکۆمەڵکوژ کرا. هەنگاوی دووەمیان، راگوێزانەوەی هەموو جوولەکەکانی ئەوروپا بوو بۆ ئەو شەش کەمپە. یەکەم کۆمەڵکوژی لە کەمپی بیلزاک لە ١٧ی سێی سالێ ١٩٤٢ ئەنجامدارا، ئەو کۆمەڵە پێکهاتبوون لە مرۆڤی پیر، نەخۆش و منداڵ. ئەو کۆمەڵ کوژییە جگە لە جوو، پۆلەندییەکان،شیعیوکان، هۆمۆسێکوەڵ قەرەج و بەدیل گیراوەکانی جەنگی روسیاشی گرتەوە. لەمانگی حەوتی ساڵی ١٩٤٢ تا مانگی دەی ساڵی ١٩٤٣ هەشتسەد هەزار تا یەک ملیۆن جوو لە کەمپی تریبلینکا کوژران.
ژمارەی کوژراوان و پەککەوتەکان گەیشتە ١١ ملیۆن مرۆڤ، لە نێوانیاندا یەک ملیۆنی منداڵی جوو بوون، زۆربەی سەرچاوەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ژمارەی جوولەکە شەش ملیۆن کوژراو بووە. هەموو دامودەزگاکانی سوپاو دارودەستەی ئەڵمانیا لە ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵ کوژیە بەشدار بوون، ژمارەی مرۆڤە بەشدار بووەکان بۆ ئەنجامدانی ئەو کۆمەڵکوژییە ١٠٠.٠٠٠ تا ٥٠٠،٠٠٠ کەس بووە.
جولکەکان لەگەڵ رابردووی زامەکانیان نەژیان، بەڵام لەیادیان نەکرد، کردیان بە بیناغەی دامەزراندنی پرنسیپی بەرز بۆ خزمەتکردن بە دۆزی ڕەوای خۆیان، خاڵی وەرچەرخاندن بۆ بارو دۆخی نالەباریان، بەهێزکردنی پێگەیان لە نێو کۆمەڵگای نێو نەتەوەیی، رۆژهەڵاتی ناوەراست و فەلەستین. جولەکەکان پێیان داگرت و بڕیاریاندا کە خاڵی وەستان دابنێنن بۆ هەموو ئەو زوڵمو ئازارانەی کە لە مێژووی ژیانی مرۆڤایەتیدا بەسەریاندا هاتبوو لە ئەنجامی چەوساندنەوەو پێشێل کردنی مافە ڕەواکانیان بەدەستی زۆرداران.
دوای تەواو بوونی جەنگی جیهانی دووەم، هەموو بەیەک دەنگ پێداگریان کرد لە دامەزراندنی وڵاتێکی سەربەخۆ، لە ساڵی ١٩٤٨ لە فەلەستین توانیان ئەو دەستەکەوتە بەدەست بهێنن. دیدو بۆچوونی وا هەبووە پێیان وابووە جوو ئەمریکا دروستی کردنەوە، دوور نییە ئەمریکا لەهەندێ قۆناغدا بەپێیی خواستی بەرژەوەندییەکانی خۆی پاڵپشتی لێکردبن وەک ئەوەی ئیمرۆ بۆ کورد دەیکات، بەڵام هیچ زلهێزێکی دونیا ناتوانێت بەرهەمی سەربەستی بۆ میللەتێکی تر مسۆگەر بکات ئەگەر میللەتەکە خۆی ئەو ئامادیەیی، ویست، بڕواو سووربونەی تیادا بەدی نەکرێت. جوو بەدەست و بازووی خۆیان توانیان دەستەکەوتی سیاسیی بۆ خۆیان مسۆگەر بکەن وە بتوانن لە رۆژهەڵاتی ناوەراست ببن بە هێزێک کەس نەوێرێت خۆی لە قەرەیان بدات. بێگومان نەوەیەک بوو بە سوتەمەنی ئەو جۆرە بڕیارە لە مێژووی بزوتنەوەی جووەکان. ئەوەی وای لە جولەکە کرد بلێتن نا بۆ دووبارە بوونەوەی کارەساتەکان، جینۆسایدی هۆلاکۆست بوو.
لە هەشتاکانی سەدەی رابردوو میللەتی کورد دوچاری نەهامەتی کۆمەڵ کوژی و دەست درێژیکردنە سەر بووە لەلایەن سوپای عیراقی، ئەرتەشی ئێرانی و هێزی جەندرمەی تورکی. کۆمەڵ کوژی کوردی عەشیرەتی بارزانییەکان، کاولکردن و وێران کردنی ٣٥٠٠ گوند لە سەرتانسەریی باشوور، کارەساتی ئەنفال، کیمیابارانی ناوچەکانی خۆشناوەتی، سلێمانی و هەڵەبجە، کیمیابارانی سەردەشت. لەو سەدەیەش هێرش لەلایەن هێزی ئیسلامی توندرەو بە پلەی یەکەم پێکهاتە لە تێکەڵی نەتەوەی عەرەب، تورک و فارس، بە پشتیوانی تورکیا ئەنجامدانی کۆمەڵ کوژی لە نێو نەتەوەی کورد لە ناوچەکانی شەنگاڵ و رۆژئاوایی ووڵات، ئەمانە هەمووی هەقی وایە میللەتی کورد بڕیاری یەکلاکەرەوەی خۆی بداو وەک جولەک بڵێت:
NEVER AGAIN
ئازار و زامی میللەتێک، لە ئەنجامی داگیرکردنی ووڵات و ژێر دەستی لەلایەن داگیرکەرانەوە دەستدرێژی ناموس، کۆمەڵ کوژی، کاولکردن، رووخان و داماڵێنی هەموو پیرۆزیەکانی کە بڕوایی پێییەتی دەگات بە ئاستیی لووتەکە. لە ئەنجامدا دەبێت بە رقێکیی ئەستووریی بڕیاردەر بۆ دانانیی خاڵی وەستان بۆ ئەو هەموو تاوانانە، پێداگرتن بۆ هەتا هەتاێی ناهێڵێن وامن بەسەر بێتەوە، کورد دەبێت ئەو بڕیارە بدات و خۆی لەیەک هێزی چەکداری میللی، سوپای فەرمیی کۆبکاتەوە، لە ژێر یەک ئاڵا تەکان بە بزوتنەوەی رزگاری بدات و سنووری جوگرافیای کوردستان دیاری بکات، بڵێت نا بۆ سەرکردەی رووخاو، ئەو پارتانەی بوونەتە هۆی دابەشکردنی زیاتری وڵات، نابۆ ئەو سەرکردانەی بوونەتە نەوت فڕۆش، نا بۆ پاشکۆیی کردنی بێگانەو ملکەچکردن بۆ بەرژەوەندیی و پارە، وەک ئەوەی جولەکەکان لە مێژوودا کردیان.
سەرچاوە:
1- Why Do Jewish People Say Never Again? By Dr. Melvin Banks February 8, 2012 Comments Off
2- Obama tells Jews: Never Again is not just a phrase, but a principled cause By Natasha Mozgovaya | Jan. 28, 2011 Haaretz
3- Wikipedia, the free encyclopedia
4- The Holocaust
http://www.history.com/topics/world-war-ii/the-holocaust
5- 10 Incredible Cases Of Jewish Resistance During The Holocaust
http://listverse.com/2013/08/19/10-incredible-cases-of-jewish-resistance-during-the-holocaust/
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست