کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


سەرۆك و دەستور و دەسەڵات؟

Thursday, 20/06/2013, 12:00






بونی سەرۆك و سەرۆكایەتیكردن لەهەر وڵاتێكدا پێویستیەكی ژیانییە بۆ هاوڵاتیان و رێكخستنی كارەكانی وڵات و بەرێوەبردنی كۆمەڵگە، بێگومان ئەوەش دەبێت بەپێی یاسا و دەستور ئەركەكانی سەرۆك دیاری بكرێت بە شێوازێك كە لە خزمەت و بەرژەوەندی گشتیدا بێت نەك بە پێچەوانەوە، سیستەمی سیاسی و بەرێوەبردن و حكومڕانی لە تەواوی جیهاندا هاوشێوەی یەكتر نییە ئەگەر لەسەر بنەمای سیستەمێكی دیموكراسیش بێت، بەڵكو شێواز و تایبەتمەندی هەر وڵاتێك وەك خۆی لە بەرچاو گیراوە لە ڕووی نەتەوەیی، ئەتنیكی، ئاینی و ئاینزایی ئەرك و مافی هاوڵاتیان بەگشتی لە دەستورێكی دیاری كراودا ئاماژەی پێكراوە. هەروەك چۆن یاسا و رێساكانی وڵات و دەسەڵاتەكانی سەرۆك و بەرێوەبرانی وڵات دیاریكراوە، هەر سیستەمێك بۆ بەڕێوەبەردنی وڵات دابنرێت بەپێ یاسا خاڵ بەخاڵی دادەرێژرێت، هەڵبەتە لە پرۆسەیەكی دیموكراسیدا دەرفەت بە هاوڵاتیان دەدرێت خۆیان یاخود نوێنەرەكانیان دەنگی لە سەربدەن و پەسەندی بكەن، چونكە دواجار دەسەڵاتدارن لە هەركات و ساتێكدا جڵەوی حكومیان گرتە دەست پێویستە لەسەر ئەو بەرنامە و سیستەمە بڕۆن كە بە ڕەزامەندی گەل دیاریكراوە، ئەوەش بەمەرجێك خودی سیستەمەكە سیتەمێكی دیموكراسی بێت و بەتەواوی لە بەرژەوەندی گشتیدا بێت نەك تەنها بەشێكی دیاریكراو یاخود پارت و گروپێك یان بنەماڵەیەك لە ساتەوختێكدا بەجۆرێ لە جۆرەكان تێیان پەڕاندبێت و ڕای گشتی هاوڵاتیان لە بەرچاو نەگیرابیت.
هەرچەندە زۆر جار لە رێگەی دەنگی خەڵك و پرۆسەی دیموكراسیدا دیكتاتۆر بەرهەم هاتووە، بەڵام دەستور و سیستەمێكی پێشكەوتوو و دیموكراسی ئەگەر بەتەواوی رێڕەوی خۆی بگرێت و بچەسپێت بەتێپەربونی كات نەوەیەكی وشیار و پێشكەوتوو و چاوكراوە بەرهەم دێنێت كە هەرگیز ڕێگە بە دەسەڵاتی تاكڕەوی نادات و كەلێنێك ناهێڵێ دێكتاتۆرگەرایی تێدا دابنات. ئەوە ڕاستیەكە و حاشای لێناكرێ گەلێكی وشیار و دیموكراتخوز گەرەنتی پاراستنی سیستەمی دیموكراسییە نەك تەنها دەستورێكی دیموكراسی، چونگە ئەگەر گەل دەستورەكە نەپارێزێ هەموو كاتێ ئەگەری ئەوە هەیە مرۆڤێكی دەسەڵاتخواز و پەرژەوەندیپەرست خۆی بەكورسی حكومەوە بنوسێنێ و دەستبەرداری نەبێت، بەڵام ئەو مرۆڤە دەسەڵاتخوازە هەمیشە لە ناو گەلێكی ناوشیاردا سەركەوتن بەدەست دێنێ و هەموو بەهاكانی وڵات دەخاتە خزمەتی خواستەكانی خۆیەوە، بۆیە تا ئەوكاتەی گەل دەگات بە ئاستێكی بەرز لە وشیاری دیموكراسی و پاراستنی پەرژەوەندی گشتی، وڵات پێویستی بە سەرۆكیك دەبێت كە ئامانجی تەنها گرتنەدەستی دەسەڵات نەبێت، بەڵكو ئامانجی ئەوە بێت دەسەڵات بۆ خزمەتی گەل و رێگرتن لە هەر كارێكی نادیموكراتی بەكاربێنێت.
بێگومان ئەو جۆرە سەرۆكەش لە مێژوی مرۆڤایەتیدا نمونەی زۆرە هەروەك چۆن كەم نین سەرۆكە دیكتاتۆرەكانیش كە بەردی بناغەی وڵاتیان بە كەللەی سەری مرۆڤ داناوە، ئەوەی ئێستا لە باشوری كوردستان بووە بە ڕۆژەڤی سەرەكی و رۆژانە قسە و باسی ڕاگەیاندنەكان و پارتەكان و خەڵكە، مژاری دەستور و سەروك و دەسەڵاتە لە هەرێمی كوردستاندا. ئەو سەرۆكایەتیەی ئاماژەم پێكرد كە پارێزەری مافی خەڵك بێت لایەنی كەم تا ئەو كاتەی گەل بە وشیاریەكی تەواو دەگات لە رووی ماف و ئازادییەكانەوە ئەوەیە كە ئێستا هەرێمی كوردستان پێویستی پیەتی، سەرۆكێك كە دەستورێك فەراهەم بكات بۆ وڵات دەیان ساڵی تر گەل لە سایەیدا ئاسودە و بەختەوەربێت، شارەزایانی بواری دەستور ئاماژە بەوە دەكەن كە:"دەستور باڵاترین یاسای وڵاتە و، سەرچاوەی شەرعیەتی‌ هەموو دەسەڵاتەكانیشە.‌ سەرجەم دام و دەزگاكانی دەسەڵات شەرعیەتی بوون و مانەوە و كاركردنیان لە دەستورەوە وەردەگرن، بۆیە ناكرێ هیچ دەسەڵاتێك بێ دەستور بچێ بەڕێوە".
هەرچەندە دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستان بیست و دوو ساڵە بە بێ دەستور حكومڕانی ئەم هەرێمە دەكەن سەرەڕای ئەوەی نەهامەتیەكی زۆریان بەسەرخەڵكدا ڕشت هێشتا دەستورێكی پێشكەوتوو بەڕەوا نابینن كە بەتەوای پارێزەری ماف و ئازادی هاوڵاتیان بێت، هەرچەندە گومانم هەیە دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستان ئەگەر بەم ئاوەزو و لۆژیكەی ئێستاوە بەردەوام بن لە دەسەڵاتداریدا، هیچ جۆرە دەستورێك خۆشگوزەرانی بۆ خەڵك بەدی ناهێنێت، بەڵام هەرچۆنێك بێت پێویستە هیچ نەبێت لە دوای بیست و دوو ساڵ بێدەستوری خەڵك مافی ئەوەی هەبێت دەستورێ هەڵبژێرێت ئەگەر ئێستاش لە سایەیدا بەختەوەر نەبێت نەوەكانی دوای خۆی شانازی پێوە بكەن. دەسەڵاتدارێتی لە هەرێمی كوردستان لە نێوانی دوو پارتی دیاریكراودا هەمیشە دابەشكراوە، ئەوانەش هەریەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان و یەكێتی نیشتمانی كوردستان بوونە، بەڵام زۆرترین كاتەكانی دەسەڵاتداری هاوبەش لە سەرۆكایەتی حكومەتەوە تا سەرۆكایەتی هەرێم بەدەستی پارتییەوە بووە، ئێستاش زۆرینەی دەسەڵاتە گرنكەكانی ئەم هەرێمە لە دەستی پارتیدایە، پارتی كە خاوەنی سی كورسی پەرلەمانی كوردستانە لە كۆی سەد و یانزە كورسی لە ئێستادا دەسەڵاتداری ڕەهای هەرێمی كوردستانە، وەك ئاشكرایە زۆرینەی كوتلەكانی پەرلەمان داواكارن دەستوری هەرێمی كوردستان بگەرێتەوە پەرلەمان و چەند بڕگەیەكی هەموار بكرێتەوە و سازانی نیشتمانی لەسەر بكرێت ئەوسا بخرێتە ڕاپرسییەوە، تەنها پارتی پێداگری لەسەر ئەوە دەكات و دەڵیت نابێت بگەڕێتەوە پەرلەمان، خۆ ئەگەر ئەوەی پارتی ئاماژەی پێدەكات لە ڕوی یاسایی بون و یاسایی نەبونی ڕاپرسیەوە ڕاستیش بێت و مافی خەڵك بێت، بەڵام خۆ ئەو فراكسیونانەی پەرلەمان نوێنەری شەرعی و یاسایی خەڵكە داوا دەكات پرۆژەی رەشنوسی دەستور هەموار بكرێتەوە، ئێستا هەریەك لە فراكسیونەكانی یەكێتی هاوپەیمانی حەوت ساڵەی پارتی و گۆڕان و یەكگرتو و كۆمەڵ و ئایندە داوا دەكەن دەستور هەموار بكرێتەوە ئەوە جگە لە چەند پارتێكی تر كە خاوەنی پێگەی جەماوەرین، بەڵام نەگەیشتوون بە پەرلەمان هەمان داواكاریان هەیە، كە واتا زۆرینەی خەڵك یان نوێنەری خەڵكی هەرێمی كوردستان لە گەڵ ئەوەدان پرۆژەی رەشنوسی دەستور بگەڕێتەوە پەرلەمان و هەموار بكرێتەوە، بەتایبەتی چەند مادەیەك لەوانە مادەی (61) كە دەڵێت:"سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ڕێگەی دەنگدانی گشتی، نهێنی، ڕاستەوخۆوە لە لایەن هاوڵاتیانی هەرێمی كوردستانەوە هەڵدەبژێردرێ، بەو شێوەیەی كە یاسا دیاری دەكات"، ئەمەش پێچەوانەی ئەوەیە كە سیستەمی دەسەڵاتداری هاوشێوەی بەغدا پەرلەمانی بێت، هەروەها لە مادەی (65)دا هاتووە:"سەرۆكی هەرێمی كوردستان سەرەڕای هەردەسەڵاتێك كە بە پێ یاسا پێدەدرێ، ئەم دەسەڵاتانەی خوارەوەش پیادە دەكات". دیارە ئەو دەسەڵاتانەش ژمارەیان (24) دەسەڵاتە و پێویست نییە لێرەدا ئاماژەی پێبكەم. خوێنەری بەرێز دەتوانێت بەوردی لە پرۆژە دەستورەكەدا بیخوێنێتەوە، جگە لەو دوو مادەیەی ئاماژەی پێكرا لە مادەی (64)دا هاتووە:"ماوەی ویلایەتی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، چوار ساڵە كە لە رۆژی سوێند خواردنی دەستوریەوە دەست پێدەكات، دەكرێ بۆ ویلایەتی دووەمیش هەڵبژێردرێتەوە لە رۆژی كارپێكردنی ئەم دەستورەوە". سەرۆكی هەرێم تا ئێستا دوو خولی سەرۆكایەتی كردووە بێ ئەوەی هێشتا دەستورەكە كاری پێبكرێت، ئەوەش پێچەوەانەی مادەی (64)ی دەستورەكەیە، پرسیارەكە ئەوەیە ئایا بۆچی سەرۆكی هەریم ئەوندە پیداگری لەسەر ئەوە دەكات دەستورەكە بخرێتە ڕاپرسیەوە؟ بە بۆچونی من دوو هۆكاری سەرەكی هەیە لەو بارەیەوە، یەكەم؛ خواست و نییەتی سەرۆكی هەریم ئەوەیە پۆستی سەرۆكی هەریمی كوردستان بەكس نەدرێت جگە لە كەسەكانی ناو خانەوادەی خۆی، بۆ ئەمەش پێویستە ئەو پرۆژە دەستورەی كە دەسەڵاتێكی زۆری بۆ سەرۆكی هەریم دیاریكردووە بپارێزرێت، ئەمەش قسەیەكی سەرۆكی هەرێمم بیردەخاتەوە كە لە كۆنگرەی سیانزی پارتەكەیدا كردی، باسی لەوەكرد لە سەردانێكیدا بۆ بەغدا ماوەیەكی زۆری پێچووە، كاتێ كە گەڕاوەتەوە نەوەكەی واتا كوڕی كوڕەكەی وەك باسی دەكرد منداڵێكی بچوكە پێی وتووە باپیرە دەستبەرداری كەركوك نەبیت، ئەویش لە وڵامدا پێی دەڵێت، خەمت نەبێت باپیری باوكت لە پیناوی كەركوكدا تا مردن خەباتی كرد، باپیری خۆشت بەهەمان شیوە دەبێت، ئەگەر باوكی تۆش كەركوكی بەدەستنەهێنا ئەوا تۆ دەبیت كەركوك بگەڕێنیتەوە سەركوردستان، بەڕاستی ئەم قسەیە ئەگەر وەك قسەیەكی ئاسایی كرابێت و گوزارشت بێت لەوەی كورد دەستبەرداری كەركوك نابێت، شتێكی جوانە، بەڵام لە ناوەڕۆكی خۆیدا پەیامێكی گرنگی لە خۆگرتووە، ئەوەش پێمان دەڵیت كوردستان بەرو دەسەڵاتی پاشایەتی ئاراستە دەكرێت، هۆكاری دووەم؛ ئەوەی لە مادەی (64)دا ئاماژەی پێكراوە كە دەڵێت:"دەكرێ بۆ ویلایەتی دووەمیش هەڵبژێردرێتەوە لە رۆژی كارپێكردنی ئەم دەستورەوە". هەڵبەتە دەستورەكە تا ئێستا كاری پێنەكراوە بۆیە ئەگەر پەسەند بكرێت سەرۆكی هەرێم دەتوانێت دیسان بەپێی ئەو دەستورەی دەكەوێتە كار خۆی كاندید بكاتەوە، چونكە ئەم دووخولەی سەرۆكایەتیەكەی بە بێ دەستۆر بووە، لە كۆتایدا دەمەوێت دوو نمونە لە سەرۆكایەتی وڵاتان بخەمە ڕوو كە بووە بە مانشێتی زۆرێك لە ڕاگەیاندنەكانی جیهان و قسە و باسی زۆرێك لە خەڵكی ئاسایی، هیوادارم سەرۆكی هەرێمی كوردستانیش ئەو مێژووە بۆ خۆی تۆمار بكات، یەكەم:"لویس ئیناسیو لولای" سەرۆكی پێشوی بەڕازیل كاتێ دەستبەرداری دەسەڵات بوو لە (83%) گەلی بەڕازیل داوایان لێی كرد بۆ ئەوەی جاری سێیەم خۆی هەڵبژێرێتەوە بۆ سەرۆكی وڵاتەكەی، بەڵام ئیناسیۆ دەستی بە گریان كرد و وتی:"ئەگەر ئەم كارە بكەم روخساری دیموكراسی لە وڵاتەكەم ناشرین و لەكەدار دەبێت و رێگا خۆش دەكەم بەرەو دەسەڵاتی دیتكاتوری لە وڵاتدا". دووەم؛"خۆسی موخیكا" كە تەمەنی (76) سالە رۆژنامەكان بە هەژارترین سەرۆكی جیهان ناوی دەبەن موچەی مانگانەی 12هەزار و (500) دۆلارە، بەڵام لە (90%)ی دەبەخشێت بۆ كاری خێرخوازی و تەنها (1250) دۆلار وەردەگرێ و دەڵێت:"ئەوەندەم بەسە؛ چونكە زۆربەی خەڵكی ئۆرۆگوای موچەكانیان لەمن كەمترە؟! سەرۆكی ئۆرۆگوای هەموو سەروەت و سامانی ئۆتۆمبیلەكەی كە لە جۆری فۆكسفارگۆنە و مۆدیلی (1987) و نرخەكەشی تەنیا (1000)دۆلارە؟! لە گەڵ خانویەك وەك هەرماڵێكی ئاسایی كە تێدا دەژێت، سەبارەت بەژیانی خۆی دەڵێت:"ئەگەر من لە كۆشكێدا بژیم یان هەرلەم كەلاوەیەی ئێستا تێدام، تەنها باران لێم نەدات و سەرمام نەبێت هێچ جیاوازیەكی نییە بۆ من، چونكە بڕیار نییە من لە دراوسێكانم مەزنتربم و خاوەنی هەموو ئەو شتانەبم كە ئەوان خاوەنی نین، منیش وەك ئەوان هاوڵاتیەكی ئەم وڵاتەم و نامەوێت فیرعەونانە هەڵسوكەوت بكەم". ئەو سەرۆكە خاكییە كەسێكی خەباتكار و شۆڕشگێڕە و كاتی خۆی لە گەڵ هێزە شۆرشگێرەكان بەشداری خەباتی چەكداری كردووە دژی رژێمی دیكتاتۆری ئەوكاتەی ئۆرۆگوای و چەندین ساڵیش لە زیندان بووە بەهۆی كاری سیاسی. خوسی موخیكا دژبەرێكی سەرسەختی گەندەڵیە و زۆر بەتوندی دژایەتی دەكات، هاوخەمی و دڵسۆزی ئەو سەرۆكە بۆ خەڵكی هەژار و كەمدەرامەتی وڵاتەكەی بە شێوەیەكە بڕیاری داوە بەشێك لە كۆشكی سەرۆكایەتی كە شوێنی فەرمی كاروباری حكومەتە تەرخان بكرێت بۆ ئەو هەژارانەی ماڵ و پەناگە و شوێنیان نییە تا لە وەرزی زستان تیایدا بحەوێنەوە!! ئێمەی كورد پێویستمان بەسەرۆكێكی هاوشێوەی موخیكایە ئیتر گرنگ نییە كێی بێت، گرنگ ئەوەیە بەو گیانە سادە و ساكاری و دڵسۆزییەوە سەرۆكایەتی بكات، ئەگەر كورد ببێتە خاوەنی سەرۆكێكی بەو ڕەنگە بێگومان خەڵك نەك هەر ستایشی دەكات بەڵكو بەسەر و ماڵ، خۆی و دەسەڵات و دەستورەكەشی دەپارێزێت. لە سیستەمی دیموكراسیدا دەسەڵات بە میرات نامێنێتەوە، كەواتا هەرچەندە دەسەڵاتەكانی سەرۆك بەرتەسك بكرێتەوە لە بەرژەوەندی هاوڵاتیاندایە، ئەگەر بڕیارە كوردستان بەرەو دیموكراتیزە بون و بەدستهێنانی دەستورێكی شایستەی گەلی كورد هەنگاو بنێت، لێگەڕین تا پرۆژەی دەستور هەموار بكرێتەوە.


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە