کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵه‌بانی ، جێگری یه‌كه‌م یان سی وحه‌وته‌می سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵه‌؟

Sunday, 02/09/2012, 12:00








(ساڵی 2008 له‌سه‌روبه‌ری هه‌ڵبژاردنی تاڵه‌بانی وه‌كو 37 هه‌مین جێگری سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ ئه‌م بابه‌ته‌م له‌ كوردستان بڵاوكرده‌وه‌, له‌رۆژانی پێشوشدا به‌هه‌مان شێوه‌ وا بڵاوكرایه‌وه‌ كه‌ تاڵه‌بانی وه‌كو جێگری سه‌رۆكی ئه‌و رێكخراوه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌ته‌وه‌! بۆ ناساندنی ئه‌و رێكخراوه‌و چۆنیه‌تی جێگریه‌كه‌ی تاڵه‌بانی وا جارێكر تر بڵاوی ده‌كه‌مه‌وه‌.)

به‌ به‌شداری 700 كه‌سی ئه‌ندام له‌ 150 پارت ورێكخراو له‌ 120 ووڵاتی جیاوازی جیهان سه‌رله‌به‌یانی رۆژی دوو شه‌ممه‌ 30/6 تا2/7/2008 له‌ شارۆچكه‌ی لاگۆنیسی نزیك ئه‌سینای پایته‌ختی یۆنان رێكخراوی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ كۆنگره‌ی بیست وسێیه‌می خۆی گرێدا, له‌م كۆنگره‌دا بابه‌تی سه‌ره‌كی گفتوگۆ گۆڕانكاری كه‌ش وهه‌وا (التغیر المناخی)بوو, بابه‌ته‌كانی ئاشتی وكۆتایی هێنانی كێشه‌ چاره‌سه‌رنه‌كراوه‌كان وئابوری جیهانی وكۆچ وبرسێتی به‌شێكی تری گفتوگۆكانی كۆنگره‌ی داگیركردبوو.
سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ رێكخراوێكی جیهانیه‌ وزۆرینه‌ی پارت ورێكخراوه‌ سۆسیالیستی وكرێكاریه‌كانی جیهان له‌خۆ ده‌گرێت, سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ به‌م فۆڕمه‌ی ئه‌مرۆوه‌ له‌ دوای جه‌نگی جیهانی دووه‌م وله‌ رۆژی 30/6/1951 له‌شاری فرانكفۆرتی ئه‌ڵمانیا یه‌كه‌م كۆنگره‌ی خۆی به‌ست و مۆرگان فلیپسی وه‌ك یه‌كه‌م سه‌رۆكی خۆی دیاری كرد, رێكخراوه‌كه‌ تا ئێستا هه‌شت كه‌س سه‌رۆكایه‌تی كردوه‌و دوا سه‌رۆكی جۆرج پاپاندرۆی سكرتێری پارتی پاسۆكی یۆنانیه‌ كه‌له‌ ساڵی 2006 وه‌ سه‌رۆكایه‌تی ئه‌م رێكخراوه‌ ده‌كات, ئه‌م رێكخراوه‌ درێژكراوه‌ی (International Workers Association) په‌یوه‌ندی كرێكارانی جیهانه‌ كه‌له‌ 28/9/1864 له‌ له‌نده‌ن دروست كرا بۆ كۆكردنه‌وه‌ی رێكخراوه‌ سۆسیالیستیه‌كانی ئه‌وروپاو ئه‌مه‌ریكا پاش چه‌ند گۆرانكاریه‌ك له‌ناوو فۆرمدا به‌م ناوه‌ی ئێستاوه‌ 57 ساڵه‌ له‌ كاردایه‌.
سكرتاریه‌تی ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ له‌نده‌نی پایته‌ختی به‌ریتانیایه‌و له‌وێوه‌ سه‌رپه‌رشتی كۆبونه‌وه‌ی لیژنه‌ ناوچه‌یی وكۆنگره‌كانی ده‌كرێت, لێدوانه‌ رۆژنامه‌وانیه‌كان و بڵاوكراوه‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ له‌وێوه‌ ده‌رده‌چێت و سه‌رجه‌م ڕه‌سمیه‌تێكی رێكخراوه‌كه‌ له‌وێوه‌ وه‌رده‌گیرێت,
هه‌ره‌می رێكخراوی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ
سه‌ری سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ سه‌رۆك وپاشان سكرتێری گشتی پێك دێت, سه‌رجه‌م كاروباره‌كانی ئه‌م رێكخراوه‌ له‌ لایه‌ن ئه‌م دوو پۆسته‌وه‌ به‌رێوه‌ ده‌برێت و تاكه‌ دوو پۆستی باڵاو سیاسی رێكخراوی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵه‌, دوای ئه‌م پۆستانه‌ ئه‌نجومه‌نێك دێت كه‌ سی وحه‌وت ئه‌ندامی هه‌یه‌و هه‌ریه‌كه‌یان نازناوی جێگری سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵیان هه‌یه‌و ده‌وری ڕاوێژكار ده‌بینن, جێگرێتی سه‌رۆكی ئه‌م رێكخراوه‌ زیاتر ڕه‌مزیه‌و كه‌سانی جێگر ناتوانن به‌ناوی رێكخراوه‌كه‌وه‌ هیچ چالاكیه‌ك یان لێدوانێك ئه‌نجام بده‌ن, جه‌لال تاڵه‌بانی سه‌رۆك كۆماری عێراق وسكرتێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان یه‌كێكه‌ له‌م سی وحه‌وت كه‌سه‌و جێگری یه‌كه‌می یان دووه‌م وسێیه‌می سه‌رۆكی ئه‌م رێكخراوه‌ نیه‌.
سه‌رۆكی ئێستای سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ جۆرج پاپاندرۆی یۆنانیه‌و سكرتێری گشتیش لویس ئایالای چیللیه‌.
ئه‌م رێكخراوه‌ سێ ساڵ جارێك كۆنگره‌ ده‌به‌ستێت ودوو ساڵ جارێك ئه‌ندامه‌كانی كۆده‌بنه‌وه‌, ئه‌وانه‌ی به‌شداری كۆنگره‌ی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ ده‌كه‌ن ڕێكخراوو پارت وكه‌سایه‌تی جۆراوجۆرن, به‌ڵام هه‌ریه‌كه‌یان به‌ سیفه‌ت وناونیشانێك به‌شدارن, ماف وئه‌رك وده‌سه‌ڵاتی هه‌ریه‌ك له‌مانه‌ به‌ شێوازێكه‌:
1. ئه‌ندامی ته‌واوه‌تی رێكخراوی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ له‌وانه‌ش (پارتی ئازادی مۆزه‌مبیق, پارتی گه‌لی مه‌نگۆلی,پارتی چه‌پی پۆڵه‌ندی,یه‌كێتی سۆسیالیستی مه‌غریبی, ,پارتی سۆسیالیستی سویسری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان)
ئه‌م پارتانه‌ سه‌رجه‌م مافه‌كانی ئه‌ندامێتیان هه‌یه‌و به‌شداری سه‌رجه‌م كۆرو كۆبونه‌وه‌كانی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ ده‌كه‌ن.
2.ئه‌ندامی راوێژكار له‌وانه‌ش (حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران, رێكخراوی فه‌تحی فه‌له‌ستینی,پارتی سۆسیالیستی یه‌مه‌نی) ئه‌م پارتانه‌ هێشتا نه‌بونه‌ته‌ ئه‌ندامی ته‌واوه‌تی و ته‌نها مافی به‌شداربونی كۆنگره‌یان هه‌یه‌ بێ پاڵاوتنی هیچ ئه‌ندامێكیان بۆ ئه‌نجومه‌ن كه‌ ئه‌ندامه‌كانیان سیفه‌تی جێگری سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ وه‌رده‌گرن.
3.ئه‌ندامی چاودێر:له‌وانه‌ش (پارتی چه‌پی دیموكراتی ئه‌رده‌نی,به‌ره‌ی پۆڵیساریۆ,پارتی سۆسیالیستی توركیا) ئه‌م پارتانه‌ به‌ سیفه‌تی چاودێر ته‌نها به‌شداری كۆنگره‌ ده‌بن ومافی به‌شداری كردنیان نیه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نه‌كانی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵدا نیه‌.
4. پارت ورێكخراوه‌ هاوڕێكان: له‌وانه‌ش (یه‌كێتی نێوده‌وڵه‌تی لاوانی سۆسیالیست, ژنانی سۆسیالیستی نێوده‌وڵه‌تی)
5.رێكخراوه‌ په‌یوه‌سته‌كان: له‌وانه‌ش(گروپی سۆسیالیسته‌كان له‌ په‌رله‌مانی ئه‌وروپا, پارتی سۆسیالیستی ئه‌وروپی)
6.كه‌سایه‌تیه‌كان: له‌وانه‌ش (رۆلاندۆ ئاریا, كارۆڵ براونه‌ر)
7.پارت ورێكخراوه‌ میوانه‌كان: له‌وانه‌ (پارتی كاری به‌رازیلی, كۆمه‌ڵه‌, پارتی دیموكراتی كوردستان,پارتی سۆسیال دیموكراتی كازاخستان)
پرسی كورد له‌ رێكخراوی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ
یه‌كێك له‌و پرسانه‌ی كه‌ له‌م رێكخراوه‌دا په‌روه‌نده‌یه‌كی تایبه‌تی هه‌یه‌ كێشه‌ی كورده‌‌, رێكخه‌ری پرسی كورد له‌ رێكخراوی سۆسیال ئینته‌رناسیۆناڵ كۆنی فریدریكسۆنی سویدیه‌, له‌ رۆژی 28/5/2006 بۆ لێكۆڵینه‌وه‌ له‌ بارودۆخی كورد وه‌فدێكی ئه‌م رێكخراوه‌ هاورێ له‌گه‌ڵ فریدریكسۆن گه‌شتنه‌ قه‌ڵاچوالان وله‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی سكرتێری یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان كۆبونه‌وه‌و رۆژی دواتر له‌ هاوینه‌هه‌واری دوكان له‌گه‌ڵ وه‌فدێكی هاوبه‌شی یه‌كێتی وپارتی كۆبونه‌وه‌, پاشان چاویان به‌هه‌ریه‌ك له‌به‌رپرسانی حیزبی دیموكراتی كوردستانی ئێران وكۆمه‌ڵه‌ كه‌وت, رۆژی 30/5 هه‌مان وه‌فد گه‌شتنه‌ كه‌ركوك وچاویان به‌هه‌ریه‌ك له‌ رزگار عه‌لی سه‌رۆكی ئه‌نجومه‌نی پارێزگاو عبدالرحمن مسته‌فای پارێزگاری كه‌ركوك كه‌وت وسه‌ردانی ئاواره‌كانی یاریگاكه‌ی شۆریجه‌شیان كرد, پاش گه‌رانه‌وه‌یان وله‌ ڕاگه‌یاندراوێكدا كه‌باس له‌ سه‌ردانی به‌رپرس وكارگێرانی پرسی كورد ده‌كات له‌ جیاتی ناوی كوردستان ووشه‌ی باكوری عێراق به‌كار ده‌هێنرێت!!! سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی كێشه‌ی كورد له‌م رێكخراوه‌دا زۆر دره‌نگ خرایه‌ به‌ر باس وگفتوگۆ وله‌گه‌ڵ ئه‌و هه‌موو كاره‌ساته‌ی ئه‌نفال و كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌و كۆڕه‌وه‌كه‌ی ئازاری 1991 وداگیركردنه‌وه‌ی هه‌ولێر له‌ ئابی 1996 له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقیه‌وه‌ به‌ڵام تا ئێستا له‌ ئیدانه‌ی ته‌قینه‌وه‌كه‌ی شوباتی 2004 زیاتر هیچ هه‌ڵوێستێكی وای لێ ده‌رنه‌كه‌وتوه‌ كه‌ جێی باس بێت!!!



نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە