یەكێتی و بەخۆداچوونەوە.. كام بەخۆداچوونەوە؟
Saturday, 29/08/2009, 12:00
هەڵبژاردنی 25-7-2009 كۆمەڵێك رووداوی چاوەڕواننەكراوی بەدوای خۆیدا هێنا: لیستی چوار حزبەكە نەیانتوانی نیوەی ئەوە دەنگ بهێنن پێشتر پێشبینیان كردبوو، لیستی چەپەكان تووشی شۆك و داڕمان بوون، لیستی كوردستانی هەرگیز چاوەڕێی وەها شكستێك نەبوو كە دوای ئەو هەموو ساختەكارییە نیوەی دەنگی هاووڵاتیان بەدەستبهێنێت، لیستی پێشكەوتن بەتەواوەتی هەرەسی هێنا، بزووتنەوەی ئیسلامی هەستایەوەو بووە خاوەنی دوو كورسی، لیستی گۆڕان سەرەڕای ئەوەی فێڵ وساختەكاریی زۆری دەرهەق كرا بەپێچەوانەی پێشبینی جادووگەرەكانی ناو یەكێتی، 25 كورسی بەدەستهێنا، هەندێ قەوارەی تر بەتەواویی شكستیان هێنا.
لایەنە شكستخواردووەكان هەریەكە بەشێوازی خۆیان باسی بەخۆداچوونەوە دەكەن، حزبی شیوعی ئێستا بەحیساب لەقۆناغی بەخۆداچوونەوەدایە، ئیسلامییەكان هێشتا كەئابەو شۆكی دەرئەنجام بەرینەداون، بەڵام ئەوانیش باس لەبەخۆداچوونەوەیەكی جیددی دەكەن. یەكێتی ئەگەرچی زۆر راستەوخۆ باسی بەخۆداچوونەوە دەكات بەڵام لەحاڵی واقیعدا جۆرێك لەپرۆسە لە ئارادایە نەك هەر بەخۆداچوونەوە نییە بەڵكو خۆ وێرانكردنە.
ئەگەر مرۆڤ بەدیقەتەوە تەماشای میدیای یەكێتی و گووتاری سەركردەكانی بكات، تێدەگات یەكێتی پرۆسەی بەخۆداچوونەوە بەدەركردنی زیاتر و نانبڕینی زیاترو هێرشكردنی پتر بۆ سەر كۆمپانیای وشەو دەست نووقاندنی زۆرتر تێدەگات. هیچ كات بیر لەوە ناكاتەوە لەپشتی شكستەكانییەوە كۆمەڵێك فاكتۆر و دەموچاو هەن كەدەبێت ئەوانە بنبڕبكرێن و لاببرێن نەك ئیجرائەتكردن لەئاستی خوارەوەو لەناو كادرە مامناوەندییەكاندا ئەنجام بدرێ، ژبەرئەوەی كادری مامناوەندیی هیچ دەستێكی نییە لەئاڕاستەكردنی سیاسەتی فەرمی یەكێتیدا.
سیاسەتی هەڵەی یەكێتی لەچەند ساڵی رابردوو هەم لەسەر ئاستی عێراق وهەم لەسەر ئاستی ناوخۆ، گەندەڵی، پشتكردنە جەماوەری گەل، پاڵپشتیكردنی تاوانبارانی گەلكوژیی كورد وپاڕانەوە بۆیان لەدادگا، هەڵە زۆر زەق ودیارەكانی مام جەلال هەر لەوەسپكردنی دەوڵەتی كوردیی بەخەونی شاعیرانە تا ئازادكردنی تاریق رەمەزانی فڕۆكەوانی كیمیابارانی هەڵەبجە، سووكایەتیكردن بەدەنگە ناڕازییەكان، نادادپەوەریی، دەوڵەمەندبوونی دەستەیەكی بچووك لەسەرەوەی یەكێتی لەسەر حیسابی زۆرینەی خوارەوە كە ئەندامان ولایەنگرانن، بەستنی پەیمانی عەنتیكە عەنتیكە لەگەڵ پارتی و..هتد، ئەو فاكتۆرە زۆر سەرەكییانەن یەكێتی نیشتیمانیان گەیاندە ئاوها رۆژێك، كە توانای ئەوەی نەبێت چەند پاسێك لەخەڵكی سلێمانی كۆبكاتەوە بۆ مەراسیمی لیستی كوردستانی بەئامادەبوونی مام جەلال و مەسعود. ئەوە هەر باسی ئاكامەكان مەكە كە د.بەرهەم بەشەخسی خۆی وتبووی تووشی شۆكێكی زۆر گەورە بووینەتەوەو هەرگیز لەو باوەڕەدا نەبووین وەهامان لێ بەسەربێت.
جیا لەوەش كۆمەڵێك دەموچاو كرابوونە سیماو سیمبۆڵی یەكێتی، لەبری ئەوەی یەكێتی وحكومەتی هەرێم لەلای خەڵكی كوردستان بەپڕۆژە خۆشەویست بكەن بەڵكو زۆر راستەوخۆ رۆڵیان گێڕا لەناخۆشەویستكردنی یەكێتی وحكومەت لەلای خەڵك بەتایبەت لەكن نەوەی تازە پێگەیشتووی كوردستان. نامانەوێت ناوی هیچكام لەوانە لێرەدا ریز بكەین، چوونكە هەموویان لای هاووڵاتیان وەك خۆیان ناسراون، بۆیە ناوهێنانیان ئاشكراكردنێكی تازە نییە. هەر بەم بۆنەوە ئەگەر یەكێتی دەیەوێت گۆڕان بكات و بەشێوەیەكی تەندروست بەخۆیدا بچێتەوە، پێشكات پێویستە گۆڕان لەبەرنامەو گووتاری سیاسیی خۆیدا بكات، كۆتایی بهێنێت بەدیكتاتۆرییەتی دەستەیەكی بچووك بەسەر زۆرینەی ئەنداماندا، خۆی رێكبخاتەوە وەك هێزێكی خزمەتكاری هاووڵاتیان نەك وەك ئێستا ببێتە بار بەسەریانەوەو سەروەت وسامانیان بۆ خۆی زەوت بكات، ئەوجا ئەگەر قەرارە كۆمەڵە كەسێك هەبن بكەونە بەر رەشەبای بەخۆداچوونەوەو بنێردرێنەوە بۆ ماڵەوە، ئەوە نەك نابێت ئەندامانی خوارەوە بن تەنانەت گونجاو نییە ئەندامانی مەڵبەندو كۆمیتەكانیش بن، بەڵكو گرنگە ئەو كۆمەڵە دزو بەناو سیاسییە بێ ئیرادەو ناخۆشەویستانە بن لەسەری قووچەكەكەدان، ئەوانیش پێكهاتوون لەدەستەیەك هەم لەئاستی كۆمیتەی سەركردایەتی، هەم لەئاستی مەكتەبی سیاسیی و وەزارەتەكان و پەرلەمانی كوردستان.
وەك خۆم وەها تێدەگەم یەكێتی نایەوێت بەخۆیدا بچێتەوە چوونكە ئەگەر نیەتێكی وەهای هەبووایە پێویستی نەدەكرد كۆمپانیای وشە دروستبێت كە 25 كورسی بەدەستهێناوەو لانیكەم 20 كورسی لەو رێژەیە دەنگی راستەقینەو رەسەنی یەكێتی بووە. یەكێتی دەیەوێت لەژێر دروشمی بەخۆداچوونەوەو گۆڕانكارییكردن لەئۆرگانە جیاوازو حزبییەكاندا پرۆسەی پاكتاوێكی گشتگیر بەڕێوە بەرێت بەمەبەستی دەركردنی هەموو ئەوانەی گومانیان لێدەكرێت دەنگیان بەغەیری لیستی كوردستانی دابێت، لەهەمان كاتدا ئەم پرۆسەیە شان خاڵیكردنەوەی چەند ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی وسەركردایەتییە كە تەنانەت توانیبوویان خودی مام جەلال چەواشە بكەن بەوەی گۆڕان ناتوانێت لە سێ چوار كورسییەكی پەرلەمان زیاتر بهێنێت، تا ئەوەی مەلا بەختیار لەدیمانەیەكدا پێش هەڵبژاردن وتبووی هەموو گۆڕان 3-4 هەزار كەسێكن. ئەم چەواشەكارییە وەهای لە مام كرد لەدوا شەوی بانگەشەی هەڵبژاردندا دەستەی گۆڕان بەسەرلێشێواو پێناسە بكات، دواتریش ئاكامەكان پێچەوانەی نیشاندا. بۆیە هەنووكە چەواشەكارەكانی سەرەوە كە هەر خۆیان بەرپرسیاری ئەم رۆژەی رەشەی یەكێتین دەیانەوێ لەو رێگەیەوە دەستە چەورەكەیان بەخوارەوە بسڕننەوە، ئەمەش وامان لێدەكات باوەڕمان بە بەخۆداچوونەوە لاواز بێت و بێژین كام بەخۆداچوونەوە؟.
[email protected] ئەم وتارە لەژمارە "539" رۆژنامەی "رۆژنامە" لەرۆژی 24-8-2009 بڵاوبۆتەوە.
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست