سامان گەرمیانى, بازرگانێكى دەوڵەمەند و كادیرێكى نانبڕ, لە گەرمێانێكى هەژاردا !!!!
Monday, 30/11/2009, 12:00
ماوەیەكى زۆرە نامەوێ لەسەر ئاستى نوسینەكانم خۆم تەرخان بكەم بۆ كۆمەڵێ بابەت كە حزب ئیشى تیا كردوە و سەرجەم پێكهاتە ئاشكرا و شاروەكانى كۆمەڵگەى تێكداوە و لەوێشەوە شۆڕبووەتەوە بۆ تێكدانى پێكهاتەى دەروونى مرۆڤى كورد, ئەوەى من دەمەوێ لەگەڵ هەندێ هاوڕێكانم دا كارى لەسەر بكەم بەدەر لەو دونیایەیە كە حزب دەیەوێ خەڵكى و نوسەران و ڕۆژنامەنوسانى پێوە سەرقاڵ بكا, ئەگەر لە ڕابردوشدا كاتێكم بەو بوارەوە تەرخانكردبێت پەشیمان بومەتەوە لێى و بەهەدرەدانم زانییوە, جارى واش هەیە ژیانى ئیبن ڕوشدم بیر دەكەویتەوە كاتێك دەیویست خۆى تەرخان بكات بۆ بوارى لێكۆڵًینەوەى فەلسەفى و كۆمەڵى بابەتى ئاینى و فەلسەفەى ئاینى و گۆشەگیرى هەڵبژارد بۆ ماوەیەكى زۆر, كاتێك بە ئاگاهات بۆى دەركەوت ئەو لە كۆمەڵگە دابڕاوە و سیاسەت و پاشادكان قۆناغى كۆیلایەتیان داهێناوە و دەسەڵاتیان قۆرغكردوە بۆ خۆیان و دەیانەوێ كۆمەڵگە لەسەر حەزە شەخسیەكانى ئەوان ببینابكرێ, ئیبن ڕوشد هاتە مەیدان و تابۆكانى تێكشاند, ئەگەر ئێمەش خوێنەرێكى تەمبەڵى ئەو بیرمەندە بین دەتوانین ئەو بتە بچوكانەى كە حیزب دروستى كردون تێكیان بشكێنین ئەمەیە وامان لێدەكا هەندێجار لایەك لەو واقیعە بكەینەوە, دەشبینین ئەو تابۆ و بتانەى كە تاڵەبانى و بارزانى لە ساڵانى ڕابردوودا دروستیان كرد لەڕێگەى زۆر لە كەناڵەكانى ماس میدیاى سەربەخۆ و ئەهلییەوە تێك و پێكدران و ئێستا خەڵكى دەزانێت ئەوانە جگە لە هەیكەل و بتێكى دروستكراو هیچى تر نەبون, و ئەگەر ئەوانیش خۆیان بە شێر بزانن لاى خەڵكى ئەوا جگە لە شێرە بەفرینە هیچى تر نین و نابن.
لەڕێگەى ئینتەرنێتەوە توانیومە كۆنتاكت لە گەڵ هەندێ لە نوسەرە بیانیەكان بكەم كە لە ڕێكخراوە مرۆدۆستى و ڕۆژنامەنوسپارێزەكانى دونیادا كاردەكەن و شارەزاى بارودۆخى ئازادى ڕادەربڕینن لە كوردستانى عێراقدا هەر كاتێك ڕێكەوتبێت شرۆڤەى بارودۆخى ئەو بوارەیان بۆ بكەم و كاتێ دووبارە پرسیار لەهۆكارى نەبونى و بۆشاییەكانى ئازاى ڕادەربڕین دەكەن و سۆراغى ئەو بوارە دەكەن نەمتوانیوە بێویژدانى بكەم لە باسكردنى ئەو پەراوێزە بچوكەى ئازادى ڕادەبڕین كە جاروبار هەیە لە كوردستان دا, بەڵام كاتێك هاتوەتە سەر لایەنەكەى دیكەى پاراوێزە ئازادییەكە یەكسان بووە بە جەهەننەمێك لەستەم و زۆردارى و دەمداخستن, ئێستا دەمەوێ باسى پۆخڵەواتى حزبێك بكەم كە دەیەوێ بە حساباتى خۆى هەستێتەوە سەر پێى خۆى دواى نوشوستى لە هەڵبژاردنەكان دا دەشبێت بێویژدانى نەكەین كاتێك باسى ئەو مێژووە دەكەین كە ئەو حزبەتۆمارى دەكات و لێى بپرسین خەریكى چیت و چۆن دەتەوێ هەستیتەوە لەو فەشەل و كەوتنە؟ لە ڕێگەرى گەڕانەوەى كۆمەڵگە بۆ حزبپەرستى و كەسپەرستى و سەردەمى شاخ؟ یان وەسیلە سەردەمیەكانەوە كە تۆ نایزانى چیە و ئەمەشە هۆى پوكانەوە و بچوكبونەوەت, خۆ ئەگەر نكۆڵیش بكەى فەرمو دیراسەتى خۆت بكە, ئەمەیان ڕەنگە كارى من نەبێت بەڵام ئێمەومانان وەك ڕۆژنامەنوس ناتوانین بێدەنگ بین لە پیادەكردنى ئەو سیاسەتە حزبیە بەرتەسك و بەرژەوەندخوازە كە خەسارەت بە سەرجەم كۆمەڵگە و پەیوەندى و بونیادەكانى دەگەیەنێت.
كاتێك سامان گەرمیانى دانرا وەك سەرپەرشتیارى مەڵبەندەكانى گەرمیان لەلایەن كۆسرەت ڕەسول ەوە ئەوانەى چاوەڕیێ مەهزەلەى زیاتر بون لە كۆسرەت و یەكێتى پێیانخۆش بوو كەسێكى وەك كاك سامان دانراوە بۆ هەستانەوەى یەكێتى, چونكە بۆچونى ئەوان دەربارەى ئەو بەڕێزە ڕوون و ئاشكرا بوو, جگە لە خۆى كە ڕەنگە نەیزانێت ئەگینا خەڵكى هۆشیار دەزانێ ئەو پیاوە تواناى ئەوەى نیە نەك چەند مەڵبەندێ بەڵكو ئیدارەى كۆمیتەیەك بكا,لەبەر ئەم هۆ مەنتیقیانە:.
1_لەڕووى ئەكادیمییەوە گونجاو نیە بۆ حزبایەتى سەردەم و بە عەقڵیەتى سەردەمى شاخ كاردەكا و ئەوكاتەش بەهۆى كۆمەڵێ دوالیزمەیەتییەوە توشى ڕەخنە بووە لە ناو پێشمەرگەدا.
2_لەڕووى كارى ڕێكخستن و دابڕانەوە هەر زوو ساحەكەى چۆڵكردووە و لەكاتى دەستپێكردنى هەڵمەتى بەدناوى ئەنفالەوە ڕێگەى هەندەرانى گرتۆتەبەر و وەك خۆى چەندین جار باسى كردوە خەریكى بازرگانییە و شوناسى ئەو بوارەى هەیە.چەند ساڵێك پێش ئێستا سەرنوسەرى ڕۆژنامەكەى ئەو بەڕێزە بووم هەر زوو زانیم خەریكى هەڵا و تێكەڵكردنى كارى حزبى و بازرگانى و حكومى و بەرژەوەندیخوازى خۆیەتى ڕۆژنامەكەم جێهێشت, لەو ماوەیەدا تواناى ئەو بەڕێزەم بۆ دەركەوت و كاتێ منیش بیستم كۆسرەت ئەوى ڕاسپاردوە بۆ هەستانەوەى یەكێتى, پێمناخۆش بوو ئەوەندەیترە ئەم دەڤەرە خێر لەخۆ نەدیووە توشى كارەسات و گەندەڵى و شتى تر دەبێت, بەهۆى ئەو بۆشاییە گەورەیە و كەسایەتى خۆیەوە كە خۆى زۆر بەگەورە دەزانێت و جارى واهەبووە لەناو بازاڕى كفرى دا دەیان وەعدى بەخەڵك داوە تەنیا سەرۆكى حكومەت دەتوانێ بیكا كەچى بۆ ئەوە بووە خویشى سودێكى بازرگانى لێبكا و ئەگینا هیچى جێ بەجێ نەبووە, وەك(دروستكردن و نۆژەنكردنەوەى بازاڕى كۆنى كفرى,چارەسەركردنى كێشەى نیشتەجێ بوون, دروستكردنى كۆڵێژ......هتد)بەمدواییانەش حكومەت خەریكى دروستكردنى سەدەكەى كفریین و ئەو پێج ساڵ پێش ئێستا دەیگوت وا خەریتەى بۆ دەكەین و وادروستیدەكەین و ئێستاش لاى خۆى وایە بەهەوڵى ئەو دروستدەكرێ.
ئێستا هەندێ لەخەڵكى بۆیان ڕونبووەتەوە كە ئەم بەڕێزە جگە لەوەعدپێدان هیچى تر ناتوانێ بكا و گلەى و ڕەخنەى ئەوەى لێدەكرێ بووەتە سەر ئیشە بۆ دەزگاكانى حكومەت و تەنیا بۆ خۆى كاردەكا و هیچ سیفەتیكى قانونى و حكومى نیە كەچى دەستوەردەدات لە كاروبارى قوتابخانەیەك و بەمەم كارانەش خەڵكى توڕەتر كردووە لەیەكێتى!!
لەهەڵمەتى هەڵبژاردنەكانى پەرلەمانى كوردستان دا, لەپێناو بەرژەوەندى خوێدا كارى دەكرد, پێشمەرگەیەكى دێرینى یەكێتى و تێكۆشەر و نەترس بۆى باسكردم و وتى, كاك سامان خۆى بچوككردەوە لە هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن دا كارى بۆ دەسەڵات و پارە دەكرد,زیاتر لەنۆ سەیارەى بۆ خۆى وەرگرتوە دەتوانم جۆر و نیشانەكانت پێبلێم و چەند سەد هەزاردۆلارى وەرگرتوە , بۆ تەعویزى ئیماكس و هەم بۆ هەڵمەتەكانى هەڵبژاردن و گەرمیان و شتى كۆنەوە , بەڵام ئەو كەسێك نیە بتوانێ باڵانسى یەكێتى ڕابگرێت.
بۆبابەتێكى تایبەت تەلەفۆنم بۆسامان گەرمیانى كرد و لێمپرسى, ئایا تۆ داوات لە مامۆستا مستەفاى بەڕێوەبەرى پەروەردەى گشتى گەرمیان كردووە مامۆستا بنێریێت بۆ قوتابخانەى عەزیز قادر, سەرەتا نكوڵى كرد و ووتى نەخێر من دەستوەرنادەمە ناو پەروەردەوە, دواتر ووتى بەڵى سكاڵام لە مامۆستا مستەفا كردووە مامۆستا دابین بكا بۆ ئەو گوندە و دەشبێت بیكا, منیش پێمووت دەستتخۆش بێت فشار دەكەى بەڵام دەبێت شتى ناقانونى لێنەبێتەوە ئەى بۆ فشارت نەكرد مامۆستا بنێرن بۆ قوتابخانەى خان و كانى ماران و سماق و هەندێ گوندى تر؟كە ئێستا قوتابیەكانیان دەچنە سەرقەڵا و شوێنى تر دەخوێنن؟ تۆ بەچ سیفەتێكى پەروەردەى و حكومى فشار دەكەى؟ بەداخەوە بۆم دەركەوت لەژێر فشارى ئەو جۆرە كەسانەدا مامۆستا مستەفا سزاى بیروڕاى جیاواز بە سەر خێزانەكەم كە باوكى ئەنفالە و پسپۆڕى كیمیایە دەدا تا ئاستى گاڵتە پێكردنیش, بەپێكەنینەوە پێى ووتبوو: دەبچۆ تۆش باوكت ئەنفالە و ئەوانیش دێێەكى خاوەن ئەنفالن خزمەتیان بكە, بۆیە ئێستا خێزانەكەشم نایەوێ بێدەنگبێت و دەیەوێ سكاڵا لەسەر مودیرى تەربیە تۆماربكا كە هەر خەریكى دڵڕازیكردنى حزب و كەسایەتیە گەندەڵەكانى حزبە !
ئەوەى ماوەتەوە بیڵێن كەسانى لەجۆرى كاك سامان گەرمیانى نەك ناتوانێ بارودۆخى یەكێتى باش بكا لەبەر ئەو هۆیانەى كە باسمكردن, بەڵكو ئاسەوارى خراپتر بەجێدێلێت بەجۆرێ هەم كۆمەڵگە خەسارەت بكا و هەم حكومەت!!تەنیا ئەوە نەبێت ئەو دەتوانێ لەبوارەكەى خۆى دا كە بازرگانیە بەتوانا و بەسەلیقە بێت ئەگینا گەرمیان بەو هەژاریە دەمێنێتەوە و ئەویش بازرگانێ دەوڵەمەندتر.
جێى خۆیەتى پرسێاریكیش ئاڕاستەى كۆسرەت ڕەسول بكەین, ئەو پرەنسیپى مەسالیحەكە دەمێكە لە شاردا تۆ كارى لەسەر دەكەى ئایا كۆتاى نەهاتووە؟ بۆ كەسانى وەك كاك سامان ڕادەسپێرن بەحساباتى خۆتان یەكێتى هەستێنییتەوە؟ ئێوە نەتان زانى بەرپرسى پاسەوانەكانى خۆى دەنگى بۆ لیستەكەى نەدا بۆیە نانبڕاوى كرد؟ كەسێكى نانبڕ و بازرگانى ئازا و بەرژەوەندخواز و جگە لەكارەساتى زیاتر بۆ گەرمیانیەكان چى ترە؟چونكە دەمێكە ئەوە سەلماوە بۆ سەرە گەورەكانى كورد كەسانى ئەكادیمى و شارەزا و پسپۆڕ كارى حكومەت بەڕێوەنەبەن, حكومەت و كۆمەڵگەش توشى كارەسات دەبێت.
[email protected]
نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست