بایکۆتی دەنگدان پێویستی بە وشیاریی خەڵکە، کە لە رۆژی دەنگداندا کەس نەچیتە دەرێ، چونکە ئەوان بۆ ساختەکاری پێویستییان بە قەرەباڵغییە، نەک بە دەنگی ئێوە.


تفەنگ

Thursday, 21/08/2014, 12:00


ئەم تفەنگە بەر لەوەی بگاتە بەرەکانی شەڕ، گەیشتە دەست بانگدەرێک لە مزگەوتێکی هەولێر. ئەم تفەنگە تەنها بۆ وێنەگرتنە، ئەوانەی بەم تفەنگانەوە وێنە دەگرن، محاڵە لەشەڕ نزیک ببنەوە. ئەوان دەیانەوێت بەم جۆرە وێنانە پیشانمان بدەن کە شەڕ هێندە زەحمەت نییە و هەموومان دەتوانین شەڕ بکەین و تفەنگ بتەقێنین.
کەلتوری تفەنگ و وێنەگرتن بەتفەنگەوە لەناو زۆر گەل و نەتەوەی جیهاندا هەیە. بیرمە لەیەکێک لە فلیمە ئەمەریکییەکاندا، کابرایەکی مافیا لە دیسکۆیەکی قەرەباغدا چەند گوللەیەکی بەئاسماندا تەقاند، هۆڵەکەی بێدەنگ کرد، دوای ووتی: "تفەنگ مرۆڤەکان ناکوژێت، ئەوە ئێمەی مرۆڤین، کە بەتفەنگ یەکتر دەکوژین". ئەو مافیایە "عودەی سەدام حسێن"ی بیر هێنامەوە، کە وەک هەرزەیەک لەناو ئاهەنگێکدا بەکڵاشینکۆفە زیوینەکەی چەند گوللەیەکی تەقاند و مژێکی لەچروتەکەی دا. ڕەنگە لەخەیاڵی خۆیدا ویستبێتی لاسایی گیڤارا یان کاسترۆ بکاتەوە، من دڵنیام عودەی ئەو خوێنەوارە نەبوو تا بتوانێ گیڤارا و کاسترۆ بخوێنێتەوە، بەڵام دڵنیام وێنەی ئەوانی دیبوو بۆیە ئاوای کرد.

شەهید ئارام زۆر جار ئەمە قسەیەی نووسراوەتەوە، کە دەڵێت: لە دەستپێکی شۆڕشی نوێوە دەرکی بەوە کردبوو، کە هەموو بەرگ بۆرێک و تفەنگ لەشانێک نابێتە پێشمەرگە.
کوردیش دەڵێ : "ئەگەر کەر باری تفەنگ بێت، گورگ هەر دەتوانێت بیخوات".
هەرچی وێنەی بەتفەنگەوە گرت مانای وا نییە جەربەزە و جەنگاوەرە. بۆیە بەپێی لۆژیک بێت، دەبێت تفەنگ بۆ بەرگریکردن بێت، کاتێک دوژمن دێتە سەرت. لەسیستەمی ئەمەریکادا کاتێک بزانی یەکێک هاتونەتە سەرت دەتوانی لەسنوری ماڵەکەی خۆتدا بەتفەنگ بەرگری لە خۆت بکەیت.
تفەنگ بۆتە بەبەشێک لە جەستەی ئیسرائیلییەکان، لەشەقامەکاندا، لەناو باخچەکاندا، لەسینە و پارکەکاندا دەیانبینی، کە تفەنگێک بەقایشێکی شلەوە بەلەشیاندا شۆڕبۆتەوە، ئەوان دەڵێن هەموو عەرەب دوژمنمانن بۆیە ناتوانین تفەنگ فەرامۆشکەین.

هاتنی داعش و شەڕ لەگەڵ ئەم چەتە ناحاڵیانەدا، کە پڕن لەو مرۆڤە داماوانەی لە گەڵ ڕژێمە دیکتاتۆرەکاندا گەورەبوون، یان ئەو کەسانەی لە تاراوگە لە ژیان و بەڕێوەبردنی خۆیاندا فاشل بوون و نەیانتوانیوە کارێک بکەن و زۆربەی ژیانیان لە زیندانەکاندا بەسەر بردووە، پەروەردەیەکی باش نەکراون، یاخود ئەوانەی کە خەونیان ئەوەیە سیستەمی خەلافەت بگەڕێتەوە و ئەوانیش بەهرەمەندن لە غەنیمەی شەڕ و کەنیزەی باوک کوژراو، ژنانی مێرد کوژراو دەستکەوتی شەڕ کە کەلتورێکە لە ناو بیاباننشینەکانی عەرەبستاندا هاتووە لەگەڵ هاتنی ئیسلامدا، شان بەشانی یەک ڕێگەیان بڕیوە، لە ناو ئەم داعشەدا خۆیان دەبیننەوە، داعش خۆی پێکهاتەیەکە لە هێزی ئیسلامی سیاسیی و لە عێراقدا کۆنە بەعسییەکان و ئەوانەی خەونی، پان-عەرەبیزم دەبینن، هەروەها تێکەڵییەکە لە کۆی ئەو کەسانەی ونبوون و بەدوای خۆیاندا دەگەڕێن، ترسێک دەوری داون، کە ترسە لە مردن بە دوایی بەهەشتێکدا وێڵن خۆشیان نازانن کەوتۆتە کوێوە؟
گەورە عاریفی هیندی ئۆشۆ جوان بۆی چووە، کە دەڵێت : "ئەوەتانێ خۆکەس نازانێت بەهەشت لەکوێیە، بەڵام ملیۆنەها کەس لەپێناوی بەهەشتدا مردوون".
گەرچی من دەمەوێت باسی دیاردەی تفەنگ هەڵگرتن و وێنە گرتن بکەم، ئەمڕۆش لەو هەرێمە هەراجکراوەی ئێمەدا تفەنگ وەک سێبەرە لێمان جیانابێتەوە، کەچی کاتێک قەومانە ڕاستەقینەکە دێت، تفەنگەکان دەبێتە بەڵاو نازانین چۆنی بشارینەوە. چاکە چیرۆکێکی خۆشیش باس بکەم، پیاوێک هەبوو لە مەیدانی ماستفرۆشەکەی سلێمانی ئەو خۆی بە مەلایەکی سەیر دەزانی، گەرچی هیچی پێنەبوو، بەڵام هەمیشە دەستێک جلی شاڵی خورمایی لەبەر دەکرد و کڵاشی دۆمی لە پێدەکرد، کاتێک یەکێتی نیشتمانی کوردستان دەستی کردە گفتوگۆ کردن لەگەڵ ڕژێمدا یارۆی مەلایش زۆری لێکردین کە دەمانچەیەکی بۆ بکڕین، ئێمەش چواردەخۆرێکمان بۆ کڕی، ئەو ڕۆژە دەجار پاکی دەکردەوە، کاتێک گفتوگۆ بەئەنجام نەگەیشت و شەڕ خەریک بوو دەستی پێدەکردەوە دەمانچەی لێ بوو بە بەڵا، دەیووت بۆم بفرۆشنەوە، دوایی بە زەرەر دامانە کەسێک، پێم ووتم ئاخر پێم ووتی چەکت بۆچییە ؟ ووتی "تاڵەبانی هەروایە زانی من مەلایم بۆیە گفتوگۆکەی تێکدا".
هاتنی داعش کۆمەڵێک کوڕە بەرپرسی پێناساندین، کە تڕ و تفاقی جەنگیان لە خۆیان ئاڵاندبوو، مرۆڤ شەرم دایدەگرێ و دەڵێت ئەم هەموو سامورایانە بەربوون لەو مەیدانەدا، چونکە هیچ نیین و بەڕاستی دورن لەبەرەکانی شەڕەوە، نەمان بیست کەسێک لەو لەشکرەی ناو مێدیاکان شوختێکیشی لێبێت، یان خوانەکردە یەکێکیان گیانی لەدەست دابێت و ببێتە پاڵەوان و عەگید و بەرلەوەی چلەشی بچێت تا هونەرمەندێکی پارەپەرست و هەرزانبەها پەیکەرێکی برونزی بۆ بکات، یان شانۆکارێکی قەشمەر شانۆیەکی بۆ نمایش بکات و شاعیرێکی درۆزنیش شیعرێکی گڕاوی بە باڵایا هەڵبدات.

ئەدۆڵف هێتلەر لە کتێبی خەبانی مندا دەڵێت : "جیاوازییەکی زۆر لەنێوان ڕاستی و درۆدا نییە. تاقە جیاوازی ئەوەیە، کە ڕاستی درۆیەکە ئەوەندە دووبارە دەکرێتەوە، تاوەک تۆ لە بیرت دەچێتەوە ئەوە درۆیە".
مناڵ و منداڵزادەکانی مەلا مستەفا و مەسعودی کوڕی ئەوەندە بەتفەنگەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا وێنەیان گرتووە و بڵاویان کردۆتەوە، سەمەرە لەوەدایە کاتێک بتەوێت لە گوگڵدا بنووسی پێشمەرگە، سەدان وێنەی کوڕە جەربەزەکانی بەرزانی دەبینیت، وەک ئەوەی دەرگای عەمبارێک پڕ بکەیتەوە ئاوا وێنە بەسەرتا دەبارێت.تەنانەت وێنەی وای تێدایە سەربەقوڕ دێنێتە پێکەنین.ئێوە لەم وێنانە بڕوانن بۆ نمونە :





دیسان سەمەرە لەوەدایە هەر ئەوان نیین کە وێنەکانیان بە تفەنگەوە بڵاو دەکەنەوە، بەڵکو لەم ڕۆژانەدا زاوایەک وەک قوات خاسەکانی جاران چووبوو بۆ ئاهانگی ژنهێنان، دوێنێش کچێک لە هەڵەبجە شوی کردووە مارەییەکەی تفەنگێک بووە! ئای باوکە گیان ئەگەر یاوا بڕوات دەبێت بۆ منداڵەکانی کاکی زاوا و کچە بوکەکەمان هەمەریان بۆ بکڕین.



ناهەقی نەبوو تۆڵستۆی ووتی:
هەموو دەیانەوێت مرۆڤایەتی بگۆڕن، بەڵام ئەفسوس هیچ كەسێکیان خواستیان نییە، لە پێشدا بتوانن خۆیان بگۆڕن.

لە کۆتاییدا منیش دەڵێم: لەوە دوا تفەنگەکانتان شەرمەزار مەکەن و هێندە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان و فەیس بوکدا خۆتانی پێوە بامەدەن، با لە کاتی قەومانیشدا لێتان نەبێتە بەڵا.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە