کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


بۆردومان وبارزانى...مۆندیال وماندێللا

Monday, 12/07/2010, 12:00


وەك هەرچوارساڵ جارێك ئەمساڵیش مۆندیال خۆى كردەوە بە میوانى وەرزش دۆستانى سەرتاپاى جیهان وزۆرینەى وەرزش دۆستانى دونیاى بەخۆیەوە سەرقاڵكردو تاڕەدەیەكى بەرچاو چێژێكى خۆشى بەسەرانسەرى جیهان بەخشى (جودالە ئازارەكانى هاندەرانى ئەوهەڵبژاردانەى كەزۆرینەیان چاوەڕوانى ئەنجامى باشیان لێدەكرا,لێ پێچەوانەكەى دەرچوو), ئەگەرچى خاڵە جیاوازەكانى مۆندیاڵى ئەمساڵ زۆربوون بەراورد بە مۆندیالەكانى ڕابردوو بەڵام لەهەموویان جوداتر ئەوەبوو بۆیەكەمینجار مۆندیاڵ لەیەكێك لەووڵاتانى كیشوەرى ئەفریقا بەڕێوەچوو كەئەویش ووڵاتى (ئەفریقاى باشوور)بوو.

لەسەروبەندى مۆندیالدا كەسایەتێكى ناودارى جیهان بەگشتى وكیشوەرى ئەفریقابەتایبەتى ئاوێتەبەو ڕوحیەتە پاكەى وەرزش خۆى كردەوە بەمیوانى دڵەكان, ئەویش ڕابەرو پەیامبەرى ئاشتى ودیموكراسی(نیڵسۆن ماندێلا)بوو, ئەو پیاوەى لەزیندانیشدا پەیامى ئاشتى ودیموكراسی بەڕووی جیهاندا دەوتەوە, ئەوپیاوەى دواى چەشتنى مەینەتى وئازارەكانى(27) ساڵ زیندانى كردن, بەئازادكردنى لەهەڵبژاردنێكدا بەسەرۆكى ووڵات هەڵبژێردراو, دواى تەواوبونى پۆستەكەى ئەگەرچى داواكاریەكانى میللەتەكەى ئەوەندە زۆربون لەئاست خۆكاندیدكردنەوەى بۆ خولێكیدیكەى سەرۆكى ووڵات گەیشتەئاستى ناڕەزایەتى, وەلێ ئەوسووربو لەسەر ئەوەى خۆى كاندیدنەكاتەوە وكورسیەكەى بۆكەسێكیدیكەى دواى خۆى جێبێڵێت.

گومان لەوەدانیە هەركەسێك ژیاننامەى ئەم مرۆڤەئاشتى و دیموكراس خوازەى خوێندبێتەوە,یاخود كەمێك شارەزاى لەسەرژیانى هەبێت ,بێگومان ئەمساڵ لەگەڵ بیستنى ووشەى مۆندیاڵدا, ووشەى ماندێلاش ڕایچڵەكاندوە,هاوكات هیچ كوردێكى ئەم هەرێمەش نیە ئاواتەخواز نەبێت بەوەى ئەگەر وەك كورد خاوەن ماندێلایەكى هەمیشەیش نەبین ,ئەوابۆ تاكەیەك خولیش بێت خاوەن سەرۆك هەرێمێكى ماندێلائاسابین!, لێ وادیارە خوالەچارەى ئەم هەرێمە بەش مەینەتەى نەنوسیوە نەك سەرۆكێك بەڵكو تاكە بەرپرسێكى ماندێلائاساشى هەبێت!.

بێشك ئێستا كەسانێك هەن بارزانیمان وەك ماندێلاى كورد بۆ وێنادەكەن,بەڵام لێرەدا ڕاستى ودروستى ئەم باسەلێدەگەڕێین چونكەزۆرهەڵدەگرێت ,وەلێ سەرۆك ماندێلاكەى هەرێمەكەى ئێمەنەك هەرئامادەنیە تاكەخولێك پۆستى سەرۆكى هەرێم بگرێتەدەستوو پاشان كورسیەكەى بۆكەسانیترى دواى خۆى جێبێڵێت,بەڵكو تائاوابونى خۆرى تەمەنى شەڕى كورسی دەسەڵات دەكات و قیروبنێشت ئاسا لەتەوێڵى كورسیەكەى نابێتەوە وتەنانەت ئامادەنیە نەك كورسى سەرۆكایەتى هەرێمەكەى بەڵكو بۆتاكەیەك چركەش كورسی سكرتێرى حیزبەكەشى جگەلەخۆى,یان هەرئەندامێكى بنەماڵەكەى بۆهیچ بەرپرسێكى دەرەوەى بنەماڵە بەجێبێڵێت!.

ئەوماندێلایەى كەئەمڕۆ وەك سمبولێكى مەزن لەسەرتاسەرى دنیادا تەماشادەكرێت بەحوكمى عەدالەتى ودادپەروەرى وحەكیمانەى تەنهایەك خولى پۆستى سەرۆكایەتى ووڵاتەكەى بوو,وەلێ ئەسەف سەرۆك ماندێلاكەى هەرێمەكەى ئێمە دواى نۆزدەساڵ گرتنەدەستى پۆستى سەرۆكوپێشەواودەمڕاستو بڕیاربەدەستى ئەم هەرێمە نەك نەیتوانى ببێتەسومبولێكى مەزنى جیهانى,لێ پشكی شێریشی لەوكارەنانیشتیمانیانەدا بەردەكەوێت كەلەماوەى ئەونۆزدەساڵەى حوكمڕانی ئەودا ڕویانداوە,ماندێلاكەى ئەوان ووڵاتەكەى لەئاستى هەژاری وبێسەروبەرى سیاسیەوەگەیاندە ئەوئاستەى كەڕووداوێكى مێژووى وەك میوانداریكردنى كاسی جیهانى تیادا ئەنجام بدرێت, وەلێ سەرۆك ماندێلاكەى ئێمە نەك نەیتوانى ڕووداوێكى مێژووى بۆمیللەتەكەى تۆماربكات بەڵكو بەدەیان سەفەرى دیبلۆماسی نەیتوانیوە گرژى سنوورەكانى هەرێمەكەى چارەسەربكات,ماندێلاكەى ئەوان لەڕووداوێكى گەورەى مێژووى ووڵاتەكەیدا بەشدارى كردنەوەى یاریەكانى كاسی جیهانى ناكاتو تەواوى دنیاومێدیاكان توشى شۆك دەكات لەكاتێكدا سەرۆكى ووڵات نیە تامەشغەڵەت ڕێگەى ئەوكەرنەڤاڵە مێژوویەى پێ نەدات,لێ سەرۆك ماندێلاكەى ئێمە بەشدارى دەیان ئاهەنگ وڤیستیڤاڵى هونەری دەكات و حەیرانى هەڵپەڕكێو گۆرانی وموزیكە,بەڵام تائەمڕۆلەهیچ ساڵیادێكى ئەنفال وهەڵەبجەى سومبولى نەتەوەكەیدائامادەنەبوە.

ئاخرخۆسەرۆك ماندێلاكەى ئەوان بەقەد سەرۆك ماندێلاكەى هەرێمەكەى ئێمە حوكمڕانى سەرۆكایەتى نەگرتەدەستو مۆنۆپۆلى ووڵاتى نەكردوو ڕۆژانە ناوى لەسەدان ڕاگەیاندنى حیزبەكەیدا نەكرایە سەردێڕى یەكەمین هەواڵى ڕۆژوو مانشێتى سەرەكى ڕۆژنامەو گۆڤارەكان,دواجا بوبەسومبولێكى مەزنى جیهانى,ئاخر ماندێلاكەى ئەوان تەنها شەش ساڵ,لەساڵى (1991-1997) سەرۆكى ووڵات بوو,كەچى ئەمڕۆ گەورەترین مەراسیمى جیهانى دەبێتەمیوانى ووڵاتەكەى,هەرێمەكەى ئێمەش مەگەرتەنها قودرەتى قادربزانێت وماندێلاكەشمان بێئاگایەلەوەى ئاخۆچ ئاشوبێكى سیاسی چاوەڕوانى دەكات,ماندێلاكەى ئەوان ئەمڕۆجوانترین تۆپی ئاشتى و دۆستایەتى كەتۆپەكانى مۆندیالە دەبنەمیوانی خاكونیشتیمانەكەى,ماندێلاكەى ئێمەش ڕێك لەسەروبەندى وادەى سەفەرەدیبلۆماسیەكانى بۆ ووڵاتانى بەرودراوسێ, كەچى تراژیدیاترین تۆپی جیهانى,ئەوتۆپانەى كەعەیامێكەمیللەتەكەى بەدەستیەوە دەناڵێنێت میواندارى خاكونیشتمانەكەى دەكەن وپاشانیش مێدیاكانى حیزب كۆڵێك مەكرەمەى سەفەرى دیبلۆماسی سەرۆك ماندێللاكەمان بەئاوارە گوند نشینەكان دەفرۆشێتەوە!.

[email protected]

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە