بۆ دەبێت كورد باجی پێكهێنان و بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی عێراق بدات ..!؟
Monday, 29/09/2014, 12:00
1508 بینراوە
لەلایەن چاودێرانی سیاسی و تەنانەت شەقامیش، چاوەڕێ دەكرا ئەندامانی كورد لە ئەنجوومەنی نیشتمانی عێراق، بەشداری یەكەمین كۆبوونەوەی ئەنجوومەن نەكەن و بایكۆتی بكەن، تا ئەو كاتەی بەغدا میزانیەو بودجەی هەرێمی كوردستان نەنێرێت، یاخود تەنیا لە یەكەمین كۆبوونەوە بەشداریان كردبا، ناردنی میزانیەی هەرێم بۆ بەردەوام بوونیان لە كۆبوونەكان كردبا بە پێشمەرج . كە ئەمەش نەكرا، بە لایەنی كەم دەبوایە زەمانەتێك وەربگیربا بۆ چارەسەركردنی ئەم كێشەیە، بە داخەوە ئەمە لە كاتی خۆیدا نەكرا، دەبوایە لەم سێ هەڵبژاردەیە یەكێك كرابا بە بنەمای سەرەتای بەشداربوون. بەغدا بە شێوەیەك لە شێوەكان هەڵوێستی كوردیان بە لاوازی بینی و هەر ئەم نەرمیەی هەڵویستی كورد وایكرد بەرامبەرمان بەردەوام بێت لەسەر هەڵویستە نێگەتیڤەكانی، پێم وایە بەغدا چاوەڕێی ئەم هەڵوێستەی لە كورد نەئەكرد، هەروا بە ئاسانی بگەڕێتەوە بەغدا، بەڵكو پێی وابوو یەكێك لەو هەڵبژاردنانە دەكات بە پێش مەرج بۆ بەشداریكردنەوەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق .
كاتێ گفتوگۆ بۆ بەشداری و پێكهێنانی حكومەتی نوێ دەستی پێكرد، هەمان چاوەڕێ لە سەركردایەتی سیاسی كورد دەكرا، كە لە یەكەمین دانیشتنی نێوان وەفدی كورد و هاوپەیمانی شیعەكان، وەفدی كوردی ناردنی میزانیەی هەرێم وەك مەرجێك بۆ درێژەدان بە گفتوگۆیەكان بە بەرامبەرەكەی دابا، كە هەموومان وا چاوەڕێمان دەكرد بە لایەنی بەرامبەڕێشەوە، دیسان بە داخەوە ئەمە نەكرا، هەرگیز نەدەبوو جارێكی تر ئەم هەڵەیە بەسەر كورد رەت بوایەو دووبارە ببێتەوە، دوو رۆژ بەرلەوەی متمانە بە حكومەتی نوێ بدرێت، لە سەر زاری وەفدی دانوستاندنی كورد وامان بیست، كە بەرامبەرەكەمان ئامادە نییە مەرجەكانی كورد بۆ بەشداریكردنی لە كابینەكەی (حەیدەر عەبادی) جێبەجێ بكات، تەنانەت ئامادە نییە مووچەی فەرمانبەرانیش بنێرێت، بابەتی مووچە هیچ پەیوەندییەكی بە داواو مەرجەكانی كوردەوە نییە، بۆ بەشداریكردن لە حكومەتی نوێ، بەڵكو مافێكی رەوای خۆمانە بەغدا زەوتی كردووەو وەك كارتێكی فشار لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان بەكاری هێناوە، دەبوایە هەر لە سەرەتای راسپاردنی (عەبادی) بۆ پێكهێنانی كابینەی حكومەتی نوێ، وەك نیاز پاكییەك لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان، مووچەی فەرمانبەرانی ناردبا، بە داخەوە ئەو جوامێریەمان نەدی لەو برایەی، كە زیاتر لە هەشتا ساڵە بانگی برایەتی بۆ دەدەین .
گەر ئەم بارودۆخەی ئێستا و شەڕ لە دژی رێكخراوی تیرۆستی داعش نەبوایە، شەقامی كوردی ئەوها بێدەنگ نەدبوو لەو بارگرانیە ئابووریەی كەوتۆتە سەر شانی، وێڕای ئەم بارگرانیە ئابووریە خەڵك چاوەڕێی ئەوەی دەكرد، كە كابینەی نوێی حكومەتی هەرێمی كوردستان، كە سەرجەم لایەنە سیاسیەكانی تیایە كۆمەڵێك گۆڕانی جەوهەری بكات، كە داواو داخوازییەكانیان بوو بۆ كابینەی نوێ .
لەم جۆرە شێوازەی سیاسەتكردنەی كورد (دڵسافی، نەرمی، نا تۆكمەیی لە یەك دەنگی ، ناڕۆشەنی لە هەڵوێست) وایكردووە، كە بەرامبەرەكەشمان تێمان بگات چۆن مامەڵە دەكات، بۆیە هەمیشە كورد نەیتوانیووە بەرامبەرەكەی ناچار بكات بۆداننان بە مافو داخوازیەكانی، زۆربەی جارەكانیش كورد لە پێگەی بەهێز بووەو بەرامبەرەكەمان پێویستی پێمان بووە، ئەوەندەی كورد لە گفتوگۆو دانوستاندنەكان دەیدات نایستێنێ، وتەیەك هەیە دەربارەی كورد دەڵێت"ئەوەی لە شەڕ بە دەستی دێنێت، لەسەر مێزی گفتوگۆ لە دەستی دەدات" .
بەغدا لەوپەڕی بارودۆخی خەراپیدا، لە رووی سیاسی و ئاسایش و سەربازی و كۆمەڵایەتی، هەر لە سەرەتای دروستبوونیەوە بەو وێرانیە بووە. دەركەوتنی (داعش) یش وێرانتری كرد و بارودۆخەكەی بە شێوەیەك تێكدا، كە حكومەتی عێراق تەنیا بەناو مایەوە، مەترسیەكی گەورەی دروست كرد، نەك هەر بۆ عێراق، بەڵكو بۆ ناوچەكەو جیهان، تاكە هێز توانی لە بەرامبەری بوەستێت و شەڕی بكات هەرێمی كوردستان بوو، هەر ئەم هەڵوێستەی كورد دەبوا ببوایە بە خاڵی وەرچەرخان بۆ گۆڕان لە هەڵوێستی بەغدا لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان، ئەمە لە لایەك لە لایەكی تر ئەو هاوكاریەو پاڵپشتیەی كە وڵاتانی ئەمریكاو ئەوروپا لە هەرێمی كوردستانی دەكەن، كە ئەبێتە فریادڕەسێك بۆ بەغداش، سەرەڕای باوەش كردنەوەو هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان بەو قەیرانە ئابووریەی كە بەغدا بەسەری سەپاندووە بۆ ئاوارەكانی هەڵهاتوو لە شەڕ، كە لە ئاكامی سیاسیەتی هەڵەی بەغدابوو، ئەم شەڕەو بارودۆخەی ئێستای دروست كرد، دەبینین بەغدا لەم بارودۆخە دایە، كەچی لە بەرامبەر هەرێمی كوردستان زەڕڕەیەك گۆڕان بەسەر هەڵوێستە نێگەتیڤەكانی نەهاتووە، لە متمانەدان بە كابینەی نوێ دیتمان چ دەگوزەرا، وا هەست دەكرا پێكهاتەیەكی سەرەكی نەتەوەی دووەم بوونی نییە لە عێراقی بەناو فیدرال، بێ ئامادەبوونی نوێنەرانی كوردو كاندیدەكانی پۆستی وەزارەتەكانی بەشی كوردو وەڵامدانەوەیەكی روون و ئاشكرا یاخود زەمانەتێك یا نیاز پاكییەك بۆ داخوازییەكانی و چارەسەركردنی كێشەكان، حكومەتی نوێیان راگەیاند، لە رابردوو گوێم لە لێدوانی یەكێك لە سەركردە عەرەبەكانی عێراق بوو، گوتی "كورد هەر چۆنێك بێت رازی دەبێتو بەشداری دەكات" وتەكەی راست دەرچوو.
ئەوەی چاودێران و هاووڵاتییانی نیگەران كردووە، ئەوەیە ، بۆ دەبێت هەمیشەو هەموو جارێك كورد باجی پێكهێنان و بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی عێراق بدات و بە شێوەیەك بەشداربێت كە مافەكەكانی پێشێل بكرێن؟. دۆستەكانیشمان وەك پێویست لێمان تێناگەنو هەمیشە پارسەنگ بەلای بەرامبەرەكەمان دادەشكێنن، (ئایا ئەمە نەزانینی سیاسەت كردنە؟ یان فشاری دەرەوە هەیە بۆ سەر كورد؟ یان كورد ماڵی رێكنەخستووەو یەك گوتار نییە؟ یاخود ئەمە قەدەری كوردە دەبێت،