کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


هێڵى سور نیە...بەڵام دەستور مەسەلەیەكى ترە!!!....

Monday, 21/01/2013, 12:00








پیرەمێردى شاعیر دەفەرمێت:

ئێمە كەلێرە بەباى خوا ئەژین
چۆن ئەبێ لە گژ سیاسەت هەڵچین؟
ئەبێ سەرمایە و دەوڵەت پەیداكەین
تێكۆشین ماڵى وێران ئاوا كەین

لە پەراوێزى كۆبونەوەى هەردوونمایندەى دەسەڵات و لەسەر داواى عەلى باپیر ...دەسەڵات پەیامى خۆى گەیاند...
هێڵى سورنیە....
ئەمە چەمكێكە دەسەڵات بەدرێژایى سەردەمى قەڵەمڕەوى هەردوو حیزب هەر لەبەرەى كوردستانیەوە بۆ سیاسەتى پەنجا بەپەنجا ماڵوێرانى شەڕى ناوخۆ و هێنانى لەشكرى ئیقلیمى و قوتبەندى سیاسى بۆ ڕێكەوتنى ستراتیژى تا وەرچەرخانى مێژوویى ڕوداوەكانى 17ى شوباتى 2011بەردەوامى خۆپیشاندان زیاتر لە 62ڕۆژى خایاند...تا بەئەمڕۆ بۆ تەبریرى هەر ئەگەرو گریمانەیەك سەرهەڵدان و هەڵتۆقینى قەیرانە یەك بەدوایەكەكان هەمیشە (هێڵى سور) زادەى مێشك و تەفكیرو سیاسەتى دەسەڵاتى كوردى بوە.. هەردەم ئامادەباشبونە بۆ كارو كاردانەوەى كێشەو گرفت و قەیرانەكان لەتەواوى جومگە هەستیارەكاندا...
ئەمڕۆ ناوازە بەمێژوو دەسەڵات(هێڵى سورى نیە)!!...لێ پێویستە بپرسین چى لەپاى چى بۆنەبونى هێڵى سور و سڕینەوەى ئاسەوارى هێڵى سور؟!....
ئەگەر دەسەڵات چەقى بازنەى ئیدارەدانى دەوڵەت و سیستمى سیاسى و ڕاى گشتى و چاكەى گشتى و بەرژەوەندى گشتى بێت، ئەوا ئۆپۆزسیۆن پارێزەرو چاودێرو ڕەقیبێكى بێ منەتى گشت ئەو دەستەواژنەو خولانەوەیە بە مەدارى ئەو بازنەیەو بەیەك دورى و نیوە تیرەیەكى نەگۆڕ دەڕوانێتە ئەداى میكانیزمى كارى ئیدارەدانى دەوڵەت لە ڕێگەى دەسەڵاتى سیاسى و مەنزومەى سیستمەكەى، بۆ هێنانە كایەى هاوبەشى سیاسى دروستكردنى فەزاى سیاسى چەسپاندنى پایەكانى دیموكراسى و هاوڵاتیبون و پەروەردە ئاوێتەبونى ئەم توخمانە هەوێنى وەبەرهێنانى رۆشەنگەریین لەنێو هەرنەتەوەیەكدا...
كۆى چەمكەكانى سەرەوە لەنەبونى هێڵى سوردا ، پێویستى بەبونى دەستورێكى نیشتمانى تیایدا پلەبەندى و هەرەمى دەسەڵات و جۆرى سیستمى سیاسى و ماف و ئازادیەكان و بنەماى بنەڕەتى دیموكراسى ، قەزاوەتى سەربەخۆ و راى دەسەڵاتى چوارەم رووى راستەقینەو گەشاوەى دەستورێكى شەرعى وڵاتە...
بۆ گەلێكى وەك ئێمە لەقۆناغى راگواتندا پێویست بوو شەرعیەتى شۆرشگیرى وەگۆڕین بۆ شەرعیەتى دەستورى... تا هاوڵاتیبون ماناى خۆى هەبێت..بەواتا لەبونى دەستورێك هاوڵاتیبون مەرجعى پرسە چارەنوسازەكان بێت...تا حیزب درێژە بەشەرعیەتى شۆرشگیرى خۆى نەدا و كۆمەڵگە نغرۆ نەكا بە فەسادى هەمەرەنگ... لە غیابى شەرعیەتى دەستورى ئیدى لالغاوەى هێڵى سور پان و پۆڕى و عەرەزى هەردەم بەڕوى هاوڵاتیدا بڤەیەكى هەمیشەییە!!...
هەركات دەستور نەبوو... سیستمى سیاسى بونى نیە لەئەگەرى بونیدا هەمیشە بەرنگاربونەوەى بەرامبەر هەر تێزێكى چاكسازى چەكوشى ئامادەى سەربازى و ستەمكارى خۆى بە پرۆسێس دەكات...
هەركاتێكیش عەسكەر و سەربازگەى عەسكەرى خزایە نێو ئیدارەدانى دەوڵەت و سیستمە سیاسیەكە ئیدى مانایەك بۆ بێ لایەنى ئەو دام و دەزگا نیشتمانیە نامێنێتەوە...وەك ئەوەى ئێستا هەموو لە هەرێمى كوردستان بەرجەستەى دەكەین و كردومانە....
پەردەپۆشكردنى (هێڵى سوور) هەمیشە (زەمەن) كات گرنگە سەنتەرى بەڕێكردنى چۆنیەتى ئیدارەدانە بەقەیرانى كەڵەكەبوو...كاتێك نەوشیروان مستەفا لە وتارێكیدا باس لە بازنەى قەیرانى كوردستان دەكات،بەرَاشكاوى قەیران لەچەقى بازنەكەدایە بەپێى كات و ویست قەیران لەچەقەوە بۆ ئیدارەدان هەڵدەقوڵێت و بەپێى دورو نزیكى و كاریگەرى و بەلەبەرچاوگرتنى كات پێ بەپێ قەیرانەكان بۆ مانەوەى كورسى و پێگەو قۆرغكردنى دەسەڵات ئەسپى خۆى تاو دەدات، تا بەركەوتێك ، كارلێك لە مەدارى بازنەكە ڕودەدات ، لەوێدا ئۆپۆزسیۆنێكى راستەقینە بەرنگارو چالاكانە دێتە دەست!!... ئیدى ئەم كەیسە بەردەوام خولیاى و خولگەى نوێ دەدۆزێتەوە، وەك ئەوەى لە هەرێمى كوردستان پەیڕەو كراوەو دەكرێت!!...
ئەمڕۆ دەسەڵات گشت پەیام و لیژنەو بەرنامەى چاكسازى خۆى لەیادو لەبیردەكات ئیدى بەكارهێنانى ئەو دەستەواژانە ستۆك بوو پێ بەپێى كاتى بەفیڕۆ چوو...ئێستا پرۆژەو دیدو پاكێجەكانى ئۆپۆزسیۆن قۆناغێكى ترى ئیدارەدانە بەقەیران، ئەمجارەیان لە ڕوانگەى ئۆپۆزسیۆنەوە درێژە بەخەباتى نەپساوەى قۆرغكارى دەسەڵات دەدرێت، جێگرى سەرۆكى پارتى باس لە نەبونى هێڵى سوردەكا لەبونى میكانیزمێكى گونجاو بۆ دۆزینەوەى ڕێگە چارەى تر نەك (چاكسازى ریشەیى)!!!...
لێ كاتێك دێتە سەر شەرعیەتى دەستورى جێگرى سەرۆكى پارتى ڕاشكاوانە دەبێژێت ئەو پرسە مەسەلەیەكى ترە... لە دیدى پارتیەوە هەرپرۆژەیەكى دەستورى پێشنیاركراو كۆدەتایە بۆ سەر سەرۆكى هەرێم و حیزبەكەى ئەوەبۆیە پرسى دەستور مەسەلەیەكى ترە لەلاى پارتى!!...
سكرتێرى دووەمى یەكێتى دیبلۆماسیانەتر بارودۆخەكە ورد و وردتر دەكاتەوە باس لەبونى كێشە لە هەرێمى كوردستان دەكاو بەستنەوەى بە قەیرانى عێراقەوەو هەژانى ناوچەكە هۆكارن بۆ نەبونى هێڵى سور لە بونى میكانیزمى جێبەجێكردنى قۆناغەكانى چاكسازى لە هەرێمى كوردستان بەو پێوەدانگەى كەلە ئەنجامى كارى ئیدارەدانى هەردوو حیزب راستە كەم و كورتى هەیە بەڵام تەوافقى سیاسى زەمانەتە بۆ یەكریزى ماڵى كورد!!...
لە هەموى سەیر تر داواى جەماوەر و راى گشتى و حیزبە ئۆپۆزسیۆنەكان واسەیر دەكرێت كە پێشنیارە، لە كاتێكدا ئەوە راست نیە بەدەلالەتى(بڕیارى ژمارە 1ى پەرلەمانى كوردستان 17خاڵەكە)،(بڕیارى ژمارە 2ى پەرلەمانى كوردستان) ، بریارى ژمارە 4ى سەرۆكایەتى هەرێم بریارى ژمارە (23،24،25،26)سەرۆكى هەرێم...پرۆژەو پاكیجەكان و دەیان كۆبونەوەى دوقۆڵى تا 16 قۆڵى ..پرسیار ئەوەیە ئەمانە پێشنیارن؟!....
دەركەوت كە پارتى هەمیشە دەیان پەل و پۆ و جەبهەى ئیحتیواكردى خستۆتە گەڕو هاوپەیمانەكەشى یەكێتى هەمیشە لە ئاست روداوەكان هەنگاوێك لەدواوەو خوێندنەوەى خۆى ئاراستە دەكات!!...
ماوەتەوە گۆرەپانى ئۆپۆزسیۆن...بەراست ئۆپۆزسیۆن هەڵدەخزێتە نێو حكومەتى بنكە فراوان كەویستى دەسەڵاتە؟!...
یاخود(چاكسازى ریشەیى) لەبونى دەستورێكى دیموكراسدا بتوانێت قۆناغى شەرعیەتى شۆرشگیرى تێپەرێنێت لەبونى شەرعیەتى دەستورییدا؟!...
هەر بۆچونێك لەم هەنگاوەوە سەرهەڵنەدات،بەیەقینەوە گەورەترین درۆ ئەمڕۆ لە كوردستاندا درۆى چاكسازییە!!...
 دەچینەوە لاى پیرەمێرد و دەڵێین:

ئێمە كەلێرە بەباى خوا ئەژین
چۆن ئەبێ لە گژ سیاسەت هەڵچین؟
ئەبێ سەرمایە و دەوڵەت پەیداكەین
تێكۆشین ماڵى وێران ئاوا كەین


نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە