کتێبی بیرەوەرییەکانی کاپیتان موحەمەد مەولودییان بە دەنگ گوێی لێبگرە (کوردبوون)


تاڵه‌بانی ته‌ڵه‌ بۆ په‌که‌که‌ دائه‌نێ

Wednesday, 24/11/2010, 12:00


دانانه‌وه‌ی تاڵه‌بانی به‌سه‌رۆکی عێراق ده‌ری خست که‌ گه‌مه‌ی ئێران به‌سه‌ر ئه‌مریکاو سعودیه‌و تورکیادا سه‌رکه‌وت، لێره‌وه‌ یه‌که‌مین په‌یامی تاڵه‌بانی دوای وه‌رگرتنه‌وه‌ی پۆسته‌که‌ی ئه‌و ووتانه‌ بوون که‌ سیاسه‌تی تورکیای به‌ شکست ناوزه‌ند کرد و که‌سایه‌تی (ئه‌یاد عه‌لاوی)ش به‌ئه‌سپی تۆپیو.

ڕه‌نگه‌ به‌لای هه‌ندێکمان ئه‌م په‌یامه‌ی تاڵه‌بانی که‌ تورکیای هار کردوه‌ گه‌لێ جێگای دڵخۆشی و ئازایه‌تی بن بۆ ئه‌و، به‌ڵام له‌ڕاستیدا ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی نیه‌ که‌ئه‌وه‌ مه‌به‌ستی بێ، ئه‌وه‌‌ی مێژووی تاله‌بانی له‌نزیکه‌وه‌ بزانێ ، ئه‌زانێ که‌ ووته‌کانی تاڵه‌بانی له‌ماوه‌یه‌کی گه‌لێ که‌مدا گۆڕانکاری به‌سه‌ردا دێت و گه‌لێ به‌زوویی ئێکسپایه‌ر ئه‌بێ، هه‌ر بۆ نمونه‌ تاڵه‌بانی هه‌موو مێژووی شکستی کوردی خسته‌ ئه‌ستۆی مه‌لا مسته‌فا و که‌چی دواتر داوای لێبووردنی لێکرد و بۆ چه‌ندین جار چووه‌ سه‌ر گۆڕه‌که‌ی و فاتیحه‌ی درۆی بۆ خوێند. هه‌روه‌ها مێژووی شه‌ڕی ناوخۆی چه‌ندین ساڵه‌ی نێوانی خۆیی و بنه‌ماڵه‌ی بارزانی که‌ به‌هه‌زاره‌ها له‌ڕۆڵه‌کانی ئه‌م میله‌ته‌ی کرده‌ قوربانی سیاسه‌ته‌ چه‌وت و هه‌ڵه‌کانی ،دواتر له‌چه‌ندین کات و شوێنی جیاوازدا ئۆباڵه‌که‌ی خسته‌ ئه‌ستۆی میله‌ت به‌گشتی و کاك نه‌وشیروان به‌تایبه‌تی.

ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی بوو که‌ چه‌ندین ساڵ شه‌ڕی به‌عسی ئه‌کرد و که‌چی که‌ ئه‌چو بۆ به‌غدا ئه‌م لاو لای سه‌دامی ماچ ئه‌کرد و به‌پیاوێکی داد و یه‌کسان هه‌ژماری ئه‌کرد، خۆ ڕه‌نگه‌ له‌وه‌ش سه‌یرتر کاتێ دژی به‌عس لێدوانی ئه‌دا، که‌چی بنه‌ماڵه‌ی به‌رزان تکریتی دیاری ژن هێنانی پێشکه‌ش کردوه‌.

کاتێ تاڵه‌بانی سیاسه‌تی تورکیا به‌شکست خواردوو له‌ عێراق ده‌ست نیشان ئه‌کا، ئه‌وه‌ هه‌ر ئه‌و بوو که‌ چه‌ندین جار له‌تورکیا ده‌وڵه‌وتی کوردی به‌خه‌ونی شاعیران ئه‌شوبهاند، وه‌یان له‌سه‌ر گۆڕی ئه‌تاتورك تاجه‌ گوڵینه‌ی دائه‌ناو فرمێسکی بۆ ئه‌ڕشت، ته‌نها له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تورکیا جارێکی تر دڵیان له‌ئاستیدا نه‌رم ببێ و ئاسته‌م دروست نه‌که‌ن له‌کاتی کاندیدکردنه‌وه‌ی خۆی بۆ پۆستی سه‌رۆك کۆمار، که‌چی ئه‌م هه‌موو شێرو ڕێویه‌ی تاڵه‌بانی نه‌یتوانی وا له‌ تورکه‌کان بکات که‌ به‌کوردێك ڕازی ببن ، هه‌تا ئه‌گه‌ر جاشی خۆشیان بێ ، لێره‌دا پرسیاری ئه‌وه‌ له‌تاڵه‌بانی ئه‌که‌ین که‌ ئایا ئه‌و سیاسه‌ته‌ی تۆ دژی میله‌تی کورد نواندت له‌تورکیا ، سیاسه‌تێکی شکست خواردوو نه‌بوو ؟

ئێستاش تاڵه‌بانی بۆ ئه‌وه‌ی جارێکی دی دڵی تورکان ڕازی بکاته‌وه‌و بتوانێ ته‌مه‌نی خانه‌نشینه‌که‌ی له‌ ئه‌سته‌مبول به‌سه‌ر به‌رێ و یاداشته‌کانی له‌وێ بنوسێته‌وه‌، له‌هۆنینه‌وه‌ی سینارێۆیه‌کی نوێیه‌ بۆ له‌خشته‌بردنی په‌که‌که‌ و فریودانیان ، ئه‌ویش ئه‌و په‌یامه‌ ئاگرینانه‌ی ئێستایه‌تی که‌ دژی تورکیا و سیاسه‌ته‌که‌ی عه‌بدوڵا گول و ئه‌ردۆگانه‌، لێره‌وه‌ تاڵه‌بانی به‌نیازه‌ به‌م جۆره‌ په‌یام و لێکدوانانه‌ وای نیشان بدات که‌ په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ تورکیادا جۆرێ له‌ئاڵۆزی تێکه‌وتوه‌و چی دی هاوکارو دۆستی ئه‌وان نیه‌.

لێ نازانێ که‌ په‌که‌که‌ ته‌فره‌ ناخۆن و گه‌لێ به‌باشی له‌تاڵه‌بانی تێگه‌یشتون، په‌که‌که‌ خاوه‌نی ستراتیژی سیاسی درێژخایه‌نی خۆیه‌تی و ئه‌و ووتانه‌ی تاڵه‌بانی ته‌نها له‌ مه‌زادخانه‌که‌ی کوردستانی نوێ و سه‌ته‌لایتی گه‌لی کوردستان زیاتر که‌س به‌پولێ نایکڕێ. په‌که‌که‌ چه‌ندین ئه‌زمونی له‌گه‌ڵ تاڵه‌بانی هه‌یه‌ و له‌خشته‌ نابرێن، ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی نه‌بو ئه‌یوت که‌ پشیله‌یه‌کی کورد ته‌سلیم به‌تورك ناکه‌ینه‌وه‌!!! که‌چی دواتر په‌شیمان بۆوه‌و ووته‌کانی هه‌ڵگێڕایه‌وه‌. ئه‌وه‌ تاڵه‌بانی نه‌بوو به‌زۆری زۆرداری 3 ڕێژه‌ی 32% له‌که‌رکوك دروست کرد ، له‌کاتێکدا هه‌موان باش ئه‌زانین که‌ کورد له‌که‌رکوك له‌ عه‌ره‌ب و تورکمان زیاترن و بۆ خاتری تورک له‌ که‌رکوك !!!! بۆیه‌ ئه‌م هه‌وڵه‌ی تاڵه‌بانی هه‌وڵێکی قه‌ڵبه‌و هه‌ر به‌زه‌ری ساحێبی ته‌واو ئه‌بێ.

نووسەرەکان خۆیان بەرپرسیارێتی وتارەکانی خۆیان هەڵدەگرن، نەک کوردستانپۆست






کۆمێنت بنووسە